جام کوردی:
لەبەرھەمەکەی مایکل رۆسەوە ( لەعنەتی نەوت)، بەو راستیەدەگەین کە نەوت سەرچاوەی یەکەمی ستەمکاریو پاشەکشەی ئەگەری دیموکراسیە لەو وڵاتانەی بەرھەمھێنان و داھاتی نەوت لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی سیاسیە، وەکو ناونیشانی بەشێکی سەربەخۆشی داناوە بەناوی ( نەوتی زۆرتر، دیموکراسی کەمتر). بەڵام لەرێی ئەو بەرھەمەی دکتۆر عەبدوڵاوە، کەخوێندنەوەیەکی رەخنەیی سۆسیۆلۆژیە بۆکاریگەری خراپی نەوت لەسەر بەھاو کەلتورو مۆڕاڵی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای سعودیا، تێدەگەین کە ئەم سەرچاوەی داھاتە چ کاریگەریەکی کارەساتباری ناوەتەوە بەسەر ئەم کۆمەڵگایە، واتە ( نەوتی زۆرتر، تیرۆر و تاوانی زیاتر).نوسەر لەرێی پشت بەستن بەچەندین ئامارو داتاوە، بەپشت بەستن بەشیکردنەوەی دیاردە خراپەکانی ناو ھەناوی کۆمەڵگای سعودی، خوێنەر لەگەڵ خۆی رادەکێشێت بۆلای ئەو ڕڕستیەی کە کۆمەڵگای داخراوی سعودی لە یەککاتدا پێیەکی لەتاوان دایە و پێکەی تری لەناو تیرۆر.بنەماڵەی ئال سعود، پاش رێکەوتنیان لەگەڵ دامەزرێنەری رەوتی وەھابی لە حیجاز، بەپشتیوانی ئەو بزوتنەوە ئاینیە توانیان لەماوەیەکی کەمدا زاڵ ببن بەسەر باقی بنەماڵەو تیرە و خێڵەکانی ناوچەکە، ئەوانەی بە ویستی خۆیان ملیان نەدا بۆ دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیە، بەزەبری ھێزو بەپشتیوانی سەربازی بەریتانیەکان ملکەچکران، لەوەش گرنگتر بە پشتیوانی وەھابیەکان. دۆزینەوەی نەوت لەم وڵاتە لەچارەگی یەکەمی سەدەی رابردووەوە، پایەی دووەمی زاڵبونی ئەو بنەماڵەیەی دامەزراند پاش پایەی ئاین.
کۆمەڵگای نیوەدورگەی عەرەبی بەگشتی، تاکە جوڵەیەکی ئابوری کە تیایبو بریتی بو لە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ و بازرگانیکردن بە کۆنترین شێوازەکانی. بەڵام دۆزینەوەی نەوت بازێکی گەورەی بە تواناکانی دەسەڵاتی ئەو بنەماڵەیەو ھاوشێوە دەسەڵاتدارەکانی دا لە سنوری نیوەدورگەی عەرەبی بەگشتی. بەجۆرێک کەئەم بنەماڵەیەی لەدەسەڵاتداری چەندین تیرەو بنەماڵەی دەشتەکیەوە گۆڕی بۆ خاوەنی گەورەترین یەدەگی نەوت لە ئاستی ھەمو جیھان.لێرەوە تێکەڵەیەکی سامناک لە دەسەڵاتی ئاینی و ئابوری کەوتە دەست تەنھا بنەماڵەیەکی دەشتەکی، کەتادوێنێ نزیک تەنھا خاوەنی چەند ڕەوە ئاژەڵێک و ناوچەیەکی بچوکی ئەو سەرزەمینەبوو کەناوی حیجازبو، بەڵام بەقەڵەمبازێک بونە خاوەنی ھەمو سنوری حیجاز و خاوەنداریان بۆ ئەو سەرزەمینە بەناوی بنەماڵەکەی ئەوانەوە کۆتای ھات. لەمەوە بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگای سعودی لەسەر تەنھا دو پایەی بەھێز وەستا، یەکیان سەلەفیەتی وەھابی و ئەویتریان پەترۆڵ. ئەم کتێبەی دکتۆر عەبدوڵا نوری کەلەزۆربەی وڵاتانی عەرەب قەدەغەیە، شیکردنەوەیەکی سۆسیۆلۆژی وردە لەسەر کاریگەری نەوت بەسەر ئاڵوگۆری بەھا کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانی ناو ئەو کۆمەڵگایەو بەتایبەت بنەماڵەی ئال سعود.
