جام کوردی:
کۆبوونه‌وه‌ی حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له گه‌ڵ چالاکوانانی ئابوری پاش که‌مێک له دوای جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوون ده‌کاته‌وه که له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌دا گۆڕانکاری له که‌رتی ئابوری و هه‌نگاونان به‌ره‌و گه‌شه و ئاوه‌دانی وڵات له ڕیزی ئه‌وله‌ویاتی کابینه‌ی چاره‌سه‌ر و هیوادایه، به‌ڵام مسۆگه‌ربوونی ئه‌م ئامانجه پێویستی به چی ده‌بێت؟
به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی یه‌ک شه‌ممه‌ی ڕابردوو پاش بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ناوه‌کی سه‌باره‌ت به پابه‌ندی ئێران به به‌ڵێنه‌کانی، ڕاگه‌ێندراوی هاوبه‌شی هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان له ڤییه‌نا بڵاوکرایه‌وه و به پێی بڕگه‌کانی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی، گه‌مارۆکانی تایبه‌ت به دۆسیه‌ی ناوه‌کی هه‌ڵگیران.
به پێی ئه‌م ڕاگه‌ێندراوه، له‌م قۆناغه نوێیه‌دا یه‌کێتی ئه‌ورووپا و وڵاتانی 1+5 که له چین، فه‌رانسه، ئه‌ڵمانیا، ڕووسیا، به‌ریتانیا و ئه‌مریکا له گه‌ڵ ئێران له بواری وزه‌ی ناوه‌کی ئاشتیخوازانه‌دا و له چوارچێوه‌ی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی پێکه‌وه هاوکاری ده‌که‌ن و گه‌مارۆکانی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان تایبه‌ت به دۆسیه‌ی ناوه‌کی هه‌ڵگیران.
هاوکات له گه‌ڵ جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی، سوییفت یان هه‌مان کۆمه‌ڵه‌ی جیهانی په‌یوه‌ندییه‌کانی دارایی نێوان بانکه‌کان له بڵاوکراوه‌یه‌کدا ڕایگه‌یاند که سه‌رجه‌م بانکه‌کانی ئێران له ڕیزی گه‌مارۆی یه‌کێتی ئه‌ورووپا ده‌رهێنراون و ده‌توانن له هه‌ل و مه‌رجێکی ئاسایی‌دا، سه‌ر له نوێ به سوییفت ببه‌سرێنه‌وه و له خزمه‌تگوزارییه داراییه‌کانی ئه‌م کۆمپانیایه که‌ڵک وه‌ربگرن. هه‌ر چه‌نده هه‌ندێک له ناوخۆی وڵات به نیازن به ڕه‌شبینی له‌م ده‌سکه‌وته به‌نرخه‌ی کابینه‌ی یانزه‌یه‌م بڕوانن، به‌ڵام له ڕاستیدا به هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان، درگایه‌کی نوێی ده‌رفه‌ته‌کان به ڕووی ئێران‌دا کراوه‌ته‌وه و له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوو که ئه‌گه‌ری هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان به‌هێزتر ده‌بوو، وه‌فدی بازرگانی و سه‌رمایه‌گوزاری بیانی زۆربه‌ی وڵاتانی جیهان سه‌ردانی تارانیان کرد تا لێکدانه‌وه‌یان بۆ هه‌ل و مه‌رجی نوێی ئابوری ئێران هه‌بێت. له‌مه‌ش به‌دوا، وه‌به‌رهێنانی ئێران به بێ هیچ کێشه و گرفتێک ده‌توانن بگه‌نه بازاڕه‌کانی جیهان و په‌یوه‌ندییه ئابوری و بازرگانییه‌کانی ئێران به چه‌ند وڵاتێکه‌وه سنوردار نابێت. سه‌رجه‌م ئه‌م خاڵانه‌ش، مزگێنی گه‌شه‌ی ئابوری و به‌رزبوونه‌وه‌ی جموجوڵی بازرگانی له داهاتوویه‌کی نزیکدا ده‌بێت.
