قوتابخانەی حەکیم نیزامیی
ئاستارا کە هەڵکەوتۆتە پارێزگای گیلانەوە و لە وڵاتی ئێران دایە، یەکیک لە خوێندەوارترین و رۆشنبیرترین شوێنەکانی ئێران و ژمارەی بێسەواد و نەخوێندەوارەکانی ئەم ناوجەیە زۆر کەمە. پێشینەی کەلتووری و مێژوویی لە ئاستارا ئاماژەیە بەوەی کە خەڵکی ئەم شارە بەردەوام هۆگر و لایەنگری زانست و فەرهەنگ بووگن. بنیات نرانی قوتابخانەی حەکیم نیزامیی لەم شارە دا واتە ١٠٠ سال لەمەوبەر ئاماژەیە بۆ قووڵایی کەلتوور و ئەدەب لە ناخی خەڵکی ئەم دەفەر و باژێڕە دا. ئەم قوتابخانەیە لە ساڵی ١٢٨٧ دا بنیات نراوە، قوتابخانەی حەکیم نیزامیی لە ماوەی سەدەیەک دا زنستوانان و گەورەپیاوانی زۆری پەروەردە کردووە. لە لایەنە شانزی بارەکانی ئەم قوتابخانەیە ئەمەیە کە خەسرەوی گولی سورخی، خەباتکار و هەڤاڵی سەردەمی پاشایەتی پاڵەوییەکان لەم قوتابخانەیە دا خوێندوویەتی و هەروەها نیمایوشیج، بنیاتنەری رەوتی شیعری نوێ لە ئێران دا لە ساڵەکانی سەرەتای ١٣٠٠ دا لە قوتابخانەیە و لە قۆناغی دوا ناوەندی دا وانەی گوتۆتەوە. ئەم قوتابخانە کۆنە حەوشەیەکی گەورەی هەیە و بە سەرخانیکی سوفاڵین و دەر و پەنجەرەگەلێکی جێوین و هەروەها زۆمپاگەلی چودەنییەوە دەرخەری ئەمەن کە کۆی ئەم هێمایانە لە تەنیشت یەکدا ئاماژەیە بۆ میعماری نەریتی و خۆماڵییانەی ئەم ناوچەیەی گیلان. سەرەڕای نیمایوشیج، باوکی شیعری نوێی فارسی، و خەسرەوی گولی سورخی، خەباتکاری سەردەمی پاڵەوی، مەحموودی سیراجی، شاعیری هاوچەرخی ئێرانی و حەمیدی نوتقی بنیاتنەر و باوکی پێوەندییە گشتییەکانی ئێرانیش سەردەم و قۆناغی ناوەندییان لەم قوتابخانەیە بردۆتە سەر. قوتابخانەی حەکیم نیزامیی لە کۆنترین قوتابخانەکانی باکووری ئێرانە کە لە ساڵی ١٢٨٧ ی کۆچی ـ هەتاوی (سەردەمی قەجەرەکان) و بە یارمەتی خەڵکی ئاستارا درووست کراوە و یەکێکە لە هێما کەلتوورییەکانی شاری ئاستارا. ئەم قوتابخانەیەی نیزامیی بە ژمارەی ١٥٢٢٠ لە بەرواری ٢٤ رەشەمی ساڵی ١٣٨٤ هەتاوی لە پێڕست ئاسەوارە نیشتمانییەکان دا تۆمار کراوە.
دوندی ئیسپیناس
دوند یان ترۆپکی ئیسپیناس بەرزترین کێوی جوگرافیای ناوچەی ئاستارایە کە نێزیکەی ٢ هەزار و ١٠٥ مەتر لە ئاستی زەریا ئازادەکان بەرزترە.
زنجیرە چیای ئیسپیناس کەوتۆتە پشتی تاڵاوی ئیستیل و تاڤگەی لاتۆنیش سەرچاوەی خۆی لە داوێنەکانی وەرگرتووە. ئەم ترۆپکە بەرزە لە ١٧ کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی شاری لۆندڤیل هەڵکەوتووە و تاڤگەی ناوداری “لاتۆن” لەوێوە سەرچاوە دەگرێت.
