بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرهەم ساڵح لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس کە لە لایەن ڕێکخراوی حەشدی شەعبی بەڕێوەچوو، وتی: عێراق پێویستی بە ڕێکەوتنێکی نوێی سیاسی هەیە کە دەرفەتی پێکهێنانی حکومەتێکی خاوەن سەربەخۆیی و سەروەری بدات و هەڵە کەڵەکەبووەکان چارەسەر بکات.
ناوبراو وتی: ئەوانەی کە دەیانەوێت عێراق تووشی شەڕ و ئاڵۆزی ناوخۆیی بێت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیان کەمتر دەبێت.
بەرهەم ساڵح وتی: سەربەخۆیی و پاراستنی یەکپارچەیی عێراق بڕیارێکە کە پێویستی بە مسۆگەربوونی ڕەچاوکردنی بنەماکانی پێکهێنانی حکومەت و دەستووری ئەم وڵاتە هەیە.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: عێراق لە دۆخێکی ئاڵۆز و هەستیاردایە و ئەمەش پێویستی بە هەستێکی نیشتمانی هەیە تا کەس موڵەتی ئەوە نەدات یاری بە چارەنووسی وڵاتەوە بکرێت.
ناوبراو وتی: عێراقییەکان بە تێکۆشانی هێزە چەکدارەکانی وەک سوپا، حەشدی شەعبی، پێشمەرگە، دەزگای دژە تیرۆر و هێزەکانی پۆلیس لە شەڕی دژ بە گرووپی تیرۆریستی داعش و لە ئاکامی فەتواکەی ئایەتووڵا سیستانی سەرکەوتووانە بەرگرییان لە وڵاتی خۆیان کرد.
کۆتایی/.