بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئامادەبوونی شەهید قاسم سولێمانی لە بەرەی بەرگری لە نیشتمان و ئیسلام بۆ دامەزراندنی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە و مێژوو سەرجەم ئازایەتی و لێهاتووییەکانی هەر لە دەستپێکی مەشق و ڕاهێنان بە فەوجەکانی کرمان تا بەرەکانی شەڕی سوسەنگرد و فەرماندەیی لەشکری 41 ی سارووڵا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و تێکدەرانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕۆژهەڵاتی ئێران وەک بیرەوەرییەک دەگێڕێتەوە و قەد لەبیری ناکات.
ساڵی 1379 ی کۆچی هەتاوی بوو کە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە وەک فەرماندەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی دەستنیشان کرا و ئەمجارەش لە بێداری ئیسلامی ناوچەکە ڕۆڵی گەورەی گێڕا. پاشان لە ساڵی 2014 کە گرووپی تیرۆریستی داعش لە سەر دەستی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی پێکهێنرا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی کردە شوێنی چالاکییەکانی، ئامادەبوونی شەهید سولێمانی بووە هێزێکی بەرگری گەورە لای گەلان و ورەی ئەوانی بە تایبەت لە سوریا و عێراق بەرز کردەوە و زۆر بوون ئەو کەسایەتییە سیاسییە و بەرپرسانەی وڵاتانی ناوچەکە و جیهان کە بە کەسایەتی و ئازایەتی قاسم سولێمانی سەرسام مابوون.
فەرماندەی بێ وێنەکەی ئێران بەردەوام لە لایەن دامەزراوە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستییەوە هەڕەشەی تیرۆری لە سەر بوو بەڵام شەهید سولێمانی بە شکستی داعش و ئازادکردنی سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەستی ئەو گرووپە تیرۆریستییە لە سوریا و عێراق، خەونەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکانی پووچەڵ کردەوە.
فەرماندە قاسم سولێمانی بەرەبەیانی هەینی 13 ی بەفرانباری ساڵی 1398 ی کۆچی هەتاوی لە هێرشێکی فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانی ئەمریکا لە گەڵ دۆست و یاری دێرینی خۆی ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆکی ڕێکخراوی حەشدی شەعبی و چەندین کەسی هاوڕێیان لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدا شەهید کران تا بە مانای ڕاستەقینەی شەهید زیندووە، وەرزێکی نوێی بەرەنگاربوونەوەی هەمیشەیی ئەو لە گەڵ ڕەوتی ستەمکاری جیهانی دەست پێبکات کە ئەمجارەش بە خوێنی ئەو دەستیپێکردووە.
ئەمانە تەنیا مستێکە لە خەرمانی گەورەی ئازایەتی و لێهاتووییەکانی شەهید قاسم سولێمانی کە بۆ هەمیشە لای گەلی ئێران وەک یادگار ماوەتەوە و بووەتە کەسایەتییەکی بێ وێنە و کارێزمای ئێرانییەکان کە تا هەتا هەتایی شانازی پێوە دەکەن.
ئەم ڕاپۆرتە لە وتووێژ لە گەڵ خەڵک و کۆکردنەوەی بەشێک لە کامێنتەکانی ئەوان لە سەر وێنە و هەواڵی تایبەت بە سەرداری دڵان نووسراوە، ئامانج لەم نووسراوەش ناساندنی شەهید قاسم سولێمانی لە ڕوانگەی مێژووەوە نییە بەڵکوو حاجی قاسمی گەلی ئێران دەناسێنێت.
ئەو کەسایەتییەی کە لە ڕێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی پیرۆزیان حەماسەتە بێ وێنەکەی گەلی ئێران خوڵقا و بۆ هەمیشە دەمێنێتەوە، پارێزگاکان و قەزا جیاجیاکانی ئێران بە داب و نەریتی خۆیان ڕێوڕەسمی پێشوازییان لە تەرمی پیرۆزی شەهید بەڕێوە برد و شەهیدبوونی بە واتای ڕاستەقینە ئێرانی خستە ماتەمینییەوە.
لە کامێنتەکانی خەڵک چەند ئاماژەیەک بە کەسایەتی سەرداری دڵان هەڵبژێردراوە، هەر ئەو تایبەتمەندییانەی کە ئەو فەرماندەی ئازا و لێهاتووەی بەم ئاستە گەیاندە خۆشەویستی خەڵک و نیشتمان، ئەو تایبەتمەندییانەی کە لە بوارەکانی وەک ژیانی کۆمەڵایەتی، ئائینی، کەسێتی، سیاسی و سەربازی بینراوە.
شەهید سولێمانی کەسێکی نیشتمانپەروەر:
بە وتەی بەشێکی زۆر لە خەڵک ژیانی سیاسی شەهید سولێمانی پەیوەندی بە هیچ حیزب و باڵێکی سیاسییەوە نەبوو و تەنیا لە هۆگری و خۆشەویستی نیشتمانی ئێران دەبینرایەوە.
