ئەم دوو شەهیدە لە پرۆسەی لەناوبردنی گرووپە تیرۆریستییەکان کە هۆکاری ترس و کوشتنی خەڵک لە عێراق و سوریا بوون، ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەریان گێڕا. تیرۆریستان هەوڵی ئەوەیان دەدا کە عێراق و سوریا بە تەواوی کۆنتڕۆڵ بکەن و لە پێناو خزمەت گەیاندن بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی، ناوچەکە بە پێی سیستەمی تائیفی، مەزهەبی و نەتەوەیی دابەش بکەن.
ئەم شەهیدانە سنورەکانیان تێپەڕاند و هەوڵی ئەوەیاندا کە لە بەرامبەر ئەو پیلانگێڕییە خۆڕاگری بکەن، لە بەر ئەوەی کە بەو ڕاستییە گەیشتبوون کە تیرۆریستان تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن و ئامانجەکەشی تەنیا لاوازکردنی پێگەی گەلانی موسڵمان و عەرەب و دابینکردنی بەستێنی خەونەکانی ڕژێمی زایۆنیستییە بۆ پێکهێنانی وڵاتی گەورەی لە نیل تا فۆرات.
شەهید ئەبومەهدی موهەندیس یەکێک لە دامەزرێنەرانی گەورە و ناسراوی هێزەکانی حەشدی شەعبی بوو کە ڕۆڵی گەورەی لە شکستی گرووپی تیرۆریستی داعش و ئازادکردنی عێراق هەبوو و بە تەواوی لە لایەن شەهید سولێمانییەوە پاڵپشتی دەکرا.
شەهید سولێمانیش لە پاڵپشتی لۆجستی و سەربازی لە حیزبووڵای لوبنان و هێزەکانی خۆڕاگری فەڵەستین ڕۆڵی گرنگی هەبوو و ئەم پاڵپشتییەش بووە هۆی ئەوەی کە هاوسەنگی هێز لە بەرامبەر دوژمنی زایۆنیستی تووشی گۆڕانکاری ببێت.
بە بۆچوونی من، حکومەتی ئەمریکا بە تیرۆری شەهیدان سولێمانی و موهەندیس لاپەڕەیەکی دیکەی لە سەر تاوانە تیرۆریستییەکانی خۆی زیاد کرد و هیچ کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز لە سەرتاسەری جیهان نەماوە کە نەکەوتبێتە بەر تیرۆر و تاوانی ئەمریکییەکان.
بەردەوام تاوانەکانی ئەمریکا لە گەڵ پاساوی درۆ و بێ بنەما هاوڕێ بووە بەڵام هیچ مرۆڤێکی بەویژدان فریوی ئەوەی نەخواردووە و گەلانی ئازادیخوازی جیهان ئەم سیاسەتە تاوانبارانە و درۆ و ڕیسوابوونەی ئەمریکییەکانیان بۆ ڕوون بووەتەوە و ئەڵبەت درەنگ یان زوو وەڵامی تاوانەکانیان وەردەگرن.
ئەو تاوانەی تیرۆریستییەی کە بووە هۆی شەهیدبوونی ئەم دوو فەرماندە شۆڕشگێڕە، کاریگەری ڕاستەقینەی لە سەر مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەبێت، بە ڕادەیەک کە پەرلەمانی عێراق بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکای لە سەر خاکی ئەو وڵاتە پەسەند کرد.
هەروەها سوپای پاسدارانی ئێرانیش هێرشی مووشەکیی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق کە زیانێکی زۆریان بەرکەوت و هێزەکانی ئەمریکا بە ناچار پاشەکشەیان لە چەندین بنکەی خۆیان لە عێراق کرد و هەروەها ژمارەی هێزەکانی خۆیان لەم وڵاتە کەمکردەوە. بەڵام هێشتا ئەو هێزانە لە عێراق، باکوری سوریا و ناوچەکە بوونیان هەیە کە لە ترسی کاردانەوە و وەڵامی گرووپەکانی خۆڕاگری بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێدان.
الهامی الملیجی – مامۆستای زانکۆ لە میسر
کۆتایی/.