جام کوردی:
سێی ڕێبه‌ندان (23ی January)، ساڵێک به‌ر له ئێستا و له وه‌ها ڕۆژێکدا سه‌لمان بن عه‌بدولعه‌زیز پاش کۆچی دوایی مه‌لیک عه‌بدووڵا گه‌یشته کورسی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌بستان و به هاتنی، ئه‌م وڵاته تووشی کۆمه‌ڵێک قه‌یرانی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی بووه‌ته‌وه.
ئه‌م یه‌ک ساڵه له کاتێکدا تێپه‌ڕبوو که عه‌ره‌بستان کۆمه‌ڵێک ئه‌زموون و ڕووداوی تاڵ و قه‌یراناویی به‌ڕێ کرد، ڕووداوه‌کانی وه‌ک شه‌ڕی یه‌مه‌ن، ڕووداوه‌که‌ی مه‌شعه‌ری مینا و کوژرانی سه‌دان که‌س له زیاره‌تکارانی خانووی خودا، لاوازبوونی گرووپه چه‌کداره‌کانی لایه‌نگری ڕیاز و به‌هێزبوونی پێگه‌ی حکومه‌تی دیمه‌شق، سه‌رکه‌وتنه دیپلۆماسییه‌کانی تاران و زیاتربوونی ڕۆڵی ناوچه‌یی ئێران و له درێژه‌دا پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌کان له گه‌ڵ ئێران.
به‌ڵام ئه‌مانه‌ش له کاتێکدایه که میدیاکانی نزیک له عه‌ره‌بستان، وێنه‌یه‌کی جیاواز له دۆخی ڕاسته‌قینه‌ی گۆڕانکارییه‌کانی ئه‌م وڵاته بڵاو ده‌که‌نه‌وه. ڕۆژنامه‌ی ئه‌لحه‌یات به بۆنه‌ی یه‌که‌م ساڵۆگه‌ری پاشایه‌تی مه‌لیک سه‌لمان ده‌نووسێت: “یه‌ک ساڵ هێز و ئیراده، شووناسی نوێی سه‌عوودیه‌ی به‌دواوه ده‌بێت”. ڕۆژنامه‌ی الشرق الاوسط وێڕای شرۆڤه‌ی تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی که‌سایه‌تی مه‌لیک سه‌لمان، ناوبراو وه‌ک دامه‌زرێنه‌ری چواره‌م حکومه‌تی سه‌عوودیه پێناسه ده‌کات. هاوشێوه‌ی ئه‌م ڕاگه‌یاندنانه له چاپه‌مه‌نی و میدیاکانی دیکه‌ی وڵاتی عه‌ره‌بستان به زۆری ده‌بینرێت، به‌ڵام ڕاستییه‌که ئه‌وه‌یه که عه‌ره‌بستان له‌م ڕۆژانه‌دا ڕووبه‌ڕووی چه‌ندین کێشه و گرفتی زۆر بووه‌ته‌وه، ئه‌و کێشانه‌ی که داهاتووی ئه‌م وڵاته‌یان به‌ره‌و تارمایی بردووه و ته‌نانه‌ت هه‌ندێک له شرۆڤه‌کاران پێیان وایه به‌رده‌وامی ئه‌م دۆخه به مانای له ده‌سچوونی کۆشک و کورسی ده‌سه‌ڵات بۆ سه‌لمان پاشا ده‌بێت. ئه‌م کێشه و گرفتانه‌ش له دوو به‌شی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی شرۆڤه‌ی بۆ ده‌کرێت.
