جام کوردی:
هاوشێوه‌ی ساڵانی ڕابردوو:
شوانکاره ئه‌مساڵیش یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی به‌رز ڕاگرت
مانگی مه‌ولوود، ده‌نگی ده‌ف و سرووده ئیسلامییه‌کان، که‌شی هێمن و سه‌قامگیری ناوچه‌ی هه‌ورامانات و بارودۆخی گونجاوی چالاکییه‌کانی تایبه‌ت به‌م مانگه، مه‌ولوودی و نه‌زری و به‌خشین، ئاوڕدانه‌وه له هه‌ژاره‌کان و گرنگتر له هه‌مووش هه‌وڵدان به‌ره‌و برایه‌تی و پێکه‌وه ژیانی ئاشتییانه. ئه‌مه هه‌ل و مه‌رجی زاڵبووی ڕۆژانی ڕابردووی ناوچه‌یه‌که که به دۆستایه‌تی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د مسته‌فا (د.خ) ناسراوه. شاری پاوه گه‌وره‌ترین ڕێ و ڕه‌سمی مانگی مه‌ولوودی به‌ڕێوه برد، ڕوانسه‌ر، جوانڕۆ، سه‌لاسی باوه‌جانی و شار و شارۆچکه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م ناوچه‌یه له سه‌ر هه‌مان ڕێباز، واته خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ری ئازیزی ئیسلام. چالاکییه‌کانی ئه‌م مانگه پیرۆزه به ته‌نیا تایبه‌ت به شار و شارۆچکه‌کانی هه‌ورامانات نه‌بووه، به پێچه‌وانه‌وه له‌م یاده پیرۆزه‌دا گونده‌کانیش هه‌ست و خۆشه‌ویستی خۆیانیان به‌رامبه‌ر به ئه‌ستێره‌ی پرشنگداری مرۆڤایه‌تی پیشان دا.
ئه‌مجاره دۆستانی محه‌ممه‌د (د.خ) له گوندی شوانکاره‌ی سه‌ر به ناحیه‌ی شاهۆ له قه‌زای ڕوانسه‌ر یه‌کێک له گه‌وره‌ترین ڕێ و ڕه‌سمه‌کانی مانگی پیرۆزی مه‌ولوودیان به‌ڕێوه‌برد. له مزگه‌وتی گشتی ئه‌م گونده و به به‌شداری دانیشتووانه‌که‌ی و ژماره‌یه‌کی به‌رچاو له مامۆستایانی ئائینی و خه‌ڵکی ناوچه‌که، یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام به‌رز ڕاگیرا. سه‌ره‌تای ڕێ و ڕه‌سمه‌که به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ندین ئایه‌ت له قورئانی پیرۆز ده‌ستیپێکرد.
پاشان مامۆستا جه‌مال ڕه‌فیعی پێش نوێژ و وتارخوێنی هه‌ینی شوانکاره له وتارێکدا وێڕای پیرۆزبایی مانگی مه‌ولوود و به‌خێرهاتنی سه‌رجه‌م میوانان و به‌شداربووانی ڕێ و ڕه‌سمه‌که، چه‌ندین لاپه‌ڕه‌ی ژیانی پێغه‌مبه‌ری ئازیزی به تایبه‌ت له بواری کۆمه‌ڵایه‌تیدا هه‌ڵدایه‌وه و تیشکی خسته سه‌ر مرۆڤدۆستی و له به‌رچاوگرتنی مافی هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگا له ئائینی پیرۆزی ئیسلام و جه‌ختی له‌وه کرده‌وه که ئه‌گه‌ر ئێمه ژیان و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ر (د.خ) وه‌ک بنه‌مای سه‌ره‌کی خۆمان دابنێین، به‌خته‌وه‌ری هه‌ر دوو جیهان بۆمان مسۆگه‌ر ده‌بێت.