له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ندێک له شاره‌زایانی ئابوری پێیان وایه که ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی گۆچانه‌که‌ی مو‌سا نییه و به‌و مانایه ده‌بێت که ئابوری ئێران به هه‌ل و مه‌رجێکی ئاسایی‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت و نابێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌مان هه‌بێت که له کورت ماوه‌دا ئابوری ئێمه تووشی گۆڕانکاری ببێت. هه‌ر چه‌نده هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان هه‌ل و مه‌رجی گه‌شه‌ی ئابوری دابین ده‌کات، به‌ڵام پێویستی به پێداچوونه‌وه به هه‌ندێک یاسا ده‌بێت که له ماوه‌ی داهاتوودا ڕه‌چاو بکرێت، ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که دابه‌زینی که‌م وێنه‌ی نرخی نه‌وت، پێدانی یارانه‌کان به حه‌شیمه‌تێکی 70 ملیۆن که‌سی، قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت و هه‌بوونی سێ هه‌زار پرۆژه‌ی ته‌واونه‌کراوی که‌رتی ئاوه‌دانکردنه‌وه، به‌ربه‌ستی جیدین له به‌رده‌م گه‌شه‌ی ئابوری ئێران.
پێویستی چاکسازی و پێداچوونه‌وه له یاساکان:
له کاتێکدا که هه‌ل و مه‌رجی گونجاو بۆ به‌شداری که‌رتی تایبه‌ت و به‌رزبوونه‌وه‌ی پشکی ناحکومییه‌کان له بازاڕ و ئابوری ئێران‌دا ئاماده کراوه، سه‌رمایه‌گوزاران ئه‌مجاره ڕووبه‌ڕووی به‌ربه‌ستێکی دیکه‌ن به ناوی یاسا و ڕێساکانی تایبه‌ت به که‌رتی ئابوری. هه‌رچه‌نده له ته‌مه‌نی که‌متر له سێ ساڵی کابینه‌ی یانزه‌یه‌م و له ڕه‌وتی داڕشتنی بودجه‌ی ساڵی ڕابردوو هه‌وڵی ئه‌وه درا هه‌ندێک له یاسایانه پێداچوونه‌وه‌یان به سه‌ردا بکرێت، به‌ڵام سه‌باره‌ت به ئاسانکاری سه‌رمایه‌گوزاری که‌رتی تایبه‌ت پێویستی به پێداچوونه‌وه‌ی به‌په‌له هه‌یه. له لایه‌کی دیکه و له کاتێکدا که حکومه‌ت ڕووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی دارایی زۆر بووه‌ته‌وه، گرنگترین سه‌رچاوه‌ی دابین کردنی دارایی بۆ جێبه‌جێ کردنی پرۆژه‌کانی ئاوه‌دان کردنه‌وه، که‌ڵک وه‌رگرتنه له هێڵی دابین کردنی دارایی ده‌ره‌کی یان هه‌مان فاینانس و ڕاکێشانی سه‌رمایه‌کانی ده‌ره‌وه که له‌م بواره‌شدا یاساکان وه‌ک به‌ربه‌ستێک ده‌بینرێن، هه‌ر بۆیه پێش له هه‌ر هه‌نگاوێک و دانوستان و وتووێژ له گه‌ڵ سه‌رمایه‌گوزارانی ده‌ره‌کی، گرنگترین پلانی حکومه‌ت پێویسته هه‌وڵدان به‌ره‌و پێداچوونه‌وه له یاساکان بێت و داڕشتنی پرۆژه یاسای بودجه‌ی ساڵی 1395ی کۆچی هه‌تاوی و پلانی شه‌شه‌می گه‌شه‌ی وڵات، باشترین ده‌رفه‌ته بۆ مسۆگه‌ربوونی ئه‌م ئامانجه.
