جام کوردی:
پاش لێدوانه‌کانی جۆن کێری، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا که ڕایگه‌یاند له ئه‌گه‌ری شکست هێنانی ئاگربه‌ستی سوریا و پرۆژه‌ی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سیاسی که ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان په‌سه‌ندی کردووه، وڵاته‌که‌ی گه‌ڵاڵه‌ی جێگره‌وه‌ی بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه کردن له گه‌ڵ دۆخی هه‌نووکه‌یی سوریا تاوتوێ ده‌کات، بۆ به‌شێکی زۆری شرۆڤه‌کارانی سیاسی ئه‌م پرسیاره هاتووه‌ته پێشه‌وه که گه‌ڵاڵه‌ی جێگره‌وه‌ی واشنتن که جۆن کێری باسی لێ ده‌کات، چییه؟ ناوبراو هه‌روه‌ها وتی که به سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا ئه‌وه‌ی ڕاگه‌یاندووه که ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا یه‌ک تا دوو مانگ دان به خۆدا ده‌گرێت تا بزانێت ڕووسیا به چه ڕاده‌یه‌ک جیدی بوونی خۆی له دانوستانه‌کان پیشان ده‌دات.
ناوبراو له هۆشدارییه‌کانی سه‌باره‌ت به دۆخی سوریا وتی که ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا له ڕێگای دانوستانه‌وه نه‌بێت ئه‌گه‌ری هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوریا به ته‌واوی له ئارادایه و زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت که ئه‌م وڵاته به وڵاتێکی یه‌کگرتوو بزانین. به واتایه‌کی دیکه ناوبراو ئاماژه‌ی به ئه‌گه‌ری دابه‌شبوونی سوریا داوه.
ڕووسیا سه‌باره‌ت به لێدوانه‌کانی کێری کاردانه‌وه‌ی هه‌بووه، سرگێی لاوڕۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا هه‌بوونی گه‌ڵاڵه‌ی جێگره‌وه‌ی بۆ ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا ڕه‌ت کرده‌وه و وتی: هیچ گه‌ڵاڵه‌یه‌کی جێگره‌وه بۆ گه‌ڵاڵه‌ی هاوبه‌شه‌که‌ی واشنتن و مۆسکۆ له سوریا بوونی نییه و پێشتریش نه‌بووه.
ئه‌گه‌رچی لایه‌نی ڕووسیا هه‌بوونی ئه‌م گه‌ڵاڵه‌یه‌ی ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه، به‌ڵام به مانای نه‌بوونی وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ک نییه. ڕووسیا ده‌ڵێت وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ک نییه نه‌ک ئه‌وه‌ی که بوونی نه‌بێت، به واتایه‌کی دیکه ده‌ڵێن که له لایه‌ن ئه‌مریکاوه وه‌ها گه‌ڵاڵه‌یه‌ک هه‌یه به‌ڵام بۆ ڕووسیا جێی قبووڵکردن نییه، له کاتێکدا که هه‌ندێک سه‌رچاوه‌ی ئاگادار ده‌ڵێن که ئه‌مریکییه‌کان تانک و موشه‌ک و هێزه سه‌ربازییه‌کانی خۆی له سوریا کۆده‌کاته‌وه و هه‌روه‌ها فڕۆکه فڕۆکه‌وانه‌کانی به‌رده‌وامن له گه‌شته ئاسمانییه‌کانیان تا ئه‌و ئامانجانه‌ی که بڕیاره له داهاتوودا هێرشیان بکرێته سه‌ر، ده‌ستنیشان بکرێن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که لێدوانه‌کانی کێری و لاوڕۆڤ دژایه‌تییان پێوه ده‌بینرێت، به‌ڵام پیشانیان داوه که لێدوانه‌کانیان به چه‌شنێک ته‌واوکه‌ری یه‌کدین، کێری باس له له‌رزۆک بوونی ئه‌م ئاگربه‌سته ده‌کات و لاوڕۆڤ ئاشکرا ده‌کات که به‌رده‌وام پێداگری له سه‌ر هه‌ڵوێستی وڵاته‌که‌ی له سوریا ده‌کات.
