جام کوردی:
ئێران له هه‌ل و مه‌رجێکدا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌نجومه‌نی شاره‌زایانی ڕێبه‌ری و ئه‌نجومه‌نی شۆرای ئیسلامی ده‌ڕوات که ناوچه‌که به قۆناغێکی هه‌ستیاردا تێپه‌ڕ ده‌بێت. شه‌ڕ و ئاڵۆزی و قه‌یرانه جۆربه‌جۆره‌کان گه‌یشتووه‌ته لوتکه و دیمه‌نی کوژران، برینداربوون و ئاواره‌یی، ڕۆژانه له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه له ڕێگای که‌ناڵه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان و تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان بڵاو ده‌کرێنه‌وه که کۆی گشتی ئه‌م کێشه و گرفتانه‌ی ناوچه‌که بۆ سیاسه‌تی وڵاتانێکی وه‌ک عه‌ره‌بستان و تورکیا ده‌گه‌ڕێته‌وه که شه‌ڕی تائیفی و مه‌زهه‌بییان له‌م ناوچه‌یه‌دا په‌ره پێداوه و به لایانه‌وه گرنگ نییه که مرۆڤه‌کان به‌م ساکارییه ده‌بنه قوربانی و ئه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی که جێی سه‌رسوڕمانه ئه‌وه‌یه که سه‌رکرده‌کانی عه‌ره‌بستان و ته‌نانه‌ت ئه‌ردۆغانیش خۆیان به ئیسلامی ڕاسته‌قینه ده‌زانن و واده‌ڵێن که خۆیان ڕه‌وا و لایه‌نه‌کانی دیکه ناڕه‌وان و پێویسته هه‌رچی ئه‌وان دیاری ده‌که‌ن له ناوچه‌که په‌یره‌و بکرێت. به‌ده‌ر له دۆخی گشتی ناوچه‌که، پێویسته ئاوڕێکی کورت له دۆخی ناوخۆیی عه‌ره‌بستان و تورکیا وه‌ک دوو وڵاتی ڕکابه‌ری ئێران له‌م ناوچه‌یه‌دا بده‌ینه‌وه. له عه‌ره‌بستان هێشتا مافی ژنان له پله سه‌ره‌تاییه‌کاندایه، ئه‌وان به ته‌نیا له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ڕابردووی ئه‌نجومه‌نه خۆجێییه‌کان مافی به‌شداری و ده‌نگدانیان هه‌بووه، سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته له لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی قۆرخ کراوه و له پێناو په‌ره‌پێدانی تیرۆر و توندووتیژی له ناوچه‌که و جیهان به کار دێت، خه‌ڵکی ئاسایی ناتوانن به ئاسانی ده‌ستیان به پله و پۆسته باڵاکان بگات، پیلانداڕێژی دژ به موسڵمانان به‌شێکی دیکه‌ی کارنامه‌ی ڕه‌شی سیاسه‌توانانی ئه‌م وڵاته‌یه که نموونه‌که‌ی له ئاستی ناوخۆیی بۆ سه‌رکووت کردنی شێعه‌کان و له سێداره‌دانی که‌سایه‌تییه‌کانی وه‌ک شێخ نه‌مر ده‌گه‌ڕێته‌وه.
له وڵاتی تورکیاش دۆخی ژیان و گوزه‌رانی کوردان باشترین به‌ڵگه‌یه بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئه‌دای حکومه‌تی ئاکه‌په و له ده‌ره‌نجامی ئه‌مه‌ش به‌و ڕاستییه ده‌گه‌ین که ئیسلامی ئه‌ردۆغانی به ته‌نیا بۆ مسۆگه‌ربوونی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانه‌وه و درووشمێکه که له‌م ڕۆژانه‌دا و به تایبه‌ت له دۆسیه‌ی سوریا بۆ هه‌مووان ڕوون بووه‌ته‌وه که سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ئه‌نکه‌ره چی له ناوچه‌که کردووه. ده‌یان منداڵ و ژنی کورد له لایه‌ن هێزه‌کانی سوپاوه کوژراون و بانگه‌شه‌ی دیمۆکراسی به ته‌نیا بۆ ڕاگه‌یاندنه‌کانه و ئه‌وه‌ی که پێچه‌وانه‌ی بیر و هزری ئه‌ردۆغانیزم بێت کونجی به‌ندیخانه‌یه جێی و ده‌ستبه‌سه‌ربوونی ڕۆژنامه‌نووسه به‌ناوبانگه‌کانی تورکیا شایه‌تحاڵی ئه‌مه‌یه که سوڵتان چی به سه‌ر گه‌له‌که‌ی و دانیشتووانی ناوچه‌که‌شدا دێنێت.
