كۆكە و هەڵامەت لە نەخۆشییە زۆر باوەكانی وەرزی پایز و زستانن، تووشبوون بەم نەخۆشیانەش لە سۆنگەی چەندین جۆری ڤایرۆسەوە دەبن، گواستنەوەی ئەو ڤایرۆسەش بۆ كەسێكی ساغ لەڕێی هەڵمژینی ئەو دڵۆپە هەوایانەوە دەبێت كە پیس بوون بە ڤایرۆسەكە بەهۆی پژمین یان كۆكینی كەسێكی توشبووەوە، وە یان لە ڕێگەی دەست لیدانی شوێنیكی پیسبوو بە ڤایرۆسەكە.
نیشانەكانی سەرما و هەڵامەت:
نیشانە باوەكانی ئەم نەخۆشیانە، گیرانی لووت، قوڕگ¬ئێشە، پژمین و كۆكین، هەروەها سەر ئێشەو بوونی تایەكی مامناوەندە، بەڵام لەباری گرانبوونی نەخۆشییەكەدا بەگشتی تاكە زیاد دەبێت، هەروەها هەستكردن بە سەرمایەكی زۆر و بە دوایدا ئارەقكردنەوە، هەروەها بوونی ئازار و هەستكردن بە ماندوویەتی.
بۆچی توشی سەرما و هەڵامەت دەبین؟
سەرماو هەڵامەت كاریگەری چەندین جۆری ڤایرۆسن لەسەر لەشمان، كە بە شێوەیەكی ئاسایی لەناو هەوادا بڵاون و كاتێك لەشمان دەبێتە ژینگەیەكی لەبار بۆیان، چالاك دەبن، وەیان كاتێك كەسێكی توشبوو بە ڤایرۆسەكە لەڕیگەی پژمین یان كۆكینەوە ڤایرۆسەكە دەكاتە هەواوە و ئێمەش لە ڕێی هەناسەدان یان دەسلێدانی شوێنێكەوە كە ڤارۆسەكەی پێوەیە دەبینە هەڵگری نەخۆشییەكە.
زۆرترین كاریگەری تووشبوون بە نەخۆشیەكەش لە كاتێكدایە كە كۆئەندامی بەرگری لەشمان لاواز دەبێت بەهۆی ماندووی، بوونی پەستان،كەمیی خۆراك و ناچالاكیی هەرسكردن و وەرزشنەكردن و جگەرەخواردن.
بەپێێ لێكۆڵینەوەی یەكێك لە زانكۆكانی وڵاتی چین، كاریگەری توشبوون بە نەخۆشییەكە زیاد دەكات لە باری قەبزبوون و باش كارنەكردنی كۆئەندامی هەرس.
ئەگەر توشبوویت چۆن چارەسەری دەكەیت
ساڵانە بە بیلیۆنەها دۆلار سەرف دەكرێت لە پێناو ڕێگرتن لە توشبوون بە نەخۆشیی سەرما و هەڵامەت.
گەر تۆ دەتەوێ ئەزموونی شتێكی جیاواز بكەیت، ئەمانەی خوارەوە چەن چارەسەرێكی ئاسایین، تاقیان بەكەرەوە، ئەنجامەكەی دەبینیت.
١- بڕێكی باش لە تەڕەپیاز یان سیر: ئەم ڕوەكانە تایبەت مەندێتیەكی بەهێزی شەڕكردنیان دژی نەخۆشیی سەرما هەیە، دەتوانی ئەو شۆربا ڕووەكییە نوێیانە بخۆیت كە تەڕەپیاز یان سیریان تێدایە، ڕەنگە وات لێبكات ئارەقە بكەیتەوە، بەڵام یەكسەر خۆت مەشۆ، بەڵكو لەم بارەدا لەشت بە خاولییەكی تەڕ پاك بكەرەوە و جلەكانت بگۆڕە و خەوێكی باش بكە، دەبێت كاریگەری نەخۆشییەكە لە ماوە ٢٤ یان ٤٨ كاتژمێردا نەمێنێت.
٢- لووتت بێزاری كردووی؟ هەوڵ بدە شۆربای گەرم و توون بخۆیت، تاوەكو لووتت بكاتەوە و لە بێزاری ڕزگارت ببێ.
٣- برسیت نییە؟ هەوڵ بدە بۆ ماوەیەكی كەم چەند وەرزشێكی باش بكەی، بەرزبوونەوەی داواكاری لەش بۆ ئۆكسجین بە دڵنیایەوە یارمەتیت دەدات قوڵتر هەناسە بدەیت و بەمەش لوتت دەكرێنەوە.
٤- كۆكە و قوڕگ ئێشە لەماڵەوە چارەسەر بكە: لیمۆیەكی گەوەر بێنە و پاش كۆكردنەوەی ئاوەكەی لەگەڵ كەوچكێك هەنگوینی تێكەڵ بكە و بیخۆ، چەند جارێك دووبارەی بكەرەوە تا بەتەواوی قورگ ئێشەكەت نامێنێ.
٥- ڕێژەیەكی زۆر لە ئاو بخۆرەوە: ڕاگرتنی ڕێژەی ئاو لە لەشدا زۆر گرنگە، هەروەها خواردنی ئەو میوانەی كە ڤیتامن C یان تێدایە، خواردنی چای گەرم لەگەڵ زەنجەفیل، ڕێگایەكی باشە بۆ چالاك0كردنی سوڕی خوێن و پاكردنی لووت و بۆریی هەناسە.
-٦ لە كاتی چونت بۆ كار یان قوتابخانە، لای خۆتەوە هەوڵ بدە ڕێگربیت لە وەی هاوكارەكانت توش نەكەیت، لە كاتی پژمین و كۆكیندا دەستت بە ڕێژەیەكی زۆر لە ئاو بشۆ و ڕێگری بكە لە نزیك كەوتنەوەی زیاد لە پێویست و تەوقەكردن و ماچكردنی هاوڕیكانت.
٧- نەخۆشی سەرما و هەڵامەت بەهۆی ڤایرۆسەوەن، بۆیە بەكارهێنانی دەرمانی دژە هەوكردن سوودیكی وای نابێت، لەكاتی بەكار هێنانی دەرمانیشدا دەبێت بەپێی ڕینماییەكانی پزیشك و بە بێ دابڕان دەرمانكە بەكار بهێنرێت تاكاتی چاكبوونەوەی یەكجاری و نەمانی نیشانەكانی نەخۆشیەكە.