بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە 5 وەزیری کابینەی عێراق بە هۆی لاوازبوون لە تێپەڕاندنی ئەرکەکانیان دەگۆڕدرێن.
ئەو سەرچاوانە کە لە کەسانی نزیک لە دەسەڵاتی ئێستای عێراقن، ڕایانگەیاندووە کە لایەنە سیاسییە کاریگەرەکانی ئەم وڵاتە تێڕوانینێکی جیدییان لە سەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی پێشوەختە نییە و ئەگەری دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان لە ئارادایە.
یەک لەو سەرچاوانە کە ئەندامێکی دەستڕۆیشتووی پەرلەمانە، ڕایگەیاندووە کە چەند لایەنێکی سیاسی لە سەر گۆڕانکاری لە کابینەکەی مستەفا کازمی گەیشتوونەتە ڕێکەوتن.
ناوی ئەو وەزیرانەش کە بڕیارە بگۆڕدرێن، بریتین لە: عەلی عەلاوی وەزیری دارایی، عەلا جبوری وەزیری بازرگانی، ماجد حەنتوش وەزیری کارەبا، ئێحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوت و مەنهەل عەزیز خەباز وەزیری پیشەسازی.
ئەو وەزیرانە بە هۆکاری ئاڵۆزتربوونی دۆخی ئابوری و دارایی عێراق تۆمەتبار کراون و بڕیارە لە فراکسیۆنی پەیوەندیدار شوێنگرەوەیان دیاری بکرێت.
کۆتایی/.