ئەبە عەلی سینا کوڕی عەبدوڵڵا بنی سینا لە نێزیکەی ساڵی ٣٧٠ مانگی/ ٩٨٠ زاینی لە شاری بوخارا لە دایک بوو. باوکی خەڵکی وڵاتی بەلخ بوو و لە سەردەمی حوکمڕانی نەحی کوڕی مەنسووری سامانی(٣٦٦-٣٧٨ ی مانگی/ ٩٩٧ زاینی) رۆشت بۆ بوخارا و لەوێ دا لە یەکێک لە گرینگترین دێهاتەکانی ئەو ناوە بە ناوی خۆرمەیسەن لە دام و دەزگا ئیدارییەکان دا دامەزرا و خەریکی ئیش و کار بوو.
ئەو لە دێهاتێکی نێزیک ئەوێندەرێ بە ناوی ئەفشەنە ژنێک بە ناوی “ئەستێرە”ی بۆ هاوسەرایەت خۆی هەڵبژارد و لەوێ نیشتەجێ بوو. ئیبنی سینا لەوێ دا لە دایک بوو. ٥ ساڵ پاش ئەو برا جکۆلەکەی واتە مەحموود لە دایک بوو.
ئیبنی سینا لە سەرتا دا خێی دا بە فێربوون و خوێندنی قورئانی پیرۆز و ئەدەب و دە ساڵ تەمەنی بوو کەچی هەموو قورئان و زۆرێک لە باس و خواسە ئەدەبییەکان فێر بوو بوو، بە شێوەیەک کە مایەی سەرسووڕمانی دیتران بوو.
لەم سەروبەندە دا باوکی ئیبنی سینا داوەتی یەکێک لە دەعیەکارانی رێبازی ئیسماعیلییەی میسری قبووڵ کرد بوو و وەکوو پێڕەوکاران و لایەنگرانی هەژمار دەکرا. باوکی ئیبنی سینای بۆ سەر ئەم ئایینە داوەت کرد، بەڵام ئەگەرچی ئەو گوێی لە باس و خواسەکانیان دەگرت و وتەکانیانی لەبارەی عەقڵ و نەفس فام دەکرد بەڵام نەیدەتوانی ئایینەکەیان قبووڵ بکات و پەیڕەو کەریان بێت.
باوکی نامیلکەکانی ئەخوان ئەلسەفای دەخوێندەوە و ئیبنی سیناش هەندێ جار موتاڵای دەکردن. پاشان باوکی ئیبنی سینای هەناردە لای سەوزەفرۆشێکی میسری کە ئاگاداری حسێبی هیندی بوو و ناوی مەحموودی مەساحی بوو، و ئیبنی سینای ئەم زانست و شێوازەی لێ فێر بوو. هەر لەم کاتە دا بوو کە زانستمەندێک بە ناوی ئەبو عەبدوڵڵا(حسەینی کوڕی ئیبراهیمی تەبەری)ناتلی کە دەعیەکاری زانینی فەلسەفە بوو هات بۆ بوخارا، باوکی ئیبنی سینا لە ماڵەکەی خۆی دا جێ کردەوە و ئیبنی سینا لای ئەو دەستی دایە فێربوونی فەلسەفە. ئیبنی سینا پێش لە هاتنی ناتلی بۆ بوخارا لەی پیاوێک بەناوی ئیسماعیلی زاهید فێری فیقه و شەرع بوو بوو و لەم بوارەدا بەشیوەیەکی باش لێکۆڵینەوە و پێداچوونەوەی کردبوو و لەگەڵ هەموو شیوە رەخنەکردن و رەتکردنەوەی فەقیهەکان زانیاری هەبوو. ئەوکات ئیبنی سینا لای ناتلی دەستی دایە خویندنی “بەرایی لۆژیکی ئەرەستوو” و لەم رێگایە دا ئەوەندە رۆشتە پێشەوە و پێش کەوت خاڵ و بابەتگەلی تازەی تێدا دەبینییەوە و دەبوو هۆی سەرسووڕمانی مامۆستاکەی. بەشیوەیەک کە باوکی ئیبنی سینای پێملی ئەوە کرد کە کوڕەکەی تەنها بە خوێندن و زانست فێر بوونەوە سەرقاڵ و خەریک بکات.
ئیبنی سینا بەشە ساکارەکانی لۆژیکی لە لای ناتلی خوێند، بەڵام ناتلی بە رادەی پێویست شارەزا نەهاتە بەرچآو بۆیە خوێندنی کتێبەکانی ئەرەستوو و ئەو راڤانەی کە لەسەریان کراون، دەست پێ کرد و لەم زانستە دا شارەزا بوو.
پاشان کتێبی”توخم یان بنەماکانی هیندسە” بەرهەمی ئوقلیدۆس و کتێبە ناودارەکەی بەتلیمیۆس واتە “المجستی” لە لای ناتلی و دیتران فێر بوو و تەنانەت زۆرێک لە پرس و بابەتەکانی ئەم کتێبانە لال ناتلی روون نەبوون و ئیبنی سینا بۆی روون کردەوە.
ماوەیەک دواتر ناتلی بوخارەی بە مەبەستی شاری گورگانج و گەیشتن بە دەرباری ئەبوعەلی مەئمون بینی موحەمدی خوارەزم شا، بە چی هێشت. لەم سەروبەندەش دا ئیبنی سینا لەلایەن خۆیەوە دەستی دایە خوێندن و فێربوونی دەق و راڤەگەلێک لە بارەی ئیلاهیات و فیزیاوە تاکوو بە وتەی خۆی “دەرگاکانی زانست بەرووی دا کرایەوە”، ئەوکات سەرنجی بەرەو لای زانستی پزیشکی راکێشرا و خوێندنی کتێبگەلێکی لەم بوارە دا دەست پێ کرد.
