جام کوردی:
عێراق ساڵێكی پڕ لەنەهامەتی تێپەڕاند، بەڵام لەناو هەموو روداوەكاندا چەند كەسایەتییەك وەك كاریگەرترین كەسایەتییەكانی ساڵ دەركەوتن.كامانە بوون دیارترینو كاریگەرییەكانی ساڵ؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە كە سەرنووسەرانو پەیامنێرە دیارەكانی نیقاش وەڵامیان دایەوە، لەناو هەموو كەساییەتییە جۆربەجۆرەكاندا چەند كەسێك هەبوون كە زیاتر بوونە جێی سەرنجو كاریگەرییان خوڵقاند، بۆ نموونە عەلی سیستانی كە جاران خۆی دەبوارد لەدەستوەردان لەكاروباری سیاسییەوە، ئەمساڵ بەڕوونی هەڵوێستەكانی دیاربوون، لەهەرێمی كوردستانیش بەهۆی كۆتایی هاتنی ماوەی سەرۆكایەتی مەسعود بارزانییەوە قەیرانێكی قوڵی سیاسی هاتە ئاراوەو گومانی گەورەش كەوتە سەر ئەزموونی دیموكراسی هەرێم.
رووداوەكانی ساڵی رابردوو تێناپەڕن بەبێ ئەوەی ناوی ئەبوبەكر بەغدادی خەلیفەی داعش نەیەتە ناو ناوانەوە، چونكە زۆربەی ئەو گۆڕانكارییانەی روویان داوە پشكێكی بەغدادیان تیا بووە.
سەیر ئەوەیە هیچ كام لەسەرنووسەرانی بەشەكانی ئینگلیزیو عەرەبیو كوردی نیقاشو هیچ یەكێك لەپەیامنێرانیش حەیدەر عەبادی سەرەك وەزیرانیان نەپاڵاوتووە بۆ كەسایەتی ساڵ، سەرەڕای هەموو ئەو پرۆژەو بڕیارانەی لەسەر دەستی ئەو هاتنە ئاراوە.
ئەمەی لێرەدایە بۆچوونی سەرنووسەرانو پەیامنێرانی (نیقاش)ە، رەنگە تۆی خوێنەر لەگەڵ ئەمەدا كۆك نەبیت، بەڵام بێگومان دەتوانیت لەرێی پەیجی نیقاش لەفەیسبووك بۆچوونەكانی خۆت بخەیتە روو.
عەلی سیستانی – مەرجەعی باڵای شیعە لەعێراق:
عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعە لەعێراق لەپاڵ ئەوەی بەملیۆنان شوێنكەوتووی هەیە، ساڵی رابردوو بەروونی كاریگەرییەكانی بەسەر پرۆسەی سیاسی عێراقەوە دیاربوو، رێگەی گرت لەنوری مالیكی بۆ ئەوەی بۆ جاری سێهەم ببێتەوە بەسەرەك وەزیرانو لەبەرامبەردا پاڵپشتی حكومەتەكەی عەبادی كرد كاتێك ئێران ویستی بیڕوخێنێت.لەخۆپیشاندانەكانی بەغدا لەمانگی ئابی رابردوو، سیستانی پاڵپشتی خۆپیشاندەرانی كرد، سەرەڕای ئەوەی دروشمی سەرەكی خۆپیشاندەران بریتی بوو لە”سیاسییەكان بەناوی ئاینەوە عێراقیان دزی”، سیستانی بەوە دەناسرێتەوە كە نزیكایەتی لەگەڵ هەموو پێكهاتەكاندا هەیە، ئەم مەرجەعەی شیعە بەروونی دژی سیاسەتەكانی ئێران وەستاوەتەوەو گۆشەنیگای خۆی هەیە بۆ كارەكانی حەشدی شەعبیو رێگە نادات ببنە دەوڵەتێك لەناو دەوڵەتدا.
