جام کوردی:
ڕۆژنامه‌ی ئێران له ژماره‌ی دوێنێ یه‌ک شه‌ممه ڕاپۆرتێکی سه‌باره‌ت به لێکدانه‌وه‌که‌ی سه‌ردانه‌که‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی بۆ ئه‌ورووپا بڵاو کردووه‌ته‌وه. ئه‌م ڕاپۆرته له درێژه‌دا ده‌ڵێت: وه‌زیری ده‌ره‌وه وێڕای شرۆڤه‌ی ده‌سکه‌وته‌کانی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بۆ ئه‌ورووپا جه‌ختی له سه‌ر نه‌بوونی ناکۆکییه‌کان سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی کردووه‌ته‌وه و داوای که‌ڵک وه‌رگرتنی له‌م ڕێکه‌وتنه کردووه به تایبه‌ت له بواری ئابوری‌دا.
محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف له کۆنفرانسی ده‌رفه‌ته‌کانی پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له وه‌زاره‌تی ناوخۆ به ئاماژه به سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری چین بۆ تاران و سه‌ردانی سه‌رۆک ڕۆحانی بۆ ئیتالیا و فه‌رانسه وتی: ئه‌م سه‌ردانانه له باشترین هه‌ل و مه‌رجدا به‌ڕێوه‌چووه و ده‌سکه‌وتی گرنگیشیان هه‌بووه. ئه‌مانه ڕاستییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ن، به‌ڵام دوژمنان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌وه پیشان بده‌ن که هه‌ل و مه‌رجی ئێران وه‌ک پێشوو ماوه‌ته‌وه. ئه‌وان ویستی ئه‌وه‌یان هه‌یه که پیشان بده‌ن دۆخه‌که گۆڕانکاری به سه‌ردا نه‌هاتووه.
زه‌ریف له درێژه‌دا وتی: به‌ڵام ئێمه وه‌ک لایه‌نگر و پارێزه‌رانی ئه‌م خاک و وڵاته پێویسته چه په‌یامێکمان بۆ ئه‌وان هه‌بێت. پێویسته ئه‌م په‌یامه بده‌ین که هه‌ل و مه‌رجی ئێران ئاماده‌ی وه‌رگرتنی هاوکاری و سه‌رمایه‌گوزاری و به‌شداری چالاکانه‌یه له گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ش په‌یامی ئاڵۆزی و ناته‌بایی بده‌ین، له ڕاستیدا یارمه‌تیده‌ری دوژمنان ده‌بین.
زه‌ریف هه‌روه‌ها جه‌ختی کرده‌وه: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به گه‌شه‌ی له سه‌دا 8 که له پلانی شه‌شه‌می گه‌شه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی وڵات پێش بینی کراوه و ئه‌مری ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیشه، بگه‌ین، پێویستمان به سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی هه‌یه و ئه‌مه‌ش له دۆخێکی ئارام‌دا مسۆگه‌ر ده‌بێت. پێویستی یه‌که‌م ئه‌وه‌یه که بزانین لایه‌نی به‌رامبه‌ر به نیازه چه دۆخێک دابین بکات و له‌مڕۆدا ویستی ئه‌وه‌ی هه‌یه ڕابردوو دووپات بکرێته‌وه. ئێمه پێویسته له به‌رامبه‌ر ئه‌م بیر و هزره‌دا بوه‌ستینه‌وه و ئه‌وه‌ش پیشان بده‌ین که بارودۆخی ئێران به هۆی ئه‌م گه‌له به‌شه‌ڕه‌فه و ڕێبه‌رایه‌تی حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی، جێی دڵنیایی، ئارام و سه‌قامگیره بۆ سه‌رمایه‌گوزاری. نه‌ڵێین کێ له ئێران‌دا سه‌رمایه‌گوزاری ده‌کات. به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر که‌س به باشی له که‌شی ئارام و سه‌قامگیری ئێران تێبگات ڕوو له سه‌رمایه‌گوزاری له‌م وڵاته‌دا ده‌کات.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به ئاماژه به لێدوانه‌کانی دوناڵد ترامپ وه‌بیری هێنایه‌وه: کاندیدی کۆماریخوازه‌کانی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه که له به‌رچی به ته‌نیا ئێرباس گرێبه‌سته‌کان له گه‌ڵ ئێران واژۆ بکات، ئه‌ی بۆئینگ له کوێیه؟ ده‌بینن ئه‌و که‌سه‌ی که به توندی دژایه‌تی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ده‌کرد، له‌وه نیگه‌رانه که سه‌رمایه‌گوزارانی ئه‌مریکی له‌م گۆڕه‌پانه دواکه‌ون. ئه‌گه‌ر دوژمنانی ئێمه هه‌ست به‌مه ده‌که‌ن، بۆچی له ناوخۆدا حاشای لێده‌که‌ین. ئێمه پێویسته به درووشمی ئه‌مساڵ که به ناوی یه‌کدڵی و یه‌ک گوتاری گه‌ل و حکومه‌ت له لایه‌ن ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامییه‌وه ناو نراوه، وه‌فادار بمێنینه‌وه.