به‌رده‌وامی سیاسه‌تی پێدانی یارانه‌کان و بێ پاره‌یی حکومه‌ت:
له‌م قۆناغه‌دا که داهاتی ساڵانه‌ی فرۆشتنی نه‌وت له 120 ملیار دۆلاری کابینه‌ی پێشوو، گه‌یشتووه‌ته که‌متر له 30 ملیار دۆلار، حکومه‌ت به‌رده‌وام خۆی پابه‌ندی پێدانی یارانه‌کان ده‌زانێت که به گشتی له ساڵێکدا 45 تا 50 هه‌زار ملیار تمه‌ن ده‌بێت. ئێستا له هه‌ل و مه‌رجێکدا که به هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان ده‌توانین ئاستی وه‌به‌رهێنان به‌رزتر بکه‌ینه‌وه و وه‌ک ڕکابه‌رێک له بازاڕه جیهانییه‌کان ناومان هه‌بێت، به‌شێکی هه‌ره زۆری داهاتی حکومه‌ت له پێدانی یارانه‌کان به کار ده‌هێندرێت. ئه‌ڵبه‌ت بڕیاره له ساڵی داهاتوو ئه‌م ڕه‌وته سنوردار بکرێت و پرسی پچڕانی یارانه‌ی سێ ملیۆن که‌س له دانیشتووانی ئێران له ئارادایه. بودجه‌ی ئازادکراوی ئه‌مه‌ش ساڵانه یه‌ک هه‌زار و 638 ملیار تمه‌ن ده‌بێت.
کێشه‌یه‌ک به ناوی قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت:
له‌و بابه‌تانه‌ی که له هه‌ل و مه‌رجی نوێ‌دا گه‌شه‌ی ئابوری و ئاوه‌دانی وڵات سنوردار ده‌کات، پرسی قه‌رزه‌کانی حکومه‌ته. له کاتێکدا که کابینه‌ی پێشوو 800 ملیار دۆلار داهاتی نه‌وت و 150 هه‌زار ملیار تمه‌ن داهاتی دیکه‌ی ناوخۆیی هه‌بووه، به‌ڵام حکومه‌تی به قه‌رزێکی 550 هه‌زار ملیار تمه‌نی ڕاده‌ستی سه‌رۆک ڕۆحانی کرد. به وته‌ی عه‌لی ته‌یب نیا وه‌زیری کاروباری ئابوری و دارایی له ئێستادا و به پێی خه‌مڵاندنه سه‌ره‌تاییه‌کان کۆی گشتی قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت ده‌گاته 380 هه‌زار ملیار تمه‌ن و له‌م ڕێژه‌یه‌ش 196 هه‌زار ملیار تمه‌ن قه‌رزی حکومه‌ت و زیاتر له 180 هه‌زار ملیار تمه‌نی دیکه‌ش په‌یوه‌ندی به کۆمپانیا حکومییه‌کانه‌وه هه‌یه. ئه‌گه‌ر قه‌رزه‌کانی کۆمپانیای نیشتمانی نه‌وت به‌م ڕێژه‌یه‌ش زیاد بکرێت، ئه‌وا ڕیژه‌ی قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت له ڕاستییه‌وه نزیکتر ده‌بێت.
له کاتێکدا که به هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان هێزی حکومه‌ت بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له پرۆژه ستراتیژییه‌کان زیاتر ده‌بێت، به‌ڵام به‌شێکی زۆری ئه‌م هێزه داراییه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی قه‌رزه‌کانی کابینه‌ی پێشووه. هاوپه‌یوه‌ند له گه‌ڵ ئه‌مه‌ش، کابینه‌ی یانزه‌یه‌م له‌وه‌دا سه‌رکه‌وتوو بووه که به‌شێک له قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت بداته‌وه و به پێی ڕاپۆرتی فه‌رمی وه‌زاره‌تی ڕێگا و شارسازی تا کۆتایی ئه‌مساڵی کۆچی هه‌تاوی، قه‌رزی 5 هه‌زار ملیار تمه‌نی به به‌ڵێنده‌ران له ڕێگای بڵاوکردنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌کانی خه‌زێنه‌ی ئیسلامی ده‌درێته‌وه.
