جام کوردی:
که‌شی ئاڵۆزی سیاسی هه‌رێمی کوردستان به کۆتایی هاتنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتژیکی دوو پارتی سه‌ره‌کی، ئاڵۆزتر له پێش ده‌بێت. یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان که کۆتایی به ڕێکه‌وتنی ده ساڵه‌ی له گه‌ڵ پارتی دیمۆکراتی کوردستان هێناوه، داوای گۆڕانکاریی له پێکهاته‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کردووه. یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به سه‌رکردایه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان به سه‌رکردایه‌تی مه‌سعود بارزانی له ساڵی 2005 ڕێکه‌وتنێکی ستراتژیکیان به ئامانجی دابه‌شکردنی پۆسته‌کان له نێوان خۆیان و کۆتایی هێنان به ناکۆکی و ململانێکانی نێوانیان واژۆ کرد که به بناغه‌ی فیدراڵیزم له‌م ناوچه‌یه داده‌نرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش له چه‌ند مانگی ڕابردوو سه‌باره‌ت به ویلایه‌تی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان ناکۆکییه‌کان له نێوان ئه‌م دوو پارته‌دا ڕووی له زیادبوون کرد و ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانێکی سیاسی له‌م ناوچه هه‌ستیاره‌دا. پاش سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌م قه‌یرانه‌ش، مه‌سعود بارزانی له حه‌وته‌کانی ڕابردوو به چه‌ندین جار لێدوانی له سه‌ر پێویستی سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه‌ی له عێراق داوه و داوای به‌ڕێوه‌چوونی ڕاپرسیی کردووه، به‌ڵام دابه‌زینی نرخی نه‌وت وه‌ک سه‌ره‌کیترین سه‌رچاوه‌ی دارایی هه‌رێم و هه‌روه‌ها داهاتووی نادیاری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش وای کردووه که چه‌ندان گرنگی به‌م لێدوانانه نه‌درێت. بارزانی له کاتێکدا داوای کردبوو ” کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له گه‌ڵ یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بۆ تاوتوێ کردنی ئه‌م پێشنیارانه به‌ڕێوه ببرێت ” ڕاگه‌ێندرا که پارتی دیمۆکراتی کوردستان به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی پارله‌مانی کوردستانی بۆ تاوتوێی ئه‌م بابه‌ته تا گۆڕینی سه‌رۆکی پارله‌مان دوا خستووه. پاش ئه‌مه‌ش نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان کۆتایی به چالاکی وه‌زیرانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هێنا. له ئێستاش به دواوه ڕێکه‌وتننامه‌ی ستراتژیک له نێوان دوو پارتی سه‌ره‌کی هه‌رێم کۆتایی هاتووه و پێویسته له چاوه‌ڕوانی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزی زیاتر له ئارامترین ناوچه‌ی عێراق بین. له‌و نه‌خشه ڕێگایه‌ی که یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ڕاده‌ستی پارتی دیمۆکراتی کوردستانی کردووه، یه‌کێتی داوای گۆڕانکاری بنه‌ڕه‌تی له پێکهاته‌ی حکومه‌ت و دابین کردنی ڕێ و شوێنی پێویستی بۆ چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌ی سه‌رۆکی پارله‌مانی کردووه و هه‌روه‌ها داوای ئه‌وه‌شی له پارته‌که‌ی بارزانی کردووه تا سه‌باره‌ت به پرسی بودجه و نه‌وت به شه‌فافییه‌ته‌وه هه‌ڵسووکه‌وت بکات. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه‌ش یه‌که‌م جار نییه که نه‌خشه ڕێگای وه‌ها له نێوان سه‌رکرده‌کانی کورد گه‌ڵاڵه ده‌کرێت. شاندی سیاسی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌م دواییانه چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ی له گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و پارتی دیمۆکراتی کوردستان له سلێمانی و هه‌ولێر له پێناو چاره‌سه‌ربوونی کێشه‌کانی هه‌رێم به‌ڕێوه‌بردووه و دوو نه‌خشه ڕێگای به‌وان پێشنیار کردووه. هاوکات له گه‌ڵ ئه‌م کێشانه، قه‌رزی 18 ملیار دۆلاری حکومه‌ت له‌و هۆکارانه‌یه که ده‌توانێت ئاگری ئاڵۆزییه‌کانی ئه‌م ناوچه‌یه به‌هێزتر بکات، ئه‌مه‌ش خاڵێکه که وته‌بێژی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئاماژه‌ی پێداوه. شۆڕش حاجی به توندی ڕه‌خنه‌ی له سیاسه‌ته‌کانی پارتی دیمۆکراتی کوردستان به سه‌رکردایه‌تی مه‌سعود بارزانی گرت و وتی: ” له ئێستادا پارله‌مانی کوردستان وه‌ک تاکه مه‌رجه‌عی یاسادانان له هه‌رێمی کوردستان له لایه‌ن پارتی دیمۆکراتی کوردستانه‌وه ئیفلیج کراوه “. هه‌روه‌ها پێویسته بوترێت پۆستی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان له بۆشاییه‌کی سیاسیدایه و دیاری کردنی چاره‌نووسی ئه‌م پۆسته بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌زموونی هه‌رێمی کوردستان ڕواڵه‌تێکی نه‌رێنی لای ڕای گشتی به‌خۆوه بگرێت. له وه‌ها هه‌ل و مه‌رجێکدا دۆخی ئابوری و دارایی هه‌رێم به قۆناغێکی ناله‌باردا تێپه‌ڕ ده‌بێت و چه‌ندین مانگ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی حکومه‌ت دوا که‌وتووه و بواری کسم و کار تووشی وه‌ساتنێکی که‌م وێنه بووه‌ته‌وه. به پێی ئاماره‌کان، کۆی گشتی داهاتی نه‌وتی هه‌رێم له 18 مانگی ڕابردوو 16 ملیار دۆلار بووه، له کاتێکدا که ته‌نیا 13 ملیار دۆلار وه‌ک مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان کراوه و له‌م بواره‌دا هه‌ر دوو پارتی سه‌ره‌کی یه‌کدی به گه‌نده‌ڵی دارایی تۆمه‌تبار ده‌که‌ن.
نووسه‌ر: ئاره‌ش فه‌ره‌حزاد
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی فه‌رهیخته‌گان، ژماره 1862 به‌رواری 1 ی ڕێبه‌ندانی 1394
وه‌رگێڕان: جام کوردی