سەرۆک کۆماری روسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتالیا لەگەڵ ناوبراو لە بابەت بارگرژییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان کە دوابەدوای کوژرانی شێخ نمر باقر نمر بە دی هات و پچڕانی پەیوەندییە دیپڵۆماتیکەکانی دوو وڵاتی لێکەوتەوە ، وتووێژی کرد.
بە گوێرەی راپۆرتی ئیرنا لە زمان نوسینگەی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکایەتی کۆماری روسیا”ویلادیمر پوتین” و “میتیۆ رێنتسی” لە بابەت گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئێران و عەرەبستان وتووێژیان کردوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دا پرسە گرنگە نێودەوڵەتییەکان خرانە بەرباس و ئاسۆی چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا و گرژییەکانی نێوان ئێران و عەرەبستان تەوەرەی سەرەکی قسەکانی دوو لایەن بوون.
دوو لایەن لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە دا جەختیان کرد لەسەر گرنگی هاریکاری و هەوڵی زیاتری نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی.
رژێمی ئالی سەعود رۆژی شەممەی رابردوو شێخ نەمر باقر نەمر مامۆستای بە ناوبانگ و پایەبەرزی شێعەی عەرەبستانی هاوڕێ لەگەڵ46 کەسی دیکە بە تۆمەتی بێ بنەمای تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە دار دا.
ئەو کارە بەڕەوڕووی ناڕەزایەتی بەربڵاوی نێودەوڵەتی بوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانیش ئەو تاوانەی شەرمەزار کرد، تەنانەت سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکانیش لە قسەکانی دا کوشتنی شێخ نەمری شەرمەزار کرد.
لە پاش ئەو رووداوە تاقمێک لە تاران و مەشهەد هەڵیان کوتایە سەر باڵوێزخانە و کونسولخانەی عەرەبستانی سەعودی و سەرباری شەرمەزار کردنی ئەو کارە لە لایەن کاربەدەستە فەرمییەکانی باڵای کۆماری ئیسلامی و دەسگیرکردنی ژمارێک لەو کەسانە، ڕیاز بۆ ئاژاوە نانەوە پەیوەندییەکانی خۆ لەگەڵ ئێران پچڕی و چەند وڵاتیشی بە زەخت و گوشار ودنە دان ناچار بە پەیڕەوی کردن لە خۆی کرد.
زۆربەی کارناسان لەو باوەڕە دان کە عەرەبستانی سەعودی بە هۆیەی کە لە گروپە توند ئاژۆ و تیرۆریستییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیاسیەتی دەرەوەی خۆی کەڵک وەردەگرێ، بەرەنگاری ئێران دەبێتەوە.