ئەو هاوکات خوێندنەوەکانی خۆی لە بواری فیقه و دیالیکتیک لە گەڵ دیتران دا دەست پێکرد ئەمە لاکاتێک دا بووە کە ئەو لەم سەردەمەدا ١٦ ساڵ تەمەنی بووە. پاش ئەوە، ئیبنی سینا سڵ و نیوێکی تر سەرقاڵی خوێندن و فێربوون بوو و جارێکی دیکە خوێندنی کتێبگەلی لۆژیک و هەموو بەشەکانی فەلسەفەی دەست پێ کردەوە. ئەو لەم سەروبەندانە داتەنانەت شەوێکیش بەتەواوەتی نەدەخەوت و رۆژانە جگە لە خوێندن و فێربوون کارێکی دیکەی نەدەکرد. کۆیەک لە قاقەزی لە هەمبەر خۆی دادەن و پرسە جۆراوجۆرەکانی بۆ خۆی گەڵاڵە دەکرد و لە هەر پرسێکدا پێشەکی قیاس و مەرجەکانی لەبەر چاو دەگرت. و هەر کاتێکیش کە لەگەڵ “قیاس”ێک دا بەرەوڕوو دەبووەوە و نەیدەتوانی بگاتە “خاڵە نێونجییەکە(حد اوسط)ی، هەڵدەستا و دەڕۆشت بۆ مزگەوت و نوێژی دەخوێند و لە خوا دەپاڕایەوە کە کێشە و پرسەکەی چارەسەر بکات تاکوو دواتر پرس و گڕێکەی بۆ دەکرایەوە. ئەوکات شەوانە دەگەڕایەوە ماڵەوە و چراکەی هەڵدەکرد و سەرقاڵی خوێندن و نووسین دەبوو.
بە وتەی خۆی “کاتێک کە خەوی لێ دەکەوت، هەر ئەو پرسانەی لە خەو دا دەدیت و زۆرێک لەو پرسانەی لە خەو دا بۆ دەکرایەوە و ئاشکرا دەبوون”. ئیبنی سینا بەم شیوەیە رۆشتە پێشەوە تاکوو لە سەر هەموو زانستەکان شارەزا بوو و بە رادەی توانایی مرۆڤ بە سەریان دا زاڵ بوو، بەشیوەیەک کە خۆی دەڵێت: ” ئەوەی کە لەو سەردەمە دا دەمزانی، بە هەمان شێوەیە کە ئێستا دەزانم و تا ئێستاکەش شتێکم لە سەری نەناوە و زیادم نەکردووە”.
ئیبنی سینا لەم سەردەمەدا کە ١٨ ساڵ تەمەنی هەبووە لە لۆژیک، بیرکاری و فیزیا دا شارەزا بووە و دواجار رووی کردۆتە خوێندنی ئیلاهیات و میتافیزیک و خوێندنی کتێبی میتافیزیکی ئەرەستووی دەست پێ کردووە. حوکمڕانی بوخارە لەو دەمە دا نوعی کوڕی مەنسووری سامانی بووە و تووشی نەخۆشییەک دەبێت کە پزیشکەکان ناتوانن چارەسەری بکەن و هەر لەو دەمەش دا کە ناوبانگی ئیبنی سینا وەکوو زانستمەندێک دەرچووبوو، پزیشکەکان داوا لە حاکم دەکەن کە ئیبنی سینا بانگهێشت بکات. ئیبنی سینا بانگهێشت کرا و رۆشتە لای نەخۆشەکە و لەگەڵ پزیشکان دا ناساغی نەخۆشەکەی چارەسەر کرد و پاش ئەوە هاتە ریزی نێزیکان و هاومەجلیسانی نوحی کوڕی مەنسوور.
ئیبنی سینا رۆژێک داوای لێکرد کە رێگەی بدات تاکوو کتێبخانە گەورە و ناودارەکەی ببینێت و نوحیش بواری پێ دا و ئیبنی سینا لەویدا کتێبگەلێکیزۆر و زەبەندی لە بواری زانستە جۆراوجۆرەکان دا خوێندەوە کە پێشتر تەنانەت ناویشیانی نەبیستبوو و خۆیشی پێش و پاش ئەوەش نەیانی بینی بوو، ئەو دەستی دایە خوێندنی ئەم کتێبانە و کەڵکی زۆری لێ وەرگرتن.
ئیبنی سینا گەیشتە تەمەنی ٢٢ ساڵان و باوکی کۆچی دوایی کرد، و ئەو لەو سەروبەندە دا هەندێک کاروباری دەوڵەتی ئەمیرسامانی عەبدولمەلەکی دووهەمی بە ئەستۆوە بوو. ئەو لە ساڵی ٣٩٢ ی مانگی دا و بە جل و بەرگی فەگیەکانی باتیلسان و تەحت حەنەک لە بوخاراوە بەرەو گورگانج کە لە باکووری خۆرئاوای خوارەزم بوو رۆیشت و لەوێش دا چووە خزمەت عەلی بنی مەئمون بنی موحەمەدی خوارەزم شا، کە لە حوکمڕانان و دەسەڵات دارانی ئەلی مەئموون بوو.
پاش ماوەیەک ئیبنی سینا جارێکی تر “وەکوو پیویست وای لێ کردبێت” گورگانجی بەجێ هێشت، ئەو لەبارەی ئەم پێویستییە دا هیچ ناڵێت و بێ دەنگە. هەر لەم سەردەمەش دا بوو کە ئەبوعوبەیدی جوزجانی، قوتابییە وەفادارەکەی لەگەڵی کەوت و تا کۆتایی ژیانی ئیبنی سینا یار و هاودەمی بوو و یەکەم کەس بوو کە ژیانی ئیبنی سینای لە روانینی خودی خۆیەوە نووسی. لێرە دایە کە پاش ئەم رووداوە پێویستە جوزەجانی دەست دەداتە تەواو کردنی ژیان و سەربوردە و بەسەرهاتی ئیبنی سینا.
