بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا ئیسماعیل قائانی لە ڕێوڕەسمی یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی لە شاری کرمان وتی: لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام گرنگی بە خۆڕاگری دراوە و ئێمە شوێنکەوتووانی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام و ئیمام حوسێن درێژە بەم ڕێگای خۆڕاگرییە دەدەین.
ناوبراو وتی: یەکێک لە گەورەترین خاڵە لاوازەکانی دوژمنان ئەوەیە کە لە ڕاستییەکان تێناگەن.
فەرماندەی هێزی قودس وتی: ئیمام خومەینی ڕێبەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە شەهید سولێمانی فەرموویانە کە نازناوی خۆڕاگری گەلانی موسڵمانە، واتە ئەوەی کە ئاڵای خۆڕاگریی بەرز کردووەتەوە و موسڵمانانی دیسانەوە بۆ ئەم کارە گەورەیە بانگهێشت کردووە.
وتیشی: خۆڕاگری بابەتێک نییە کە شەهید سولێمانی دابین یان پێناسەی بکات، بەڵکوو شەهید سولێمانی لەم مەکتەبە دۆستان و هاوڕێکانی خۆیی وەبیر هێناوەتەوە کە بنەڕەتی خۆڕاگری بۆ بنەماکانی ئائینی پیرۆزی ئیسلام دەگەڕێتەوە.
لیوا قائانی لە درێژەی لێدوانەکانیدا وتی: تۆڵەسەندنەوە لە ئەمریکای تاوانبار بە بۆنەی تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس سەرەتایەکی هەیە و دوژمن تا ئێستا دوو زەبری بەرکەوتووە.
ناوبراو وتی: زەبری یەکەم پێشوازی چەند ملیۆنی و بێ وێنە لە تەرمی پیرۆزی شەهید سولێمانی لە ئێران و عێراق بووە، زەبری دووەمیش هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئەمریکی لە عەین ئەسەدی عێراق بووە و هەنگاوی دواتریش ئەوەیە کە ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ شکاندنی شکۆنی ڕەوتی ستەمکاتی جیهانی دیارییان کردووە.
فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: بە یارمەتی خودای گەورە ئەم ڕێگایە دەستیپێکردووە و بە هەوڵ و تێکۆشانی گەل و ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، شکۆی ئەمریکا دەبێت بشکێندرێت.
کۆتایی/.