جام کوردی:
به وته‌ی به‌رپرسێکی ئاگادار له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا، فرانک واڵتر شتاین مایر له به‌رواری 13ی ڕێبه‌ندانی داهاتوو سه‌ردانی تاران ده‌کات و ئامانجی سه‌ردانه‌که‌شی دابین کردنی که‌شێکی له‌باره بۆ وتووێژی نێوان ئێران و عه‌ره‌بستان.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئه‌و به‌رپرسه به په‌یامنێری هه‌واڵده‌ری ئێرنای له به‌رلین ڕاگه‌یاندووه که وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا هه‌ماهه‌نگی پێویستی بۆ ئه‌و سه‌ردانه له گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌کانی ئێران ئه‌نجام داوه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا ته‌نیا ڕۆژێک پاش سه‌ردانه‌که‌ی بۆ تاران به بیانووی به‌شداری له مێهره‌جانی کلتوری ئهلجنادریه سه‌ردانی عه‌ره‌بستان ده‌کات و سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و ڕیاز له گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته کۆده‌بێته‌وه.
له‌م مانگه‌دا فرانک واڵتر شتاین مایر له په‌یوه‌ندی تهلهفوونی له گه‌ڵ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ئێران و عه‌ره‌بستان وێڕای جه‌خت کردنه‌وه له هێور کردنه‌وه‌ی دۆخی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوانیان، داوای ئه‌وه‌ی کردووه که هه‌وڵه‌کانیان له پێناو به ئاکام گه‌یشتنی دانوستانه‌کانی تایبه‌ت به ئاشتی له سوریا بخه‌نه‌گه‌ڕ.
ڕۆژنامه‌ی زود دۆیچه تسایتۆنگ له نوێترین ژماره‌ی خۆیدا ڕایگه‌یاندووه: شتاین مایر له چوارچێوه‌ی سیاسه‌ته‌کانی سه‌باره‌ت به هێور کردنه‌وه‌ی دۆخی ئاڵۆزی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران و ڕیاز هه‌وڵ ده‌دات ده‌نگۆی لایه‌نگری ئه‌ڵمانیا له عه‌ره‌بستان به درۆ بخاته‌وه و هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش سه‌ردانی تاران ده‌کات.
له ئێستادا ئه‌ڵمانیا سه‌رجه‌م هه‌وڵه دیپلۆماسییه‌کانی به کار ده‌هێنێت که دانوستانه‌کانی تایبه‌ت به قه‌یرانی سوریا ده‌ره‌نجامێکی وه‌های لێبکه‌وێته‌وه که ببێته ڕێگر له هاتنی شه‌پۆلێکی دیکه‌ی په‌نابه‌ران بۆ ئه‌و وڵاته.