جام کوردی:
سه‌رۆک کۆماری ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا ڕۆژی چوارشه‌ممه، موسڵمانانی وڵاته‌که‌یی به به‌شێک له بنه‌ماڵه‌ی ئه‌مریکا ناو برد و ناڕاسته‌وخۆ ڕه‌خنه‌ی له کاندیده کۆماریخوازه‌کان گرت.
باراک ئۆباما له میانه‌ی به‌سه‌رکردنه‌وه‌ی ناوه‌ندی ئیسلامی بالتیمور که به یه‌که‌م سه‌ردانی بۆ مزگه‌وتێکی ئه‌مریکا له دوو خولی سه‌رۆکایه‌تی هه‌ژمار ده‌کرێت، چه‌ند ئایه‌تێکی قورئانی خوێنده‌وه و ستایشی موسڵمانانی ئه‌مریکای کرد وه‌ک به‌شێکی کاریگه‌ر و گرنگ بۆ داهاتووی وڵات. ئۆباما له وتاره‌که‌یدا ڕایگه‌یاند: ” ئه‌گه‌ر ئێمه به جیدی باس له ئازادی ئایینه‌کان ده‌که‌ین – و من له ئێستادا ڕووی قسه‌کانم ده‌که‌مه مه‌سیحییه‌کان که زۆرینه‌ی وڵات پێک دێنن – پێویسته هه‌ست به‌وه بکه‌ین که هێرش کردنه سه‌ر ئایینێک به مانای هێرشه بۆ سه‌ر ته‌واوی ئایینه‌کان “.
ئه‌گه‌رچی ئۆباما ئاماژه‌ی به ناوی کاندیده کۆماریخوازه‌کانی وه‌ک دوناڵد ترامپ نه‌کرد که باسیان له قه‌ده‌غه‌بوونی هاتنی موسڵمانان بۆ ئه‌مریکا کردووه، به‌ڵام ئامانجی وته‌کانی ڕوون و ئاشکرا بوو: ” ئێمه ئه‌و سیاسه‌تانه ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه که به هۆی ئایینه‌کانیانه‌وه خه‌ڵک ده‌که‌نه ئامانج “.
ئه‌گه‌رچی جۆرج بۆش شه‌ش ڕۆژ پاش هێرشه تیرۆریستییه‌که‌ی 11ی سپتمبێری 2001 سه‌دانی مزگه‌وتێکی له واشنتن کردبوو، به‌ڵام ئۆباما له‌م ساڵانه‌دا به چه‌ندین هۆکار سه‌ردانی مزگه‌وته‌کانی ئه‌مریکای نه‌کردبوو. به پێی ڕاپرسییه‌کانی مانگی سپتمبێری که‌ناڵی cnn، له سه‌دا 43ی کۆماریخوازه‌کان و 29ی ئه‌مریکییه‌کان وا بیر ده‌که‌نه‌وه که ناوبراو موسڵمانه. ڕاوێژکارانی سه‌رۆک کۆمار مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه که سه‌ردانه‌که‌ی بۆ ناوه‌ندی ئیسلامی له بالتیمور په‌ره به‌م ده‌نگۆیانه بدات.
ئۆباما به ئاماده‌بووانی مزگه‌وته‌که‌ی ڕاگه‌یاند که ئاڵۆزی و ناکۆکی سه‌باره‌ت به ئایین، بابه‌تێکی نوێ نییه. ئاماده‌بووان پێشوازییان له وته‌کانی سه‌رۆک کۆمار کرد. ئانده‌ره کارسۆن که نوێنه‌ری ویلایه‌تی ئیندیانایه له لیستی دیمۆکراته‌کان و موسڵمانیشه، ده‌ڵێت: ” من له‌و بڕوایه‌دام که سه‌رۆک کۆمار یه‌ک له باشترین وتاره‌کانی خۆیی پێشکه‌ش کردووه “. که‌یس ئلیسۆن نوێنه‌رێکی دیکه‌ی موسڵمان له ویلایه‌تی مینه سووتا وتی: ” وته‌کانی کاریگه‌ری له سه‌ر دڵی من دانا و تیمارێکی گه‌وره بۆ زامی نادادپه‌روه‌رییه‌کان بوو “.
