بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جێمز جفری وتی: هێزەکانی هەسەدە پاش ئازادکردنی ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵی کێڵگە نەوتییەکانیان کردووە، بەشێک لەو نەوتەش لە ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەو هێزانە بەکار دێت و بەشێکی دیکەی بە نرخێکی زۆر کەم دەفرۆشرێتە ناوچەکانی دیکەی سوریا و هەروەها بەشێکی دیکەی لە ڕێگای لایەنی سێهەمەوە بە حکومەتی سوریا دەدرێت.
کۆمپانیای ئەمریکی Delta Crescent Energy مانگی تەمموزی ڕابردوو گرێبەستێکی نەوتیی لە گەڵ ئیدارەی خۆجێی ناوچە کوردنشینەکانی سوریا واژۆ کرد، گرێبەستەکەش ناوچەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەگرێتەوە کە کێڵگە نەوتییەکانی لە لایەن هێزەکانی ئەمریکاوە داگیر کراوە.
بە هۆی ئەوەی کە سەرچاوە نەوتییەکانی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی دیمەشقدا نەماوە، قەیرانی سوتەمەنی لەم وڵاتەدا دەبینرێت. حکومەتی سوریا پێش قەیرانی 2011 ڕۆژانە 380 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.