لە ساڵی ٤٠٤ ی مانگی دا ئیبنی سینا گورگانج بەرەو شاری رەی بەجێ دێڵێت و لەوێ دەگاتە خزمەتی سەیدەیەک (بەناوی شیرین کچی سپەهبودی شێرڤین و ناودار بەام الملوک ٤١٩ ی مانگی/ ١٠٢٨ ی زاینی کە ژنە بیوەی فەخرودەولەی عەلی بۆیە ٣٨٧ ی مانگی / ٩٩٧ ی زاینی و دایکی موجەد الدولەی ئەبوتالیب رۆسەمی کوڕی فەخرودەولە). دایک و کچەکەی بە پێی پێسنیارگەلێک کە ئیبنی سینا بۆیانی بوو رێزیان لی گرت و پێشوازییان لێ کرد. لەم سەروبەندە دا ئیبنی سینا نەخۆشی مجدالدولەی کە تووشی نەخۆشی سەودا یان مالئخۆلیا بوو چارەسەر کرد. ئەو هەر لە شاری رەی دا مایەوە تا کاتێک کە شەمس و دەولە ئەبوتاهیر کوڕی دیکەی فەخرودەولە کە پاش مەرگی باوکی بوو بوو بە حوکمڕانی هەمەدان و کرماشان لە ساڵی ٤٩٥ ی مانگی دا هێرشی کردە سەر شاری رەی. ئەم هێرشە پاش پێکدا هەڵگژانەکەی ئەو لەگەڵ هیلال بنی بەدر بنی حەسەنەوییەوە هاتە ئاراوە. ئەو لە رەگەزی کوردە فەرمانڕەواکانی ناوچەی جەبەل و کرماشان بووە.
هیلالی کوڕی بەدر کە لە لایەن سولتن الدولە لە بەغداد دا زیندانی کرا بوو، ئازادی خۆی وەردەگرێتەوە و لە لایەن سولتان و الدولەوە لەشکرێکی پێ دەسپێردرێت کە سەرکردایەتی بکات تاکوو لەگەڵ شمس الدولە کە لەم سەروبەندە دا دەستی بە ناوچەگەلێکی تردا گرتبوو، شەڕ بکات. لە سەڕێک دا کە لە بەرواری زیقعەدەی ساڵی ٤٠٥ ی مانگی لە نێوانیان دا درووست بوو، هیلالی بەدر کوژراو و لەشکرەکەی سولتان والدولە بەناچاری گەڕانەوە بۆ بەغداد.
بە وتەی جوزجانی، لەم کاتە دا ” رووداوانێک هاتنە پێشەوە کە ئیبنی سینایان ناچار کرد شاری رەی بەجێ بێڵێت”. بەڵام ئەو لەبارەی ماهییەت و چییەتی ئەم رووداوانەوە شتێک ناڵێت.
ئیبنی سینا لە شاری رەی بەرەو قەزوین و لەوێشەوە بەرەو هەمەدان رۆیشت و لەم سەروبەندە دا شمس الدولە تووشی نەخۆشی قۆڵنج بوو، بۆیە ئیبنی سینایان بانگهێشتی کۆشکەکەی کرد و ئەویش رۆشت و یارەمەتی گەیاند تاکوو شما الدولە چاک بۆوە. ئیبنی سینا چل رۆژی لە کۆشکەکە دا تێپەڕاند و لە دواجاریش دا خەڵاتی زۆری وەرگرت و گەڕایەوە بۆ ماڵەکەی خۆی لە کاتێکدا بەشیک بوو لە هاودەمان و نێزیکانی شما الدولە، پاش ماوەیەک شما الدولە بۆ شەڕ لەگەڵ عەناز بەرەو کرماشان(قیرمیسین) لەشکرکێشی کرد.
حیسام الدین ئەبوشەک فارس بن محمد بن عەناز سەرکردەی خێڵێکی کورد بەناوی شازەنجان بوو کە لە لای زنجیرە چیاکانی نێوان کرماشان و قەسری شیرینی ئێستا دا حوکمڕانی دەکرد. پاش شکست خواردنی هیلال بنی بەدر بە دەستی شمس الدولە و لەکیس چوونی وڵاتەکانی، عەناز کە دراوسێیەکی دوورتری بوو بڕیاری دا تاکوو ئەو وڵاتانە بگرێتەوە، هەر بۆیەش شما الدولە بڕیاری دا بۆ پێش گرتن لە تاڵانکاریی و زۆرخوازییەکانی عەناز، لەگەڵی دا بێتە شەڕەوە و ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئیبنی سیناشی لەگەڵە. لەم شەڕەدا کە لە ساڵی ٤٠٦ ی مانگی رووی دا شما الدولە شکستی خوارد و گەڕایەوە بۆ هەمەدان.
لەم سەردەمە دا شمس الدولە ئیبنی سینای لە پۆستی وەزارەتی خۆی دانا بەڵام پاش ماوەیەک سپاسالارەکان لە دژی هەڵسانەوە و ماڵەکەیان گەمارۆ دا و پاش دەست بە سەر دا گرتنی، هەموو داراییەکیان بە تاڵان برد و سەرەڕای ئەمەش داوایان لە شما الدولە کرد کە بیکوژن، بەڵام شمس الدولە قبووڵی نەکرد و بۆ دامرکاندنی ئاگری تووڕەیی دژبەران، تەنها ئیبنی سینای لە حکوومەت و دەوڵەت دوور خستەوە. ئیبنی سینا هەڵهات و نێزیکە چل رۆژ لە ماڵی پیاوێک بەناوی ئەبو سەعید بنی دەخول (دەخوک) بەسەری برد. هەر لەم سەرو بەندە دا دیسان شمس الدولە تووشی نەخۆشی قۆڵنج بۆوە و ئیبنی سینای بانگهێشت کردەوە و داوای لێ بووردنی زۆری لێکرد، و ئیبنی سیناش دەستی بە تیمارکردنی کرد تاکوو بە تەواوەتی باش بۆوە.