فه‌رانسه له ئاستێکی باڵادا پێشوازی له دوکتۆر ڕۆحانی کرد
زه‌ریف له درێژه‌دا به ئاماژه به سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک ڕۆحانی بۆ فه‌رانسه ڕوونیکرده‌وه: له سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری ئێران بۆ پاریس، حکومه‌تی فه‌رانسه به باشترین شێواز پێشوازی له سه‌رۆک کۆمار و شانده‌که‌ی هاوڕێی کرد و من له ڕاستیدا له‌وه تێناگه‌م که هه‌ندێک له ناوخۆدا ده‌ڵێن سه‌رۆک کۆماری ئێران له لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رانسه‌وه پێشوازی لێکراوه. ئێوه ببینن سه‌رۆک وه‌زیرانی هیندستان و ته‌نانه‌ت پوتین سه‌رۆک کۆماری ڕووسیا له فه‌رانسه چۆن پێشوازییان لێکراوه. ئێمه‌ش پێش پێشوازی فه‌رمی، سه‌رۆک کۆماری خۆمان ده‌نێرین بۆ پێشوازی؟
ناوبراو له درێژه‌دا وتی: چه‌ندین شێواز سه‌ردانمان هه‌یه، حکومی، فه‌رمی و کاری. سه‌ردانی سه‌رۆک کۆماری ئێمه بۆ فه‌رانسه فه‌رمی بوو که له ئاستێکی باڵادا پێشوازی لێ‌کرا و هه‌ندێک هه‌وڵ ده‌ده‌ن سه‌ربڵێندی گه‌ل به سووکایه‌تی ناو ببه‌ن، له کاتێکدا که جیهان ڕێزی له گه‌وره‌یی گه‌ل و وڵاتی ئێمه ناوه. له پێشوازی له سه‌رۆک کۆمار، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌رانسه ئاماده بووه و ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی پێشوازی له وڵاتانی زلهێز بووه.
ئێستا کاتی ئه‌وه نییه سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتن له ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی بدوێین
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران له درێژه‌دا به ئاماژه به هه‌ندێک ڕه‌خنه‌ی ناوخۆیی سه‌باره‌ت به ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی وتی: له ئێستادا کاتی ئه‌وه نییه که پێکه‌وه سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی سه‌رکه‌وتنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی بدوێین، ئه‌م بابه‌ته گوزه‌راوه، دانوستانه‌کان ڕه‌وتێکی ڕێکه‌وتن بوو و له‌م نێوه‌نده‌شدا دان و ساندن هه‌یه. ئێمه له‌و بڕوایه‌داین که له‌م ڕه‌وته‌دا زیان به وڵاتی ئێمه نه‌گه‌یشتووه. ئه‌مڕۆ ئه‌م بابه‌تانه به سه‌ر هاتووه و کاتی که‌ڵک وه‌رگرتن له‌وه‌یه که به ده‌ستمان هێناوه نه‌ک دووپات کردنه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی که داومانه. ئه‌مڕۆ پێویسته ئه‌وه‌ی که به ده‌ستمان هێناوه، له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لدا به‌کاریان بێنین نه‌ک ڕه‌خنه بگرین. به‌و مانایه که له‌وه‌ی به ده‌ستمان هێناوه به باشترین شێواز که‌ڵک وه‌ربگرین.
زه‌ریف له درێژه‌دا وتی: هه‌ندێک پێیان وایه که له ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی له سه‌دا 10ی مسۆگه‌ر بووه. ڕه‌نگه من بڵێم له سه‌دا 80ی مسۆگه‌ر بووه و یه‌کێکی دیکه بڵێت له سه‌دا 95، به‌ڵام پێویسته درێژه به‌م بابه‌تانه نه‌ده‌ین، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌ره‌نجامێکی به‌دواوه نابێت.
