جام کوردی:
ڕۆژگارێک هه‌بوو سه‌رکرده‌کانی کۆماریخواز ڕایانده‌گه‌یاند که ویلایه‌ته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا پێویسته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌ره‌و دیمۆکراسی هان بده‌ن له به‌ر ئه‌وه‌ی که دیکتاتۆره عه‌ره‌به‌کان، تیرۆریستانی عه‌ره‌ب په‌روه‌رده ده‌که‌ن. له کابینه‌ی جۆرج بۆش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر له ڕێگای دابین کردنی دیمۆکراسییه‌وه پلانی بۆ داڕێژرا، به‌ڵام وشه‌یه‌کی دیکه به ناوی سه‌قامگیری سه‌ری هه‌ڵدا.
دوناڵد ترامپ ناڕاسته‌وخۆ نیگه‌رانی خۆی له ڕووخانی سه‌دام حوسێن و مه‌عمه‌ر قه‌زافی ڕاده‌گه‌ێنێت. ته‌د کرۆز هێرش ده‌کاته سه‌ر ئیداره‌ی ئۆباما که هه‌نگاوی پێویستی بۆ پاراستنی ڕژێمه‌که‌ی حوسنی موباره‌ک هه‌ڵنه‌گرتووه. دیک چنی، جێگری جۆرج بۆش، پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که گه‌لی میسر له‌وه‌ی که سوپا له کوده‌تایه‌کی ترسێنه‌ردا هاتووه‌ته سه‌ر کار، هه‌ست به خۆشحاڵی ده‌که‌ن.
جه‌ب بۆش، برای سه‌رۆک کۆماری پێشوو که گرووپه‌کانی لایه‌نگری له هه‌ڵبژاردنه‌کان له دوو لۆبی عه‌ره‌بستانی پاره‌یان وه‌رگرتووه، ده‌ڵێت که سه‌رۆک کۆماری داهاتوو پێویسته متمانه زیندوو بکاته‌وه و له گه‌ڵ گرنگترین هاوبه‌شی ئه‌مریکا له ڕیاز هاوکاری بکات.
دۆزینه‌وه‌ی هۆکاری پشتیوانی کۆماریخوازه‌کان له دیکتاتۆره عه‌ره‌به‌کان ئه‌وه‌نده‌ش ئاسان نییه. ڕووخانی سه‌دام و قه‌زافی له لایه‌ن ئه‌مریکاوه بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که وڵاتانی شکست خواردوو سه‌ر هه‌ڵبێنن و له ئێستاشدا تا ڕاده‌یه‌ک له لایه‌ن داعشه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێن. به‌شێکی زۆری وڵاتی سوریاش له ژێر کۆنتڕۆڵی گرووپی تیرۆریستی داعش دایه.
پاش ڕووخانی ده‌سه‌ڵاتی حوسنی موباره‌ک، میسرییه‌کان ده‌نگیان به ئیخوان موسلمین دا. به‌ده‌ر له‌مه به‌هێزترین پاوانخوازه عه‌ره‌به‌کان – سیسی و مه‌لیک سه‌لمان – هێشتا له سه‌ر کورسی ده‌سه‌ڵاتن و له ئێران ده‌ترسن. له‌م نێوه‌نده‌دا کاندیده پێشکه‌وتووه‌کانی کۆماریخوازه‌وکان هاوڕای جوله‌که شه‌ڕه‌نگێزه‌کانی ئه‌مریکان.
به‌ڵام کێشه‌یه‌ک له ئارادایه: جۆرج بۆش به ته‌واوی هه‌ڵه‌ی نه‌کردووه. زۆربه‌ی پاوانخوازه‌کانی عه‌ره‌ب که کۆماریخوازه‌کان به هۆی سه‌قامگیرییه‌وه ستایشیان ده‌که‌ن له ڕاستیدا نه‌یارانیان په‌روه‌رده کردووه. سرنجی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م دواییه بده‌ن. حکومه‌تی ڕیاز، شێخ نه‌مر، چالاکی مافی شێعه‌کانی له سێداره‌دا که ماوه‌یه‌کی زۆر دژایه‌تی حکومه‌تی کرد. ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌یه که تاوانی ناوبراو سووکایه‌تی کردن به شازاده نایف بن عه‌بدوولعه‌زیز بێت که محه‌ممه‌د بن نایفی کوڕی له ئێستادا وه‌زیری ناوخۆی عه‌ره‌بستانه و له سێداره‌دانی نه‌مری بینیوه.