مەسعود بارزانی – سەرۆكی هەرێمی كوردستان:
هەرچەندە لە 19ی ئابی ئەمساڵەوە بەرەسمی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی كۆتایی هاتووە، بەڵام وەك كەسایەتییەكی كاریگەر لەپۆستەكەیدا ماوەتەوە.غیابی جەلال تاڵەبانی سكرتێری یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بۆ دووەم ساڵ لەدوای یەك بەهۆی نەخۆشەیەوە چانسی داوەتە بارزانی كە ببێتە كەسایەتی كاریزمای پلەیەكی سیاسی لەهەرێم كە لەئاستی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و دەرەوەشیدا وەك سهرۆکی یهکهمی سیاسی هەرێم دەبینرێتو مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.شەڕی داعش كە نزیكەی هەزار كیلۆمەتر سنوری تەماسی لەگەڵ هەرێم هەیە بارزانی كردۆتە یەكێك لەكەسایەتیەكانی روبەروبونەوە بەلای جیهانی دەرەوە ئەوە جگە لەوەی داڵدەدانی ئاوارە سونەو مەسیحیو ئێزیدیەكان لەهەرێمدا ناوبراوی وەك یەكێك لەسومبولەكانی پاراستنی ئەو كەمایەتەیانە پیشانداوە.
هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد – یەكێتی نیشتیمانی كوردستان:
هەرچەندە خانمی یەكەمی عێراق (2005-2014) بەفەرمی لەناو حیزبەكەی خۆیدا پۆستەكەی تەنها ئەندامی مەكتەبی سیاسییە، بەڵام بەفیعلی سەركردەی یەكەمی ئەو حیزبەو ناوچەیەكی بەرفراوانی هەرێمی كوردستانە لەسێبەردا.هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد دەركەوتنەكانی لەمیدیاو بۆنە گشتییەكاندا كەمن، بەڵام زەحمەتە گۆڕانكارییەك لەهەرێمی كوردستاندا رووبدات بەبێ رەزامەندی ئەم ژنە.ئەو كوڕەكەی خۆی كردە جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمو هەر ئەویش پەیوەندییەكانی حیزبەكەی لەگەڵ بەغداو ئێرانو هێزە سیاسییەكانی تری كوردستانو دەرەوە بەڕێوە دەبات.
نەوشیروان مستەفا – رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان:
نەك هەر بۆ ساڵی رابردوو، رەنگە لەشەش ساڵی یەك لەدوای یەك نەوشیروان مستەفا ئەمین یەكێك بێت لەكاریگەرترین كەسایەتییە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان.
دۆستو نەیارەكانیشی شایەتی ئەوەی بۆ دەدەن ئەم پیاوە وەك سیاسییەكی لێزان داوەكان دەجوڵێنێتو توانایەكی بەهێزی هەیە لەهێوركردنەوەو شڵەقاندنی بارودۆخی كوردستان.
كاتێك حیزبەكەی ئۆپۆزسیۆن بوو گۆڕانی گەورەی لەژیانی سیاسی كوردستاندا دروستكرد، كە چووە ناو دەسەڵاتەوەو پۆستی سەرۆكی پەرلەمانو چەند وەزارەتێكی تری وەرگرت، لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵەوە بووە گەورەترین بەربەست بۆ ئەوەی بارزانی نەتوانێ بەهەموو دەسەڵاتەكانیەوە ویلایەتی سەرۆكایەتییەكەی درێژ بكاتەوە.
هادی عامری – سەرۆكی رێكخراوی بەدر:
ئەگەر ساڵی 2014 ساڵی داعش بووبێت، ئەوا ساڵی دوای ئەو (2015) بووە ساڵی میلیشیا شیعەكان كە پاش بانگەوازی سیستانی برەویان بەچالاكییەكانیاندا، ئەم میلیشیایانە ئێستا بوونەتە هێزكێكی نانیزامی كە لەلایەن حكومەتەوە پشتیوانی دەكرێنو لەناو شارەكانو لەبەرەكانی جەنگدا رۆڵێكی باڵایان هەیەو كاریگەرن بەسەر سیاسەتی عێراقییەوە.