شمس الدولە جارێکی تر وەزارەتی خستە ئەستۆی ئیبنی سینا. بەپێی گێڕانەوەی جوزجانی، شمس الدولە لەم نێوانە دا داوای لە ئیبنی سینا کردبوو کە راڤە و شرۆڤەیەک لەسەر نووسینەکانی ئەرەستوو بکات بەڵام ئیبنی سینا پێی گوتبوو کە کاتی نییە، بەڵام ئەگەر ئەو بیەوێت دەست دەداتە نووسینی کتێبێک لەبارەی زانستە فەلسەفییەکان ( بێ ئەوەی کە ە هەمبەر دژبەران بکەوێتە دژایەتییەوە یان باوەڕەکانیان رەت کاتەوە) و بەم شیوەیە نووسینی کتێبت “شیفا”ی لە تەبیعیاتەوە دەست پی کرد.
ئەو کتێبی یەکەمی خۆی واتە یاسا لە پزیشکی دا ی پێشتر نووسی بوو و لەم سەروبەندە دا وا دەردەکەوێت کە ئیبنی سینا ژیانێکی ئارامی هەبوو بێت، چوونکوو بە پێێ قسەی جوزجانی، ئیبنی سینا رۆژانە لە وەزارەتەکەی شمس الدولە ئیشی دەکرد و بە شەوانیش خوێندکاران لە دەوری خڕ دەبوونەوە و خوێندنی کتێبەکانی شیفا و یاسا(قانوون)یان دەست پێ دەکرد.
چەن ساڵێک بەم شیوەیە تێپەڕی تا کاتێک کە شمس الدولە بۆ شەڕ کردن لە دژی ئەمیری تارەم بڕیاری دا، بەڵام لە نێزیک تارەم دووبارە بە شیویەکی سەخت تووشی نەخۆشی قۆڵنج بوویەوە کە هاوکات بوو کە گەڵ چەند نەخۆشی تردا، بۆیە لەشکەرەکەی لە ترسی مردنی بە سەر تەختێکی رەوان دا گەڕاندیانەوە بەرەو هەمەدان کە لاناو رێگا دا گیانی دەرچوو. (ساڵی ٤١٢ ی مانگی / ١٠٢١ ی زاینی). پاش مردنی شمس الدولە کوڕەکەی واتە سمائو دەولەی ئەبوالحسن لە جێگاکەی دانیشت و داوای لە ئیبنی سینا کرد کە پۆستی وەزارەتەکەی قبووڵ بکات، بەڵام ئیبنی سینا لە وەرگرتنی ئەم پۆستە حاشای کرد و بەرژەوەندی خۆی لەوە دا دیت کە خۆی لەم کارە لا بدات.
جوزجانی دەیگێڕێتەوە کە ” رۆژگار دەستەکانی خۆی لێ دەوەشاند و ئەو وڵاتە بەرەو وێرانەیی دەچوو و ئیبنی سینا وای بە باش زانی کە ئیدی لەو دام و دەزگا دەوڵەتییە دا نەمێنێتەوە و واز لە خزمەت کردن بێنێت، و دڵنیا بۆوە باشتر ئەوەیە کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی خوازراوی خۆی بە پارێز و پەنامەکییەوە بژی و چاوەڕوانی هەڵکەوتن هەل و دەرفەتێک بێت کە بە هێمنی لەو دەڤەر و وڵاتە دوور بکەوێتەوە.”
بەم شیوەیە ئیبنی سینا ماوەیەک هەڵاتوو بوو و لە ماڵی پیاوێک بە ناوی ئەبوغالیب پەنهانت عەتار دا دەژیا و نووسینی کتێبی شیفای دەست پێ کردەوە و پاش کۆتایی هێنان بە هەموو بەشەکانی “تەبیعیات” جگە لە کتێبەکانی “عەیوان” و ‘ ئیلاهیات”ەکەی، بەشی لۆژیکیشی دەست پێ کردەوە و هەندێکی لێ نووسی.
پاش ماوەیەک تاج الملوکی کوهی ( ئەبونەسر ئیبراهیم بنی بەهرام) “کە پاش رەتکردنەوەی وەزارەت لە لایەن ئیبنی سیناوە بۆ جاری دووهەم بووە وەزارەتی شمس الدولە” ئیبنی سینای بەوە تاوانبار کرد کە لەگەڵ علا الدولە (حاکم و فەرمانڕەوای ئیسفەهان) نامەگۆڕینەوەی ژێرەوانکێ و پەنهانیی هەیە، بۆیە کەسانێکی بۆ گەڕان بە دوای دا راسپارد، دوژمنانی ئیبنی سینا حەشارگەکەی واتە ماڵی ئەبوعەتاری غالیبیان نیشان کرد و دۆزییەوە و ئیبنی سینایان دەزگیر کرد و ناردیان بۆ قەڵایەک بە ناوی فەرد جان و لەوێ زیندانییان کرد. قەڵای فەرد جان کە بە بورهان یان بەراهان (فەراهان)یش ناوبانگە هەڵکەوتۆتە ١٥ کیلۆمەتری هەمەدان لە ناوچەیەک بە ناوی جرا و ئێستا پەردەگانی پێ دەڵێن و هەڵکەوتۆتە١١٠ کیلۆمەتری نێوان هەمەدان و ئیسفەهانەوە.