هه‌ندێک پێیان وابوو که ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی جێبه‌جێ ناکرێت
وه‌زیری ده‌ره‌وه به ئاماژه به‌وه‌ی که ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی دابین کرد تا گه‌مارۆکانی سه‌ر ئێران هه‌ڵبگیرێن و ئێران بتوانێت سه‌باره‌ت به چالاکی ئاشتیخوازانه‌ی ناوه‌کی له گه‌ڵ وڵاتانی دیکه هاوکاریی هه‌بێت، وتی: ئێمه سه‌لماندمان که له سه‌ر وته‌ی خۆمان ڕاده‌وه‌ستین. که‌سێک پێش بینی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی تا به‌فرانبار جێبه‌جێ بکرێت، به‌ڵام ئێمه له سه‌ر وته‌ی خۆمان ڕاوه‌ستاین. له هه‌ر دوو لایه‌ن هه‌ندێک له‌وه نیگه‌ران بوون که به‌ڵێنه‌کان ببرێته سه‌ر.
زه‌ریف به ئاماژه به‌وه‌ی که ئامانجی گه‌مارۆکان گوشاری زیاتر له سه‌ر خه‌ڵک و که‌لێنی نێوان گه‌ل و حکومه‌ت بووه، وتی: ئه‌مڕۆ له هه‌ل و مهرجێکداین که کار له لایه‌ن خه‌ڵک و دامه‌زراوه ئابورییه‌کانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ئه‌وان پێویسته له که‌شی پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی که‌ڵک وه‌ربگرن و له ڕاستیدا ده‌توانین بڵێین که ده‌سکه‌وته‌کانی ئه‌م ڕێکه‌وتنه له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌ل و پێشکه‌وتنی ئابوری نیشتمانیدایه.
پێویسته بزانین نه‌یارانی ئێمه کێن؟
زه‌ریف له درێژه‌ی لێدوانه‌کانی به ئاماژه به‌وه‌ی که بۆ که‌ڵک وه‌رگرتن له که‌شی پاش ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی پێویستمان به چه‌ند هه‌نگاوی هه‌ماهه‌نگی نیشتمانی هه‌یه، ڕوونیکرده‌وه: له یه‌که‌م هه‌نگاودا پێویسته بزانین نه‌یارانی ئێمه کێن و ئێمه نابێت ئه‌وان به‌هێزتر بکه‌ین و پێویسته ووشیاری خۆمان بپارێزین. وتیشی: ئه‌وه‌ی که وه‌ک به‌ربه‌ستێک له به‌رده‌م هاوکاری له گه‌ڵ ئێران داده‌نرا، که‌شی نیگه‌رانی له کارکردن و هاوکاری له گه‌ڵ وڵاته‌که‌ی ئێمه بوو و دوژمنان زیاتر له هه‌مووان ده‌یانه‌وێت ئه‌م دۆخه بپارێزن و به جیهان ڕابگه‌ێنن که تێچووی کارکردن له گه‌ڵ ئێران له سه‌رۆیه و جێی متمانه نییه. سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کانی کۆنگرێسی ئه‌مریکا له‌م پێناوه‌دا خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت و ئه‌وان ده‌یانه‌وێت به کۆمپانیا و دامه‌زراوه ئابورییه‌کانی جیهان بڵێن که پێویسته له هاوکاری کردنی ئێران نیگه‌ران بن.
ناوبراو وتی: قۆناغی پاش گه‌مارۆکان له گه‌ڵ سه‌رده‌می گه‌مارۆکان جیاوازی هه‌یه و له ئێستادا کاتی ئه‌وه هاتووه له‌م ده‌رفه‌ته که‌ڵک وه‌ربگرین. به دڵنیاییه‌وه ئه‌مه ڕێکه‌وتنێکی دوو لایه‌نه‌یه و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش ده‌یه‌وێت که‌ڵکی لێ وه‌ربگرێت. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت له وڵات‌دا هه‌لی کار دابین بکه‌ین پێویستمان به سه‌رمایه‌گوزاری ده‌ره‌کی ده‌بێت، لایه‌نی به‌رامبه‌ریش دڵنیایی ئه‌وه‌ی ده‌وێت که ئێران وڵاتێکی ئارام و سه‌قامگیره. ئێمه پێویسته له پێناو جێبه‌جێ کردنی ڕێنماییه‌کانی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی هه‌وڵی جیدی بده‌ین.