له وتارێکدا و له به‌رده‌م ئاماده‌بووانی ڕێ و ڕه‌سمی مه‌ولوود، فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ڕوانسه‌ر وێڕای پیرۆزبایی یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام (د.خ) و ئیمام جه‌عفه‌ری سادق (ع) و حه‌وته‌ی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه، وتی: دوژمنانی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی به هه‌موو شێوازێک له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که ته‌بایی و یه‌کڕیزی نێوان موسڵمانان تێک بده‌ن و خۆشبه‌ختانه ئه‌م هه‌وڵه‌یان تا ئێستا له ژێر ئاڵای یه‌کگرتوویی و یه‌کێتی نێوان سوننه و شێعه له ئێران‌دا پووچه‌ڵ کراوه‌ته‌وه و پیلانه‌کانیان سه‌ریان نه‌گرتووه.
سه‌رهه‌نگ ئه‌ڵادانه له درێژه‌دا تیشکی خسته سه‌ر پێکهێنانی گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک داعش له وڵاتانی ئیسلامی و له لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاواوه و وتی: به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ وڵاتانی ئیسلامی بوونه‌ته ئامانجی سه‌ره‌کی پیلان و نه‌خشه‌ی به‌ره‌ی سته‌مکاری و ته‌نیا چه‌کی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌مه‌ش هه‌مان بابه‌تی گرنگ و سه‌ره‌کی یه‌کێتی و یه‌کگرتوویی نێوان موسڵمانانه که حه‌زره‌تی ئیمام خومه‌ینی (ره) وه‌ک ستراتیژێک ڕایگه‌یاند و ئه‌مڕۆ ده‌بینین که له سه‌ر هه‌مان بنه‌ما و له حه‌وته‌ی یه‌کڕیزیدا، موسڵمانانی سوننه و شێعه له که‌شێکی هێمن و ئارام‌دا پێکه‌وه یادی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام به‌رز ڕاده‌گرن.
مامۆستا حامید ڕه‌حیمی وتارخوێنی هه‌ینی شاری باینگان که ماوه‌ی 13 ساڵ وه‌ک پێش نوێژ و وتارخوێنی هه‌ینی شوانکاره میوانی ئه‌م گونده بووه، له وه‌سفی مانگی پیرۆزی مه‌ولوود و پێگه و که‌سایه‌تی حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د (د.خ) وتارێکی پێشکه‌ش کرد و هیوای ئه‌وه‌ی خواست که مه‌ولوود ببێته مه‌شخه‌ڵی ڕووناکی ژیانی موسڵمانان و له‌م تارماییه‌دا که به‌رۆکی جیهانی ئیسلامی گرتووه‌ته‌وه، یارمه‌تیده‌ری دۆزینه‌وه‌ی ڕێگای ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلام و ڕزگاری مرۆڤه‌کان بێت.
هه‌ر له‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا مامۆستا فارووق قادری و دوکتۆر محێدین محه‌ممه‌دخانی وتاری خۆیان پێشکه‌ش کرد و له درێژه‌شدا چه‌ندین سروودی ئائینی له لایه‌ن هونه‌رمه‌ندانی به‌توانای ئائینی له شاری جوانڕۆ وه‌ک دیارییه‌ک بۆ مانگی مه‌ولوود و ئاماده‌بووانی ڕێ و ڕه‌سمه‌که خوێندرایه‌وه. هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆشی شوانکاره‌یی، ئه‌سکه‌نده‌ر ته‌به‌ردار و ده‌ف ژه‌نی لاو، ئه‌دیب ته‌به‌ردار به سروودی ئه‌ی پێغه‌مبه‌ری ڕه‌هبه‌ری ئیسلام، سرنجی ئاماده‌بووانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشا. خه‌ڵکی شوانکاره‌ش نیوه‌ڕۆخوانێکیان بۆ پێشوازی له میوانانی ڕێ و ڕه‌سمی مه‌ولوود ئاماده کردبوو.
شایانی ئاماژه‌یه ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه به هاوکاری تێکڕای دانیشتووانی شوانکاره به‌ڕێوه‌چوو.