جام کوردی:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایگه‌یاند که زانیاری وای له به‌رده‌ستدایه که پیشان ده‌دات په‌یوه‌ندی نهێنی نێوان تورکیا و سه‌رکردایه‌تی تیرۆریسته‌کانی داعش له ئارادایه. لاوڕۆڤ هه‌روه‌ها جه‌ختی کرده‌وه که ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ ئه‌مریکا به هۆی قه‌یرانه‌کانی سوریا و ئۆکرانیا نییه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سرگێی لاوڕۆڤ له چاوپێکه‌وتنی له گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی ” مۆسکۆ فسکی کۆمسۆلمۆلتس ” جه‌ختی کرده‌وه: زانیاری وا هه‌یه سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که سه‌رکرده‌کانی داعش درێژه به په‌یوه‌ندی نهێنی له گه‌ڵ تورکیا ده‌ده‌ن. ئه‌م چه‌شنه له په‌یوه‌ندییه‌کان له هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک ڕووسیا و ئه‌مریکا قه‌ده‌غه‌یه. ناوبراو ڕایگه‌یاند: هێرشه‌کانی ڕووسیا له سوریا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ڕێگا هه‌میشه‌ییه‌کانی قاچاخی داعش ببڕێت. ڕێبه‌ری تورکیا سه‌باره‌ت به بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاستییه‌کان تووشی شڵه‌ژاوی بووه. له لایه‌کی دیکه‌وه مۆسکۆ چاوه‌ڕوان ده‌کات که ئه‌مریکا و ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی دژ به داعش ڕێگری له هێرشی تورکیا بۆ سه‌ر سوریا بکه‌ن. لاوڕۆڤ جه‌ختی کرده‌وه: پێم وا نییه که ئه‌مریکا و ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رفه‌تی وه‌ها بده‌ن که گه‌ڵاڵه‌ی هێرشێکی وه‌ها جێبه‌جێ بکرێت.
سه‌رۆکی ده‌زگای دیپلۆماسیه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له به‌شێکی دیکه‌ی لێدوانه‌کانیدا وتی که ڕه‌نگه گه‌مارۆکانی ڕۆژئاوا دژ به ڕووسیا ده‌یان ساڵ درێژه‌ی هه‌بێت. ناوبراو جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که شه‌ڕی گه‌مارۆکانی نێوان ڕووسیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌یان ساڵ ده‌بات. ئاڵۆزبوونی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ڕووسیا و ئه‌مریکا به هۆی قه‌یرانه‌کانی سوریا و ئۆکرانیا نییه. بابه‌ته‌که ئه‌وه‌یه که واشنتن چاوی به ڕووی به‌هێزبوونی ڕووسیا هه‌ڵنایه‌ت، وڵاتی ئێمه تێڕوانین و خوێنده‌وه‌ی تایبه‌تی خۆی هه‌یه له سه‌رجه‌م کێشه و قه‌یرانه‌کاندا.
لاوڕۆڤ هه‌روه‌ها سه‌باره‌ت به کۆریای باشور، وتی: گه‌ڵاڵه‌ی ئه‌مریکا بۆ جێگیرکردنی سیسته‌می به‌رگری موشه‌کی له کۆریای باشور ده‌توانێت کێبه‌ڕکێی چه‌کداری له ناوچه‌که‌دا به‌هێزتر بکات. وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه که دانوستانی فه‌رمی له گه‌ڵ سیئۆل سه‌باره‌ت به جێگیربوونی سیسته‌می موشه‌کی له گه‌ڵ ئه‌م وڵاته ده‌ست پێ ده‌کات و ئامانجه‌که‌شی بۆ هه‌ڕه‌شه به‌رده‌وامه‌کانی کۆریای باکور گه‌ڕاندووه‌ته‌وه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا سه‌باره‌ت به قه‌یرانی ئۆکرانیا ڕایگه‌یاند: کی یف ناتوانێت سه‌باره‌ت به به‌ڵێنه‌کانی ڕێکه‌وتنی مینسک خۆی به لاڕێدا ببات. ئۆکرانیا له ئێستادا له ئاڵۆزی ته‌واودایه و ڕێبه‌رانی باڵای ئه‌ورووپاش دان به‌مه‌دا ده‌نێن. ئه‌ڵمانیا و فه‌رانسه ده‌زانن که ئۆکرانیا ناتوانێت بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر درێژه به‌م دۆخه بدات. هه‌ل و مه‌رجی ئێستای ئۆکرانیا له بواری سیاسی و ئابوری له بشێوه‌یه‌کی ته‌واودایه. هه‌رچه‌نده ئه‌وان بۆ جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتنی مینسک که‌مته‌رخه‌می بنوێنن، ماوه‌یه‌کی زۆر گه‌مارۆکانی دژ به ڕووسیا به‌رده‌وام ده‌بن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له کۆتاییدا باسی ئه‌ندامبوونی مونتهنگرۆی له ڕێکخراوی ناتۆ کرد و وتی: ئه‌ندامبوونی ئه‌م وڵاته له ناتۆ سه‌قامگیری زیاتر بۆ ئیئتلاف مسۆگه‌ر ناکات و بڕیارێکی هه‌ڵه‌یه. ده‌ڵێن که ئه‌مه له سه‌ر داواکاری خه‌ڵكی مونتهنگرۆیه، ئه‌گه‌ر وایه بۆچی له ڕێگای ڕیفراندۆمه‌وه نه‌بێت؟ لاوڕۆڤ هۆشداری ئه‌وه‌ی دا که ئه‌م بڕیاره به ناوچه‌ی ئووراسیا و سیسته‌مه ئه‌منییه‌کانی ئه‌تلانتیک و هه‌روه‌ها به په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕووسیا له گه‌ڵ ناتۆ زیان ده‌گه‌ێنێت.