پاش له سێداره‌دانی شێخ نه‌مر، ئێرانییه‌کان، هێرشیان کرده سه‌ر باڵوێزخانه‌ی عه‌ره‌بستان له تاران و گڕیان تێبه‌ردا. به پێی ڕاپۆرتێکی نیۆیۆرک تایمز، به‌رپرسانی ئێران بۆ ڕێگری له په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌کان 40 که‌سیان له‌و هێرشبه‌رانه ده‌ستبه‌سه‌ر کردووه و سه‌رۆک کۆمار حه‌سه‌ن ڕۆحانی ئه‌م هێرشانه‌ی به کرده‌وه‌یه‌کی هه‌ڵه ناو برد و فه‌رمانی به وه‌زیرانی ناوخۆ، داد و ئیتڵاعات دا که به‌رپرسان و فه‌رمانبه‌رانی باڵوێزخانه و کۆنسووڵخانه‌ی عه‌ره‌بستان بپارێزن.
به‌ڵام سه‌عوودییه‌کان دابه‌زاندنی ئه‌م که‌ش و هه‌وا ئاڵۆزه‌یان ڕه‌ت کرده‌وه. ئه‌وان په‌یوه‌ندییه سیاسی و بازرگانییه‌کانیان له گه‌ڵ ئێران پچڕاند. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ئاشتی له سوریا به بێ ڕێکه‌وتن و لێک تێگه‌یشتنی نێوان تاران – ڕیاز سه‌باره‌ت به مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌د، ئه‌گه‌رێکی دووره. له‌و کاته‌وه که مه‌لیک سه‌لمان و محه‌ممه‌د بن نایف کورسی ده‌سه‌ڵاتیان له عه‌ره‌بستان گرتووه‌ته ده‌ست، ئه‌م کرده‌وه و بیرکردنه‌وانه بووه‌ته ستراتیژی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌م وڵاته.
سیسی، سه‌رۆک کۆماری میسر، هاوپه‌یمانی نزیکی ڕیاز، ئه‌و که‌سه‌یه که به زۆرینه له لایه‌ن کاندیده‌کانی کۆماریخوازه‌وه ستایش کراوه. سیسی له ڕێگای توندووتیژییه‌وه سه‌قامگیری بۆ وڵاته‌که‌ی گه‌ڕاندووه‌ته‌وه. له ساڵی 2013 به ته‌نیا له یه‌ک ڕۆژدا هێزه‌کانی سه‌ر به سیسی 800 خۆپێشانده‌ریان کوشتووه که زۆربه‌یان ژن و منداڵ بوون، کرده‌وه‌یه‌ک که به ڕای ووکس یه‌کێک له تراژدیاترین کۆمه‌ڵکووژییه‌کانی سه‌ده‌ی ئێستایه له یه‌ک ڕۆژدا.
کاندیده کۆماریخوازه‌کان به پێچه‌وانه‌ی باراک ئۆباما زیاتر دژایه‌تی ئێران ده‌که‌ن و بۆ ئه‌نجامدانی کرده‌وه‌کانی ڕیاز، گڵۆپی سه‌وزیان بۆ ئه‌م وڵاته هه‌ڵکردووه. کریس کریستی له کاردانه‌وه‌ی به‌رامبه‌ر به له سێداره‌دانی شێخ نه‌مر وتی: ” هیچ هاوخه‌مییه‌کم له گه‌ڵ ئێرانییه‌کان نییه “. مارکۆ ڕوبیۆ وتی: ” کاردانه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که له گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌کانمان بین “. مه‌به‌ستی ناوبراو ئه‌وه‌یه که هێزه تایبه‌ته‌کانی ئه‌مریکا له گه‌ڵ هێزه‌کانی عه‌ره‌بستان به‌شداری شه‌ڕی یه‌مه‌ن بکه‌ن.
به ڕای کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مڕۆ، ئیسلامی ڕادیکاڵ هه‌مان ڕۆڵی ده‌بێت که پێشتر بۆش سه‌باره‌ت به ئێران، کۆریای باکور و … ڕایگه‌یاندبوو. وه‌ک چۆن له ساڵی 2003 به‌رپرس و سیاسه‌توانه توندڕۆ‌کان له‌م ده‌سته‌واژه‌یه بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌کانیان که‌ڵکیان وه‌رگرت، له ئێستادا کۆماریخوازه‌کان له‌و بڕوایه‌دان که ئێران و ئیخوان موسلمین پێویسته په‌راوێز بخرێن. به ڕای ئه‌وان مه‌لیک سه‌لمان، ژنڕاڵ سیسی و بنیامین نتانیاهۆ که‌سایه‌تییه باشه‌کانن و پێویسته پاڵپشتییان لێ بکرێت و کرده‌وه ڕۆخێنه‌ره‌کانی ئه‌وان گرنگی نییه.
نووسه‌ر: پیتر بینارت / سه‌رچاوه: ئه‌تلانتیک
وه‌رگێڕان: جام کوردی