کەسێک لە سەر وێنەیەکی شەهید سولێمانی وای نووسیوە: بریا ئێرانییەکان لانیکەم لەمە تێدەگەیشتن کە شەهید سولێمانی هیچ پەیوەندییەکی بە حیزب و باڵێکی سیاسییەوە نەبووە، فەرماندەی ئازای نیشتمان بوو و ئێرانییەکان لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە لە پاش شەهیدبوونی هاوخەم و تازیەباری لەدەستدانی بوون.
لەم نووسراوانە زۆرن، کەسێکی دیکە وێنەیەکی کاتی پێشوازییە ملیۆنییەکە لە تەرمی پیرۆزی شەهیدی بڵاو کردووەتەوە و وای نووسیوە کە بریا زیندوو دەبووی و ئەوەت دەبینی کە خولیای یەکڕیزی گەلەکەت مسۆگەر دەبێت، خۆزگە ڕێزی تۆمان زۆر دەگرت و خوێنی پیرۆزتمان لە ململانێ و ڕکابەرێتی سیاسیدا بەکار نەدەهێنا.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، بەشێکی زۆر لە خەڵک وەک سەربازێکی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ناویان بردووە. یەکێک لە بەکارهێنەری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شەهید سولێمانیی بە کەسێک ناو بردووە کە تەنیا بۆ پاراستنی ئیسلام و ئێران شەڕی دەکرد و لەم ڕێگایەشدا گوێی لە فەرمانەکانی ڕێبەری مەزن و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئێران بوو.
فەرماندەیەک کە لە سەرجەم گۆڕەپانەکاندا ئامادەبوو:
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی کەسایەتی شەهید سولێمانی لە ڕوانگەی خەڵکەوە، ئازایەتی، بوێری و ئامادەبوونی لە سەرجەم گۆڕەپانەکاندا بووە کە بەردەوام لای خەڵک باس کراوە. کەسێک وای نووسیوە کە ئێران تا ئێستا فەرماندەی وای بەخۆوە نەبینیوە. یەکێکی دیکە ڕایگەیاندووە کە بوونی سەردار سولێمانی پشتگەرمی ئێرانییەکان بوو، تا ئەو بوو هەستمان بە ئاسایشێکی تەواو دەکرد، تا تۆ بووی هەستمان بە خۆشی دەکرد، لە پاش تۆ چی بکەین.
کەسێکی دیکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وای نووسیوە کە شەهیدان ئیسلام بە زیندوویی دەهێڵنەوە، ڕۆڵی شەهید سولێمانی لە پاراستنی یەکپارچەیی خاکی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەک وانە بە خوێندکاران بوترێتەوە.
ژمارەیەک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک سەربازی نیشتمان ناویان بردووە، ئەوان ڕایانگەیاندووە کە شەهید سولێمانی گیانی خۆیی لە ڕێگای مانەوەی ئێراندا بەخت کرد، کەسێک وای باس کردووە کە هیچ کات دڵی بەم جیهانە نەدا و هەمیشە وەک شێرێک لە گۆڕەپانەکەدا بوو.
لە خەڵک بوو و بۆ خەڵک ژیا:
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی شەهید سولێمانی ئەوە بوو کە لە نێو خەڵکدا بوو و بۆ خەڵک ژیا و لە ئاکامدا گیانی خۆیی بۆ خەڵکیش بەخت کرد، ئەم تایبەتمەندییەش وایکردووە کە پیر و گەنج وەک کەسێکی خۆشەویستی خۆیان ناوی ببەن. کەسێک وای نووسیوە کە حاجی قاسم سەرداری بەرەی خۆڕاگری و ئێرانی ئیسلامییە کە ئاڵاهەڵگری بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانییە و پەروەردەکراوی مەکتەبی بەسیج و گەلی ئێران و مەکتەبی ئیمام خومەینی (رە) بووە و بۆ پاراستنی کەرامەتی ئێرانییەکان شەڕی دەکرد.
سەرداری دڵان، تێکۆشەرێکی ڕێگای خودا:
ژیانی کەسێتی شەهید سولێمانی لە ڕوانگەی خەڵکەوە تەنیا بۆ ڕەزامەندی خودای گەورە بووە. گەنجانی ئێران دەڵێن کە شەهید سولێمانی نموونەیەکی تەواو بۆ ژیانی کەسێتی و کۆمەڵایەتی ئەوانە.
کەسێکی دیکە وای نووسیوە کە ژیانی کەسێتی و خێزانەکەی حاجی قاسم تەنیا لە ڕێگای ئائینی ئیسلامدا بووە و لەم جیهانەدا شتێکی بۆ خۆی نەویستووە.
ئێستا لە ساڵیادی تیرۆری شەهید سولێمانی لە لایەن ئەمریکای تاوانبارەوە، ئەم کامێنت و بۆچوونەی خەڵکی ئێرانی پیشان دەدات کە ئێرانییەکان بەردەوام ڕێڕەوی ئەو ڕێگایە دەبن کە سولێمانی ساڵانێک بەر لە ئێستا دیاریی کردووە.
کۆتایی/.