بارات گۆنی
بە رۆژی ١٥ شابان و لەدایک بوونی ئیمامی زەمان لە ئاستارا بە زمانی خۆماڵی دەڵێن “بارات گۆنی” و ئەمەش واتای “رۆژی بە دیهاتنی پێویستی و ئاواتەکان” ە. خەلکانی ناوچەی ئاستارا کە زۆرتر خەڵکانێکی ئایینی و مەزهەبین. رێوڕەسمانێکی جیاواز و جۆراوجۆریان بۆ جەژنە ئایینییەکانی خۆیان هەیە. هەر لە سەردەم و کاتە دوورەکانەوە وا باو بووە کە لە نیوەی شابان خەڵکی ئەوێ بە مەبەستی راز و نیاز و داواکاریی و نزا بۆ بەدیهاتنی ئاواتەکانیان لە سەرەتای دەسپێکردنی شەوەوە (پاش بانگی مەغریو) کەل و پەلی پێویستی خۆیان هەڵگرتووە و رۆشتوونەتە ناو حەرەم یان رووبەری حەرەمی ئیمامزادە ئیبراهیم و قاسم ئاستارا ـ کە هەڵکەوتۆتە مەودای ٥ کیلۆمەتری ئەم شارەوە ـ و شەو لەوێ ماونەتەوە و تاکوو بانگی بەیان خەریکی راز و نیاز و نوێژ خوێندن و نزا و پاڕانەوەن.
وەک دەڵێن باو بووە کە ئەگەر دەرفەت و هەلی گونجاو هەبایە کچۆڵە یان کوڕێکی بچووکیان لە گەڵ خۆیان دەهێنا تاکوو هاوڕێیان بکەن، چوون باوەڕیان وابوو کە منداڵان خاوێن و مەعسومن و دۆعا و نزایان زووتر قبووڵ دەکرێ و بەدی دێت. کەسانێکیش بوون کە ساڵانی پێشتر و بەر لە ئێستا دۆعاکانیان هاتبووە دی و خەیر و نەزری خۆیان لەوێ دا دەبەشییەوە و لە دیمانەکەر و زایران پێشوازی و میواندارییان دەکرد.
گوندی حەیران
گوندی حەیرانی ئاستارا یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە راکێشەرەکانی ئێران. ئەم گوندە کە لەسەر رێگای جادەی استارا ـ ئەردەبیل هەڵکەوتووە و بە ناو دەربەندی پڕ هەڵەت و پێچەڵپڵووچی “حەیران” دا تێدەپەڕێت، بە هۆی راکێشەرییە گەشتیاریی و سیاحییەکانی خۆی بووەتە یەکێک لە جەمسەر و ناوچە پڕدیمانە و جوانەکانی هەموو ئێران. ئەم ناوچەیە بەهۆی کەش و هەوای لەبار و خاوێن لە پێنج ساڵی رابردوو دا بووەتە جێگەی سەرنج و تێڕامانی لایەنگران و هۆگرانی سرووشت و سرووشت دۆستان، و بیناکارییە گەشتیاریی و سەیرانگاییەکان بەشێوەیەکی بەربڵاو و سەیر لەوێ پەرەی سەندووە. درووست کردن و رێکخستنی تیلەکابین لە بەرزاییەکانی حەیران، گەورەترین پرۆژەی سازاندنە کە بە جێبەجێ بوونی لە لایەن کەرتی تایبەتەوە، هەنگاوێکی گەورە و گرینگ بە ئاراستەی پێشکەوتین و گەشەی گەشتیاری هەڵگیراوە. بەرزاییەکانی ئەم گوندە کە کانیاوە زۆر جوانەکانی لە ناوبانگێکی زۆر بەهرەمەند دەبن، هەر حەوتە میوانداری سەدان کێوپێو و شاخەوانن لە پارێزگا جۆراوجۆرەکان و ئاراستە و رێگەگەلێکی وەکوو “عەلی داشی” و “ئالما تیلە سی” لە جوانترین و پڕ لایەنگترین ئاراستە کێوپێوییەکان، هەژمار دەکرێن.
بێ گومان دەکرێت حەیران بە جوانترین ناوچەی سەرسەوز و پڕبژوێنی ئێران هەژمار بکەین، ئەو شاخەوانانەش کە دەچن بەرەو ئەردەبیل دەتوانن جونییەکانی ئەم ناوچەیە لەگەڵ تەپۆڵکەکانی سەبەلان دا بەراورد بکەن یان بە تێپەڕین و پێواندنی، شەکەتی رێگا لە شەوێکی زستانی جوان لە بیر بکەن.
ئاراستەی سەیر و خەونئامێزی جادەی ئاستارا بەرەو ئەردەبیل لەلایەک زاڵە بە سەر کێوانێک دا کە سەرتاپای بە دارستان تەنراوە و چرییەکی تایبەت بە خۆی هەیە، و هەروەها لە لایەکی دیکەش زاڵە بە سەر دەربەندێکی تارادەیەک قووڵ دا کە رووباری ئەرەس با ناوی دا تێ دەپەڕێت، ئەم رووبارە سنووری نێوان وڵاتی ئێران و ئازەربایجان دیاری دەکات.