له به‌شی ده‌ره‌وه‌ی قه‌یرانه‌کانی ڕیاز ده‌توانین ئاماژه به ده‌ستێوه‌ردان و هه‌وڵه بێ ئاکامه‌کانی عه‌ره‌بستان له سوریا، به‌حره‌ین و گرنگتر له هه‌مووش شه‌ڕی یه‌مه‌ن ئاماژه بده‌ین. ته‌نیا پاش دوو مانگ ده‌ستبه‌کاربوونی وه‌ک پاشای عه‌ره‌بستان، سه‌لمان سه‌رکردایه‌تی شه‌ڕی یه‌مه‌نی له ئه‌ستۆ گرت که تا ئێستاش به‌رده‌وامی هه‌یه. ئه‌مه‌ش یه‌که‌م شه‌ڕه که له چه‌ند ده‌یه‌ی ڕابردوو ڕاسته‌وخۆ پێوه‌گلاوه و به چه‌شنێک ده‌ره‌نجامه‌که‌ی بۆ بنه‌ماڵه‌ی پاشایه‌تی ڕۆڵێکی گرنگی هه‌یه. ئه‌م شه‌ڕه به درووشمی “گه‌رده‌لوولی یه‌کلاکه‌ره‌وه” ده‌ستیپێکرد و ده‌نگۆی ئه‌وه له ئه‌رادابوو که ڕیاز ته‌نیا له چه‌ندین ڕۆژدا سه‌رۆک کۆماری هه‌ڵاتووی یه‌مه‌ن بۆ کورسی ده‌سه‌ڵات ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵام له ئێستادا که به‌ره‌و ته‌مه‌نی یه‌ک ساڵه‌ی ئه‌و شه‌ڕه ده‌ڕۆین، ڕیاز له مسۆگه‌ربوونی ئامانجه‌کانی شکستی هێناوه و ئه‌مه‌ش هۆکاری تووڕه‌بوون و شڵه‌ژاوای ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م وڵاته‌یه. سه‌عوودییه‌کان نه‌ک ته‌نیا به ئامانجه‌کانیان له شه‌ڕی یه‌مه‌ن نه‌گه‌یشتوون، که‌چی به هۆی بۆردوومانه‌کانه‌وه و به ئامانج گرتنی که‌سانی سڤیل، له لایه‌ن کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه‌وه ڕه‌خنه‌ی زۆریان ئاراسته کراوه. له‌م ماوه‌دا زیاتر له حه‌وت هه‌زار له دانیشتووانی یه‌مه‌ن کوژراون و سێنزه هه‌زاری دیکه‌ش بریندار کراون و ژێرخانه ئابورییه‌کانی ئه‌و وڵاته به ته‌واوی له ناو براون.
به‌ڵام یه‌کێکی دیکه له نیگه‌رانییه‌کان و سه‌رنه‌که‌وتنه‌کانی عه‌ره‌بستان له بواری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوو، پرسی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی نێوان تاران و کۆمه‌ڵه‌ی وڵاتانی 1+5 بووه. سه‌عوودییه‌کان له هه‌مان ده‌سپێکی دانوستانه‌کانه‌وه به هاوکاری و هاوڕێیه‌تی ڕژێمی ئیسرائیل ئه‌وه‌یان هه‌بوو له پێناو شکستی دانوستانه‌کان به کاریان هێنا به چه‌ندین جار به زمانی هه‌ڕه‌شه سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته لێدوانیان دا. ڕیاز نیگه‌ران بوو که هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان و سیاسه‌تی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێگه‌ی ئه‌م وڵاته له ناوچه‌که‌دا لاواز ده‌کات و ئه‌مه‌ش بۆ ڕیاز که به‌رده‌وام ئێران وه‌ک ڕکابه‌رێکی ناوچه‌یی ده‌زانێت، بابه‌تێکی دڵخۆشکه‌ره‌وه نییه.
عادڵ جوبه‌یر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عه‌ره‌بستان پێشتر به که‌ناڵی سکای نیوزی ڕاگه‌یاندبوو که ئازادبوونی ملیاره‌ها دۆلار داهاتی بلۆک کراوی ئێران، پێویسته بۆ هه‌ر وڵاتێک مایه‌ی نیگه‌رانی بێت.
ته‌نانه‌ت زۆربه‌ی شاره‌زایان له‌و بڕوایه‌دان که هۆکاری سه‌ره‌کی پچڕاندنی په‌یوه‌ندییه‌کانی ڕیاز له گه‌ڵ تاران له بنه‌ڕه‌تدا بۆ تووڕه‌بوونی ئه‌م وڵاته له به‌هێزبوونی پێگه‌ی ئێران له ناوچه‌که ده‌گه‌ڕێته‌وه. گۆڕانکارییه‌کانی سوریا له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوو، ئه‌وه‌نده له گه‌ڵ سیاسه‌ته‌کانی ریاز له ناوچه‌که‌دا ته‌با نه‌بووه. سه‌عوودییه‌کان له قه‌یرانی سوریا به ئاشکرا هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه به پاڵپشتی له گرووپه چه‌کداره‌کان، به‌ستێنی ڕووخانی حکومه‌تی دیمه‌شق دابین بکه‌ن، ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که ئاراسته‌ی گۆڕانکارییه‌کان له‌م یه‌ک ساڵه‌دا له به‌رژه‌وه‌ندی به‌شار ئه‌سه‌د بووه. ده‌ستێوه‌ردانی سه‌ربازی ڕووسیا و هێرش کردنه سه‌ر مۆڵگه‌ی تیرۆریستان و سه‌رکه‌وتنه‌کانی سوپای سوریا و عێراق له به‌ره‌ی شه‌ڕی دژ به گرووپه تیرۆریستییه‌کان به تایبه‌ت داعش زیاتر له هه‌ر کاتێکی دیکه له ماوه‌ی ته‌مه‌نی چه‌ندین ساڵه‌ی قه‌یرانی سوریا، پێگه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی پاراستووه. کوژرانی زه‌هران عه‌لووش سه‌رکرده‌ی گرووپی جه‌یشی ئیسلام له سوریا که ده‌وترێت نزیکترین گرووپی سه‌ر به ڕیازه، یه‌ک له‌و ڕووداوانه‌یه که ده‌توانین دژ به به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی سه‌عوودییه‌کان پێناسه‌ی بکه‌ین.
