بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دەقی پەیامەکەی ئیرەج مەسجدی لە درێژەدا هاتووە.
بە ناوی خودای گەورە و دڵۆڤان
ساڵێک بە سەر شەهیدبوونی پڕ لە شانازی سەرداری دڵەکان تێپەڕ بوو، ساڵێکە باخی دڵانی ئێمە بێ گوڵە ئەرخەوانەکانە و ڕەشپۆش ماوەتەوە. باس کردن لە کەسایەتییەکی گەورە و قارەمانێکی بێ وێنە وەک حاجی قاسم سولێمانی کارێکی قورس و ئەستەمە. ڕەنگە زمان ئەو توانایەی نەبێت، وێنە و بیرەوەرییەکان هێندە زۆرن کە جار بە جار بە باشتری دەزانم لە جێی قسەکردن تەنیا بیر لەو ڕابردووە بکەمەوە بەڵام بیریش لەوە دەکەمەوە کە دەنگ هەڵبڕم، نەک دوژمن بە هەڵە لەوە تێبگات کە ئێمە لاواز بووین.
ئەو شەهیدە ئازیزە ئەوەی بە ئێمە فێر کرد کە ئێمە گەلی ئیمام حوسێن (ع) و زیندوو بەوەین کە بێ چالاکی نەبین، ئێمە شەپۆلێکین کە ئاسوودەیی ئێمە نەبوونی ئێمەیە. حاجی قاسم سەرتاسەر ئەوین و دڵپاکی بوون، سەربازێکی نیشتمان بوون کە بەردەوام لە تێکۆشان و گیانفیداییدا بوون.
کاتێک بۆ خودا هەنگاو هەڵدەگریت، ئەوەی لە تۆ سەرچاوە بگرێت لە پێناو خودا و ئەوین بە ویلایەتە. فەرماندە قاسم سولێمانی کۆکراوەی هەموو ئەم تایبەتمەندییانە بوون. کام نموونە لانیکەم لە مێژووی هاوچەرخی ئێران دەتوانین ناو ببەین کە خۆی بە تەنیا لە بەرامبەر گەورەترین هێزی ستەمکاری جیهاندا ببینێت و دوژمنی ترسنۆک تەنیا بە نامرۆڤی و خەنجەر لێدان لە پشتەوە بتوانێت ڕوبەڕوی ببێتەوە.
کام پیاوی خوداییە کە شەهیدبوونی بەم شێوازە دڵی ملیۆنان کەس تازیەبار دەکات، شەپۆل شەپۆل لە مرۆڤەکان بۆ پشێوازی و بەڕێکردنی تەرمی پیرۆزی بڕژێنە سەر شەقامەکان، دوو گەلی گەورەی ئێرانی ئیسلامی و عێراق لێک نزیک بکاتەوە، خوێنی پاکی مزگێنی بەخشی تێکۆشەران و خەباتگێڕانی خۆڕاگری و ئازادیخوازی بێت و ناوی پیرۆزی ڕەوایەتی بە هەر ناوچە و کۆڵانێک بدات.
شەهیدبوونی ئەو فەرماندە ئازیزە، دەسپێکی مردن و کۆتایی دوژمنەکانی دەبێت و تۆڵەی خوێنی دەبیننەوە. سوپاسی خودای گەورە و مەزن دەکەم کە ساڵانێک هاوڕێ لە گەڵ فەرماندەی گەورە و لێهاتوو قاسم سولێمانی خزمەتم کردووە و لە بەڕێزیان وانەی زۆرم وەرگرتووە. بێ گومان ڕێباز، مەکتەب و ئامانجی بەڕێزیان بە هەموو هێزێکەوە درێژەی دەبێت. ئەوان تەنیا یەک کەس نەبوون، ڕێبازی ئەوان مەکتەبێکە کە ئەویندارێکی زۆری هەیە و بە هۆی ئەوەی کە شەڕی ڕاستییە لە گەڵ ڕەوتی ستەمکاری، ڕێپیشاندەری خەباتگێڕانی زۆر دەبێت.
حاجی قاسم، ئەبومەهدی موهەندیس و سەرجەم هاوڕێکانی ئەوان کە لەو شەوەدا ئاسمانی بوون و لە قەفەسی جەستە بەرەو ئاسمانەکان فڕین، پەیامی هەتا هەتایی خۆیان وەک ئازادکردنی هەزاران کۆتر بە سەر ئاسمانی ئێران و عێراقدا بڵاوکردەوە و ئەوەیان بە ئێمە فێر کرد کە یەکڕیزی و یەکگرتوویی ئامرازی سەرکەوتنە. پەیامی ڕاستەقینەی ئەوان ورەی ئێمەی بەرز کردووەتەوە و ڕەگ و ڕیشەکانی خۆڕاگریی لە ئێمەدا زیاتر لە ڕابردوو بەهێزتر کردووە. ڕێبازەکەیان بەردەوام بێت.
لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە بۆنەی ئەم دەستپێشخەرییەوە سوپاس و دەستخۆشی لە کاربەدەستانی دەزگای میدیایی جام کوردی بکەم کە گۆڤارێکی تایبەت بە یەکەم ساڵۆگەڕی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بڵاو دەکەنەوە. تەندرووستی و سەرکەوتنی یەک بە یەکی خوێنەرانی ئازیز لە خودای گەورە و مەزن داواکارم.
ئیرەج مەسجدی
باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە عێراق