گەردەنەی حەیران زۆربەی کات بە تەمومژێک لە هەور داپۆشراوە. دەربەند و تەپۆڵکەگەلی خەمڵاو بە گوڵ و گژوگیا دارستانییەکان و ئەو گایانەی کە لەوێ دەلەوەڕێن لەگەڵ دیمەن و بەرجەوەنانێکی جوان لە مێش هەنگ و کەنووەکانیان، یەکەمین وێنە و دیمەنگەلێکە کە هە رێبوار و تێپەڕێک گیرۆدەی جوانی و سەیروسەمەرە بوونی خۆی دەکات.
گوندی کوتە کومە
بە ناوهێنانی گوندی کوتە کومە، بە شیوەیەکی ناوشیار زەینمان دەچێت بۆ تەنها کانیاوی ئاویگەرمی سرووشتی ـ دارستانی وڵات و تاڤگەی ١٠٥ مەتری لاتۆن کە بە لەبەرچاو گرتنی سەرڕێژ و داڕهانە ئەستوونییەکەی وەکوو گەورەترین و بەرزترین تاڤگەی ئێران دەناسرێت، دەچێت. ئەم گوندە جوانە هەڵکەوتۆتە پارێزگای گیلان، لە ٩ کیلۆمەتری شاری لۆندڤیل. گەندێکی بچووکە بە نێزیکەی ٢٠ ماڵی دێهاتی کە خەڵکانی لە نەتەوەی تالشن و ئایینیشیان سوننەیە. خەڵکی گوندەکە زۆربەی کات لە ناو گوندەکە دا بە زمانی تالیشی دەئاخفن و لەگەڵ زمانەکانی تورکی و فارسیش دا ناسیاوەتی تەواویان هەیە. زۆربەی ناوبانگی ئەم گوندە بە هۆی هەبوونی تاڤگەی لاتۆنە کە وەکوو بەرزترین تاڤگەی پارێزگای گیلان دەناسرێت. ناوچەیەکی تری ناوداری ئەم گوندە ئاوگەرمی کوتەکومەیە، کە ئاوگەرمێکی بچووکە و هەر لە ناو گوندەکە دایە. بەشێک لە دەرامەتی خەڵکی ئەم گوندە لە پارە کرێی ماڵەکانیان بەدی دێت، ئەو ماڵانەی کە بە کرێ دەیدەنە گەشتیاران و شاخەوانانێک کە بۆ سەرکەوتن بەرەو لای تاڤگەکە هاتوونەتە گوندەکەیان. زۆربەی کێوپێوەکان، سرووشت دۆستە نێوخۆییەکان و گەشتیارە نێودەولەتییەکان بە باشی گوندی کوێستانی و شاخاوی کوتە کومە دەناسن کە لە باشووری رۆژئاوای بەندەری سنووریی ئاستارا هەڵکەوتووە و گەشتیاران بە گشتی تایبەتمەندیگەلی دانسقەی ئەم گوند و دەڤەرە وەکوو تاڤگە جۆراوجۆرەکان و حەوزۆکە بەردینەکان و ئاسەوارە مێژووییەکانی وەک قەڵا، گۆڕستانی کۆن و ئاسیاوی کۆنەی ئاسیە شڤان، دەناسن و لەگەڵ ئەم شوێن و شوێنەوارانە بەشێوەیەک ناسیاوەتییان هەیە. گەشتیاران پاش هاتن بۆ ئەم گوندە راکێشەری ایەنە ناکۆتاکانی سرووست و دیاردە خۆکرد و خۆڕسکەکانی دەبن. مەودای گوندی کوتە کومە تاکوو تاڤگەکە نێزیکەی ٦ کیلۆمەترە کە لە کاتی تێپەڕاندنی ئەم ئاراستەیە دا بەرزاییەکە وردەوردە دەچێتە سەرەوە و دەگاتە ٧٥٠ مەتر. لەم رێگا و ئاراستەیە دا دەبێت لە تەپۆڵکە و تاڤگەگەلێکی بچووک دا سەرکەون کە تێپەڕاندنی پێویستی بە ئامادەیی جەستەیی تایبەت هەیە. بۆیە پێشنیار دەکەین کە چەند جارێک لە رێگا دا پشوو بدەن و وزەی خۆتان وەرگرنەوە. لە ئاراستەی سەرکەوتنتان دا دەگەنە گوندێکی کۆن و قەدیمی بە ناوی ئاسیەشڤان، ئاسیو لە زمانی تالیشی دا بە واتای ئاسیاو و شڤان بە مانای کەناری رووبار دێت. باشترین وەرز بۆ سەفەرکردن بەرەو ئەم ناوچەیە سەرەتای بەهار یان کۆتایەکانی زستانە کە کەش و هەوای ناوچەکە گونجاو و مامناوەندییە و شی و تەڕایی کەمتر ئازار دەگەیەنێت. بەم حاڵەشەوە پێشنیار دەکەین کە ئەم سەفەر و ئاراستەیە بە هاوڕێیەتی گرووپێکی پسپۆر و پرۆفیشیناڵی گەشتیار یا کێوپێو بپێون تاکوو تووشی کێشە نەبن.
