جام کوردی:
ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا له به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی شه‌ممه که‌وته واری جێبه‌جێ کردنه‌وه. ئه‌گه‌رچی به‌رده‌وامی ئه‌م ئاگربه‌سته کارێکی ئه‌سته‌مه به‌ڵام له ئه‌گه‌ری وه‌هادا ده‌توانێت به‌سێنی گونجاو بۆ دانوستانه‌کانی ئاشتی و وه‌ستاندنی پێکدادانه‌کان له درێژخایه‌ندا دابین بکات.
شه‌ممه 8ی ڕه‌شه‌ممه، یه‌که‌م ڕۆژی ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا به هاوکاری و ڕه‌زامه‌ندی ڕووسیا و ئه‌مریکا پلانی پێویستی بۆ داڕێژرا و خرایه‌ڕوو. له دوو حه‌وته‌ی ڕابردوو هێزه گه‌وره‌کانی جیهان له په‌راوێزی دانیشتنی ئاسایشی میونشن له سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له سوریا گه‌یشتنه ڕێکه‌وتن. هه‌رچه‌نده کاتی دیاریکراو و چۆنیه‌تی جێبه‌جێ کردنی ڕوون نه‌کرایه‌وه، به‌ڵام له حه‌وته‌ی ڕابردوو ئه‌مریکا و ڕووسیا له ڕاگه‌ێندراوێکی هاوبه‌ش چۆنیه‌تی جێبه‌جێ کردن و چاودێری کردنی ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌یان خسته‌ڕوو.
حکومه‌تی سوریاش له ڕاگه‌ێندراوێکدا جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که ئاگربه‌سته‌که به مه‌رجی به‌رده‌وامبوونی چالاکییه سه‌ربازییه‌کان دژ به گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک داعش و به‌ره‌ی نوسره و گرووپه‌کانی دیکه‌ی هاوپه‌یوه‌ندی ئه‌وان قبووڵ ده‌کرێت. گرووپه‌کانی ئۆپۆزسیۆنیش ئاماده‌یی خۆیان له پێناو جێبه‌جێ کردنی ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا ڕاگه‌یاند.
جێبه‌جێ کردنی ئاگربه‌ست و پابه‌ندبوونی، کاریگه‌ری به‌رچاوی له هه‌وڵه‌کانی ڕێگری له په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌م قه‌یرانه هه‌یه. ئاگربه‌ست له هه‌ل و مه‌رجێکدا جێبه‌جێ ده‌کرێت که هه‌ندێک لایه‌نی ناوچه‌یی وه‌ک عه‌ره‌بستان و تورکیا پاش ئه‌وه‌ی که پێشکه‌وتنی هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌کانی سوپای سوریایان بینی، ئاماده‌بوونی خۆیان بۆ ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی له‌م وڵاته ڕاگه‌یاند و ته‌نانه‌ت بۆردومانی چه‌ندین ناوچه‌ی باکوری سوریایان کرد. له‌م ڕووه‌وه گه‌ڵاڵه‌ی بابه‌تی ئاگربه‌ست هه‌نگاوێکی گرنگ بوو له پێناو کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخی ئاڵۆز و هێورکردنه‌وه‌ی. ئاگربه‌ست به شێوازێکی کاتی ده‌توانێت کاریگه‌ری له سه‌ر ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی دانوستانه‌کان دابنێت که ماوه‌یه‌که به چه‌ندین هۆکار په‌کی که‌وتووه. ڕوون و ئاشکرایه که له دۆخێک‌دا که شه‌ڕ و خوێنڕشتن له ئارادایه، قسه و باس کردن له ئاشتی ده‌ره‌نجامی ئه‌وتۆی نییه. وه‌ک چۆن بینیمان دانوستانه‌کانی ژنێڤ 3 له مانگی ڕابردوو به بێ ده‌ره‌نجامی پێویست کۆتایی هات. به‌ڵام ئه‌م ئاگربه‌سته ده‌توانێت لانیکه‌م به‌و ده‌ره‌نجامه بگات که هه‌ر دوو لا به‌ره‌و مێزی دانوستانه‌کانی ئاشتی بگه‌ڕێنێته‌وه. چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سوریا