ئه‌م ڕۆژانه ئه‌گه‌رچی ڕه‌وتی دانوستانه‌کانی تایبه‌ت به ئاشتی له سوریا ده‌ستیپێکردووه، به‌ڵام ده‌وترێت که سه‌عوودییه‌کان چه‌ندان خوازیاری ئه‌م ڕه‌وته نین، له به‌ر ئه‌وه‌ی که سه‌ره‌کیترین ئامانجی ئه‌وان، واته لادانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات وه‌ک پێش مه‌رجی دانوستانه‌کان له به‌رچاو نه‌گیراوه.
سه‌رجه‌م کێشه و گرفته‌کانی عه‌ره‌بستان به‌م خاڵانه‌ی که ئاماژه‌ی پێدراوه، ته‌واو نابێت. له بواری ناوخۆییش مه‌لیک سه‌لمان ساڵێکی پڕ کێشه و به‌ره‌ی به‌ڕێ کرد. زیاتربوونی ئاڵۆزی و ململانێی نێوان شازاده‌کانی سه‌عوودی له پێناو گه‌یشتنیان به جومگه‌کانی ده‌سه‌ڵات له هه‌مان پاشه‌ڕۆژی مردنی عه‌بدووڵا و به ده‌سه‌ڵات گه‌یشتنی مه‌لیک سه‌لمان ڕوون و ئاشکرا بووه‌وه، له‌و کاته‌وه که مقڕه‌ن بن عه‌بدولعه‌زیز، بچووکترین کوڕی مه‌لیک عه‌بدولعه‌زیز، له پۆسته‌که‌ی وه‌ک جێگری پاشا دوور خرایه‌وه و محه‌ممه‌د بن نایف بوو به جێگره‌وه‌ی و محه‌ممه‌د بن سه‌لمان کوڕه گه‌نجه‌که‌ی پاشاش وه‌ک ڕاوێژکار و جێگری محه‌ممه‌د بن نایف ده‌ستنیشان کرا، ئه‌م هه‌نگاوه‌ی سه‌لمان به چه‌شنێک له پێناو لادانی نزیکانی مه‌لیک عه‌بدووڵا له ده‌سه‌ڵات خوێندنه‌وه‌ی بۆ ده‌کرێت. ده‌وترێت له ئێستادا کێبه‌ڕکێی توند له نێوان محه‌ممه‌د بن نایف و محه‌ممه‌د بن سه‌لمان له ئارادایه. به پێی ئه‌م گۆڕانکارییانه، پاشا له گواستنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات له جیلی یه‌که‌م بۆ دووه‌م، هه‌وڵی داوه تا پێگه‌ی محه‌ممه‌د بن سه‌لمان بۆ داهاتوودا ده‌سته‌به‌ر بکات. پێویسته ئه‌وه‌ش بوترێت که محه‌ممه‌د بن نایف کوڕی نییه و محه‌ممه‌د بن سه‌لمانی ته‌مه‌ن سی ساڵه، خاوه‌نی دوو کوڕه.
له کێشه ناوخۆییه‌کانی دیکه‌ی عه‌ره‌بستان له یه‌ک ساڵی ڕابردوو ده‌توانین ئاماژه به کورتهێنانی بودجه‌ی که‌م وێنه له‌م وڵاته‌دا بده‌ین. ماوه‌ی یه‌ک مانگی ڕابردوو، کورتهێنانی بودجه‌ی 80 ملیار دۆلاری عه‌ره‌بستان ئاشکرا کرا. ڕۆژنامه‌ی ئیندیپیندنت پێشتر ڕایگه‌یاندبوو که عه‌ره‌بستان ملیاره‌ها دۆلار له پاشه‌که‌وته داراییه‌کانی له پێناو دابه‌زینی نرخی نه‌وت به کار دێنێت و هاوکات به‌مه‌ش پێداویستییه‌کانی شه‌ڕی سوریا و یه‌مه‌ن دابین ده‌کات.
