جام کوردی:
داعش گرووپێکی تیرۆریستی و ناوێکی ترسێنه‌ره له جیهانی ئیسلام و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست که به تیرۆر، توندووتیژی، ده‌سدرێژی و تۆقاندن ده‌ناسرێت. گرووپێک که له هه‌ر ئامرازێک له پێناو مسۆگه‌ربوونی ئامانجه ناڕه‌وا و نامرۆڤانه‌کانی که‌ڵک وه‌رده‌گرێت.
یه‌کێک له نامرۆڤانه‌ترین و دڕندانه‌ترین ئامرازه‌کانی داعش له پێناو مسۆگه‌ربوونی ئامانجه ناڕه‌واکانی، به‌کارهێنانی منداڵانه. داعش پاش داگیرکردنی هه‌ر ناوچه‌یه‌ک، ژنان وه‌ک کۆیله به‌کار دێنێت، پیاوان به زۆره‌مله ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌کانی شه‌ڕ ده‌کات و مه‌شق و ڕاهێنان به منداڵان ده‌کات که له داهاتوودا وه‌ک که‌سانی تیرۆریست که‌ڵکیان لێ وه‌ربگرێت.
منداڵان و مه‌شق و ڕاهێنانی تیرۆریستی:
ئه‌گه‌رچی زانیاری پێویست سه‌باره‌ت به ژماره‌ی منداڵانی گرووپی تیرۆریستی داعش له به‌ر ده‌ستدا نییه، به‌ڵام چیرۆکی ئاواره‌کان و هه‌ندێک به‌ڵگه‌ی کۆکراوه له لایه‌ن ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، گرووپه‌کانی مافی مرۆڤ و په‌یامنێران، ئاماژه به‌وه ده‌ده‌ن که گرووپی تیرۆریستی داعش منداڵان وه‌ک ئامرازی تیرۆریستی به کار دێنێت. ئه‌ڵبه‌ت بابه‌تی منداڵانی سه‌رباز، دیارده‌یه‌کی نوێ نییه و له شه‌ڕی هۆزه‌کانی ئه‌فریقا، زۆر له‌م منداڵانه که‌ڵک وه‌رگیراوه.
که‌ناڵی سکای نیوز به‌م دواییانه گرته‌یه‌کی ڤیدیۆیی بڵاو کردووه‌ته‌وه که پیشان ده‌دات داعش چۆن له ڕێگای یارییه‌وه، له سێداره‌دان به منداڵه‌کان فێر ده‌کات. له‌م گرته‌یه‌دا منداڵان به ته‌واوی له گه‌ڵ تاوانی کوشتن و له ڕێگای یارییه‌وه ئاشنا ده‌بن. منداڵانی به‌شدار له‌م فێرکارییه‌دا به پۆشینی جل و به‌رگی داعش و به‌کارهێنانی خنجۆک هێرش ده‌که‌نه سه‌ر بوکه‌ڵه‌کان و سه‌ریان ده‌بڕن.
هه‌ر له‌م بواره‌دا، سه‌رمه‌د جه‌یلانی چالاکوانێکی سوریا و ئه‌ندام له گرووپی به‌ناو ” ڕقه له بێده‌نگیدا گیان ده‌دات “، ده‌ڵێت: ئه‌م منداڵانه جیلی له ده‌ستچووی سوریان. ئه‌ندامانی داعش ئه‌م منداڵانه وا لێده‌که‌ن که بیر و هزری تیرۆریستی به سه‌ریاندا زاڵ ده‌بێت و ئه‌وان به‌ره‌و به‌ره‌کانی شه‌ڕ ده‌نێرن و له ته‌قینه‌وه خۆکوژییه‌کاندا وه‌ک ئامرازێک به‌کاریان دێنن.
پێش له‌مه‌ش، ڕۆژنامه‌ی ده‌یلی میل له ڕاپۆرتێکدا له سه‌ر زاری به‌رپرسانی عێراقی، ئاماژه‌ی به 500 منداڵی ڕفێندراو له لایه‌ن داعشه‌وه ده‌دات که ئه‌و گرووپه له ڕێگای سه‌پاندنی ئایدۆلۆژیای خۆیه‌وه ئه‌وان فێری کرده‌وه‌ی تیرۆریستی و به‌کارهێنانیان وه‌ک سه‌ربازێکی به‌ره‌کانی شه‌ڕ ده‌کات. منداڵانێک له ئه‌نبار له ڕۆژئاوای عێراق و دیاله له ڕۆژهه‌ڵاتی ئه‌م وڵاته ڕفێندران و بۆ بنکه فێرکارییه‌کانی سوریا و عێراق نێردراون.
