جام کوردی:
ماوه‌یه‌ک ده‌بێت که بارودۆخی په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان وڵاتانی ئیسلامی له ناوچه‌ی پڕ کێشه و به‌ره‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست تووشی هه‌ڵکشان و داکشانی زۆر بووه‌ته‌وه. سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانه ناوخۆییه‌کانی سوریا و عێراق و کاریگه‌ری جیاوازی وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی و شه‌ڕی ناڕاسته‌وخۆی ئه‌وان له سه‌ر خاکی ئه‌م دوو وڵاته و هه‌روه‌ها هێرشی عه‌ره‌بستان و ئیئتلافی به ناو عه‌ره‌بی بۆ وڵاتی ئیسلامی یه‌مه‌ن، ده‌ستێوه‌ردان و هه‌وڵه تێکده‌رانه‌کانی وڵاتانی ناوچه‌ی که‌نداوی فارس به تایبه‌ت عه‌ره‌بستان سه‌باره‌ت به چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی ناوه‌کی ئێران و له ئاکامدا شه‌هیدبوونی ئایه‌تووڵا نه‌مر که کاریگه‌ری هه‌ره زۆری له سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان تاران – ڕیاز و پچڕانی دانا، به‌شێک له‌و هۆکارانه‌یه که کاریگه‌ری نه‌رێنیی له سه‌ر په‌یوه‌ندی وڵاتانی ئسیلامی داناوه.
ڕێکخراوی کۆنفرانسی ئیسلامی که ماوه‌ی زیاتر له چل ساڵ ده‌بێت به ئامانجی گه‌شه و پێشکه‌وتنی وڵاتانی ئیسلامی و به‌رخۆدانی ئه‌وان له به‌رامبه‌ر دوژمنێکی هاوبه‌ش، واته ئیسرائیل له سه‌ر بنه‌مای یه‌کێتی و یه‌کڕیزی ناوخۆیی پێکهاتووه، له ئێستادا بووه‌ته ڕێکخراوێکی بێ کاریگه‌ر که به‌ده‌ر له کۆبوونه‌وه بێ ده‌ره‌نجامه‌کان، کارکۆیهکی دیکه‌ی پێوه نابینرێت. سه‌ره‌ڕای ئه‌مه‌ش وڵاتانی ئیسلامی له هه‌ل و مهرجێکدان که په‌رته‌وازه‌یی و ناکۆکی نێوان ئه‌وان گه‌یشووه‌ته لوتکه و به پێچه‌وانه‌وه په‌یوه‌ندی هه‌ندێک له‌وان له گه‌ڵ ڕژێمی ئیسرائیل به‌ره‌و گه‌رم و گوڕی ده‌ڕوات. ئه‌م دۆخه‌ش له ده‌ره‌نجامی چه‌ندین قه‌یرانی که‌ڵه‌که‌بووی جیهانی ئیسلامه که ئه‌گه‌ر به زووترین کات هه‌وڵی چاره‌سه‌ربوونی نه‌درێت، ئاسه‌وارێکی وای ده‌بێت که قه‌ره‌بووکردنه‌وه‌ی ئه‌سته‌م ده‌بێت.
یه‌که‌م قه‌یران ” نه‌بوونی سه‌رکردایه‌تییه‌کی به‌هێز و کارێزمایه ” که له لایه‌ن سه‌رجه‌م وڵاتانی ئیسلامییه‌وه قبووڵکراو بێت. عه‌ره‌بستان له کاتێکدا خۆی به ڕێبه‌ری جیهانی ئیسلام ده‌زانێت که له ئاستی وه‌ها پێگه‌یه‌کدا نییه. له ده‌ق و نووسراوه ئیسلامییه‌کاندا، وشیاری، پشوودرێژی، هێزی ڕێکخستن و دابین کردنی هه‌ماهه‌نگی، داهێنان و نوێبوونه‌وه و به‌ره‌وپێش بردنی ئیش و کاره‌کان به پێی ڕاوێژ و هاوڕێیه‌تی ئه‌ندامانی دیکه له گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌کانی ڕێبه‌رێکی ئیسلامی ڕاگه‌ێندراوه، سه‌ره‌ڕای ئه‌مه، عه‌ره‌بستان به کرده‌وه و سیاسه‌تی خۆی، وای پیشان داوه که به‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند نییه، به‌ڵگه‌ی لاوازبوونی پێگه‌ی عه‌ره‌بستان ئه‌وه‌یه که پاش هه‌وڵه‌کانی ڕیاز بۆ هاوده‌نگی نێوان 57 وڵاتی ئیسلامی ئه‌ندام له ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی به مه‌به‌ستی پچڕانی په‌یوه‌ندییه‌کانیان له گه‌ڵ تاران به بیانووی هێرشی سه‌ر باڵوێزخانه‌که‌ی، ته‌نیا چه‌ندین وڵاتی بچووک وه‌ک گوێڕایه‌ڵی ئه‌و وڵاته بوون به یاوه‌ری. سیاسه‌تی عه‌ره‌بستان له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی پیشان ده‌دات که ئه‌م وڵاته به هه‌ر شێوازێک هه‌وڵی ئه‌وه ده‌دات له کێبه‌ڕکێی ناوچه‌که دوا نه‌که‌وێت و ئه‌م بابه‌ته‌ش شیاونه‌بوونی بۆ سه‌رکردایه‌تی جیهانی ئیسلام پیشان ده‌دات.
