بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جەبار مەعموری وتی کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهان نایانەوێت ئێران و عێراق پەیوەندییەکی برادەرانەیان هەبێت.
ناوبراو وتی کە ئەو وڵاتانە لە ڕێگای جیاجیاوە هەوڵ دەدەن کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوان تاران و بەغدا دابنێن و ڕای گشتی لە هەندێک پرسدا بەلاڕێدا ببەن.
مەعموری وتی کە ئەو پیلانگێڕییە لە لایەن دەزگا هەواڵگرییەکانی ناوچەکە و جیهان و بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی درۆ و فریودانی خەڵک بەڕێوە دەبرێت.
سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئائینی پارێزگای دیالە وتی کە هەڵوێست و هاوکارییەکانی ئێران لە شەڕی دژ بە داعش بۆ گەلی عێراق لەبیر ناکرێت، ئەمەش لە کاتێکدا بووە کە وڵاتانی دیکە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە موسڵ و شەنگال و ناوچەکانی دیکە بە چاو دەبینی و بێدەنگ بوون.
ناوبراو ئێرانی بە وڵاتێکی دۆست و دراوسێی عێراق ناو برد و وتی کە هەر دوو وڵات خاوەن پەیوەندییەکی مێژوویین و پیلانگێڕییەکان ناتوانێت کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی نێوانیان دابنێت.