بودجه‌یه‌ک که بۆ پرۆژه ته‌واونه‌کراوه‌کان ته‌رخان ده‌کرێت:
به‌ده‌ر له پێدانی یارانه‌کان به دانیشتووانی ئێران و قه‌رزی 550 هه‌زار ملیار تمه‌نی حکومه‌ت که ئاسه‌واری کابینه‌ی پێشووه، له 8 ساڵ ته‌مه‌نی کابینه‌ی نۆیه‌م و ده‌یه‌م، سێ هه‌زار پرۆژه‌ی نیوه ته‌واوی ئاوه‌دانکردنه‌وه به پێشکه‌وتنی سفر تا له سه‌دا 90 وه‌ک میراتییه‌ک ماوه‌ته‌وه. هه‌رچه‌نده کابینه‌ی یانزه‌یه‌م ڕێگایه‌کی یاسایی بۆ ڕاده‌ستکردنی ئه‌و پرۆژانه‌ی به که‌رتی تایبه‌ت باز کردووه، به‌ڵام ئه‌م پرۆژانه به زۆرینه دوورن له تایبه‌تمه‌ندی ئابوری و له کاتی سه‌ردانی کابینه‌ی پێشوو بۆ پارێزگاکان و به ته‌نیا بۆ ڕه‌زامه‌ندی خه‌ڵک ڕاگه‌ێندراون. ئه‌مه‌ش له کاتێکدایه که هه‌بوونی ئه‌م کۆمه‌ڵه پرۆژه‌یه تێچووی زۆری بۆ حکومه‌ت ده‌بێت، که‌رتی تایبه‌تیش خوازیاری به‌شداری کردن له‌م پرۆژانه‌دا نییه. له لایه‌کی دیکه‌وه بودجه‌ی 45 هه‌زار ملیار تمه‌نی که‌رتی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی ئه‌مساڵ هێشتا به ته‌واوی سه‌رف نه‌کراوه.
ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی موعجیزه‌ی پێ نییه:
له ڕاستیدا به هۆی ئه‌و قه‌یرانانه‌ی که به‌رۆکی ئابوری ئێرانی گرتووه‌ته‌وه و کاریگه‌رییه‌کانی له سه‌ر بازاڕ، هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆکان ناتوانێت له کورت ماوه‌دا ببێته هۆی هه‌ڵکشانی ئاماره‌کانی تایبه‌ت به ئابوری. هاوکات له گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو کێشه‌یه‌ی که ئابوری ئێران پێوه ده‌ناڵێت، دابه‌زینی نرخی جیهانی نه‌وت بووه‌ته هۆی قووڵتربوونی قه‌یرانه‌کان. هه‌رچه‌نده که به جێبه‌جێ کردنی ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی 150 ملیار دۆلار له داهاته بلۆک کراوه‌کانی ئێران قۆناغ به قۆناغ ئازاد ده‌کرێن و ئه‌مه‌ش ده‌توانێت له چاکسازی پێکهاته‌ی ئابوری کاریگه‌ری هه‌بێت، به‌ڵام خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه که ئابوری ئێران ده‌بێت ئه‌م هه‌ل و مه‌رجه به سه‌رکه‌وتوویی به‌ڕێوه ببات. که‌مبوونه‌وه‌ی داهاته‌کان، پێدانی یارانه‌کان به خه‌ڵک، قه‌رزه‌کانی حکومه‌ت، که‌رتی تایبه‌تی لاواز و ئه‌و هه‌موو پرۆژه ته‌واونه‌کراوه وای کردووه که بڵێین ڕێکه‌وتننامه‌ی ناوه‌کی ناتوانێت به یه‌کجاری خه‌ونه ئابورییه‌کانمان به‌دی بێنێت و پێویستمان به دیپلۆماسیه‌تی ئابوری له ئاستی ده‌ره‌وه و به‌ڕێوه‌بردنی شیاو له ئاستی ناوخۆیی هه‌یه.
ئیدریس سلێمانی