گوندی عەباس ئاوای ئاستارا
گوندی عەباس ئاوای ئاستارا یەکێکە لە گەورەترین و جوانترین گوندەکانی شاری ئاستارا. ئەم گوندە بە ٢٦٩ بنەماڵە نێزیکەی ١٣١٠ کەس حەشیمەت و نفووسی هەیە و بە یەکێک لە گوندە سەرەکییەکانی دێستانی ڤیرمۆنی ئەژمار دەکرێت. ئەم گوندە هەڵکەوتۆتە ٢ کیلۆمەتری باشووری رۆژئاوای ئاستاراوە. کە خاوەنی مەزراگەلی گەورەی برینجە و بەناوبانگ ترین برینجی ئاستارا لەم گوندە دا دەچێنێت. ناوبانگی ئەم گوندە بە بۆنەی خۆڕسک بوون و سرووشتی بوونی بەرجەوەن و دیمەنەکانێتی؛ بە تایبەتی کە ئەم گوندە هەڵکەوتۆتە کەمەرشکێنی کێوی ئیسپیناس کە سەر بە زنجیرە چیاکانی تالیشە. بەهۆی گەشەی جەستەیی شار و زۆربوونی بیناسازیی، سنووری شارەکە لە گوند نێزیک بۆتەوە، بەڵام ناوەندەکەی هەر بە شیوە خۆڕسک و سرووشتییە جوانەکەی ماوەتەوە. عەباس ئاوا ئاو، کارەبا، گاز، تەلەفوون، جادەی شۆستەی گوندیی، رێکخراوی هەرەوەزی، خانەی سڵامەتی، مزگەوت، نانەواخانە، کارگەی گەورەی برینجکوتان و باخی ناوداری چایی هەیە کە چایی کاری پێ دەڵێن، ئەم باخە یەکێکە لە شوێنە سەیر و گەشتیارییەکانی عەباس ئاوا. ئەم باخە تەنها ناوەندی جاندنی چاییە لە هەموو شارەکە دا کە دەیان ساڵە درووست کراوە. باخی چایی عەباس ئاوا لە سەردەمی موزەفەرەدین شا دا درووست کراوە کە لە لایەن وەزارەتی جەهادی کشت و کاڵەوە یارمەتی پێ دراوە و ئێستا لە بواری بەرهەمهێنانی کۆیی فەندوقیش دا ئیش دەکات.
گوندی سیبلی
گوندی سیبلی لە ١٠ کیلۆمەتری باشووری ئاستارا بە ٣٢٠ بنەماڵە و ١٥٣٧ کەس حەشیمەت، بە یەکیک لە گوندە گەورەکانی بەشی لۆندڤیل ئەژمار دەکرێت. سیبلی لوولەکێشی غاز، ئاو، کارەبا، تەلەفوون، خانەی سڵامەتی، کتێبخانە، گوندیاریی، بنکەی بەسیج، بینای وەرزشی، مزگەوت و سێ قوتابخانەی هەیە کە پێشینەی یەکێک لە قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ٨٠ ساڵ لەمەوپێش. هەروەها کارگەی ئاردی رەفیعیان و ١٣ کارگەی چالاک و ناچالاکی سەدەف کوتان لەم گوندە دا هەیە. گوندی جوانی سیبلی خاوەنی رووبارێکە کە بەسەر زەریا دا دەڕژێت و ژینگەیەکی وەحشی گەورە و بەرینیشی هەیە، عیمارەتی سڵێمان خان و بینای نیوەڕووخاوی خەزێنەکانی ساسانی هەر لەم گوندە دایە کە ئێستا لە ناو چوون و خاپوور بوون. خەڵکی ئەم ناوچەیە باوەڕیان وایە کە هەندێک لە بنەماڵەکانی سیبلی لە خەڵکانی دەڤەری کرماشان و کەنداوی فارسن، کە لە سەردەمی پاشایەتی سەفەوییەکان دا پاش پەڕیوە بوون و دوورخستنەوە لە زێدی دایکییان، لەم ناوچەیە دا نیشتە جێ بوون و هەروەها بە بڕوای دانیشتووانی ئەم گوندە، گوندی سیبلی دە هۆی ئەوەی کە هەمیشە بەرگریی لە داماوان و چەوساوەکان کردووە و لە کۆنیشەوە سمێڵیان داناوە بە سیبلی یان سمێڵی ناوبانگی گوندەکە دەرچووە. زۆرتر لە ٨٢ لە سەدی خەڵکی سیبلی خوێندەوارییان هەیە و لە سەردەمی شەڕی داسەپاوی عێراقیش دا٣ شەهید و ٨ گیانبازیان پێشکەشی شۆڕشی ئیسلامی کردووە. بارودۆخی ئابووری زۆربەی دانیشتووانی سیبلی باش و لەبارە، بە شێوەیەک کە ئەم گوندە بەبۆنەی هەبوونی زۆری لۆری و ترەیلی بە گوندی ترەیلی دارەکان ناوبانگی دەرکردووە، لەپاڵ هەموو ئەمانەش دا خەڵکی ئەم گوندە سەرقاڵی شالیکاری، راوکردنی ماسی و باخداری کیوین.