ئه‌وه‌ی که له کرده‌وه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ستی پێ ده‌کرێت، به ده‌ر له لێدوانه‌کانی کێری، ئه‌وه‌یه که ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا، ڕووسیای کردووه‌ته به‌رپرسی به‌ڕێوه‌بردنی دۆسیه‌ی سوریا، له به‌ر ئه‌وه‌ی که گرنگی ئه‌وتۆ به شه‌ڕی سوریا یان ئه‌و لایه‌نه‌ی که شه‌ڕی به‌رامبه‌ری به‌و ڕاگه‌یاندووه، نادات. به پێچه‌وانه‌وه ڕووسیا تا ئێستا هێرشی کردووه‌ته سه‌ر بنکه و مۆڵگه‌کانی گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک داعش و به‌ره‌ی نوسره. ئه‌مه‌ش پیشان ده‌دات که ئه‌مریکا گرنگی ئه‌وتۆ به کێشه‌ی داعش نادات و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی به به‌شێک له سیاسه‌تی گشتی وڵاته‌که‌ی له ناوچه‌که وه‌ک دۆسیه‌ی لیبیا و یه‌مه‌ن نازانێت، واته ئه‌گه‌ر دۆخه‌که به‌ره‌و ئاڵۆزی زیاتر ببرێت ده‌ستێوه‌ردانی ده‌بێت و دژ به داعش و قاعیده چالاکییه تایبه‌ته سه‌ربازییه‌کانی ده‌ست پێ ده‌کات.
لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و ئامرازانه‌ی که کۆشکی سپی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ناوچه‌که له ئه‌ستۆی گرتووه پیشان ده‌دات که حکومه‌تی واشنتن هیچ هه‌وڵێکی ڕاسته‌قینه‌ی سه‌باره‌ت به گۆڕانکاری له دۆخی شه‌ڕی سوریا نییه، وه‌ک چۆن که ڕێگریی له تیرۆری ئیسرائیل و شارۆچکه جوله‌که نشینه‌کان نه‌کردووه و درگاکانی به‌رده‌م هیوا و خولیاکانی فه‌ڵه‌ستینییه‌کانی داخستووه، هه‌روه‌ها موڵه‌تی ئه‌وه‌ی به سوپای میسر دا که دژ به سه‌رۆک کۆماری هه‌ڵبژێردراوی گه‌ل کوده‌تا بکات.
چۆنیه‌تی لێدوانه‌کانی کێری پیشان ده‌دات که واشنتن به نیازه له ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی که نه‌توانێت له گه‌ڵ حکومه‌تی سوریا بگاته ڕێکه‌وتن و ڕه‌وتی گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له‌م وڵاته به به‌شداری نه‌یاران و حکومه‌ت ده‌ست پێ بکات و پێکه‌وه له به‌ره‌یه‌کی دژ به داعش کۆیان بکاته‌وه، ده‌ستێوه‌ردانی ده‌بێت و به وته‌ی خۆیان هه‌مان گه‌ڵاڵه‌ی جێگره‌وه جێبه‌جێ ده‌که‌ن. به‌م پێیه‌ش ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش له ئارادایه که ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه که تا ئێستا ڕووسیا ڕێگریی لێکردووه بکه‌وێته واری جێبه‌جێ کردنه‌وه که ناوچه‌ی دژه فڕین و دابین کردنی ناوچه‌یه‌کی ئه‌من تاوتوێ ده‌کرێت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ش به هێزه‌کانی تورکیا و عه‌ره‌بی ده‌درێت بچنه سوریا.
سه‌رچاوه: القدس العربی
وه‌رگێڕان: جام کوردی