جام کوردی:
باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا شەوی سێشەممە 12/1/2016 دوایین گوتاری لەبارەی دۆخی یەکێتی وڵات وەکوو سەرۆکی ئەمریکا لەبەرامبەر کۆنگرێس پێشکەش کرد. هەڕەشەکانی تیرۆر، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا و جیهان، کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەروەها بیری تووندتیژی رۆژئاواش دژ بە موسوڵمانان، لە خاڵە هەرە دیارەکانی گوتارەکەی ئۆباما بوون.
ئۆباما گوتی: ” هەموومان ئەو داهاتووەمان دەوێت، کە هەلی گونجاو و ئاسایش بۆ خێزانەکانی ئێمە دابین بکات، چاوەڕێی ستانداردێکی باڵای ژیان دەکەین، دەمانەوێت ژیانێکی ئاشتیانە لەسەر ئەم گۆی زەوییە هەبێت، پێویستە هەموومان پێکەوە کاربکەین، ئەمەش بە پەیڕەویکردنی سیاسەتێکی گونجاو دەبێت”.
سەرۆکی ئەمریکا، ناڕاستەوخۆ وەڵامی دۆناڵد ترەمپ، بەربژێری کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکای دایەوە، کە لەماوەی رابردوودا چەندین جار لێدوانی تووندی بەرامبەر موسوڵمانەکان دابوو، لەدوایین کهمپینی خۆشیدا ژنە موسوڵمانێکی ئەمریکی کردبووە دەرەوە، بەڵام ئۆباما رەخنەی لەو جۆرە کارانە، هەروەها هێرشکردنە سەر موسوڵمانانیش گرت.
ئۆباما گوتی: ” کاتێک سیاسەتمەداران، موسوڵمانان بێزاردەکەن، جا لە دەرەوە بێت یان خەڵکی ئەمریکا بێت، یان کاتێک مزگەوت تێکدەدرێت و هێرشی دەکرێتە سەر، یان منداڵێک بەشێوەیەک بانگ دەکرێت کە پێی خۆش نەبێت، ئەمە ئەو کارانە نین کە ئێمە دەمانەوێن، ئەمانە هەڵەن، ئەوە لەبەرچاوی جیهان کەممان دەکاتەوە، وامان لێدەکات نەتوانین ئامانجەکانی خۆمان بەدەستبهێنین، خیانەت لە بوونمان دەکات وەک وڵات”.
سەبارەت بە کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرووپە تووندڕەوکانی وەک قاعیدە و داعش، ئۆباما رایگەیاند، کاری ئەمریکا لەسەر ئەو پرسانە بەشێکی گەورەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکان و گوتی” سیاسەتی دەرەوەی ئێمە پێویستی بەوەیە: جەختکردنەوەیەکی زیاتر بخاتە سەر تێکشکاندنی گرووپەکانی وەک قاعیدە و داعش، بەڵام ناشکرێت هەر لەوێدا بووەستین، چونکە هێشتا ناسەقامگیری هەڕەشە لە بەشێکی ئەم جیهانە دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفغانستان، بەشێکی پاکستان، تەنانەت بەشێکی ئەمریکای ناوەڕاست و ئەفریقاش”.
ئاماژەی بەوەش دا: ” لەوانەیە هەندێک لەم ناوچانە ببنە فەزایەک بۆ تۆڕە تیرۆریستییەکان و خەڵکیش ببنە قوربانی ململانێ ئیتنیکییەکان و ئەمەش شەپۆلێکی دیکەی کۆچبەری دروستبکاتەوە. هەموو جیهان سەیری ئێمە دەکات، بۆ ئەوەی هاوکارێکی سەرەکی بین لە چارەسەرکردنی کێشەکاندا، وەڵامی ئێمە بۆ ئەو کێشانە دەبێت زیاتر بێت لە تەنیا قسەکردن”.