له پێناو گه‌یشتن به سه‌قامگیری به ته‌نیا له چوارچێوه‌ی ڕه‌وتێکی سیاسی مسۆگه‌ر ده‌بێت. ماوه‌ی پێنج ساڵ به سه‌ر ده‌سپێکی ئاڵۆزییه‌کانی سوریا و قه‌یرانی ئه‌م وڵاته‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و له‌م ماوه‌دا به پێی ئاماره‌کانی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، زیاتر له 310 هه‌زار که‌س کوژراون و 8 ملیۆن که‌سی دیکه‌ش ئاواره بوون. هه‌ر بۆیه بۆ هه‌مووان ڕوون بووه‌ته‌وه که به‌رده‌وامی ئه‌م شه‌ڕه و به گشتی بژارده‌ی سه‌ربازی ده‌ره‌نجامێکی ئه‌وتۆی به‌ده‌ر له نوقمبوونی سوریا له ئاڵۆزی و توندووتیژییه‌کان نابێت. ئه‌ڵبه‌ت کۆتایی پێکدادانه‌کان یان هه‌مان ئاگربه‌ستی کاتی، گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک داعش و به‌ره‌ی نوسره له خۆ ناگرێت و ده‌توانێت یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی ڕێکه‌وتنی نێوان واشنتن – مۆسکۆ بێت. تیرۆر، کێشه‌ی ئه‌مڕۆی سوریا، ناوچه‌که و جیهانه و ئاساییه که هه‌ر چه‌شنه ڕێکه‌وتنێک له پێناو کۆتایی هێنان به شه‌ڕ و پێکدادانه‌کان، نابێت له به‌رژه‌وه‌ندی گرووپه تیرۆریستییه‌کاندا بێت. یه‌کێک له تایبه‌تمه‌ندییه گرنگه‌کانی قه‌یرانی سوریا ئه‌وه‌یه که لایه‌نه تیرۆریستییه‌کان خۆیان له پاڵ داواکاری ڕه‌وا و مافه‌کانی گه‌لی سوریا حه‌شار داوه و هه‌وڵ ده‌ده‌ن خۆیان له گه‌ڵ ئه‌م ماف و داواکارییه هاوپه‌یوه‌ند پیشان بده‌ن، له کاتێکدا که داواکاری و کرده‌وه‌کانی ئه‌م گرووپانه هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی له گه‌ڵ گه‌لی سوریا نییه و ده‌ره‌نجامی کرده‌وه‌کانی ئه‌وان به ته‌نیا ڕووخان و کوشتن بووه. ئه‌وه‌ی که نابێت تیرۆریستان په‌راوێزێکی ئه‌منیان له پرۆسه‌ی ئاگربه‌سته‌که‌دا بۆ دابین بکرێت یه‌کێک له خاڵه گرنگه‌کانی ئێستای قه‌یرانی سوریایه. هه‌روه‌ها ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا زیاتر له هه‌ر لایه‌نێکی دیکه له به‌رژه‌وه‌ندی حکومه‌تی ئه‌م وڵاته و هاوپه‌یمانه‌کانیه‌تی، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان له ماوه‌ی ڕابردوو، پێشکه‌وتنی به‌رچاویان له خاکی سوریا هه‌بووه و به‌شێکی گرنگی ناوچه‌کانی ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپه‌کانی دیکه‌یان ئازاد کردووه. جێبه‌جێ کردنی ئاگربه‌ست له‌م قۆناغه‌دا به مانای سه‌قامگیری سه‌رکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سوریایه و بارودۆخی ئه‌وان له دانوستانه‌کانی داهاتوو به‌هێزتر ده‌کات، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که ئه‌م ئاگربه‌سته هیچ پێش مه‌رجێکی ده‌سته‌به‌ر نه‌کردووه، بۆ نموونه جێ هێشتنی ناوچه ئاڵۆزه‌کان یان ناوچه کۆنتڕۆڵ کراوه‌کان له لایه‌ن سوپای سوریاوه. به‌ده‌ر له‌مه‌ش، قبووڵ کردنی ئاگربه‌ست له لایه‌ن به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سوریا ڕواڵه‌تێکی دیکه له ناوبراو ده‌خاته‌ڕوو و ئه‌م په‌یامه‌ی به دواوه ده‌بێت که حکومه‌تی دیمه‌شق خوازیاری شه‌ڕ و له‌ناوچوونی خه‌ڵک نییه.
