بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوچەکانی باشوری بیابانی گەورەی ئەفریقا بە ئەفریقای ڕەش ناسراون و جنە بە کۆنترین شاری ئەم ناوچەیە دادەنرێت.
جنە شارێکە بە شێوازی بیناسازی ئیسلامی کە لە 3 کیلۆمەتری ناوچەیەکی مێژووییدایە. لە ڕاستیدا جنە دوو بەش لە خۆ دەگرێت. بەشی یەکەم شارێکە بە بیناسازی ئیسلامی و بەشی دووەم کە بە جنەی کۆن ناسراوە، شارێکی مێژووییە کە مێژووەکەی بۆ سەدەی سێهەمی پێش زائین دەگەڕێتەوە.
جنە جنۆ، گێڕانەوەی جیهانی کۆن:
سەرەتا دەچینە شاری مێژوویی جنە جنۆ یان جنەی کۆن، وەک چۆن ئاماژە درا، مێژووی ئەم شارە بۆ سەدەی سێهەمی پێش زائین دەگەڕێتەوە. بە پێی ئەوەی کە جنە جنۆ کەوتووەتە شوێنێکی تایبەتمەند لە ڕووی کشتووکاڵی و ڕوبارێکی گەورەش لە تەنیشت شارەکە تێپەڕ بووە، شارەکە گەشەی زۆری هەبووە و حەشیمەتێکی زۆریشی تێدا کۆبووەتەوە. شارەکە بە ناوچەیەکی گرنگی بازرگانی دانراوە و بازرگانانی زۆربەی وڵاتانی جیهانیش بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و شمەک بە تایبەت خوێ و ئاڵتون سەردانیان کردووە. لە لوتکەی گەشەی خۆیدا، جنە جنۆ نزیکەی 20 هەزار کەس حەشیمەتی هەبووە.
یەکەم جار بوو کە لە ساڵی 1977 مێژووناسان دەستیان دایە دۆزینەوەی ئەم شارە، ئەنجامی توێژینەوەکان ئەوەی ڕوون کردووەتەوە کە شارەکە تا سەدەی نۆیەم ئاوەدان بووە بەڵام دواتر قۆناغ بە قۆناغ چۆڵ بووە و لە ئاکامدا لە سەدەی چواردەیەم کەسی تێدا نەماوە. شارەکانی نزیک لە جنە جنۆش بە هەمان شێواز چۆڵ بوون و کەس نازانێت بە چ هۆکارێک خەڵک شوێنی ژیانی خۆیان بە جێهێشتووە.
لە نێو ئەو کەلوپەلەی لەو شارەدا دۆزراوەتەوە، پەیکەری پیاوێکی ڕیشدار لە چەند حاڵەتێکدا هەیە کە دەمێک دانیشتووە، دەمێک هەستاوە و دەمێک چەکی هەڵگرتووە. هەروەها ئەوەش ڕوون بووەتەوە کە دانیشتووانی شارەکە، مردووەکانی خۆیان لە نێو ماڵەکانیاندا ناشتووە و شێوازی جۆربەجۆری ناشتنی تەرمیش هەبووە. بەمەش دەتوانین بڵێین کە دانیشتووانی جنە جنۆ لە ئائین و پێکهاتەی جیاجیا بوون.
بە چۆڵبوونی جنە جنۆ، شارێکی دیکە لە سێ کیلۆمەترییدا بونیاد دەنرێت کە ئەمڕۆ بە ناوی جنە ناسراوە و دەزانین کە لە کاتی ئاوەدانکردنەوەی، یەکێک لە ناوەندە گرنگەکانی بازرگانی و زانستی ئیسلامی بووە.
جنە شارێک بە شێوازی بیناسازی ئیسلامی:
جنە لە سەدەی سێزدەیەم گەشەی هەبووە بەڵام بۆ یەکەم جار لە گێڕانەوەی سەردانی بازرگانە ئەورووپییەکان ناوی بیستراوە. تایبەتمەندی ئەم شارەش بۆ بەکارهێنانی خشت لە بیناسازییەکەیدا دەگەڕێتەوە. جنە لە ڕاستیدا بە نموونەی شێوازی بیناسازی ئیسلامی لە ئەفریقا دادەنرێت.
خانووەکانی جنە دوو نهۆمین و لە دەوری حەوشەیەک درووست کراون. لە سەدەی بیستەمەوە گۆڕانکاری لە شێوازی بیناسازی ئەواندا کراوە.
لە نێو شارەکە بینای مزگەوتێک لە هەر لایەکەوە دەبینرێت کە بە خشت درووست کراوە بەڵام لە بیناکانی دیکەی شارەکە گەورەترە، ساڵی 1906 لە لایەن حکومەتی فەرەنساوە بڕیاری درووستکردنی دراوە کە لە سەر ئاستی جیهان خاوەن گرنگی و تایبەتمەندییەکی زۆرە.
جنە، میراتێک کە بە جیهانی کراوە:
لە ساڵی 1988 جنە کەوتە ڕیزی میراتی جیهانیی یۆنسکۆ. سەرەڕای تۆمارکردنی لە سەر ئاستی جیهان و ئەو چاودێرییەی کە لە سەر بیناکان دەکرێت، بەداخەوە لە ساڵی 1955 لە سەدا 30 ی بیناکان زیانیان پێگەیشت و سەر لە نوێ درووست کران. لە ساڵی 1996 کۆمپانیایەکی هۆڵەندی بە بودجەیەکی 700 هەزار یۆرۆیی، بەشێک لە شارەکەی نۆژەن کردەوە کە لەو پرۆژەیەدا 100 بینا نۆژەن کرانەوە. ساڵی 2008 سیستەمی ئاوەڕۆ بۆ ئەم شارە دانراوە.
جنە قۆناغێک لە مێژووی ئەو ناوچەیە پیشانی ئێمە دەدات بەڵام گرنگتر جنەی کۆنە. بە دڵنیاییەوە کە بە سەردانیکردن و بینینی ئەم شارە دەزانن ئەفریقا لە ڕیزی ئەو شوێنانەیە کە تووشی سەرسوڕمانتان دەکات.