ئیبنی سینا چوار مانگی لەو قەڵایە بەسەر برد، بەپێی گێڕانەوەی ئیبنی ئەسیر، لە سەڕ و پێک دادانێک دا کە لە ٤١١ مانگی/ ١٠٢٠ ی زاینی لە نێوان سەربازەکانی کورد و تورکەکان دا هاتە ئاراوە لە هەمەدان، تاج الملک سەرکردەی هێزە کوردەکان بووە. ئەو داوای لە علا الدولە کرد کە بۆ سەرکوتکردنی سەربازە تورکەکان یارمەتییان بکات، بەڵام سێ ساڵ دواتر سماالدولە کوڕی شمس الدولە بروجرد دەخاتە بۆسەی گەمارۆکانی خۆیەوە و فەرمانداری ئەوێ داوای یارمەتی لە علاالدولە کرد و پێکەوە هەمەدانیان گەمارۆ دا، بەڵام کەمی و کورتی ئازوقە ناچاریانی کرد پاشە کشی بکەنەوە. پاشان لە شەڕێک دا لەگەڵ تاج الملوک، علاالدولە لە سرەتا دا بەرەو جردفازقان(گوڵپایەگان) پاشە کشێی کرد، جارێکی تر هێرشی کردە سەر هەمەدان، لە شەڕێک دا سماالدولە شکستی خوارد و خۆی دا بە دەستەوە، بەڵام علاالدولە پێشوازی لێکرد و تاج الملوکیش پەنای بردە هەمان قەڵای فەردجان. پاشان علاالدولە لەگەڵ سماالدولە دا بەرەو قەڵای فەردجان رۆیشت و تاج الملوک خۆی تەسلیم کرد و ئەوکات هەموویان لە گەڵ ئیبنی سینا دا گەڕانەوە بۆ هەمەدان و ئیبنی سینا
لە ماڵی پیاوێکی عەلەوی نیشتەجێ بوو و خەریکی نووسینەوەی بەشەکانی تری لۆژیکی شیفا بوو ( سەبارەت بە ناوی ئەم پیاوە عەلەوییە زانیارییەکی ئەوتۆ لە دەست دا نییە)، بەڵام لە لایەکیترەوە ئیبنی سینا لە هەمەدان دا نامیلکەی “ئەدوییەی قلبییە” ی خۆی پێشکەش کردووە بە پیاوێکی عەلەوی بە ناوی ابوالحسین علی ابن حسین الحسنی کە وەکوو دیارە عەلەوییە و رەنگە هەر ئەو پیاوە بێت کە ئیبنی سینا لە ماڵی دا بووە. ئیبنی سینا ماوەیەکی لە هەمەدان تێ پەڕاند و تاج الملوک لەم ماوەیە دا هاودەمی بوو پاشان ئیبنی سینا بڕیاری دا هەمەدان بەرەو ئیسفەهان بەجێ بێڵێت. ئەو لەگەڵ قوتابییەکەی واتە جوزجانی و دوو کۆیلە دا و بە جل و بەرگی رازاوە و سوفییانە بەرەو ئیسفەهان کەوتە ڕی و پاش تێپەڕاندنی ئەو هەموو دژوارییەی رێگا لە دوا جار دا گەیشتنە شوێنێک بەناوی تەیران(تەهران یان تەبەران) کە لە نێزیک شاری ئیسفەهان دایە. ئەم شوێنە ئێستا یەکیکە لە گوندەکانی دەوروپشتی ئیسفەهان و لە لای باکووری کۆڵانی ئاوبەخشان دا دەلکێتەوە شاری ئیسفەهان و ناویشی بیر ئاباد و تیران(ئاسنگەران)ە.
ئەو لە ئیسفەهان دا رۆیشتە ماڵی پیاوێک بە ناوی عبداللە بنی بیبی لە کۆڵانێک بە ناوی کێوی گونبەد. ئەو ماڵو خاوەنی ئەساس و مافوور و کەل و پەلی شیاو و پێویست بووە. لەم سەردەمە بە دواوە (٤١٤ مانگی/ ١٠٢٣ ی زاینی) واتە سەردەمێکی ١٤ ساڵە یان پانزە ساڵەی ژیانی هێمن و داهێنەرانەی ئیبنی سینا دەست پی دەکات، ئەو ئێستاکە یەکێکە لە نێزیکان و هاودەمانی علاالدولە کە پیاوێکی زانست دۆست و زانست پەروەر هەژمار دەکرا.
ئیبنی سینا لە ئیسفەهان دا کتێبی شیفای بە نووسینی بەشەکانی “لۆژیک”، “مەحبەستی”، “ئوقلیدۆس”، “بیرکاری” و ” مۆسیقا” تەواو کرد، بێجگە لە دوو بەشی “گژوگیاکان” و “گیانداران” کە ئەم بەشانەی لە کاتێک دا کە علاالدولە هێرشی کردە سەر شاپوور(لە باشووری هەمەدان و رۆژئاوای ئیسفەهان) و ئیبنی سیناشی لەگەڵ دا بوو نووسیوە. و کتێبی النجاه یش هەر لەم سەفەرە دا و لە نێو رێگا دا نووسراوە.
جوزجانی دەڵێت کە ئیبنی سینا لە کاتی تەواو کردنی کتێبی شیفا چل ساڵ تەمەنی بووە، ئێستا ئەگەر ساڵی لە دایک بوونی ئیبنی سینا بە ٣٧٠ مانگی بزانین، ساڵی تەواو بوونی کتێبی شیفا دەبێتە ٤١٠ ی مانگی.
ئیبنی سینا کتێبی الانساف یشی هەر لە ئیسفەهان دا نووسی بوو، بەڵام ئەم کتێبە لە هێرشی سوڵتان مەحموودی غەزنەوی بۆ ئیسفەهان و داگیرکردنی ئەو شارە، لەناو چوو. مەسعوودی غەزنەوی لە ساڵی ٤٢١ ی مانگی هێرشی کردە سەر شاری ئیسفەهان و داگیری کرد، لەشکەرەکەی پاش کوشتارێکی فراوان دەستیان دایە تاڵان کردنی ماڵ و موڵکی علاالدولە و هەروەهاش ماڵی ئیبنی سینا و موڵک و کتێبەکنیان تاڵان کرد و دواتر هەناردیان بۆ شاری غەزنە. ئەم کتێبانە لە ساڵی ٥٤٥ ی مانگی / ١١٥٠ ی زاینی بە دەستی سەربازەکانی علاالدین جهانسوز غوزی خرایە ئاگرەوە.