پاش زاڵبونی عەبدوالعزیز بەسەر نەیارەکانی و راگەیاندنی سەربەخۆی دەوڵەتی سعودیای عەرەبی بەپشتیوانی ھێزە سەربازیەکانی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٣٢، بەماوەی تەنھا چەند ساڵێک داھاتی ئەم بنەماڵیە لە ٢١٠ ھەزار دۆلارەوە لە ساڵی ١٩٢٣ وە بو بە زیاتر لە ١٣ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ١٩٤٦، و ١١٣ ملیۆن دۆلار لە ساڵی ١٩٥٢ ، کەتەنھا ٥% ی ئەم داھاتەی تەرخانکردبو بۆ کەرتەکانی خوێندن و تەندروستی و باقی کەرتەکانی تری کۆمەڵگا. پاشا لە سایەی ئەم داھاتە زەبەلاحەوە کە ھیچ چاودێری و لێپرسینەوەو بەدواداچونێکی لەسەر نەبو، بوە دۆڵەمەندترین کەس لە جیھاندا، لەماوەیەکی کەمدا زیاتر لە ٤٢ کۆشکی گەورەی بۆخۆی و بنەماڵەکەی دروستکرد، لەماوەی شەش ساڵدا، واتە لە نێوان ١٩٣٤بۆ ١٩٤٠ ژمارەی سەیارە کادیلاکەکانی لە ٢٥٠ بەرزبۆوە بۆ ١٠٠٠ دانە، کەھەر ھەمویان دەرگاکانیان بە ئاڵتون نەخشێنرابون.ئەم شێوازە لە دەستبڵاوی و بەڕەڵاییە دەشتەکیە لە سایەی لافاوی داھاتی نەوتەوە، گەیشت بەوەی کە مەلیک سعود زیاتر لە ٢٠٠ ژنی ھێناو زیاتر لە ١٢٥٠٠ کەنیزەک و غولام لە کۆشکەکانی ئەودا خزمەتیان دەکرد، ھەر لەسەردەمی ئەودا بازاڕی کرین و فرۆشتنی کۆیلە لە بازارەکانی سعودیا گەشەی کرد و نرخی ھەر کەنیزەکێک لە بازار گەیشتە دوو ھەزار دۆلار. لەسەر مێزی قومارخانەکانی ئەوروپاو لاس فیغاس ساڵانە ملیۆنان دۆلاریان دەدۆڕاند، ساڵی ١٩٨٢ شازادەیەکی سعودی تەنھا بەیەک شەو زیاتر لە ٢٢ ملیۆن فرانکی فەرەنسی دۆڕاند، لەکاتێکدا لەھەمان کات ھەزاران خێزانی سعودی لەخوار رێژەی ھەژاریەوە ژیانیان بەسەردەبرد. مەلیک فەھدیش تامرد خاوەنی سێ یەخت بوو، کە نرخی ھەرسێ:یان ٤٣٠ ملیۆن دۆلاربو.ئەم دۆخی زیادەرۆیی و تەرەفەی بنەماڵەی ئال سعود تا ساڵی ١٩٧٥ تەنھا تایبەت بو بەیەک بنەماڵەو دەست و پێوەندەکانی، لەبەرامبەردا کۆمەڵگا بەگشتی لە ژێر زەبری ھەژاری و نەبونیەکی کوشندەدا دەژیا، ئەوەی واشیکردبو ھیچ نارەزایەتیەک دەرنەبڕێ، ھەژمونی سەلەفیەتی وەھابی و کۆنتڕۆڵکردنی ئەقڵی کۆمەڵگابو لەلایەن پیاوانی ئاینی و دامەزراوەی فەتواوە. بەڵام لەساڵی ١٩٧٥ وە لەگەڵ زیادکردنی موچەو دابەشکردنی سلفەو قەرز بەسەر ھاوڵاتیاندا، چانسی ئەوەی بۆ خێڵە دەشتەکیەکان دروستکرد کە بەشێوەیەکی بێ بەرنامەو کتوپر لەھیچەوە ببنە خاوەنی ملیۆنان دۆلار، ئەم گۆڕانکاریە دەرگای بەڕوی ھەزاران کەسی کردەوە لە باشوری رۆژھەڵاتی ئاسیاوە بێنە سعودیا بەمەبەستی خزمەتکردن لەماڵان و بەخێوکردنی مناڵ و بەھەزاران کچیش بە ئامانجی کۆیلایەتی و تێرکردنی حەزە سێکسیە بێ کۆتاکانی ئەو پیاوانەی تادوێنێ لەباشترین حاڵەتدا تەنھا خاوەنی خێوەتێکی شڕو چەند حوشترێک بون، بەڵام بەھۆی لافاوی ملیاران دۆلاری نەوتەوە بونە خاوەنی گەورەترین کۆشک و سەدان سەیارەو ملیۆنان دۆلاری دانراو. لەساڵی ١٩٣٢ دا تەنھا پەنجا بیانی لەناو سعودیا دا بونیان ھەبو، بەڵام لە ماوەی کەمتر لە چڵ ساڵ ئەم ژمارەیە نزیک بۆوە لە نیو ملیۆن.