په‌ره‌سه‌ندنی ” نه‌ته‌وه په‌ره‌ستی ” قه‌یرانێکی دیکه‌یه که کاریگه‌ری له سه‌ر یه‌کگرتوویی موسڵمانان داناوه. به پێچه‌وانه‌ی هه‌وڵه‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ یه‌کێتی نێوان سوننه و شێعه و به‌هێزتربوونی خاڵه هاوبه‌شه‌کانی ئایینی نه‌ک نه‌ته‌وه‌یی و تائیفی، وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی هاوشێوه‌ی داب و نه‌ریتی عه‌ره‌به‌کانی پێش ئیسلام په‌ره به ئاگری ناکۆکییه تائیفییه‌کان ده‌ده‌ن و به گه‌وره پیشاندانی ناکۆکی نێوان سوننه و شێعه به‌ربه‌ستی جیدی له به‌رده‌م یه‌کڕیزی نێو جیهانی ئیسلام ده‌خوڵقێنن. بێ گومان ڕۆڵی عه‌ره‌بستان له به‌هێزبوونی ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌په‌ره‌ستی وههابیسم و سه‌له‌فی گه‌ری له‌م بواره‌دا زۆر به‌رچاوه.
” حکومه‌ته‌کانی دیکتاتۆر و لاواز “ی ده‌سه‌ڵاتدار له وڵاتانی ئیسلامی کێشه‌یه‌کی دیکه‌یه که یه‌کێتی ئیسلامیی به‌ره‌و مه‌ترسی بردووه. به‌داخه‌وه سه‌رکرده‌کانی زۆربه‌ی وڵاتانی ئیسلامی پێگه‌یه‌کی ئه‌وتۆیان له نێو ڕای گشتی وڵاتانی خۆیاندا نییه و ئاساییه که پلان و سیاسه‌ته‌کانیان له گه‌ڵ خواست و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌کانیان یه‌ک ناگرێته‌وه. به‌م پێیه‌ش ئه‌م وڵاتانه کاراکته‌رێکی لاوازن که به ته‌نیا بیر له به‌رژه‌وه‌ندی کاتی ده‌که‌نه‌وه که له لایه‌ن هه‌ندێک وڵاته‌وه پێیان ده‌به‌خشرێت، له دۆخێکی وه‌هادا سیاسه‌ته‌کانی ئه‌وان له ئاستی ناوچه‌یی و جیهانی ئیسلامی‌دا ناسه‌قامگیره و له سه‌ر بنه‌مایه‌کی به‌هێز نییه.
پێ ده‌چێت تا ئه‌و کاته‌ی که جیهانی ئیسلام گیرۆده‌ی کێشه و به‌ره‌ی وه‌هایه، ئه‌سته‌مه که بتوانرێت باس له سیاسه‌تێکی یه‌کگرتوو و یه‌کێتی ئیسلامی بکرێت. چاره‌سه‌رێکی گونجاو ئه‌وه‌یه که مۆدێلی سه‌رکه‌وتووی ڕێکه‌وتنی ناوه‌کی ئێران له گه‌ڵ وڵاتانی 1+5 سه‌باره‌ت به وڵاتانی ئیسلامیش جێبه‌جێ بکرێت. ئه‌م وڵاتانه وێڕای داننان به ناکۆکی و بۆچوون و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازه‌کان، به‌ره‌و ئامانجێکی گه‌وره‌تر هه‌نگاو بنێن که گه‌شه و پێشکه‌وتنی جیهانی ئیسلام و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنێکی هاوبه‌شه. ئه‌مه‌ش ده‌توانێت سه‌ر له نوێ پێکه‌وه‌بوونیان مسۆگه‌ر بکات و له سه‌ر خاڵه هاوبه‌شه‌کان بگه‌نه ڕێکه‌وتن. بێ گومان ده‌زگای دیپلۆماسی ئێران به هه‌بوونی ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو، ده‌توانێت له‌م پێناوه‌شدا پێشه‌نگ بێت و هه‌نگاو به‌ره‌و ئه‌و ئامانجه گه‌وره‌یه هه‌ڵبگرێت.
نووسه‌ر: محه‌ممه‌د مێهدی مه‌زاهێری، مامۆستای زانکۆ
سه‌رچاوه: ماڵپه‌ڕی دیپلۆماسی ئێرانی
وه‌رگێڕان: جام کوردی