شارەزایان و شرۆڤەکاران داوایان لە سەرکردەکانی جیهان کردووە کە ترەمپ و هەوڵەکانی بۆ خوڵقاندنی قەیرانێکی دیکە لە ناوچەکە کۆنتڕۆڵ بکەن. ئێرانیش بەردەوام ئەوەی ڕاگەیاندووە کە ئەگەر ترەمپ شەڕێک دەست پێبکات تەواوکەری نابێت و تاران بە ئامرازی جۆربەجۆر هەوڵی بەرگری لە خۆی دەدات، بە تایبەت ئەوەی کە هاوکێشەکانی ناوچەکە ئاڵۆز بووە و ئێران هەوڵ دەدات ڕێگری لەوە بکات ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە شوێن پێیەکی ئاسان بۆ ئەمریکییەکان، لە بەر ئەوەی کە شەڕ لە زیانی سەرجەم وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەبێت.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دوناڵد ترەپم دوو هۆکاری لە پشتەوەیە. یەکەم: کەسایەتی ترەمپ کە بە کەسێکی هەزار ڕواڵەت ناسراوە و دووەم: هەوڵەکانی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی لە هەر دوو ئاستی ناوخۆ و دەرەوە.
ترەمپ دەیەوێت بە هەر ڕێگایەک کە بێت، ستراتیژی داهاتووی دیمۆکراتەکان لە کۆشکی سپی تووشی کێشە بکات و ڕێگری لەوە بکات کە ئەم حیزبە لە داهاتوودا پێگە و دەسکەوتێکی سیاسیی هەبێت، وەک گەڕانەوە بۆ ڕێکەوتنەکانی ناوەکی ئێران و کەش و هەوا کە ترەمپ بە هیچ هۆکارێک لەو ڕێکەوتنە گرنگانە کشایەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵ دەدات ئەمریکا پەلکێشی شەڕێکی دژ بە ئێران بکات تا بەمەش شانسی گەڕانەوەی جۆبایدن بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی لە ناو بچێت، تیرۆری شەهید موحسین فەخری زادە زانای گەورەی ئێرانی لە لایەن ئەو ڕژێمەوە تەنیا بە ئامانجی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکەوە بووە و ئێستاش بە هاوکاری ئیدارەی ترەمپ ڕێگری لەوە دەکات حکومەتی نوێی ئەمریکا بتوانێت بۆ ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان بگەڕێتەوە.
ئەڵبەت ترەمپ وەک تاونبارێک هیچ بە لایەوە گرنگ نییە کە تاوانەکانی ئاشکرا بکات. تۆمەتبارکردنی ئێرانیش بە پاڵپشتی لەو گرووپانەی کە هێرشی ڕۆکێتی دەکەنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، هەوڵێکە لە پێناو شەڕەنگێزی و ئاژاوەگێڕی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەر بۆیە بە هاوکاری ڕژێمی زایۆنیستی و ڕژێمە دواکەوتووەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دژایەتی ئێران و بەرەی خۆڕاگری دەکەن.
ئەم هەوڵانەی ترەمپ شەڕێکی دەروونییە و ناوبراو و ڕژێمی زایۆنیستی و گوێڕایەڵەکانی ئەوان لە ناوچەکە دەزانن کە بەرەی خۆڕاگری براوەی هەر شەڕێکە و ئەوەش کە ئەمریکا لە ساڵیادی تیرۆری شەهید قاسم سولێمانی پەنای بۆ ئەم هەڕەشانە هێناوە، تەنیا بۆ نمایشی پیشاندانی هێزە کە ئەڵبەت ئەو هێزەش پێشتر لە ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگریدا تاقیکراوەتەوە کە چۆن تووشی شکست دەبێت.