بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێشبینییەکانی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی باس لەوە دەکات کە گەشتیاری جیهان بۆ ئاستی 30 ساڵی ڕابردوو بگەڕێتەوە. ئەم ڕێکخراوە ڕایگەیاندووە کە یەک ملیار سەردان لە کۆی سەردانەکانی جیهان بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەم دەبێتەوە و پیشەسازی گەشتیاری جیهان یەک ترلیۆن و سەد ملیار دۆلار تووشی زیان دەبێت، ئەڵبەت ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی چاوەڕوان دەکات ئامارەکە لە ساڵی 2021 هەڵکشانی هەبێت بەڵام گەیشتن بە ئاماری ساڵی 2019 لە نێوان دوو نیو تا چوار ساڵ کاتی پێویست دەبێت.
سەردانە نێودەوڵەتییەکان لە 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2020 لە سەدا 72 دابەزیوە کە هۆکارەکەشی بۆ قەدەغەی هاتووچۆ و گەشتە نێودەوڵەتییەکان، دابەزینی متمانەی موشتەرییەکان و هەوڵەکانی وڵاتانی جیهان بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەگەڕێتەوە. ئەم بارودۆخەش دەتوانێت زیانێکی دوو ترلیۆن دۆلاریی لە ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی وڵاتانی جیهان بە دواوە بێت.
بە پێی ئامارە جیهانییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا مانگی ئۆکتۆبەر، ئامانجە گەشتیارییەکانی جیهان 900 ملیۆن گەشتیاری نێودەوڵەتی کەمتریان بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی بەخۆوە بینیوە و ئەمەش بە واتای زیانێکی 935 ملیار دۆلاری لە داهاتە گەشتیارییەکان بووە، زیانێک دە هێندە زیاتر لە کاریگەری قەیرانی دارایی جیهان لە ساڵی 2009.
ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای ئەوەی کە هەواڵی وەبەرهێنان و تاقیکردنەوەی ڤاکسێنی کۆرۆنا تا ڕادەیەک متمانەی گەشتیارانی گەڕاندووەتەوە، پیشەسازی گەشتیاری هێشتا لە سەرەتای ڕێگای خۆیدایە، هەر بۆیە دەبێت هەوڵەکانمان زیاتر بکەین تا بتوانین سنورەکان بە شێوازێکی پارێزراو لە ڕووی تەندرووستییەوە بکەینەوە و پاڵپشتی لە پیشە و کارەکانی گەشتیاری بکەین، بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە کە پیشەسازی گەشتیاری چەندە کاریگەریی لەم قەیرانە گەورەیە وەرگرتووە.
بە پێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی، ناوچەی ئاسیا – ئۆقیانوسیە یەکەم ناوچە بوو کە کەوتە ژێر کاریگەری قەیرانی کۆرۆنا و ژمارەی گەشتیارەکانی لە دە مانگی سەرەتای ساڵی 2020 لە سەدا 82 دابەزی. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەدا 73 لە پلەی دووەمدایە و پاشان ئەفریقا لە سەدا 69 و ئەورووپا و ئەمریکا لە سەدا 68 لە پلەکانی دواتری دابەزینی ژمارەی گەشتیاراندان.
لە مانگەکانی ئەیلول و ئۆکتۆبەر کە بە لوتکەی سەردانیکردنی گەشتیاران بۆ وڵاتانی ئەورووپی هەژمار دەکرێن، ئەم ناوچەیە بەراورد بە ناوچەکانی دیکەی جیهان دابەزینی کەمتری لە ڕێژەی سەردانەکان تۆمار کردووە، واتە لە سەدا 72 تا 76.
پۆلیلیکا شۆیلی ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی هەروەها ڕایگەیاندووە کە پرۆسەیەکی یەکگرتوو لە نێوان وڵاتانی جیهان، ئەڵبەت بە ڕەچاوکردنی ڕێنماییە تەندرووستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپاراستن، بۆ زیندووکردنەوەی پیشەسازی گەشتیاری بە پێویست دادەنرێت، ئەمەش تەنیا کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی گەشتیاراندا نییە، بەڵکوو هەندێک ڕێوشوێنی هاوبەش لە نێوان وڵاتانی جیهان لە خۆ دەگرێت تا بتوانن متمانەی گەشتیارانی نێودەوڵەتی جارێکی دیکە بگەڕێننەوە.
ڕێکخراوی گەشتیاری جیهانی چاوەڕوان دەکات ڕاگەیاندنی پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی ڤاکسێنی کۆرۆنا لە سەر مرۆڤەکان و هەڵگرتنی بەشێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم هاتووچۆی نێودەوڵەتی، تا ڕادەیەک بتوانێت ئەو متمانەیە بگەڕێنێتەوە.
کۆتایی/.