جام کوردی:
جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ و سزا نادادپه‌روه‌رانه‌کانی دژ به ئێران، به‌ده‌ر له کرانه‌وه‌ی بواره‌کانی ئابوری، کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ده‌توانێت ببێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه فه‌رهه‌نگییه‌کان له گه‌ڵ جیهان و یارمه‌تیده‌ری گه‌شه‌سه‌ندنی بواری هونه‌ری و به‌شی ئابوری فه‌رهه‌نگ و نوێبوونه‌وه‌ی بێت.
زمانی فه‌رهه‌نگ یه‌کێک له پاراوترین زمانه‌کانه و له‌م ڕووه‌وه به‌رده‌وام ده‌توانێت پردی په‌یوه‌ندی نێوان به‌شه جیاجیاکانی ژیانی مرۆڤه‌کان بێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش کاتێک که به‌ستێنی پێویست بۆ گه‌شه‌ی فه‌رهه‌نگی کۆمه‌ڵگا دابین نه‌کرێت و فه‌رهه‌نگ له ڕێگای گه‌شه‌سه‌ندنی ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌سته دارایی، سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان ببێته‌وه، زمانی ئه‌م بواره‌ش بێ کاریگه‌ر ده‌بێت. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا چیدی ناتوانین چاوه‌ڕوانی کاریگه‌ربوونی فه‌رهه‌نگمان له سه‌ر بواره‌کانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵگا هه‌بێت. ئێران وه‌ک وڵاتێکی مێژوویی و ده‌فرایه‌تییه باڵاکانی فه‌رهه‌نگی، له 10 ساڵی ڕابردوو له ژێر گوشاری به‌رده‌وامی گه‌مارۆکان و به هۆی نه‌بوونی سیاسه‌تێکی به‌هێز، وه‌ک پێویست کاریگه‌ری فه‌رهه‌نگیی له ئاستی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تیدا نه‌بووه. به هۆی ئه‌وه‌ی که له جیهانی ئه‌مڕۆدا گه‌شه و بوژانه‌وه‌ی فه‌رهه‌نگ، په‌یوه‌ندی و ئاڵ و گۆڕی نێوان فه‌رهه‌نگه جیاوازه‌کانی پێویسته، سنورداربوونی چالاکییه فه‌رهه‌نگییه‌کان و نه‌بوونی هاوکاری فه‌رهه‌نگی ده‌توانێت کۆمه‌ڵگایه‌ک دووره‌په‌رێز بخات. له ئێستادا به‌ڵام هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان و چاکسازی ستراتیژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌توانێت کلتور و فه‌رهه‌نگی ده‌وڵه‌مه‌ند و ڕاکێشه‌ری ئێرانی ئیسلامی له زیان و خه‌ساره‌کان بپارێزێت و ده‌رفه‌تی ئه‌وه به فه‌رهه‌نگی ئێرانی بدات که له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا کاریگه‌ری زیاتری خۆی پیشان بدات. له ده‌سپێکی کابینه‌ی یانزه‌یه‌م له بواره جیاجیاکانی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری و فه‌رهه‌نگی، هیوایه‌ک بۆ چاکسازی و پێشکه‌وتن له کۆمه‌ڵگای ئێرانی زیندوو بووه‌ته‌وه، ئه‌و هیوایه‌ی که به چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی چه‌ندین ساڵه‌ی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا سه‌باره‌ت به دۆسیه‌ی ناوه‌کی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ نادادپه‌روه‌رانه‌کان سه‌ر له نوێ به‌دی ده‌کرێت. ئه‌م به‌ربه‌ستانه‌ش کاریگه‌رییان له سه‌ر بواری فه‌رهه‌نگی هه‌بووه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که پێشکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندنی بواری فه‌رهه‌نگ وه‌ک بواره‌کانی دیکه پێویستی به که‌شێکی ئارام له ناوخۆی وڵات هه‌یه. هه‌ر بۆیه هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان و جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی و دابین کردنی که‌ش و هه‌وایه‌کی گونجاو، ده‌توانێت بوژانه‌وه و گه‌شه‌پێدانی بواری فه‌رهه‌نگی به دواوه بێت.