گەڕان بەدوای چێژدا لەلایەن پیاوی دەشتەکی دوای ئەوەی بوە خاوەنی ملیۆنان دۆلار، سەرلەبەری بەھا کۆمەڵایەتیەکانی خودی ئەو کۆمەڵگا دەشتەکیەی ھەڵتەکاند، بەڵام نەک بەدیوە مرۆیی و باشەکەی، بەڵکو رێک بە پێچەوانەوە بەئاراستە خراپ و ترسناکەکەی. بۆنمونە ھاتنی خزمەتکاری ماڵان پێگەی دایک و ژنی بەشێوەیەکی گشتی ھێنا خوارەوە، ژمارەی ئەو بەساڵاچوانەی کە مناڵەکانی دەسبەرداریان بون و ناردیانە خانەی بەساڵاچوان رێژەی زۆر زیادی کرد، لەگەڵ ھەڵکشانی رێژەی خۆکوشتن کەتەنھا لەساڵی ١٩٨٣ گەیشتە ١٢١ حاڵەت، لەگەڵ زۆربونی رێژەی لاقەکردن وکێشانی مادە ھۆشبەرەکان، کەتەنھا لەساڵی ١٩٨٦ پەنجاو پێنج ملیۆن دەنکە حەبی ھۆشبەر دەستی بەسەرداگیرا، کەئەم رێژەیە زیاترە لەبڕی دەست بەسەراگیراو لەماوەی شەش ساڵدا لە چواردەوڵاتی تری عەرەبی، بەپێی ئەو ئامارانەش کەوەزارەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە بڵاویکردۆتەوە، دەستدرێژی سێکسی بەرێژەی ٢١٥% بەرزتر بۆتەوە لەساڵی رابردوو، وە ٧٥% رێژەی ئیغتێابکردن زیادیکرد.ئەمانەو بڵاوبونەوەی چەندین تاوانی تر کە بەشێکی زۆریان پێش پەڕینەوەی شەپۆلەکانی دۆلار لە کۆشکی پاشاوە بۆناو کۆمەڵگا بونیان نەبو . لەکاتێکدا لەکاتی نوسینی ئەم کتێبە زیاتر لە سی ھەزار مزگەوت بونی ھەبوە کە کۆی گشتیان جێی پەنجا ملیۆن کەسی تیادەبێـتەوە،( ئێستا نزیک بۆتەوە لەسەد ھەزار مزگەوت و دیار نیە چەند نویژکەر بەخۆی دەگرێ!) لەبەرامبەردا رێژەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە تەنھا حەوت ملیۆنە بەو ژنانەشەوە کە لەکونجی ماڵەوە خراون لەگەڵ مناڵ و پیرو پەککەوتە. بۆ بەرگرتن بە رێژەی بەرزی بەکارھێنانی مادەی ھۆشبەر، دەسەڵاتی سعودی داوای لەدەزگای ئاینی کرد کەھەوڵی جدیتر بدات بۆ بەرگرتن بەم مەترسیە، دامەزراوەی وەھابیش سەرباری ئەو ھەزاران مزگەوتە ھەزاران قوتابخانەی تری ئاینی بۆ فێربونی قورئان و سونەت زیادکرد، لەھەمانکاتدا دەزگای ( فەرمان بەچاکەو رێگەگرتن لە خراپە)ی وەھابی بریاری لە سێدارەدانی دەرکرد بۆ ھەر کەسێک بەمادەی ھۆشبەرەوە بگیرێ. ئەم ھەوڵانە نەیتوانی بەر بە ھۆکارە راستەقینەکانی شێوانی بەھا کۆمەڵایەتی و تێکچونی شیرازەی کۆمەڵایەتی بگرێت، کەبریتیە لە داخراوی کۆمەڵایەتی و ناتەندروستی پەیوەندی نێوان ھەردوک رەگەزو قەدەغەکردنی ھەمو سیمایەکی ژیان و رێگەگرتن لە ھونەر.