یه‌کێک له به‌رپرسانی عێراق له چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ که‌ناڵی nbc ڕایگه‌یاندبوو که ئه‌وان به بووکه‌ڵه، منداڵان وا ڕاده‌هێنن که چۆن خه‌ڵک له سێداره بده‌ن، پاشان ئه‌و منداڵانه بۆ بینینی له سێداره‌دانی خه‌ڵک ده‌به‌ن و هه‌ندێک کاتیش سه‌ری له سێداره‌دراوه‌کان به‌وان ده‌ده‌ن تا له‌م ڕێگایه‌وه ترس و دڵه‌ڕاوکێی ئه‌وان بڕه‌وێته‌وه.
پسپۆڕێکی بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له وتووێژێک له گه‌ڵ ده‌یلی میل ڕایگه‌یاندووه که به ڕفاندنی ئه‌م منداڵانه و ڕاهێنانیان له ته‌مه‌نی منداڵی و میرمنداڵییه‌وه، داعش ده‌توانێت له‌وان وه‌ک تیرۆریستانی داهاتوو که‌ڵک وه‌ربگرێت.
شه‌ڕه‌نگێزانی گه‌نج ده‌توانن هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کی گه‌وره له داهاتوودا بن، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌وان له ژیانی ئاسایی و قوتابخانه و خوێندن دوور که‌وتوونه‌ته‌وه و له به‌رامبه‌ردا گرووپێک به سه‌ریاندا زاڵ بووه که کوشتن و له‌سێداره‌دانی مرۆڤه‌کان وه‌ک پیرۆزییه‌کانی خۆی پیشان ده‌دات.
بێ گومان داعش به‌ده‌ر له‌م منداڵانه بۆ ئامانجه کورت خایه‌نه‌کان، هه‌وڵ ده‌دات ئه‌وان بۆ داهاتووی خه‌لافه‌ته ناڕه‌واکه‌ی خۆی ئاماده بکات. منداڵانێک که هه‌ر له ئێستاوه مه‌شق و ڕاهێنانی پێویستیان بۆ ده‌کرێت و ده‌توانن ببنه هێزێکی ترسێنه‌ر و ڕاهاتوو سه‌باره‌ت به کرده‌وه تیرۆریستییه‌کان به‌راورد به تیرۆریسته‌کانی ئێستای قاعیده و داعش.
منداڵه ڕفێندراوه‌کان له لایه‌ن داعشه‌وه یان ئه‌و که‌سانه‌ش که خۆبه‌خشانه په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌کانی داعشه‌وه ده‌که‌ن، به پێی ته‌مه‌نیان به‌ره‌و بنکه‌کانی مه‌شق و ڕاهێنان ده‌نێردرێن. له بنه‌ماکانی شه‌رع تا به‌کارهێنانی جۆره‌کانی چه‌ک به‌وان فێر ده‌کرێت.
وێنه و گرته بڵاوکراوه‌کان له لایه‌ن ده‌یلی میله‌وه پیشان ده‌ده‌ن که چۆن ئه‌م منداڵانه ئه‌و ڕاهێنانه فێر ده‌بن که به ته‌نیا له سوپا پێشکه‌وتووه‌کاندا ده‌بینرێت.
شلی وایتمه‌ن کارگێڕی ناوه‌ندی ڕۆمۆئۆ دالیر (چالاک له بواری منداڵانی سه‌رباز) ده‌ڵێت: داعش هه‌ندێک جار منداڵان وه‌ک قه‌ڵغانی مرۆڤی به‌کار دێنێت و ته‌نانه‌ت خوێنی پێویستیش له‌وان دابین ده‌کات.
چه‌ندین شایه‌تحاڵ له شاره‌کانی موسڵ و ته‌لعه‌فه‌ر له عێراق به چاودێرانی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانیان ڕاگه‌یاندووه که سه‌ره‌ڕای ته‌مه‌نی که‌میان، منداڵان جل و به‌رگی تایبه‌ت به داعش له‌به‌ر ده‌که‌ن و له شه‌قامه‌کاندا ده‌سوڕێنه‌وه و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکیش ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌که‌ن. به پێی ئه‌م ڕاپۆرته، له ناوچه‌ی الشرقاط له پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین هه‌ندێک له منداڵان و میرمنداڵانی سه‌رباز ئه‌رکی به‌ڕێوه‌بردنی سهیتهرهکانیان له ئه‌ستۆ گرتووه.
ئیبراهیم ڕه‌قاوی، گه‌نجێکی ته‌مه‌ن 22 ساڵه‌ی ئه‌ندام له گرووپی ” ڕقه له بێده‌نگیدا گیان ده‌دات ” به فۆرن پۆلیسی ڕاگه‌یاندووه که ڕه‌وتی به‌کارهێنانی منداڵانی سه‌رباز له لایه‌ن داعشه‌وه خێراتر بووه.