علاالدولە پاش هێرشی مەسعوود بۆ ئیسفەهان هەر وەکوو حوکمڕانی ئەو شارە مایەوە. ئیبنی سینا لە ئیسفەهان دا خەریک و ژیانی دەبردە سەر تا کاتێک کە علاالدولە لە ٤٢٧ ی مانگی / ١٠٣٦ ی زاینی دا چووە شەڕ لە گەڵ تاش فەراش سوپاسالاری سوڵتان مەسعوود لە ناوچەی کەرەج(کەرخ).
ئیبنی سینا کە لەم سەفەرە دا هاوڕێی علاالدولە بوو تووشی نەخۆشی قۆڵنج بوو و خۆی چارەسەر کرد و بە مەبەستی باشتر بوونەوەی خێراتر لە رۆژێک دا ٨ جار خۆی تەنقییە و خاوێن دەکردەوە و هەر بەم هۆیەش تووشی زامی ریخۆلە بوو. دواتر هەر بەو حاڵە نەخۆشەیەوە بردیانەوە بۆ ئیسفەهان و ئیبنی سیناش هەر خۆی دەستی دەدایە دەرمانکردنی خۆی تا نەختێک باش دەبۆوە و تا لە دواجار دا توانی لە مەجلیسی علاالدولە دا ئامادە بێت تا ئەو کاتەی کە علاالدولە بڕیاری دا بەرەو هەمەدان بچێت و ئیبنی سیناش لەگەڵی رۆشت بەڵام لە رێگا دا دیسان نەخۆشییەکی دەگەڕێتەوە و کاتێک کە گەیشتنە هەمەدان ئیبنی سینا تێگەیشت کە وزە و توانایی لە ناو جووە و جەستەی توانایی بەرەنگاربوونەوەی لە دژی نەخۆشییەکە نییە، بۆیە وازی لە تیمار کردنی خۆی هێنا و گوتی: ” ئەو حەکیمەی کە تەندرووستی و ساغی لەشی منی بە دەستەوە بووە، لە چاک کردنەوەم دەست هەڵگرتووە، ئیدی تیمارکردنم دادێک نادات”. بۆیە غوسڵی کرد و تەوبەی کرد و ئەوەیش لە موڵک و ماڵ هەبووی بەسەر هەژاران دا بەشییەوە و نۆکەران و کۆیلەکانی ئازاد کرد و لە سێ رۆژ دا خەتمێکی قورئانی پیرۆزی لەبەر ئەنجام دەدا، تا شوێنێک کە کتێبی شیفا ش دادی نەدا و کتێبی رزگار بوون لە مەرگیش نەجاتی نەدا و هەجەل گیانی ستاند و لە کاتی سەرە مەرگ و گینەڵڵا دا ئەم چوارینەیەی دەگوتەوە:
تا باده عشق در قدح ریخته اند وندر پس عشق عاشق انگیخته اند
با جان و روان بوعلی مهر علی چون شیر و شکر بهم بر آمیخته اند
و دەیگوت: آنکه مردیم و آنچه که با خود بردیم ، این است که دانستیم که هیچ ندانستیم
شێخ الرەئیس ئەبو عەلی سینا لە رۆژی جومعەی یەکەمی مانگی رەمەزانی ساڵی ٤٢٨ ی کۆچی ـ مانگی وەفاتی کرد و لە هەمەدان دا و لەبەشی باشوور دا عەسپەردە کراوە.
وەسیەت نامەکەی شێخ ئەبو عەلی سینا
ئەبو عەلی سینا بە نیسبەت جەنابی ئەبوسەعیدی ئەبوالخیر رێزێکی تەواوی هەبوو و لە نێوانیان دا نامەگۆڕینەوە هەبووە، بە شیوەیەک کە شێخ وەسیەتنامەکەی خۆی بۆ ئەبوسەعیدی ئەبوالخیر نووسی و ناردی بۆی.
دەقی وەسیەت نامەکە بە زمانی عەرەبییە و لێرەدا بە کوردی دەیخەینە رو:
دەسپێکی هەر بیرێک و کۆتایی هەر هزرێک دەبێت خودا بێت، هەناو و دەرەوەی هەر شتێک کە کەوتە بەر سەرنج و هەڵگۆستەی دەبێت نیگای ئەو بەرەو لای خودا رابکێشێت. و بە سەرنج دان بە خودا چاوی لە هەر جۆرە ناپاکی و پیسییەک رزگار دەبێت. بە هەنگاوەکانی نەفس کە لە کاتی رابوون دا و لە پێگەی هەنووکە دا لە سەر پێ وەستاوە، دەبێ بە ناو جیهانی رۆحە موجەڕەدەکان دا سەفەر بکات و بە عەقڵ و هزری خۆی ئەوەی کە لە بەرهەم و گەورەیی پێگەی رەبانییەت دا سڕۆک و شاراوەیە، ببینێت.
کاتێک کە لەو پێگە گەورەیە دابەزی و هاتە خوارەوە و لە سەر پێگە و مەوقیفی خۆی کڕ کەوت، خودای خۆی بە دەربڕین و زمانی خۆی ستایش بکات و کەماڵ و چاکە بەچاو لە بەرهەم و داهێنراوەکانی دا ببینێت.