له لێکدانه‌وه‌ی کارکۆی یه‌ک ساڵه‌ی پاشایه‌تی مه‌لیک سه‌لمان پێویسته ڕووداوه خوێناوییه‌که‌ی مه‌شعه‌ری مینا وه‌بیربێنینه‌وه که زیاتر له دوو هه‌زار که‌سی تێدا بووه قوربانی. هه‌رچه‌نده عه‌ره‌بستان هه‌وڵی خۆدزینه‌وه له به‌رامبه‌ر ئه‌م ڕووداوه ده‌دات به‌ڵام جیهانی ئیسلام به باشی له هۆکاری سه‌ره‌کی تێده‌گات و که‌مته‌رخه‌می ڕیاز و نابه‌رپرسایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی سه‌عوودیه گرنگترین هۆکاری ئه‌م ڕووداوه دڵته‌زێنه بووه. به‌ده‌ر له‌مانه‌ش، عه‌ره‌بستان له کاتێکدا یه‌که‌م ساڵی پاشایه‌تی سه‌لمان به‌ڕێده‌کات که بارودۆخی مافی مرۆڤ له‌م وڵاته‌دا یه‌ک له‌و پرسانه بووه که جێی ڕه‌خنه و سرنجی وڵاتانی جیهان و ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌کان بووه. به پێی ئاماره‌کان، عه‌ره‌بستان له ماوه‌ی یه‌ک ساڵی ڕابردوو زیاتر له 200 که‌سی له سێداره داوه و له 20 ساڵی ڕابردووش به ژماره‌یه‌کی هه‌ره زۆر داده‌نرێت. ڕێکخراوی لێبوردنی نێوده‌وڵه‌تی به توندی ڕه‌خنه‌ی له عه‌ره‌بستان گرتووه. له‌م پێناوه‌دا له سێداره‌دانی شێخ نه‌مر که‌سایه‌تی ناسراوی شێعه و به‌رهه‌ڵستکاری ده‌سه‌ڵاتی پاشایه‌تی له‌و ڕووداوانه بووه که له ئاستی جیهانیدا به توندترین شێواز ئیدانه کراوه.
به‌دواداچوون بۆ کارکۆی یه‌ک ساڵه‌ی سه‌لمان پاشا پیشان ده‌دات ناوبراو و گرووپی هاوڕێی، عه‌ره‌بستان به‌ره‌و ڕێگایه‌کی قه‌یراناوی ده‌به‌ن. ئه‌وه‌ی که جێی نیگه‌رانی ڕیازه، ئه‌وه‌یه که به چاویاندا هه‌ڵنایه‌ت که پێشکه‌وتنه‌کانی تاران له قۆناغی پاش گه‌مارۆکان به چاو ببینن. ئه‌وان به کرده‌وه‌ی وه‌ک له سێداره‌دانی ئایه‌تووڵا نه‌مر هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن که به‌نزین به سه‌ر ئاگری شه‌ڕ و ڕووداوه‌کانی ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بکه‌ن تا له‌م ڕێگاشه‌وه ئێران به‌ره‌و ڕێڕه‌وی ئاڵۆزییه‌کان ببه‌ن. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که سیاسه‌تی بنه‌ڕه‌تی و نه‌گۆڕی کۆماری ئیسلامی ئێران سه‌رجه‌م پیلانه‌کانی ڕیازی پووچه‌ڵ کردووه‌ته‌وه. به‌و شرۆڤه‌یه‌ی که سه‌باره‌ت به یه‌ک ساڵ ته‌مه‌نی پاشایه‌تی مه‌لیک سه‌لمان ووترا، پێویسته جه‌خت له‌وه بکه‌ینه‌وه که سیاسه‌ته‌کانی عه‌ره‌بستان له ئاستی ناوخۆیی و ده‌ره‌کی جیاوازی زۆری له گه‌ڵ سه‌رده‌می مه‌لیک عه‌بدووڵا هه‌یه. عه‌ره‌بستان له سه‌رده‌می مه‌لیک سه‌لمان هه‌وڵی تێوه‌گلانی له قه‌یرانه‌کان داوه و ئه‌مه‌ش به ڕوونی له سه‌ر ئاستی ناوچه‌که ده‌بینرێت. ڕه‌نگه به‌م هۆیه‌شه‌وه بێت که هه‌ندێک له شرۆڤه‌کاران، ئه‌م پرسیاره‌یان ئاراسته کردووه که ئایا مه‌لیک سه‌لمان، بنه‌ماڵه‌ی ئالی سه‌عوود به‌ره‌و سنوری ڕووخان ده‌بات و به‌م هه‌نگاوانه که هه‌رده‌م به‌ره‌و خوڵقاندنی قه‌یرانه‌کان ده‌ڕوات، ئایا مه‌لیک سه‌لمان دوایین پاشای سه‌عوودی ده‌بێت.
پێده‌چێت به‌رده‌وامی سیاسه‌ته‌کانی عه‌ره‌بستان، چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م کێشانه نابێت و ته‌نیا ڕێگای ده‌ربازبوونیش له‌م قه‌یرانانه، وه‌رگرتنی ڕاستییه‌کانه، ئه‌و ڕاستییانه‌ی که ڕه‌نگه بۆ ڕیاز تاڵ بن، به‌ڵام پێویسته له به‌رچاویان بگرێت.
ئیدریس سلێمانی