بێ گومان جێگیربوونی ئارامی و سه‌قامگیری له وڵات نه‌ک ته‌نیا یارمه‌تیده‌ری وه‌گه‌ڕخستنی ده‌فرایه‌تی و لێهاتووییه‌کانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری ده‌بێت، به‌ڵکوو بۆ ئه‌و سهرمایهگوزارانهش که نیگه‌رانی فه‌رهه‌نگییان هه‌یه و خوازیاری پێشکه‌وتنی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ری کۆمه‌ڵگاکه‌ی خۆیانن، ده‌رفه‌ت و دڵنیایی سه‌رمایه‌گوزاری له بواره‌کانی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر دابین ده‌کات. دابین کردنی ئه‌م دۆخه‌ش ده‌توانێت ببێته گه‌شه‌ی چالاکییه فه‌رهه‌نگییه‌کان و له‌م ڕێگاشه‌وه، زه‌وی تینووی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر بگاته ئاوه‌دانی زیاتر.
که‌شی هێمن و دوور له ئاڵۆزی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان هه‌روه‌ها ده‌توانێت توانای هونه‌رمه‌ندان بۆ نواندن و فرۆشتنی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌کانی خۆیان له ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌کان و به‌شدارییان له کێبه‌ڕکێ فه‌رهه‌نگی و هونه‌رییه‌کانی نێوده‌وڵه‌تی به‌هێزتر بکات. له ساڵانی ڕابردوو هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی بۆ چالاکییه هونه‌رییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌رده‌وام ڕووبه‌ڕووی کێشه و گرفت ده‌بوونه‌وه. بۆ نموونه به هۆی گه‌مارۆ بانکییه‌کان، له چه‌ندین کێبه‌ڕکێی وه‌ک کریستیز، بۆنامز و ساتبیز، هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی و کڕیارانی بیانی کێشه‌ی زۆریان ده‌بوو، له به‌ر ئه‌وه‌ی که کڕیاران بۆ پێدانی پاره‌ی پێویست ڕێگایه‌کی ئه‌سته‌م و دیکه‌یان تاقیده‌کرده‌وه. هه‌روه‌ها، نابێت ئه‌م خاڵه‌ش له به‌رچاو نه‌گرین که له ئاکامی قه‌یرانی دارایی و کێشه و گرفتی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵک، بێ گومان بواره کاریگه‌ره‌کانی دیکه‌ی وه‌ک فه‌رهه‌نگ ده‌که‌ونه په‌راوێزه‌وه. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا چالاکییه فه‌رهه‌نگییه‌کان به هۆی نه‌بوونی به‌ستێنی پێویست بۆ گه‌شه‌سه‌ندن، به ئارامی پاشه‌کشه ده‌کات و گۆڕه‌پانه‌که له که‌سایه‌تی و چالاکوانانی فه‌رهه‌نگی چۆڵ ده‌بێت، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ژماره‌یه‌کی زۆر له‌وان له ڕێگای هونه‌ره‌وه بژێوی ژیانیان دابین ده‌که‌ن.
هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان له ژێر سێبه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌هێز و پشت ئه‌ستوور به نه‌هێشتنی ئاڵۆزییه‌کان ده‌توانێت بۆ لایه‌نگران و چالاکوانانی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر هه‌واڵێکی دڵخۆشکه‌ره‌وه بێت. هه‌روه‌ها ده‌ستی حکومه‌ت بۆ زیاتربوونی بودجه‌ی فه‌رهه‌نگی ئاوه‌ڵاتر ده‌بێت. له ئێستادا و پاش جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی و هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆ ئابورییه‌کان، چاوه‌ڕوان ده‌کرێت که به هاوکاری حکومه‌ت، ژێرخانه‌کانی پێویست له بواری فه‌رهه‌نگی دابین بکرێت و ئه‌م بواره که له ژێر کاریگه‌ری ئابوری له هه‌شت ساڵی ڕابردوو لاواز بووه، گیانێکی دیکه وه‌ربگرێت.
ئیدریس سلێمانی