جوانی ئەو چاودێرە سەرمەدییە جگە لە رۆشنبینی و بەسیرەت بە شتێکی تر ناتوانین بەدی بکەین و بە کۆڵانەکانی ئەو دا جگە بە رێنوێنی و چاوساغی عەقڵ تێپەڕین شیاو نییە. زاتی کیبریایی ئەو ناشێت ببینریت و فام بکرێت. رووناکایی ئەوە کە لە هەناو و رواڵەت و ناخی ئامێر و شتومەکە کاندا تریفە و دەرکەوتەی هەیە. بۆ ئەوەی کە هەر تاکێک بگاتە پلەی کەماڵی خوازراو، لە هەر بوونەوەرێک دا نوور و تیشکی “ئەو” پرشەی دێت و لە هەر گەردیلەیەکی بوونەوەران نیشانەی بوونی ئەوە، خودای تاقانە کە بوونی هەر بوونەوەرێک بە بوونییەوە بەندە.
کاتێک بە سەر ئەم حاڵەتە دا زاڵ بوو و بە شێوەیەکی بەردەوام لە خۆی دا هەوڵی پاراستنی دا، لەو کاتەیە کە فۆرم و روخساری جیهانی سەروو لە ئاوێنەی بوونی دا دەنگدەداتەوە و تیشکەکانی جوانی رەهای ئیلاهی لێی دەچنە ژوورەوە. هەر لەم کاتە دایە کە لەگەڵ پلە بەرزەکانی کەماڵی رەبانییەت ناسیاوەتی پەیدا دەکات و چێژ لە لەزەتێک دەبینێت کە زۆر کەس توانایی دەست پێڕاگەیشتنیان نییە و ئەم لە وجودی خۆی دا کەڵکی لێ وەردەگرێت، لە وجودێک کە ئەمەی تێدا بووە و شیاوی هەبوونی بووە.
دڵەڕاوکێ لە لای دا ون دەبێت و نووری هێوری و هێمنی جێگەی دەگرێتەوە و پلەی داسەکناویی پڕ لە دڵەڕاوکەی لە لا ون دەبێت و فام و تێگەیشتنی هێندە دەبێت کە خەڵکی رێبازەکەی حەسرەت و ئێرەیی پێ دەبەن و ئەمیش لە لای خوا داوای عەفویان بۆ دەکات و لە ئاکامئش دا فێڵ و تەڵەکەی دونیا بە هیچ و موڵک و مەتاعی جیهانیش بە پووچ دەزانێت. بیهێنێتەوە یادی خۆی کە خودا گەورەیە و هەمیشە لەو یادکردنەوەیە شادمان و بەردەوامیش لێی شاگەشکە دەبێت. لە دواجار دا کاری دونیا و دانیشتووانی دەبێتە جێگەی سەرسووڕمانی، هەر بە هەمان شێوە کە هۆگرانی دونیا لە هەمبەر هۆگرانی ئەوەی وا خەڵکی ئاخرەتە سەریان دەسوڕمێت و دەبێت ئاگادار بێت کە نوێژ لە باشترین شتەکانە و چوون بە ئاراستەی نوێژ دایە کە پلەی کەماڵ مسۆگەر دەبێت. رۆژوو باشترین هێورییەکان و جوانترین داسەکنانە چوون لەم داسەکنانە رەن و ژەنگی پیسی و پۆصڵییەکان لە نەفس دا دەسڕدرێتەوە. سەدەقە و خێرکردن لە باشترین کردەکانە چوونکوو بە هۆیانەوە خراپی و بەڵا دەسڕدرێتەوە و دوور دەکەونەوە و لە دواجار دا دەبێت بزانێت خاوێنترین و باشترین سلووک و رێگاپێوان، بەرگە گرتن لە هەمبەر سەختی و نەهامەتییە و بێهۆترین کردەگەلیش ریاکاری و رواڵەت بازییە.
تا سات و کاتێک کە نەفس لە رێژە و رادەیەکی نزم دا گۆڕانی بەسەر دا هاتبێت و تا کاتێک سەرنجی لە تەوەری وشە و لەفز و ناناوەرۆک دا دەسووڕێتەوە و سەرقاڵی قەپ و قاڵ و هەراوزەنایە، هەرگیزاو هەرگیز و ببڕایبڕ لە پیسی و پۆخڵی رزگاری نابێت و خاوێنی رووی تێ ناکات.
ئەو زانستەی کە خالێ بێت لە گەندەڵی و بە ویستەناو و نییەتێکی باش ئەنجام بدرێت، باشترین کردەکانە، حیکمەت و زانست بنەما و کرۆکی سەرێتی مرۆڤە لە باقی گیان لەبەرانیتر و لە فێر بوونی زانست دا مەعریفەت و ناسینی ئیلاهی سەرووترە لە هەموو شتێک، چوونکوو بڵندی و شەرافەتی هەر زانستێک گرێدراوی بابەت و تەوەرەکەیە. وشە حەقئاوییەکان و دەربڕینە پاکژەکان بەرەو خودای موتعال دەچنە وەری و خودای موتەعالیش بەرزیان دەکاتەوە. بەڵێ، هەر بەم شێوە و چۆنایەتییە لە دەربڕین و وشەی درۆ و بەتاڵ لە حەقیقەت حاشا دەکات و تەنانەت لە خەیاڵدانی خۆشی دا بواری تێپەڕاندن بە ناپاکژی و درۆبێژیی نادات، تەکوو لە هەناوی نەفس دا ئەم حاڵەتە جێگر و بەردەوام و زاڵ ببێت. لە ئاکامیش دا خەوەکانی بە راست دەردەچێت و ئەوەی کە جیهانی خەون دا بۆی دێتە پێش هەر هەمان شتە کە لە راستی دا دێتە ئاراوە.
لەمەڕ “موشتەهیاتی نەفس”یشەوە، واتە ئەو شتەی کە دەبێتە هۆی چێژ و لەزەتی نەفس و لێیان چێژگر دەبێت، دەبێ بزانین کە پێویستە بەکارهێنان و کەڵک وەرگرتن لێیان تەنها و تەنها بۆ هاوسەنگی وەرگرتنی میزاج و راگرتنی بوونی تاکەکەسی و پاراستنی چەشن(نوع)بێت.