یەكێك لەدیارترین ئەو میلیشیایانە كە لەچوارچێوەی حەشدی شەعبیدا كۆبوونەتەوە رێكخراوی بەدرە كە هادی عامری سەرۆكایەتی دەكات، عامری پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ ئێراندا هەیەو پێشتر لەسەردەمی حكومەتەكەی مالیكیدا وەزیری گواستنەوە بوو، زوو زووش لەگەڵ قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی ئێرانیدا دەردەكەوێت، یەكێكە لەكاریگەرترین پیاوەكانی سەر گۆڕەپانی عێراقی.
مەیسون دەملوجی – پەرلەمانتار:
مەیسون دەملوجی پەرلەمانتاری لیستی عێراقییەو سەرۆكی لیژنەی رۆشنبیریو راگەیاندن لەساڵی رابردوودا رۆڵێكی گەورەی هەبوو بۆ پاڵپشتی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیو بەدەنگەوە چوونی خواستی رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی لەهەمواركردنەوەی ئەو یاسایانەی پەیوەندی بەلیژنەكەی ئەوەوە هەبوو، سەرەڕای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ كەسێكدا كرد كە سەر بەكوتلەی دەوڵەتی یاسا بوو لەسەردەمی نوری مالیكیدا، بەڵام ئەوە رۆڵی نەبوو لەسەر هەڵوێستەكانی بەرامبەر رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنیو پاڵپشتی مافی مرۆڤ.
ئەنوەر حەمدانی – میدیاكار:
میدیاكاری بەناوبانگی عێراقی ئەنوەر حەمدانی كە بەرنامەی ستۆدیۆی كاتژمێر نۆ لەكەناڵی بەغدادییە پێشكەش دەكات لەقاهیرەوە، ساڵی رابردوو رۆڵی كاریگەرو دیاری هەبووەو بەرنامەو هەڵوێستەكانی لەلایەن هەزاران كەسەوە بینراوە، حەمدانی زۆر بەروونی رەخنە لەسیاسەتەكانی مالیكیو حكومەتی حیزبە ئیسلامییەكان دەگرێتو دۆسێكانی گەندەڵی ئاشكرا دەكاتو تەنانەت رۆڵی هەیە لەدروستكردنی هەڵوێستو كاردانەوە لەلای خەڵكی.
ڤیان دەخیل – پەرلەمانتار:
ڤیان دەخیل پەرلەمانتاری ئێزدییەكان لەپەرلەمانی عێراق رۆڵی گەورەی هەبوو لەبەهاناوەچوونی ئێزدییەكانو لەكاتی پرۆسەی رزگاركردنیشیان لەچیای شنگال لەكۆپتەر كەوتە خوارەوەو قاچی شكا، بەڵام هەوڵەكانی دەربازكردنی دەیان ئێزدیو بەجیهانی ناساندنی دۆسێكەیانی لێ كەوتەوەو بەو هۆیەشەوە چەندین خەڵاتی جیهانی بەدەستهێنا، لەنێویاندا خەڵاتی “پرۆنۆ كرایسكی” بۆ مافی مرۆڤ.
خۆپیشاندەران:
سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگیانەی هاتە پێشیان، بەڵام خۆپیشاندەرانی شارە جیاجیاكانی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەدیارترین ئەو كەسانە بوون كە ساڵی رابردوو كاریگەرییان هەبوو، هەرچەندە خۆپیشاندەران نەیاندەزانی بەردەوامبوونیان بەچیان دەگەیەنێت، بەڵام سووربوون لەسەر داواكارییەكانی خۆیانو بەو هۆیەوە بەرپرسانی عێراقیان ناچاركرد گۆڕانكاریی بكەن، ئەگەر ئەو بەڵێنانەی پێیان دراوە ببرێنە سەر یان نا، ئەوا خۆپیشاندەران شایەنی ئەوەن ببنە كەسایەتی ساڵ.