گوندی کانروود
گوندی کانروود لە مەودای ٧ کیلۆمەتری رۆژئاوای جادەی ئاستارا بەرەو تالش دا هەڵکەوتووە، کە لە باکوورەوە (گوندی دەربەند) و لە رۆژهەڵات بەرەو زەریای خەزەر و لە رۆژئاوا بەرەو کۆڵان و هاوینە هەوارەکانی لاتۆن و کێوەکانی ئیسپیناس و لە باشوورەوە بەرەو گوندی سیبلی و شاری لۆندڤیل جوگرافیای خۆی دیاری دەکات. دانیشتوانی گوندەکە لە رێگای ئاژەڵداری و کشت و کاڵەوە ژیانی خۆیان دەبەنە سەر. زمانی دانیشتووانی کانروود تورکی و تالشییە. لە ناوجە گەشتیاریی و سەیرانییەکانی ئەم گوندە دەتوانین ئاماژە بە تاڤگەی سەربەست و ئیمام زادە قاسم و ئیبراهیم (ع) بکەین کە ناوبانگی زۆریان هەیە و هەموو رۆژ و زۆربەی سات و کاتەکان گەشتیاران و دیمانەکارانێکی زۆر سەردانی ئەم شوێنانە دەکەن.
بەرجەوەن و دیمەنە سرووشتییەکانی ئێڵاخەکان و رووبارە تافەدارەکانی کانروود لە جوانترین و دڵڕفێنترین شوێنەکانن و رۆخی سەدەفی لە گۆشەی خۆرهەڵاتی جادەکە لە رۆخ و کەنارە جوانەکانی ئەم بەشەن، خەڵکانی ئەم گوندە زۆر میهرەبان و بەڕێزن.
هۆی ناونرانی کانروود
ناوی کان روود ئاماژە بە رووبارێکە کە بە ناوجە و وڵاتێک دا تێپەڕیوە کە “کان” یان مەعدەنێکی گەورەی لی بووە. مەبەست کانزای ئاهەکی لە ناو کێوانی کانروودە کە هەر لە مێژە گەشەیەکی بەربڵاوی کردووە و بە توخم و مەتریاڵی سازینی ماڵە هەڕگین و قەڕینەکانی ئاستارا و ناوچەکە بووە بە گشتی، ئێستاش پاشماوەکانی ماونەتەوە بەڵام بە هۆی کۆنە بوونی رێگاکە و کوێرە رێ بوونی ئاراستەکە، وازیان لێ هێناوە و لێی گەڕاون.
رووباری کانروود
رووباری کانروود لە یەک گرتن و پێکەوە بوونی کانیاوە زولاڵەکانی کێوەکانی لاتۆن و ئەسپینە (ئیسپیناس) سەرچاوەی گرتووە و درووست بووە و پاش تێپەڕاندنی کێوە سەرسەوزکان و ئاراستەیەکی پڕپێچ و پەناو و پاراو کردنی مەزراکانی برینج، دەڕژێتە زەریای خەزەرەوە و ئارام دەگرێت. ئەم رووبارە لە رووی زوڵاڵی و خاوینییەوە ناوبانگی زۆری هەیە و بە هۆیەوە برینج ئەم ناوچەیە تام و بۆنێکی بێ وێنە و تایبەت بە خۆی هەیە.
ئیمامزادە ئیبراهیم و قاسمی کانروود، کە مەزار و گۆڕی دوو بران لە رۆڵەکانی ئیمام موسای کازم (ع) و لە ساڵی ٢٥٣ی کۆچی ـ مانگی لە لایەن کارگێڕانی بەنی عەباسەوە و لە ناوچەی کانروود شەهید کران. ئەم دوو برایە مەزارگەکەیان بینایەکی رازاوەی هەبوو کە بە هۆکارگەلی نادیار بە مەبەستی نۆژەن کردنەوە رووخێندرا و ئێستا بینا نوێکە زۆر بە هێواشی خەریکە دەسازێنرێت.
