وتووێژ: شارام ئیزه‌دی، وه‌رگێڕان له فارسییه‌وه: مورته‌زا مورادی
کونسێرتی ساڵی ڕابردووی شارام نازری له کرماشان په‌راوێزی زۆر خسته پاڵ ئه‌م که‌ڵه هونه‌رمه‌نده. مامۆستا به خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م شیعره که “مناڵی کوردم فارسی نیه‌زانم؛ کرماشانیگم فارسی نیه‌زانم؛ وه زوان کوردی قه‌زات وه گیانم” کونسێرته‌که‌ی کۆتایی پێ هێنا، ئه‌گه‌رچی ده‌ستخۆشی و ڕێزی زۆری ئاماده‌بووانی لێکه‌وته‌وه و دۆخێکی زۆر خۆشی دایه هۆڵی کونسێرته‌که به‌ڵام کاردانه‌وه‌ی توندیشی به‌رامبه‌ر که‌ڵه‌هونه‌رمه‌ندی کورد به شوێن خۆیدا هێنا.
کێ هه‌یه مامۆستا شارام نازری نه‌ناسێت و چ کوردێک هه‌یه بیره‌وه‌ری جوانی لێی نییه؟ شارام نازری ئه‌و گۆرانیبێژه‌یه که شیعر و مۆسیقای ناوچه جۆراوجۆره‌کانی کوردستان له‌به‌رهه‌مه‌کانیدا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بووه. ئه‌گه‌رچی هه‌ندێ که‌س ڕایان وایه که ئه‌و که‌سه‌ی مۆسیقای ڕه‌سه‌نی ئێرانی شوێنگری ده‌کات نابێ له‌به‌رهه‌مه‌کانیدا زاراوه‌ی مۆسیقای ناوچه‌یی هه‌بێت به‌ڵام نازری ئه‌مڕۆ سه‌لماندوویه‌تی که مۆسیقای ناوچه‌کان شتێکی جیاواز له‌مۆسیقای ڕه‌سه‌نی ئێرانی نییه و نه‌ته‌نیا له‌سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ی سوور بووه به‌ڵکوو سه‌رنج و ده‌ستخۆشی هه‌مووی جیهانی به‌دوای خۆیدا هێناوه. هێشتا له‌بیرمانه ساڵی 1390ی کۆچی هه‌تاوی فه‌ڕه‌نسه نازنای “شوالییه”ی ئاراسته‌ی ئه‌م که‌ڵه هونه‌رمه‌نده کرد. شوالییه‌ی مۆسیقای ئێران ده‌ستێکی باڵای له‌کاری خێرخوازیشدا هه‌یه و ساڵی ڕابردوو کۆنسێرتی خێرخوازی زۆری بۆ نه‌خۆشانی گیرۆده‌ی شێرپه‌نجه‌ی سنه و جوزامییه‌کانی مه‌هاباد و منداڵانی سووتاوی شیناوا پێشکه‌ش کرد و سه‌لماندی که هونه‌ر ده‌توانێ خزمه‌تی خه‌ڵک بکات و ده‌نگی دڵی خه‌ڵک به‌رز بکاته‌وه. به‌پێی ئه‌مانه‌ی ئاماژه‌مان پێدا و به‌وه‌بیرهێنانه‌وه‌ی ئه‌م خاڵه‌ی که شارام نازری یه‌ک له کۆڵه‌که گرنگه‌کانی مۆسیقای سونه‌تی ئێرانه، وتووێژێکمان له‌گه‌ڵ ساز داوه. شێوازی قسه‌کردنی مامۆستادا هێشتا ڕه‌نگ و بۆنی کوردی پێوه دیاره و ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین که له قسه‌کردن له‌گه‌ڵ مامۆستا تێربوونمان بۆ نییه…
هۆکاری سه‌رکه‌وتنی خۆتان بۆ شیعره‌کانی مه‌وله‌وی و فیرده‌وسی ده‌گه‌ڕێننه‌وه؟ چونکه گۆرانیبێژانی دیکه که‌متر ئاوڕیان له‌م به‌رهه‌مانه داوه‌ته‌وه