ئه‌ڵبه‌ت جێبه‌جێ کردن و به‌رده‌وامی ئه‌م ئاگربه‌سته کێشه و گرفتی زۆری له به‌رده‌مدایه که ڕه‌نگه خه‌ساری زۆری بۆی هه‌بێت. له گرنگترینی ئه‌و بابه‌تانه‌ی که ده‌بێته هۆی کاریگه‌ریدانان له سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه، ئاشکرانه‌بوونی ئه‌و ناوچانه‌یه که گرووپه تیرۆریستییه‌کانی تێدایه. گۆڕه‌پانی پێکدادانه‌کانی گرووپه کاریگه‌ره‌کانی سوریا له داعش و به‌ره‌ی نوسره تا کوردان و نه‌یارانی میانه‌ڕۆ زۆر په‌یوه‌ندی پێکه‌وه هه‌یه و به‌رده‌وام گۆڕینی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌مه‌ش ده‌توانێت خاڵێکی لاوازی ئه‌م ئاگربه‌سته بێت له به‌ر ئه‌وه‌ی که له هه‌مان کاتدا که گه‌ڵاڵه‌ی ئاگربه‌سته‌که له واری جێبه‌جێ کردن دایه، هێرشه‌کان بۆ سه‌ر تیرۆریستانی داعش و به‌ره‌ی نوسره به‌رده‌وامی ده‌بێت و ئه‌مه‌ش ڕه‌نگه به هه‌ڵه ببێته هۆی هێرش بۆ سه‌ر لایه‌نه‌کانی دیکه که له ئاکامدا به پێشێل کردنی بڕگه‌کانی ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا دابنرێت و له ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش گرووپه نه‌یاره‌کانی سوریا، سوپای ئه‌سه‌د به‌مه تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
یه‌کێکی دیکه له خاڵه لاوازه‌کان، نه‌بوونی ڕه‌زامه‌ندی عه‌ره‌بستان و تورکیا له سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی سوریایه. پێشکه‌وتنه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی سوپای سوریا توڕه‌بوون و هه‌ندێک سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌م وڵاتانه‌ی به دواوه بووه. به‌م پێیه‌ش ئاگربه‌ست له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا ناتوانێت ڕه‌زامه‌ندی ئه‌م دوو وڵاته مسۆگه‌ر بکات له به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌رپرسانی ڕیاز و ئه‌نکه‌ره ده‌زانن که دیمه‌شق له‌م دۆخه‌دا ده‌ستێکی باڵای هه‌یه. هه‌ر ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییه‌ش له لایه‌ن دوو وڵاتی گرنگی ناوچه‌که‌وه ده‌توانێت له ئاکامدا ببێته هۆی پێشێل کردنی بڕگه‌کانی ئاگربه‌سته‌که.
له ئێستادا و به‌م ترس و دڵه‌ڕاوکێوه، پێویسته چاوه‌ڕوان بین و بزانین که ئاگربه‌سته‌که‌ی سوریا به چه ئاراسته‌یه‌کدا ده‌برێت. هێشتا زووه که له سه‌ر ئه‌م پرۆسه‌یه ڕا و بۆچوونه‌کان ڕابگه‌ێندرێت. ئه‌م پێشهاته ده‌توانێت خاڵێکی وه‌رچه‌رخان بێت له مێژووی سوریا و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه ڕه‌نگه له ئه‌گه‌ری پابه‌ندنه‌بوونی لایه‌نه‌کان به بڕگه‌کانی ئه‌م ئاگربه‌سته، به بێ هیچ گۆڕانکارییه‌ک دۆخه‌که بۆ جاران بگه‌ڕێته‌وه و شه‌ڕ و ئاڵۆزییه‌کانی سوریا به‌رده‌وامی هه‌بێت.
ئیدریس سلێمانی