بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕیچارد ئەندرسۆن فاڵک نووسەر و شرۆڤەکاری ئەمریکی خاوەنی 20 کتێبە و ساڵی 2008 لە لایەن ئەنجومەنی مافی مرۆڤی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەک ڕیپۆرتەر بۆ فەڵەستینی داگیرکراو دەستنیشان کرا.
ناوبراو بە بۆنەی یەکەم ساڵۆگوڕی تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس، سەبارەت بەم تاوانە تیرۆریستییەی ئەمریکییەکان بۆچوونەکانی خۆیی لە چوارچێوەی وتووێژێکدا لە گەڵ میدیایەکی ئێرانی خستەڕوو کە دەقی کوردییەکەی لە درێژەدا هاتووە.
وەک دەزانن ئەمریکا هەر یەک لە شەهید قاسم سولێمانی فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران و شەهید ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی عێراقی لە 3 ی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لە سەر فەرمانی دوناڵد ترەمپ و لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا تیرۆر کرد، وەزارەتی بەرگری ئەمریکاش ئەو کردەوە تیرۆریستییەی لە ئەستۆ گرت. ڕۆڵی ئیسرائیل، سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە لەم تیرۆرەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
من دەڵێم کە هیچ زانیارییەکی ئاشکرانەکراو لە نێوان ئەم وڵاتانە سەبارەت بە تیرۆری فەرماندە قاسم سولێمانی نییە. دوو بابەت لێرەدا ئاشکرایە. یەکەم ئەوەی کە ئیسرائیل و سعوودیە بە فەرمی و بە چەند هۆکارێکی جیاواز پاڵپشتییان لەم کردەوەی ئەمریکا کرد، لە کاتێکدا کە هەر چەشنە پەیوەندییەکیان بەم تیرۆرەوە ڕەتدەکردەوە. دووەم ئەوەی کە چەند وڵاتێکی عەرەبی و تەنانەت ستراتیژیستەکانی ئیسرائیل سەبارەت بە کاردانەوەکانی پاش تیرۆرەکە هۆشدارییان دەدا و داوای ئەوەیان دەکرد کە ئاستی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە دابەزێت، ئەویش بە پێی ئەوەی کە بەو ڕاستییە گەیشتبوون کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە بەرامبەر هێرشە مووشەکییەکان هێندە هێزی بەرگرییان نییە و لە لایەکی دیکەوە بوونی ئەو وڵاتانە لە ڕووی سیاسییەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیل بە گرنگ دادەنرێت.
بە ڕەچاوکردنی ئەم چەند تێبینییە، ئەو وڵاتانە هەموو دەڵێن کە ئەمریکا بە بێ هیچ ڕاوێژێکی پێشوەختە و بە تەنیایی پەنای بۆ ئەو کردەوە هێناوە. هەندێک ڕاپۆرتی میدیا عەرەبییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە قەتەر وەک هاودەستی ئەمریکییەکان لەو تاوانەدا هەژمار دەکرێت، لە بەر ئەوەی کە فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا بنکەی سەربازی ئەو وڵاتەیان لە قەتەر بەکار هێنابوو، بەڵام هیچ بەڵگەیەک لە بەشداری حکومەتی قەتەر بە شێوازی ڕاستەوخۆ نەبوو. ڕەنگە ناوهێنانی قەتەر لەم تاوانەدا بە هۆی دوژمنایەتی چەند وڵاتێکی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس بێت.
ئەوەی کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تایبەت ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەم کردەوە تیرۆریستییەی ئیدانە نەکرد، جێی نیگەرانییە. ئەگنس کالامارد ڕیپۆرتەری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕاپۆرتێکی لە بەرواری 6 ی تەمموزی ساڵی 2020 بڵاوکردەوە کە پیشان دەدات تیرۆری ڕێکخراو و ئامانجداری کەسایەتییەکی سەربازی وەک قاسم سولێمانی نەک تەنیا بە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان دادەنرێت بەڵکوو تاوانێکی شەڕە کە مادەی 2 ی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووە. ڕاپۆرتەکە دەڵێت کە بەکارهێنانی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان جیاوازییەکانی نێوان شەڕ و ئاشتی لە ناو دەبات و هەڕەشە لە سەر وڵاتان و دانیشتووانەکانی دادەنێت، ئەم هەڵسووکەوتەش لە ئاستی نێودەوڵەتیدا قبووڵکراو نییە.
دەتوانین ئیسرائیل بە هۆکاری داڕشتنی پلانی تیرۆری کاریگەرترین فەرماندەی سەربازی ئێران بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دەستڕۆیشتوویی ئەم وڵاتە لە سوریا، عێراق، یەمەن و لوبنان ناو ببەین. تەل ئەبیب کە خۆی لە شەڕدا لە گەڵ ئێران دەبینێت، ئەم پلانەی لە گەڵ ئەمریکا داڕشت. هەندێک لە شرۆڤەکارانی ستراتیژیی ئیسرائیل لەو کاتەدا نیگەران بوون کە تیرۆری ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران وەک شەڕی ڕاستەوخۆ دەبێت و مەترسییەکان لە سەر ئەو ڕژێمە زیاتر دەکات. هەندێکی دیکە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی و تەنانەت هەڵگرتنی سزاکانیان بە باشتر دەزانی.