بناغه‌ی مۆسیقای سونه‌تی له‌سه‌ر شیعره‌کانی حافز و سه‌عدی دامه‌زراوه، به‌ڵام ساڵه‌هایه که من به‌هۆی شێوازی حه‌ماسی شیعره‌کانی مه‌ولانا، که‌ڵکی لێ وه‌رده‌گرم. سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ نه‌یارێتی مامۆستاکانی دیکه ڕووبه‌ڕوو بوومه‌وه به‌ڵام چونکه بڕوام له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگایه بوو درێژه‌م پێدا. ئه‌ڵبه‌ت چه‌ندین ساڵ پێش ڕۆشتمه خزمه‌تی مامۆستا به‌نان و ڕای ئه‌وانیشم له‌مباره‌وه پرسیار کرد. مامۆستا نه‌یاری ئه‌و شیعرانه‌ی بوو که من بۆ ئاواز هه‌ڵمده‌بژاردن و ڕای وابوو چونکه له‌شیعری مه‌ولانادا وشه‌ی قورسی زۆر هه‌یه، ئاوازه‌کان شتێکی شیاویان لێ ده‌رناچێت. له‌و ڕۆژه‌وه ڕسته‌یه‌کی مامۆستا به‌نانم له‌بیر ماوه‌ته‌وه: “کوڕه‌که ئه‌مانه چین ده‌یانڵێیته‌وه؟ ته‌خته و مه‌خته ده‌نگی مرۆڤ خراپ ده‌که‌ن”. خاڵێکی دیکه‌ی وه‌ڵام پرسیاره‌که‌ی ئێوه ئه‌مه‌یه: چه‌ندین هۆکار هه‌یه که شێوازی حه‌ماسی نزیکی چه‌مه‌ری کردۆته‌وه. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه چه‌ندین ساڵ له‌سه‌ر شێوازی حه‌ماسی لێکۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌م کردووه و پاش مه‌ولانا ڕۆشتوومه‌ته لای شیعره‌کانی فیرده‌وسی.
ئه‌م مه‌سه‌له چه‌نده داهێنانی تێدا بووه؟
داهێنان تایبه‌تی ئه‌و که‌سانه‌یه که لاسایی ناکه‌نه‌وه. گۆرانیبێژانی تازه‌کار و لاساییکه‌ره‌وه، ده‌نگه‌کانی دیکه و شێوازه‌کانی دیکه ده‌ڵێنه‌وه و من ئه‌مه‌م پێ جوان نییه و ڕام وایه که هه‌ر که‌سێک ده‌بێ هونه‌ری خۆی ئاراسته بکات، چ ئه‌م هونه‌ره به‌دڵی کۆمه‌ڵگا بێت و چ نه‌بێت. ڕازی سه‌رکه‌وتنی هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ توانای داهێنانی. ئه‌و شته‌ی که ئه‌مڕۆ له‌نێو کۆمه‌ڵگادا ده‌یبینین نه‌بوونی داهێنانه. داهێنان واته دووری‌کردن له لاساییکردنه‌وه. له‌ڕاستیدا مێژووی 150 ساڵه‌ی مۆسیقای ئێرانی، قه‌ت ئاوڕی له مه‌ولانا و فیرده‌وسی نه‌داوه‌ته‌وه و هه‌مووان شیعره‌کانی حافز و سه‌عدییان خوێندووه. ئه‌گه‌ر ئێوه له شیعری که‌سانی دیکه که‌ڵک وه‌ربگرن ده‌توانن بڵێن داهێنانتان کردووه.
ئایا ئه‌م شێوازی حه‌ماسییه بۆته هۆی ئه‌وه‌یکه بوه‌ستنه سه‌ر پێ و گۆرانی پێشکه‌ش بکه‌ن؟
وایه، له ئاوازه حه‌ماسییه‌کاندا له‌سه‌ر پێم ده‌وه‌ستم به‌ڵام دانیشتن و گۆرانی گوتن له مۆسیقای سونه‌تی ئێران‌دا زۆر جوانتره.
ئێوه یه‌ک له‌و پێشه‌نگانه‌ی بوونه که وێڕای شیعری مه‌ولانا، له‌مۆسیقای سونه‌تیدا شیعری نوێشتان ده‌کار هێناوه. ئه‌م بیرۆکه‌یه چۆن سه‌ری هه‌ڵداوه و له‌کوێوه هاتووه؟
سه‌باره‌ت به ده‌کارهێنانی شیعری نوێ له‌نێو مۆسیقای سونه‌تی قسه‌ی زۆر کراوه و بیروڕاکان جیاوازن. من یه‌که‌مین که‌س بووم که له‌ساڵه‌کانی ڕابردوودا شیعری نوێم به‌شێوه‌ی ئاوازی ئازاد له ئه‌لبۆمی “زستان” پێشکه‌ش کرد. شیعری زستان هی مامۆستا مه‌هدی ئه‌خه‌وان سالس بوو. ئه‌م ئه‌زموونه‌م له ئه‌لبۆمی “گوڵستانه”شدا و به‌شیعره‌کانی مامۆستا سوهراب سپێهری درێژه پێدا. ده‌بێ بڵێم که له ڕابردوودا ده‌نگ و ئاواز ده‌سه‌ڵات و هێزێکی تایبه‌تیان هه‌بوو به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م ده‌سه‌ڵات و هێزه ئێستا نه‌ماوه.