رۆخی جوانی سەدەف، لە خۆرهەڵاتی کانروود و باکووری گوندی سیبلی، ١٠ کیلۆمەتریی ئاستارا بەرەو تالش هەڵکەوتووە و یەکەمین گەڵاڵەی تەندرووست سازییە لە زەریای خەزەر دا. هەبوونی ئیمکاناتی کایەکردنی مناڵ و خۆش رابواردنیان، جوێ بوونی شوێنی مەلە کردنی کوڕان و کچان، بوونی موسافرخانە و ژوورگەلی حاوانەوە لە شەو دا، پلاژگەلی پێشکەشکردن و خستنە رووی خزمەتگوزاریی، شوێنی هەڵدانەوەی چادر و خێوەت، گرووپی فریاکەوتن، نیزیکیی لە دارستان و ناوجەی پارێزراویی لۆندڤیل و جاوەدێریی پاسەوانانی ئینتیزامی، بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرجەم شوێنێکی ئەمن و ئارام بێت بۆ گەشتیاران و میوانان.
گوندی گیڵدە
گیڵدە یان گیڵادە گوندێکە سەر بە پارێزگای گیلان و شاری ئاستارا کە بە شاری سەربانە سوفاڵییەکانیش ناوبانگی دەرکردووە. دەبێ ئاگادار بین کە ئەم گوندەمان لە گەڵ گوندێتر هەر بە ناوی گوندی دیڵدە کە سەر بە شارستانی شەفتە، لێ تێک نەچێت. گیڵدە هەڵکەوتۆتە ٢٥ کیلۆمەتری رۆژئاوای ئاستاراوە و بە شێوەی راستەوخۆ نێزیکەی ٥ کیلۆمەتر لەگەڵ سنووری ولاتی ئازەربایجان و گەردەنەی حەیران مەودای هەیە. ئەم گوندە بە ١٣٣ بنەماڵە نێزیکەی ٥٨٨ کەس حەشیمەت و نفووسی هەیە. سرووشتی جوان و دارستانە شەقڵ نەشکاو و خۆڕسکەکانی ئەم ناوچەیە هەموو ساڵێک میواندار و ئامێزکەرەوەی هەزاران کەس لە گەشتیاران و کێوپێوانی پارێزگاکانی گیلان، ئەردەبیل، ئازەربایجانی خۆرهەڵات و … ە.
بە شێوەیەک کە لەم ساڵانەی دوایی دا بە هۆی هەبوونی بەرجەوەنە جوانەکانی چەندین فیلمی کورت و درێژ لە لەیەن دەرهێنەران و فیلم سازە ناودارەکانەوە، لەم گوندە دا درووست کراوە، کە دەتوانین ئاماژە بە کورتە فیلمی “نەورۆز گوڵی” کە براوەی خەلاتی فیستیڤاڵی لومۆندی فەرانسەیە، ئاماژە بکەین. زۆربەی دانیشتوانی ئەم گوندە بە کشت و کاڵ، ئاژەڵداری و مەڕدارییەوە سەرقاڵن. سەگە گەورە و کەڵە جەستەکانی شوانانی گیلدە بە تایبەتی لە ساڵانی رابردوو دا ناوبانگێکی زۆریان بۆ خۆیان لە ناو خەڵکی ئاستارا پەیدا کردووە. جادەی گوندی گیڵدە قیرتاوە و خاوەنی ئاوی لوولەکێشیشە کە لە کانیاوەوە بۆی هاتوو و کەش و هەوای ئەم گوندە مامناوەندی و فێنکە. زۆرترین ناوبانگی ئەم گوندە بە بۆنەی گەشتیاریی بوونییەوە و هەروەها هەڵکەوتن لە سەر رێگای ئاوگەرمی عەلی داشی، مشە سوویی و ناوچەی فەندوق لوو دایە. و هەر بەم هۆیەشەوە ساڵانە میوانداری هەزاران گەشتیارە لە پارێزگاکانی گیلان، ئەردەبیل و ئازەربایجانی خۆرهەڵات. ئاوگەرمی عەلی دآسی، ئاوگەرمێکی سرووشتییە کە حەوزۆکەیەکی بۆ باڵەمەلە تێدایە و ئەم حەوزۆکە لە خشت و کۆنکرێت درووست بووە. بە نێزیکەی یەک کاژێر و نیو پیاسەکردن بە ناودارە کۆتاکانی وەلیک، هەڵوژەی کیوی و داربەڕووەکان و پاش تێپەڕاندنی ماڵێکی دارین ـ کە زۆربەی کات چەند منداڵێک بۆ دۆ فرۆشتن لەوێ ئامادەن ـ و هەروەها تێپەڕاندنی رووبارەکە، دەتوانین بگەینە درستانە چڕەکان کە زۆربەی دارەکانیشی لە مەمرەز و راشە و لەوێشەوە بۆ ئاوگەرمەکە نێزیکەی یەک کاتژمێر و نیو رێگایە. لە رێگە و ئاراستەی دارستانەکە دا چەندین تاڤگە و کانیاو هەن کە بە هۆی ئەوەی قوڕ و لیتەی زۆریان تێدایە پێشنیار دەکرێت کە لە ئاوەکەی نەخۆنەوە. لە نێزیک ئاوگەرم قاوەخانەیەکی بچووک هەیە کە شوێنێکی لەبار و گونجاوە بۆ چایی خواردن و پشوو وەرگرتن. بە درێژەدانی رێگەی ئاوگەرم لە ماوەی چوار کاژێر دا دەگەینە ناوچەی فەندوق لوو کە سەر بە پارێزگای ئەردەبیلە. ناوچەی فەندوق لوو لەخۆگریی دارستانەکانی فەندوووقە کە ناوەندێکی سەیرانگەیی و گەشتیاریشی لێیە.