له به‌رامبه‌ردا و له ئێرانی ئیسلامی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که ڕێز له که‌سایه‌تی و که‌رامه‌تی مرۆڤه‌کان ده‌گیرێت، که‌شێکی شیاو بۆ ژیانی خه‌ڵک ڕه‌خساوه. له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌ی ناوچه‌که‌دا، دۆست و دوژمن خۆزگه بۆ ئاسایش و سه‌قامگیری ناوخۆیی ئێران ده‌خوازێت. خزمه‌تگوزارییه‌کان ته‌نانه‌ت له بچووکترین گونده‌کانیش وه‌ک شاره‌کان به بێ جیاوازی پێشکه‌ش به خه‌ڵک ده‌کرێن. ئاو، کاره‌با، سووته‌مه‌نی، خزمه‌تگوزاری ته‌ندرووستی و …. وه‌ک ئه‌رکێکی سه‌ر شانی حکومه‌ت بۆ دانیشتووانه‌که‌ی ئێران دابین ده‌کرێت، به بێ هیچ کێشه و گرفتێک دانیشتووانی شار و گونده‌کان ده‌ستیان به‌م خزمه‌تانه ده‌گات و ده‌توانین بڵێین که که‌متر وڵاتێکی ناوچه‌که هه‌یه که له‌م ئاسته‌دا و به‌م ئاسانییه، پێداویستییه‌کان بۆ خه‌ڵک دابین بکرێت. ئازادی خۆپاڵاوتن و ده‌نگدان بۆ ژنان و پیاوان به بێ جیاوازی، له تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ئه‌م وڵاته ئیسلامییه هه‌ژمار ده‌کرێت، خه‌ڵک به ئازادانه خۆیان کاندید ده‌که‌ن، بانگه‌شه ده‌که‌ن، پلان و به‌رنامه‌کانی خۆیان ده‌خه‌نه‌ڕوو، (ئه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ر له‌و که‌سانه‌ی که له ڕاستیدا بوونیان زیان به ئاسایشی نیشتمانی ده‌گه‌ێنێت و ئاساییه که داواکاری خۆپاڵاوتنیان ڕه‌ت بکرێته‌وه و ئه‌مه‌ش له وڵاتانی دیکه‌ش به شێوازی جۆربه‌جۆر ده‌بینرێت). یه‌کگرتوویی نیشتمانی گه‌لی ئێران و نزیکبوونیان له حکومه‌ت له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که نموونه‌یه‌کی ده‌گمه‌نه. له‌مساڵ که له لایه‌ن ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانه‌وه به ساڵی یه‌کدڵی و یه‌ک گووتاری گه‌ل و حکومه‌ت ناو نراوه، سه‌رکه‌وتنی حکومه‌ت له واژۆکردنی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی و پاشان جێبه‌جێ کردنی، ئه‌م نزیکبوونه‌وه‌ی به‌هێزتر کردووه و به ڕێنمایی ڕێبه‌ری مه‌زن و له که‌شی ئارام و سه‌قامگیری وڵات، هه‌ڵبژاردنه‌کانی 7ی ڕه‌شه‌مه تابلۆیه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی یه‌کدڵی و یه‌ک گووتاری گه‌ل و حکومه‌ت جارێکی دیکه بۆ جیهانیان نمایش ده‌کرێت که دانیشتووانی ئێران گرنگی به پاشه‌ڕۆژی وڵاته‌که‌یان ده‌ده‌ن و ده‌رفه‌تی ئه‌وه به دوژمنان ناده‌ن پیلانی ڕه‌شیان دژ به‌م خاک و ئاوه بگاته ده‌ره‌نجام. بانگه‌شه‌ی نه‌رێنی و ڕاگه‌یاندنی بایکۆتی گرووپه سیاسییه بێ جه‌ماوه‌ره‌کان ناتوانێت کاریگه‌ری له سه‌ر ئیراده‌ی گه‌ل به تایبه‌ت له ناوچه کوردنشینه‌کان دابنێت. جارێکی دیکه ئه‌وه ده‌سلمێت که ئارامی و سه‌قامگیری له ئێرانی ئیسلامی لای دانیشتووانه‌که‌ی به هه‌ر ڕه‌گه‌ز و له هه‌ر پێکهاته‌یه‌که‌وه، پارێزراو ده‌بێت. به دڵنیاییه‌وه به‌شداری زۆرینه‌ی خه‌ڵک له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ڕه‌شه‌ممه گورزێکی کوشنده له سه‌ر په‌یکه‌ری ئه‌و دوژمنانه ده‌بێت که خه‌ون به ئاڵۆزی و ناسه‌قامگیری ئێرانه‌وه ده‌بینن.