بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، تارق حەرب لە وتووێژی لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای ڕەسافەی بەغدا بۆ دەستبەسەرکردنی سەرۆک کۆماری ئێستای ئەمریکا، وتی: پاش ئەوەی کە دادگای ڕەسافە لە لێکۆڵینەوەکاندا زانیاری گرنگی دەست کەوت، لە ڕووی یاساییەوە پێویستی بەوە دەکرد کە ئەو کەسە سکاڵاکەی لە سەر تۆمار کراوە یان هەمان ترەمپ، دەستبەسەر بکرێت، لە بەر ئەوەی کە یاسای عێراق ئەوەی ڕوون کردووەتەوە و سکاڵاکەی ترەمپیش بە پێی یاسا دەستبەسەرکردنە بەڵام لە بەیاننامەکەی ئەنجومەنی باڵای دادی عێراقدا هاتووە کە بە پێی مادەی 406 ی یاسای سزادانی ئەم وڵاتە تۆمەتبار کراوە کە سزاکەی لەسێدارەدانە.
ناوبراو وتی: لێکۆڵینەوەیەکی زۆر سەبارەت بە تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە لایەن دادگاوە کراوە بەڵام پرۆسەی دادگاییکردنەکە بە بێ ئامادەبوونی ئەمریکییەکان بەڕێوە دەچێت، ئەوان پێشتریش لە چەندین تاوانی جۆربەجۆردا ئامادە نەبوون کە لە دادگای عێراقیدا بەشدار بن. بۆ نموونە، تاوانەکەی گۆڕەپانی نەسور کە تێیدا 15 عێراقی لە لایەن کۆمپانیای بلەک واترەوە کوژران و نە کەسیان ئامادەی ئەو دادگایە بوون و نە لە ڕووی مادیشەوە هیچ قەرەبووکردنەوەیەک کرا.
حەرب وتی: ڕاستە کە ئەوان ئامادەی دادگای ئەمریکا بوون بەڵام ئەوە لە سەر کوشتنی عێراقییەکان نەبووە بەڵکوو لە سەر پێشێلکردنی یاسای خۆیان بووە و تەنانەت یەک دۆلاریان بە خێزانە عێراقییەکان نەداوە.
ئەم شارەزا یاساییەی عێراق سەبارەت بەوە کە ئایا لە پاش تەواوبوونی خولی سەرۆکایەتی دوناڵد ترەمپ دادگاییکردنەکەی ئاسان نابێت یان نە، وتی: پێشتر هیچ کەسێکی ئەمریکی لە عێراق دادگایی نەکراوە و ئەو عێراقییانەش کە چوونەتە ئەمریکا و سکاڵایان تۆمار کردووە ئەنجامێکی نەبووە.
ناوبراو سەبارەت بە ئەنجامی سکاڵا لەم هەلومەرجەدا وتی: زیاتر پرسێکی دەروونییە و ئەگەری دادگاییکردنی ترەمپ لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش لە ئارادا نییە، لە بەر ئەوەی کە ئێران و عێراق ئەندامی ئەو دادگایە نین و تا نەبنە ئەندام ناتوانن سکاڵا لە دژی ترەمپ تۆمار بکەن.
تارق حەرب لە وەڵامی ئەو پرسیارەش کە لە ئەگەری سەلماندنی تاوانی هاوکاریی چەند کەس و لایەنێکی عێراقی و ناعێراقی لە دۆسیەی تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگری، ئایا لەم وڵاتەدا دادگایی دەکرێن یان نە، وتی: ئاساییە کە ئەگەر بەڵگە هەبێت و ئەو تاوانەیان بە سەردا ساغ بکرێتەوە، ئەوا دادگایی دەکرێن.
وتیشی: ئەگەری ئەوە هەیە کە کەسانێک لە سەر ئەو شەهیدانە لە تاران تا لوبنان و دیمەشق و پاشان عێراق زانیارییان بە ئەمریکییەکان دابێت و هەروەها ئەگەری ئەوەش هەیە کە تاوانبارانێک لە لوبنان و سوریا لەم دۆسیەدا دەستیان هەبێت، بەڵام ئەوانەی عێراقی بن ڕوبەڕوی یاسای عێراقی دەکرێنەوە.