بازاڕچەی کەناریی ئاستارا
بازاڕی گەورەی کەناریی ئاستارا هەڵکەوتۆتە یەکێک لە باشترین شوێنەکانی شاری ئاستارا و پەراوێزی زەریای خەزەر و مێرگی ئاستاراوە. لە ساڵی ١٣٦٨ دا و بە تێکشکانی یەکێتی سۆڤێت و کرانەوەی سەر لە نوێی هێڵی سنووری نێوان وڵاتی ئازەربایجان و کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم بازاڕە گەورەیە درووست کرا. بینای بازاڕی گەورەی کەناریی ئاستارا هەر بە شێوازی میعماری و پێکهاتی گشتی بیناکردن لە ئاستارایە و سەربانەکانی سوفاڵین. پاش هەڵکەوتن و درەوشانەوەی ئەم بینایە لە ماوەی ساڵانی رابردوو دا لە ساڵی ١٣٧٧ بەو لاوە کۆمەڵە دووکان و پاساژانێک لە دەوروپشتی ئەم بینایە درووست کران و پێک هێنران. بازاڕی گەورەی کەناریی ئاستارا بە هەبوونی زۆرتر لە ١٢٠٠ یەکەی بازرگانی چالاک لە ناو ٦٠ پاساژ لە بەشە جیاوازەکانی جل و بەرگ و … چالاکی دەنوێنێت. دووکان و پاساژەکانی ژێر کۆما(زیر مجموعە)ی بازاڕی گەورەی کەناریی لە پێڵی فارابییەوە تاکوو کۆتایی پارکینگی بازاڕ و تەنیشت بلواری سپی درێژە پەیدا دەکات.
گوندی دەربەند
گوندی دەربەند هەڵکەوتۆتە ٧ کیلۆمەتری باشووری خۆرئاوای ئاستاراوە و یەکێکە لە جوانترین گوندەکانی شارستانی ئاستارا. ئەم گوندە بە ٨٦ بنەماڵە و ٣٧٢ کەس حەشیمەت سەر بە دێستانی ڤیرمۆنییە. ئەم گوندە شوێنگە و ژیۆپۆلیتیکێکی تایبەت و دانسقەی هەیە چوونکوو لە لایەک بەسەر تاڵاوی ئیستیل دا زاڵە و لە لایەکی دیکە بەسەر تەپۆڵکە سەرسەوزەکانی زنجیرە چیاکانی تالیش و مەزرا پان و بەرینەکانی برینج دا زاڵە. زۆرترین ناوبانگی گوندی دەربەند بە هۆی هەبوونی تاڵاوی جوانی ئیستیلە کە ئەم ناوجەیە کردۆتە یەکێک لە ناوچە جێگر و بەردەاومەکانی گەشتیاریی و شوێنێک بۆ تێپەڕاندنی رۆژی سرووشت یان سیانزەوەدەر. کەش و هەوای لەبار و هەبوونی دیمەن و بەرجەوەنە جوانەکانی تەنیشت تاڵاوەکە بووەتە هۆی ئەوەی کە ویلاگەلی جۆراوجۆر لەم ساڵانەی دوایی دا لەوێندەرێ درووست بکریت. دەربەند خاوەنی کارەبا، لوولەکێشی غاز و ئاو، تەلەفوون، قوتابخانە، نانەواخانە و خانەی سڵامەتییە و بینای ٢٠ هەزار هەکتاریی بۆ کشت و کاڵ کە ژێرکۆمایەکە لە زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئاستارا و هەروەها ئوتێلی نیونەتەوەیی ٥ ئەستێرەی ئیسپیناس لەم گوندە دایە.. تەنها ئاسەواری بەجێماو لە گوندی دەربەند گۆڕستانەکەیەتی کە پێشینەیەکی مێژوویی هەیە. ئاستاراییە کۆنەکان باوەڕیان وایە کە لە کێوی دەربەند مارگەلێکی بەهەیبەت و گەورە هەن کە پاسەوانی گەنج و خەزێنەکانی تڵا و زێڕن.