لەگەڵ هەر تاک و کەسێک دا بە گوێرەی تەبیعەت و چاکە ئەخلاقییەکانی بجووڵێتەوە و تاشوێنێک کە بۆی دەلوێت و بە رادەی توانایی ماڵی خۆی بەخشندەیی و بەشینەوەی هەبێت.
بۆ یارمەتی و پاڵپشتی خەڵک زۆربەی کات ئامادەیە و تەنانەت لەو شتەیش کە بە پێچەوانەی خواست و ئارەزووی ئەوە هەر یارمەتییان دەکات. لەبارەی ئەنجام و کردە شەرعییەکان دا تەواوە و حوکم و بڕیارە ئیلاهییەکان دەپارێزێت و بەرزیان رادەگرێت و ئەندام و ئەزاکانی لەشی خۆی پێملی ئەنجامدانی ئەرکە پێویستە ئیلاهییەکان دەکات. خودای موتەعال ئەنجامدانی واجبەکانی ئەم شەریعەتەی بۆ بەندەکانی خۆی بە پێویست داناوە و پێیان بە ئەنجامدانی کردەگەلێک ئەمر دەکات کە لە ژێر ناوی ئاڵای ئیسلام دا پێناسە کراوە.
خودای موتەعال دۆست و خۆشەویستی ئەو کەسانەیە کە ئایینی پیرۆزی ئیسلامیان قبووڵ کردووە و ئیمانیان هێناوە و چوونکوو ئێمە بە حاڵ و بەدڵ قبووڵمان کردووە و ملمان بۆی داوە، کەواتە خودای موتەعال بۆ ئێمە بەس بێت و جگە لە ئەو سەرنج و رامان ناگرینە هیچ کێ، چەندە بەرز و باشە ئەو کەسەی کە ئێمە کاروباری خۆمان بەوی دا راسپاردووە.
ئارامگەی ئەبوو عەلی سینا
قەبری ئەبوو عەلی سینا هەر لە سەردەمە کۆنەکان دا لە نێوان خەڵکی هەمەدان دا بە باوا ئەبوو عەلی سینا ناوبانگی دەرکردووە. لە سەرەتا دا لە ژێر چوارتاقییەک دا بوو و دواتر لە سەردەمی قەجەر دا بینایەکی تریان لەسەری درووست کرد. لە ساڵی رابردوو دا دەستیان دایە درووست کردنی ئەو ئارامگەیەی کە ئێستا هەیە و دەرکەوت کە گۆڕی ئەبوو عەلی سینا و ئەبو سەعیدی دەخدووکیان لە نێو و چوارتوێی دیوارگەلێکی قایم کە لە خۆڵی روسە، جێ کردۆتەوە. هەر بەم هۆیەوە ئێسقان و کەلەسەری ئەبوو عەلی سینا نەپووکا بوون و لەناو نەچوو بوون، لە ساڵی ١٢٩٤ “خاتوو نیگاری کچی عەباس میرزا، نائیب السلطنە” چوارتاقێک کە لەسەر ئەم مەزارە بوو لای برد و گۆمەزێک لە ئاجوڕی لە باتی و لەجێگەی درووست کرد و دوو کێلیشی لە سەر ئەم دوو گۆرە داناوە. ئێستاکە هەر دووک لە ژوورچوونەکان(ندخل) ئارامگەی ئەبوو عەلی سینایە.
لە ساڵی ١٣٣٩ ی مانگی خوالێ خۆش بوو “محمد حسین فریدالدوله گلگون“سەرۆکی ئەوکاتی شارەوانی هەمەدان دیوارێکی لە دەوری ئارامگەی ئەبوو عەلی سینا دا هەڵچنی و دەرگایەکیشی لە بەرامبەر پردی کۆن لە گۆشەی باشووری خۆرئاوای قەبرەکە درووست کرد و لە تەنیشت قەبرەکە تەلارێکی بۆ کتێبخانە و هەمبارێکی بۆ کتێبەکان درووست کرد و عەوزخانەیەکیشی بۆ سازاند و تێچوو و خەرجکاریی ئەم درووست کردن و بیناسازییە لە لایەن جەند کەسی خۆبەخشی شاری هەمەدانەوە بە ئەستۆ گیرا بوو.
بیناکەی خاتوو نیگار چوار گۆشەیەکی ناڕێک و شێواو بوو کە لە خشت پێک هێنرا بوو و گۆمەزێکیشیان لە نێوی دا سازاند بوو و لە گۆشەی خۆرئاوایەوە خوێندنگەیەک و لە لای خۆرهەڵاتیشییەوە داڵانێک کە ئاراستەی ژوورێکی بچووکی دیاری دەکرد، درووست کرد بوو و لەو ژوورەش دا عارفی قەزوینی شاعیری ناودار و هاوچەرخیان ئەسپەردە کرد بوو. کتێبخانەی ئارامگەکە کە لە لایەن فەرید الدەولەوە بنیات نرا بوو ٦٤٩ بەرگ کتێبی هەبوو.
ئەم ئارامگەیەی ئێستای ئەبوو عەلی سینا بە هەوڵ و پاڵپشتی ئەنجوومەنی پاراستنی ئاسەوارە نیشتمانییەکان لە ساڵەکانی ١٣٣٠ و ١٣٣١ ی هەتاوی و بە بۆنەی ساڵوەگەڕی هەزارەهەمین ساڵی لە دایک بوونی ئەبوو عەلی سینا وە، و بە دەستی بەڕێز ئەندازیار هوشەنگی سەیحون درووست کراوە و لە ساڵی ١٣٣٣ ی هەتاوی دا و لە کۆنگرە و رێوڕەسمێکی بوشکۆ دا کە حەشیمەتێکی زۆر لە زانستمەندە ئێرانی و بیانییەکان تێیدا بەشدار بوون، کرایەوە.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری