جام کوردی:
سیاسه‌تی ده‌ره‌وه یه‌ک له‌و بابه‌تانه‌یه که به‌شێکی گرنگی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکای به‌خۆوه تایبه‌ت کردووه.
له‌و ڕاپرسییه‌ی که به‌م دواییه به هاوکاری کۆلیژی ڤیلیام مێری و گۆڤاری فۆرن پۆلیسی ئه‌نجام دراوه، ڕای مامۆستایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به گرنگترین خاڵه‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه وه‌ک پرسیار هاتووه.
گرنگترین بابه‌ته‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا؟
له نێو ڕیزی خاڵه زۆره‌کانی وه‌ک تیرۆر تا هه‌ژاری و برسێتی، پێکدادانه‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و گۆڕانکارییه‌کانی که‌ش و هه‌وا وه‌ک گرنگترین بابه‌ت هه‌ڵبژێردراون. له سه‌دا 81ی مامۆستایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان یه‌ک له‌م دوو بابه‌ته یان هه‌ر دوویان وه‌ک گرنگترین بابه‌ته‌کانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه هه‌ڵبژاردووه. پاش ئه‌م دوو بابه‌ته‌ش، چالاکییه‌کانی ڕووسیا، تیرۆری نێوده‌وڵه‌تی و هێزی سه‌ربازی چین له پله‌ی سێهه‌م تا پێنجه‌مدا هاتوون.
ئه‌م ڕاپرسییه پێشتریش (18 مانگی ڕابردوو) ئه‌نجام درابوو. له‌و کاته‌دا له سه‌دا 40ی ئه‌و مامۆستایانه که پرسیاریان لێکرابوو، گۆڕانکارییه‌کانی که‌ش و هه‌وایان وه‌ک گرنگترین بابه‌تی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌ستنیشان کردبوو. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ته‌نیا له سه‌دا 26ی به‌شداربووان له‌م ڕاپرسییه‌دا، پێکدادانه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان وه‌ک یه‌کێک له سێ بابه‌تی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌زانی و ته‌نیا له سه‌دا 17ی ئه‌وان چالاکییه‌کانی ڕووسیایان به گرنگ ناو بردووه.
له سه‌دا 81ی مامۆستایان له‌و بڕوایه‌دان که ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئامرازی چاودێری و کۆنتڕۆڵ کردنی ئێرانه. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش، نیگه‌رانییه‌کان سه‌باره‌ت به دۆخی گشتی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له به‌رزبوونه‌وه‌دایه. پێده‌چێت که نیگه‌رانییه‌کان سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌کی کۆمه‌ڵکووژ له نێو پسپۆڕان دابه‌زیوه، به شێوازێک که ته‌نیا له سه‌دا 10ی ئه‌م که‌سانه پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌که کۆمهڵکووژهکان له ڕیزی سێ بابه‌تی گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا داده‌نێن.
کێشه‌کانی به‌رده‌م سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و سه‌رۆک کۆماری داهاتوو:
داوا له مامۆستایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان کراوه که کاندیدێکی کۆماریخواز و دیمۆکرات ده‌ستنیشان بکه‌ن که ده‌توانن به باشترین شێواز بابه‌ته‌کانی به‌رده‌م سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا کۆنتڕۆڵ بکات. له نێو دوو کاندیدی ئێستای پارتی دیمۆکرات، له سه‌دا 80ی ئه‌وان هیلاری کلینتۆن و ته‌نیا له سه‌دا 20ی مامۆستایان، سندرز بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا به شیاوتر ده‌زانن.
سه‌باره‌ت به کاندیده‌کانی کۆماریخوازه‌کان و هه‌ڵوێستی ئه‌وان سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ناکۆکی و ڕای جیاواز هه‌یه. له سه‌دا 54 جۆن کیسیک، له سه‌دا 30 جه‌ب بۆش، ته‌نیا له سه‌دا 7/1 دوناڵد ترامپ و له سه‌دا 5/1 ته‌د کرۆز به شیاوترین کاندید و که‌سایه‌تی بۆ به‌ڕێوه‌بردنی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌زانن.
ئایا ده‌توانرێت شکست به داعش بهێندرێت؟
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، داعش وه‌ک مه‌ترسییه‌کی که‌م وێنه ناو ده‌بات. کاندیده‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌مریکاش هه‌ڵوێست و پێشنیاری جیاوازیان له‌م پیناوه‌دا هه‌بووه، وه‌ک ده‌ستێوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی ئه‌مریکا و ناردنی هێزی سه‌ربازی وشکانی.
زانایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به شکستی داعش وه‌ک ئامانجێکی گرنگ بۆ ئه‌مریکا، ناتۆ و هێزه تایبه‌ته‌کان به سه‌رکردایه‌تی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش، ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هه‌یه. له سه‌دا 70ی ئه‌وان شکستی داعش له ڕێگای ئیئتلافێکی وڵاتانی ناوچه‌که به ئه‌گه‌رێکی نزیک ده‌زانن.
به‌شێکی به‌رچاوی مامۆستایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کان سه‌باره‌ت به ستراتیژی سه‌ربازی ئه‌مریکا بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه‌کانی وه‌ک قاعیده و داعش له سوریا، عێراق و یه‌مه‌ن گه‌شبینن. یه‌ک له سه‌ر سێی به‌شداربووان، ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به سه‌رکردایه‌تی ئه‌مریکا به بێ کاریگه‌ر ناو ده‌به‌ن و یه‌ک له سه‌ر چواری ئه‌وان ده‌ڵێن که‌مپینی سه‌ربازی ئه‌مریکا دۆخه‌که‌ی ئاڵۆزتر کردووه.
سه‌باره‌ت به ته‌کتیکه‌کانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش له سه‌دا 60، هێرشه ئاسمانییه‌کان و له سه‌دا 52ی ئه‌وان هێرشی فڕۆکه بێ فڕۆکه‌وانه‌کان له پرۆسه‌ی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش به بێ کاریگه‌ر یان به که‌مترین کاریگه‌ری ناو ده‌به‌ن. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش زۆربه‌ی ئه‌و مامۆستایانه بژارده‌ی ڕه‌وانه کردنی هێزی سه‌ربازی ئه‌مریکایان بۆ شه‌ڕی داعش ڕه‌ت کردووه‌ته‌وه. له سه‌دا 89ی ئه‌وان پچڕاندنی هێڵی دابین کردنی سه‌رچاوه داراییه‌کانی داعشیان به کاریگه‌ر ناو بردووه و زۆربه‌ی ئه‌وان سه‌باره‌ت به ناردنی هێزه‌کانی تایبه‌ت به مه‌شق و ڕاهێنان له لایه‌ن ئه‌مریکاوه گه‌شبینن.
له شکستی داعش تا شه‌ڕی سارد:
له‌م دۆخه‌دا که هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا له ئارادایه، په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریکا زیاتر له ڕابردوو تووشی کێشه و گرفت بووه. له نۆڤمبێری ڕابردوو ناتۆ فڕۆکه‌یه‌کی ڕووسیای له نزیک سنوره‌کانی خۆی کرده ئامانج. ئه‌مریکا و ڕووسیا یه‌کدی به بۆردومان کردنی ناوچه سڤیله‌کان له حه‌له‌ب تۆمه‌تبار ده‌که‌ن. سه‌ره‌ڕای زیاتربوونی ئاڵۆزییه‌کان، ئه‌مریکا فڕۆکه شه‌ڕکه‌ره‌کانی خۆیی ناردووه‌ته سوریا و ڕووسیاش ئه‌م وڵاته‌ی به سیسته‌می موشه‌کی ته‌یار کردووه. به پێی ئه‌وه‌ی که نه داعش و نه گرووپه‌کانی دیکه‌ی دژ به ڕژێمی سوریا، هێزی ئاسمانییان نییه، ڕوونه که ئه‌م چه‌که پێشکه‌وتووانه‌ی واشنتن و مۆسکۆ له سوریا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی یه‌کدییه. یه‌ک له سه‌ر سێی مامۆستایانی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌کانی به‌شداربوو له‌م ڕاپرسییه، بۆچوونیان وایه که سیسته‌مه پێشکه‌وتووه‌کانی موشه‌کی ڕووسیا که له ئێستادا دراوه‌ته حکومه‌تی سوریا، ده‌توانێت ئه‌گه‌ری ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ناتۆ و هێزه‌کانی ڕووسیا زیاتر بکات.
هه‌ر بۆیه جێی سه‌رسوڕمان نییه که به‌شێکی زۆری مامۆستایان چالاکی و ده‌ستێوه‌ردانه‌کانی ڕووسیا به یه‌کێک له سێ ته‌وه‌ری گرنگی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریکا ده‌زانن.
سه‌رچاوه: فۆرن پۆلیسی
وه‌رگێڕان: جام کوردی