ئەگەرچی سعوودیە پێداگریی لەوە دەکرد کە هیچ ڕۆڵێکی لەم تیرۆرەدا نەبووە کە دەتوانین بڵێین وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر هەڵوێستی دوناڵد ترەمپ لە پاش بۆردومانی مووشەکیی دامەزراوە نەوتییەکانی ئەو وڵاتە بووە.
بە ڕای خەڵکی ئازادیخوازی جیهان فەرماندە قاسم سولێمانی وەک کەسایەتییەکی گرنگ و کاریگەر لە بەرەنگاربوونەوەی گرووپی تیرۆریستی داعش ڕۆڵی بینیوە. ئێوە لە سەر هەنگاوەکانی دژ بە تیرۆری ئەم فەرماندە باڵایەی ئێران چی دەڵێن؟
من ئاگاداری ڕۆڵی قاسم سولیمانیم لە بەرگری لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران و ڕێگری لە بەرفراوانبوونی هەژموونی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکە. ئەو فەرماندەیەکی کەم وێنەی سەربازی بووە و لە لایەن ڕێبەری باڵای ئێرانەوە تا خەڵکی ئاسایی بەردەوام ستایش دەکرا. بابەتێکی گرنگ ئەوەیە کە سولیمانی لە کاتێکدا تیرۆر کرا کە ئەرکی دابەزاندنی ئاستی ئاڵۆزییەکانی لە گەڵ سعوودیە و جیهانی عەرەبی پێ ڕاسپێردرابوو. ڕەنگە تیرۆری سولێمانی بۆ ئەوە بووبێت کە ئاستەنگ بخرێتە بەردەم پرۆسەکە، ئەگەر واش نەبێت بێ گومان تیرۆری فەرماندەیەکی لەم ئاستەدا ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی بە تەواوی زیاتر کردووە.
بە گشتی، شرۆڤەکارانی بواری تیرۆر لە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕەخنەی توندیان لەم بڕیارەی دوناڵد ترەمپ گرت، ئەمەش ڕۆڵی بەرچاوی سولێمانی لە خۆڕاگری عێراقییەکان لە بەرامبەر داگیرکاری ئەمریکا پیشان دەدات و هەروەها لە بەهێزکردنی دژایەتی ئەمریکا لە لایەن خەڵکی ناوچەکەوە. گرنگ ئەوەیە کە بزانین ئەم فەرماندەی ئێران ڕۆڵی کاریگەری لە شکستی داعش لە ناوچەکە هەبووە.
پاش تیرۆری شەهید سولێمانی داهاتووی ناوچەکە چۆن دەبینن؟ ئایا هێزە بیانییەکان بە تایبەت ئەمریکییەکان ناچار دەبن ناوچەکە بە جێ بێڵن؟
ئاڵۆزییەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشبینییەکانی دژوار کردووە، هەندێک هەواڵی دڵخۆشکەر هەیە کە باس لە گەڕانەوەی جۆبایدن بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی و جێگیرکردنی پەیوەندییەکی باشتر لە لایەن ئەمریکاوە لە ناوچەکە دەکات، ئەڵبەت چاکسازی لەم شێوەیە لە پاش دوناڵد ترەمپ بە بێ ڕەچاوکردنی تێڕوانینی ئیسرائیل نابێت، ئیسرائیل سەرجەم هەوڵەکانی بەکار دێنێت کە ئاستەنگ بخاتە بەردەم گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ئەو ڕێکەوتنە و سنوردارکردنی چالاکی ناوەکی ئێران و کەڵک وەرگرتنی ئەم وڵاتە لە ئیمتیازی هەڵگرتنی گەمارۆکان.
گرنگ ئەوەیە کە ئایا ڕووسیا و چین لەم نێوەندەدا چۆن ڕۆڵ دەبینن، ئایا هەوڵی هاوکاری یان بژاردەیەکی دیکە لە بەرامبەر ڕکابەرە دێرینەکەی خۆیان واتە ئەمریکا دەدەن. هەروەها دەبێت بزانین کە ئایا ئەمریکا بە هەمان شێوەی ئێستا ڕوبەڕوی ڕووسیا لە دۆسیەکانی وەک ئۆکراین یان لە پەیوەندییە بازرگانییەکان لە گەڵ چین دەبێتەوە یان نە. تا ئەو کاتەی کە ئەمریکا واز لەم سیاسەتە سەربازییەی لە سەر ئاستی جیهان نەهێنێت، دەتوانین بڵێین ئاڵۆزییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان بەردەوام دەبێت.
کۆتایی/.