بەکورتی ھەژمونی گوتاری سەلەفی توندرەوی وەھابی بە پشتیوانی دەسەڵاتی ئال سعود، لەبەرامبەردا کەڵەکەبونی سامانێکی زۆر بەدەستی نوخبەیەکی خێڵەکی گەنجانی خستە بەردەم دوو ئەگەر، یان خۆکوشتن و بێھیوای و بێزاری و پەنابردن بۆمادە ھۆشبەرەکان و ھەڵسوکەوتی سێکسواڵی و دیاردە ناتەندروستەکانی تر، یان پەنا بردن بۆ بیروباوەری توندرەوی و سەلەفەی، یان تیرۆر یان تاوان. ئەم گۆڕانکاریە ئابوریەی بەسەر کۆمەڵگای سعودی داھات، جارێکی تر زیانی گەورەی بە پێگەو رۆڵی ژنانەوە گەیاند، لەسایەی دۆڵەمەندبونی پیاوان، فرەژنی، کەنیزەکی ھەمەجۆر، گەشتی پیاوان بۆ رابواردن بۆوڵاتانی بیانی، زۆربونی خزمەتگوزار و دایەنگاو چەندین دیاردەی تر بەرھەمی راستەوخۆی ئابوری نەوت بون، لەبەرامبەردا رێژەی توشبون بەقەڵەوی و نەخۆشیەکانی وەکو شەکرەو شێرپەنجە و چەندین گرفتی دەرونی سیمای تازەی کۆمەڵگای ژنانی سعودی بوە، بەتەنیشت زیادبونی رێژەی تەڵاق و زۆربونی قەیرەیی بەپێی ئامارەکانی ٢٠١١ رێژەی تەڵاق ٤٠%ی تێپەڕاندوە، واتە ھەر تەڵاقێک لە ماوەی شەش دەقە.ئەو ژنانەی کە چانسی ئەوەیان ھەبوە سەر بەبنەماڵەیکی شەریکی نەوت بن، خویان داوەتە بازاڕکردن و کرینی زێر بەکیلۆو نەشتەرگەری حوانکاری گرانبەھاو سەفەری زۆر بەڵام لەگەڵ مەحرەمێک بەپێی یاسای سعودی. نادادپەروەری و گەندەڵی لە کۆمەڵگای سعودیدا سەرباری ئەو ملیار دۆلارەی ساڵانە بێ ھیچ خەرجیەک بەدەست دێـت، واینەکردوە کەرێژەی ھەژاری کەمبکاتەوە، بۆیە بەپێی راپرسیەکانی ساڵی ٢٠٠٩، رێژەی بێکاری ٢٢% ی کۆی کۆمەڵگای سعودی پێک دێنێ، لەکاتێکدا لەھەمان ساڵ کۆی داھاتەکەی ٤٢٩ ملیار دۆلار بوە و ژمارەی دانیشتوانیشی ھەژدەملیۆن ھاوڵاتی، لەگەڵ ھەشت ملیۆن بیانی. لێرەوە ئەم کۆمەڵگایە بەفشاری سلەفیەت و دەسەڵاتی پاشایەتی ستەمکار، بوە بەیەکێک لەداخراوترین و زبرترین کۆمەڵگاکانی مرۆیی، لەھەمانکاتدا بەھۆی داھاتی بێ ژمارەی پارەی نەوت، بوە بە شانشینێکی گەورە بۆ دوالیزمی تاوان و تیرۆر، تاوان لەئاستی ناوخۆو تیرۆر لەئاستی دەرەوە.