وهزارهتی زانستهكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگهیاند كه گرێبەستێكیان لەگەڵ وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی ئیمزا كردووه.
بهپێی ڕاگهیاندراوی ماڵپهڕی فهرمیی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە (1-3-2016) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە حوسەین سالار ئامولی، جێگری یەكەمی وەزیری زانستەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و شاندێكی یاوەری كرد.
بهپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە دیدارێكدا كە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەیبوو، سالار ئامولی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی ئامانجی سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و ئیمزاكردنی گرێبەستێك لەگەڵ وەزارەتی خوێندی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی كرد كە لایەنەكانی گۆڕینەوەی زانستی و دروستكردنی دەرفەت بۆ خوێندنی قوتابیان و سەردانی سەرۆكی زانكۆكان و مامۆستایانی هەردوولا و چەند بابەتێكی دیكە لەخۆ دەگرێت.
هەروەك ئەوەشی دووپات كردەوە كە ئەوان خوازیارن پەیوەندییە زانستییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران باشتر پەرەی پێ بدرێت و زانكۆ و مامۆستایانی خوێندنی باڵای هەردوولا زۆرترین سوود لە بواری زانستی بە یەكتری بگەیەنن و لە ئایندەشدا ئەو پەیوەندیانە زیاتر فراوان بكرێن.
لای خۆیەوە سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ئەو سەردانەی كرد و خۆشحاڵیی خۆی بە برەودانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران بەتایبەتی لە بواری زانستیدا دەربڕی و سوپاسی وەزارەتی زانستەكانی ئێرانی كرد كە لە ڕووی زانستییەوە هاوكاریی هەرێمی كوردستان دەكات و هیوای خواست ئەم هاوكارییە ببێتە هۆی فراوانكردنی زیاتری پەیوەندی و هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان زانكۆكان لە هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران.
لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە كە كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەردەمی ئاوارەییی خەڵكی هەرێمی كوردستاندا كە لە دەستی دیكتاتۆری ئاوارەی ئێران ببوون، خزمەتێكی زۆریان بەو خەڵكە ئاوارە كردووە و هەرێمی كوردستان هەرگیز ئەو ڕۆژانە لەیاد ناكات و ئێستاش خۆشحاڵە كە لە هەموو بوارەكاندا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران باشتر ببێت و هەموو پشتیوانییەكی حكوومەتی هەرێمیشی بۆ برەودانی زیاتر بە پەیوەندییە زانستی و زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران پیشان دا.