بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەم مۆزەخانەیە یەکێک لە مۆزەخانە و شوێنە مێژووییەکانە کە لە شاری تەورێز کەوتووەتە گەڕەکی ڕاستە کۆڵان لە ڕۆژئاوای بازاڕی تەورێز. ئەم بینایە لە سەر شێوازی سەردەمی قاجاڕ بونیاد نراوە و موڵکی تایبەتی کەسێک بە ناوی مەهدی کوزەکەنانی بووە و ساڵی 1354 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 1975 ی زائینی بە ژمارە 1171 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە.
گەورە کەسایەتییەکانی ئازەربایجان پاش تۆپبارانکردنی پەرلەمانی ئەو کاتەی ئێران لە لایەن محەممەد عەلی شای قاجاڕ لە ماڵی حاجی مەهدی کوزەکەنانی کۆبوونەوە و پێکەوە ڕاوێژیان کردووە. هەروەها ئەم شوێنە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی تەورێز و ناوەندی فەرماندەیی خەباتگێڕانی لە سەردەمی گەمارۆ 11 مانگەکەی تەورێزی تێدا بەڕێوەچووە. لەو کەسانەی کە لە کۆبوونەوەکانی ئەو سەردەمەدا بەشدارییان کردووە دەتوانین ئاماژە بە کەسانی وەک ستارخان، باقرخان، حاجی میرزا ئاغا فەرشی و دامەزرێنەری شوێنەکە واتە حاجی مەهدی کوزەکەنانی بدەین.
شوێنەکە لە سەر ڕاسپاردەی حاجی مەهدی کوزەکەنانی لە ساڵی 1247 ی کۆچی هەتاوی بونیاد نراوە. بیناکە دوو نهۆمە بە چەندین بەشەوە و لە سەر شێوازی سەردەمی قاجاڕ بونیاد نراوە.
حاجی مەهدی بازرگانێک لە بازاڕی تەورێز بووە کە بە دەستپێکردنی شۆڕشەکانی ئەو کاتەی مەشروتە لە تەورێز کەوتە ڕیزی ئازادیخوازەکانەوە و یەکێک لە سەرەکیترین پاڵپشتەکانی ئەو شۆڕشە بووە. ئەو ماڵەکەی بۆ کۆبوونەوەی سەرکردەکانی شۆڕش و چاپ و بڵاوکردنەوەی ڕاگەێندراوەکانی سەرکردایەتی لە دژی دەسەڵاتی قاجاڕ کردەوە. ماڵەکە لە پاش شەڕی جیهانی دووەم و داگیرکردنی ئازەربایجان لە لایەن سوپای یەکێتی سۆڤییەت، لە ساڵانی 1324 و 1325 ی کۆچی هەتاوی بووە ناوەندی کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی گرووپی دیمۆکراتی ئازەربایجان.
بیناکە لە ساڵی 1247 ی کۆچی هەتاوی بەرامبەر بە 1868 ی زائینی لە لایەن ئەندازیارێکەوە بە ناوی حاجی وەلی درووست کراوە کە لە ڕووسیا نیشتەجێ بووە و پاش گەڕانەوەی بۆ ئێران بینای مەشروتەی کردەوە. بیانەکە 1300 مەتری چوارگۆشە ڕوبەری هەیە و لە دوو نهۆمدا کراوەتەوە و خاوەنی چەندین تایبەتمەندییە.
مۆزەخانەی مەشروتە پاش چەندین گۆڕانکاری لە ساڵی 1375 – 1996 ی زائینی – کراوەتەوە. لە گرنگترین ئاسەوارەکانیشی دەتوانین ئاماژە بە دەمانچەکەی ستارخان، فەرشی مەشروتە، کەرەستە تایبەتەکانی سەرکردەکانی شۆڕشی مەشروتە و بەڵگەکانی تایبەت بەو شۆڕشە بدەین.
کۆتایی/.