ناوبراو ده‌ڵێت: هه‌ندێک له‌وان له ڕقه له لایه‌ن داعشه‌وه مه‌شق و ڕاهێنانیان پێ ده‌کرێت و پاشان به‌ره‌و به‌ره‌کانی شه‌ڕ ده‌نێردرێن تا له گه‌ڵ کوردان شه‌ڕ بکه‌ن. به هۆی هه‌ژاری به‌ربڵاوی بنه‌ماڵه‌کان له شاری ڕقه، داعش گوشار ده‌خاته سه‌ریان تا منداڵه‌کانیان له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی بڕێکی که‌می پاره، بکه‌نه ئه‌ندام له‌م گرووپه. هه‌ندێک کاتیش داعش به به‌ڕێوه‌بردنی کۆبوونه‌وه‌ی گشتی له شاره‌که‌دا، ڕاسته‌وخۆ منداڵان ده‌کاته ئه‌ندامی خۆی. به هۆی داخرانی سه‌رجه‌م قوتابخانه‌کان له ڕقه، ئه‌م پرۆسه‌یه به ئاسانی ده‌بێت. هه‌ندێک له که‌مپه‌کانی ڕقه بریتین له که‌مپی زه‌رقاوی، ئۆسامه بن لادن، ئهلشهرکراک، ئهلتهلائیه و ئه‌لشه‌ریعه.
به پێی وته‌کانی ڕه‌قاوی، ته‌نیا له که‌مپی ئه‌لشه‌ریعه 250 تا 300 که‌س هه‌یه که ته‌مه‌نیان له ژێر 16 ساڵدایه. چاودێری مافی مرۆڤ سه‌باره‌ت به‌م مه‌سه‌له‌یه له گه‌ڵ ئێزدییه‌کان چاوپێکه‌وتنی هه‌بووه، ئه‌وان له ژێر ده‌ستی داعشییه‌کان هه‌ڵاتوون. یه‌کێک له‌وان به ئابراهامزی ڕاگه‌یاندووه که داعش 14 کوڕی ته‌مه‌ن 8 تا 12 ساڵی له شه‌نگال هه‌ڵبژارد و پاشان به‌ره‌و که‌مپه‌کانی ڕاهێنانی گواستوونه‌ته‌وه.
سه‌ربازانی منداڵی ئێستا و بکوژه‌کانی داهاتوو:
که‌ناڵی وایس، هاوینی ڕابردوو سه‌باره‌ت به ژیان له سێبه‌ری خه‌لافه‌ته‌که‌ی داعش، ڕاپۆرتێکی بڵاو کرده‌وه. به‌شی دووه‌می ئه‌و ڕاپۆرته تایبه‌ته به به‌کارهێنانی منداڵان له لایه‌ن داعشه‌وه بۆ ئامانجه‌کانی داهاتووی خۆی.
له‌م ڕاپۆرته‌دا پیاوێکی به‌لژیکی پیشان ده‌درێت که له گه‌ڵ منداڵه ته‌مه‌ن 6 ساڵه‌که‌ی چووه‌ته شاری ڕقه. کاتێک که په‌یامنێره‌که‌ی وایس له‌و منداڵه ده‌پرسێت که به‌نیازی له داهاتوودا ببینته که‌سێکی جیهادی یان خۆکوژ، منداڵه‌که خاڵی دووه‌م هه‌ڵده‌بژێرێت. ئه‌م منداڵانه به‌ده‌ر له‌وه‌ی که له ڕێگای توندووتیژیدا هه‌نگاو ده‌نێن، ڕۆژانه دیمه‌نی ئه‌و توندووتیژییانه به چاو ده‌بینن.
ڕه‌قاوی چه‌ندین وێنه ده‌خاته ڕوو که تێیدا ژماره‌یه‌کی زۆر له منداڵان سه‌رقاڵی بینینی له سێداره‌دانی چه‌ند گه‌نجی مه‌سیحین له شاری ڕقه. به ڕای ناوبراو، ئه‌م منداڵانه ئه‌وه‌نده دیمه‌نی ڕاسته‌وخۆی وه‌هایان بینیوه که چیدی ترس و دڵه‌ڕاوکێیان نییه. ده‌ره‌نجامی ئه‌م کرده‌وانه له ته‌نیا دێڕێکی ڕهقاویدا هاتووه: داعش به‌م کرده‌وانه، منداڵبوون، دڵ و ڕۆحی خاوێنی ئه‌م منداڵانه له ناو ده‌بات.
منداڵانی ئه‌مڕۆی سوریا، عێراق، ئه‌فغانستان و ناوچه‌کانی دیکه‌ی ژێر کۆنتڕۆڵی داعش ڕووبه‌ڕووی له‌ناوچوونی جیهانی منداڵێتی خۆیان بوونه‌ته‌وه. منداڵانی ئه‌مڕۆ و بکوژان و خوێنڕێژانی داهاتووی داعش ده‌توانن ببنه به‌غدادییه‌کان، هیتله‌ره‌کان و سه‌دامه‌کانی نوێ و ته‌نانه‌ت مه‌ترسیدارتریش که شه‌ڕ، تاوان، توندووتیژی و بێ ڕۆحمییان هه‌ر له ته‌مه‌نی منداڵییه‌وه وه‌رگرتووه.
ئیدریس سلێمانی