سه‌باره‌ت به کرماشان واته زێده‌که‌تان بۆمان بڵێن. زمانی کوردی هه‌میشه ڕۆڵێکی کاریگه‌ری له‌نێو ئاوازی ئێوه‌دا هه‌بووه.
من له‌گه‌ڕه‌کی به‌رزه‌ده‌ماخ، کۆڵانی خوالێخۆشبوو “ئه‌بولقاسم یه‌خچاڵی” (که باواگه‌وره‌مه” له‌دایکبوومه و بیره‌وه‌ری زۆرم لێی هه‌یه. وێڕای ئه‌مه‌ش ده‌بێ بڵێم که توانا و ده‌فرایه‌تی زمانی کوردی له‌مۆسیقای ناوچه‌یی ئێران‌دا ئاستێکی زۆر به‌رز و جیاوازی هه‌یه. زۆر شیعری مۆسیقای مه‌قامی له شاعیرانی به‌ناوبانگی کرماشان به‌جێ ماونه‌ته‌وه که ده‌کرێ ئاوڕی زیاتریان لێ بدرێته‌وه و که‌ڵکی زیاتریان لێ وه‌ربگیردرێت. شیعری شاعیرانێک وه‌ک مه‌وله‌وی کورد و سه‌ید یه‌عقووبی ماهیده‌شتی له شیعری شاعیرانی گه‌وره‌ی فارسی زمان زیاتر نه‌بن که‌متر نین. مۆسیقای کرماشان تیایدا حه‌ماسه و دلێری ده‌بینرێت و ئه‌مه زۆر جێی بایه‌خه. من شانازی به‌م زمان و زاراوه ده‌که‌م و تا دواپشووم درێژه‌ده‌ری ئه‌م ڕێگایه ده‌بم.
ساڵی ڕابردوو بۆ نه‌خۆشان و منداڵانی شیناوا که له قوتابخانه‌دا سووتابوون کونسێرتێکتان پێشکه‌ش کرد. سه‌باره‌ت به‌و کونسێرته بۆمان ده‌ڵێن؟
وه‌ک هونه‌رمه‌ندێک به ئه‌رکی خۆمی ده‌زانم کاری وه‌ها و هاوشێوه‌ی بکه‌م. هه‌ر که ده‌رفه‌تم هه‌بێت کونسێرتی خێرخوازی ده‌که‌م و به‌شێک له داهاته‌کانی ته‌رخانی کاری خێرخوازی ده‌که‌م. ساڵی ڕابردوویش به‌هۆی کوردبوونم، ویستم له ناوچه کوردنشینه‌کان کونسێرت بکه‌م. کونسێرتێکم له سنه و بۆ نه‌خۆشانی شێرپه‌نجه بوو. پاشان کونسێرت بۆ نه‌خۆشانی جوزامی مه‌هاباد و پاشانیش بۆ منداڵانی سووتاوی شیناوا. زۆر خۆشحاڵم که ئه‌م کونسێرتانه زۆر کاریگه‌ر بوون به‌ڵام من وه‌ک تاکێک ده‌ورێکی بچووکم له‌م کارانه‌دا هه‌بووه.
چۆن بوو که‌وتنه بیری منداڵانی شیناوا؟
ماوه‌یه‌کی کورت بۆ ده‌سپێکردنی قوتابخانه‌کان مابوو و منداڵان خه‌ریک بوون پۆل پۆل بۆ ده‌سپێکردنی خوێندن ئاماده ده‌بوون. پرسیارم له‌خۆم کرد ده‌بێ ئێستا منداڵانی شیناوا که له خوێندان بێبه‌ش کراون ئێستا چ دۆخێکیان هه‌یه؟ ده‌بێ ئیشێکیان بۆ بکه‌م. داهاتی کونسێرته‌که‌م دا به بنه‌ماڵه‌ی منداڵه‌کان. ئه‌ڵبه‌ت ڕه‌نگه له داهاتوودا ئه‌م کارانه درێژه پێ بده‌ین و سه‌نته‌رێکی خێرخوازی بکه‌ینه‌وه. له ڕابردوودا زۆر هونه‌رمه‌ندمان هه‌بووه که کاری هاوشێوه‌یان کردووه.
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی هه‌مشه‌هری- ژماره‌ی 6746