به‌ڵام مورتوون کڵاین، سه‌رۆکی ڕێکخراوی زایۆنیسته‌کانی ئه‌مریکا ڕه‌خنه له سه‌ردانه‌که‌ی باراک ئۆباما ده‌گرێت و وتی: ” سه‌ردانی وه‌ها بۆ مزگه‌وتێک ده‌بێته هۆی هاندانی موسڵمانانی توندڕۆ که زیان به ئه‌مریکییه‌کان بگه‌ێنن “. کۆشکی سپی و موسڵمانان هیچ کاردانه‌وه‌یه‌کیان له به‌رامبه‌ر وته‌کانی کڵاین نه‌بووه. ئیبراهیم هوپر، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کانی ئه‌مریکا و ئیسلام ده‌ڵێت: ” سه‌رجه‌م مزگه‌وته‌کان هێرشی هاوشێوه‌یان کراوه‌ته سه‌ر “.
نیگه‌رانییه‌کان له ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا سه‌باره‌ت به موسڵمانان و ئاواره‌کانی سوریا پاش هێرشه تیرۆریستییه‌کانی پاریس و ته‌قه‌کردنه‌که‌ی سن برناردینۆ ڕووی له زیادبوون کردووه. به پێی ڕاپۆرتی ئه‌نجومه‌نی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان ئه‌مریکا و ئیسلام له‌و کاته‌وه هێرشه‌کان بۆ سه‌ر موسڵمانان و مزگه‌وته‌کان زیادیان کردووه. ڕێبه‌رانی موسڵمانانی ئه‌مریکا له سه‌ردانی مانگی ڕابردوویان بۆ کۆشکی سپی داوای ئه‌وه‌یان کردبوو که سه‌رۆک کۆمار به سه‌ردانیکردنی مزگه‌وتێک کۆتایی به‌م هێرشانه بێنێت.
باراک ئۆباما له وتاره‌که‌یدا ئاماژه‌ی به هه‌ندێک له ڕاستییه‌کانی ئیسلام له کۆمه‌ڵگای ئه‌مریکا داوه که که‌متر له میدیاکان بڵاو کراوه‌ته‌وه. ئه‌م ڕاستییانه بریتین له: ئیسلام ئایینی ئاشتییه. هه‌ندێک له یه‌که‌م ئه‌مریکییه‌کان موسڵمان بوون. جفرسۆن و باوکانی دیکه‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئازادی، ئه‌رکه ئاینییه‌کانی موسڵمانانیان ده‌سته‌به‌ر کردووه. موسڵمانانی ئه‌مریکا له هه‌ر شوێنێکی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه وه‌ک دوکتۆر، مامۆستا، سه‌رباز و ئه‌ستێره وه‌رزشییه‌کان به‌شداری و ئاماده‌بوونیان هه‌یه.
ئۆباما ده‌ڵێت زۆربه‌ی ئه‌مریکییه‌کان به ته‌نیا ئه‌و کاته سه‌باره‌ت به ئیسلام شتێک ده‌بیستن که کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی ڕوو بدات و ئه‌مه‌ش ده‌بێت گۆڕانکاری به‌سه‌ردا بێت. ناوبراو له درێژه‌دا وتی: ” به‌رنامه ته‌له‌فزیۆنییه‌کان پێویسته موسڵمانان له بواره‌کانی دیکه‌ش پیشان بدات نه‌ک به ته‌نیا له‌و به‌رنامانه‌ی که په‌یوه‌ندییان به ئاسایشی نیشتمانییه‌وه هه‌یه. ئه‌مه کارێکی ئه‌سته‌م نییه. سه‌رده‌مێک هه‌بوو که هیچ ڕه‌ش پێستێک له ته‌له‌فزیۆندا نه‌بوو “.
ئۆباما وتاره‌که‌ی به وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ک کۆتایی پێ هێنا: ” ئێوه به ته‌نیا نین، هاووڵاتیانی ئێوه له ئه‌مریکا له گه‌ڵتان ده‌بن “. ناوبراو بۆ لایه‌نه‌کانی دیکه‌ش وتی: ” جۆربه‌جۆری به مانای لاوازی ئێمه نییه، به‌ڵکوو یه‌کێک له خاڵه به‌هێزه‌کانی ئێمه‌یه، ئێمه بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئه‌مریکیمان هه‌یه و له گه‌ڵ یه‌ک گه‌شه ده‌که‌ین و ده‌شڕۆخێین “.
نووسه‌ر: گاردینر هریس/ سه‌رچاوه: نیۆیۆرک تایمز
وه‌رگێڕان: جام کوردی