بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەبولفەزل زۆهرەوەند دیپلۆماتکاری پێشوو و شرۆڤەکاری نێودەوڵەتی وتی: ئێمە لە گەڵ چەند وڵاتێک دراوسێین کە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووان و دەرفەتە ئابورییەکانەوە دەتوانن هاوپەیمانییەکی گرنگی ئابوری پێک بێنن.
ناوبراو وتی: لە ئاستی جیهان وڵاتانی گەشەسەندوو گرنگییەکی زۆریان بە پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ داوە و ئەمەش بۆ ئێران بووەتە کارێکی زۆر پێویست.
زۆهرەوەند بە ئاماژە بە پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی ئێران وتی: وڵاتێک دەتوانێت لە داهاتوودا سەرکەوتنی خۆی دەستەبەر بکات کە لە کێبەڕکێ ئابورییەکاندا پشکی جێگیرکراوی هەبێت.
ئەم دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران وتی: گرنگە کە ئێران ناوەندێکی ستراتیژیی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت و دامودەزگا جیاجیاکان جێبەجێکاری بڕیارەکانی ئەو ناوەندە بن.
ناوبراو وتی: ئێمە دەتوانین لە 16 وڵاتی دراوسێ، لانیکەم 6 وڵات لە گرووپێکی دیاریکراودا دابنێین و کەرتی هاوردە و هەناردەی خۆمان لە گەڵ ئەو وڵاتانە ڕێکبخەینەوە.