رۆخی سەدەف
بی گومان یەکێک لە جوانییە تاقانە و دانسقەکانی ئاستارا، رۆخی ئەم شارستانەیە، رۆخی جوانی سەدەف بە چارەکێک مەوداوە لە ناوەندی شار، شوێنێی باشە بۆ عاوانەوە، سەیران و باڵەمەلە کردن. سەدەف وەکوو رۆخێکی ئەمن بۆ بالەمەلە و باقی وەرزشەکانیت دەناسرێت و لە وەرزی هاوینیش دا دەکرێت بەلەم سواری تێدا بکریت.
گەشتیاریی رۆخیی(گردشگری ساحلی) وەکوو کۆنترین نممنە و سەرچەشنی گەشتیاریی و هەروەها وەکوو گەورەترین چالاکی تەنانەت لە جیهان دەناسرێت، گەشە و پەرە ئەستاندنی گەشتیاریی رۆخی و سەیرانە پاراوێزییەکانی بووەتە سەرچەشنێکی گەشەسەندن بۆ وڵاتانی کەنار زەریا و بەم هۆیەشەوە بووتە سەرجاویەکی لەبار و فراوان لە دەسکەوت و داهاتە ئابووری، کۆمەڵایەتی، کەلتووری و ژینگەییەکان.
لەم هەل و مەرجەی ئێستا دا و بە گەشەسەندنی رۆژ لە دوای رۆژی ئیمکانات و رێکخراوە خزمەتگوزارییەکانی بواری گەشتیاریی رۆخیی، ئیدی گەشتیار سەرەڕای هەتاوی رۆخی زەریا، شن و خزمەتگوزارییەکانی گوێی زەریا، داواکاری شتانی جیاواز و جۆراوجۆرتری هەیە، بۆ ئەم مەبەستەش دەبی ژێرخان و بنەواگەلی سەرمایەدانانی گەورە بۆ درووست کردنی خزمەتگوزاری و ئاسانکاریی گەشتیاریی بیتە ئاراوە و درووست بکرێت.
پارێزگای گیلان بە بوونی پوتانسیەل گەل و توانستگەلی خۆی هەموو ساڵێک میوانداری لێشاوێکی زۆر لە گەشتیاران دەکات لە رۆخی گەشتیاریی خۆیەوە و ئەمەش بە شێوەیەکە کە ٧٠ لە سەدی ئەو گەشتیارانەی دێنە ناو پارێزگای گیلان، گەشتیاریی رۆخیی هەڵدەبژێرن. ئەم شوێنە کە هەڵکەوتۆتە ٧ کیلۆمەتری رێگەی ئاستارا بەرەو تالش، یەکەمین گەڵاڵە و پرۆژەی تەندرووست سازییە لە زەریای خەزەر دا. هەبوونی ئیمکاناتی کایەکردنی مناڵ و خۆش رابواردنیان، جوێ بوونی شوێنی مەلە کردنی کوڕان و کچان، بوونی موسافرخانە و ژوورگەلی حاوانەوە لە شەو دا، پلاژگەلی پێشکەشکردن و خستنە رووی خزمەتگوزاریی، شوێنی هەڵدانەوەی چادر و خێوەت، گرووپی فریاکەوتن، نیزیکیی لە دارستان و ناوجەی پارێزراویی لۆندڤیل و جاوەدێریی پاسەوانانی ئینتیزامی، بووەتە هۆی ئەوەی کە سەرجەم شوێنێکی ئەمن و ئارام بێت بۆ گەشتیاران و میوانان.
پێشانگەی هەمیشەیی “بەهەشتی زمانەخەسوو”(کاکتوس)
پانتایی کۆمەڵەکە: 1400 مەتری چوار گۆشە
جۆراوجۆریی رەگەزیی:2200
ژمارەی ئینجانەکان:20000
ئەم کۆمەلەیە لە ساڵی ١٣٥٦ی کۆچی ـ هەتاوی لە شەقامی فارابی درووست کراوە کە لەخۆگری ٢٢٠٠ چەشن زمانەخەسوویە کە لە وڵاتانی بەرزیل، مەکزیک، پیرۆ، بۆلیڤی، ئەرژانتین و ئەمریکای باشوورەوە هێنراویانن. پیرتری و کۆنترین زمانەخەسووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێرە دایە.
ئەدرێسی پێشانگاکە: ئاستارا، شەقامی فارابی، کۆڵانی نۆهەم، کۆدی پۆستی ٤٣٩١٩-٨٤٣٤١، پەلاکی ١٦٥
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵەکە:
ناو: هووشەنگ
ناز ناو: نەورووزی
ناوی باوک: ئیدریس
لە دایک بووی ساڵی ١٣١٩
پلەی خوێندن: ئەندازیاری کشت و کاڵ
دەسپێکی چالاکی: ساڵی ١٣٥٥
ژمارەی پیوەندییەکان: 09119815080 – 5225080-0182
تیلە کابینی حەیران
ئەم تیلەکابینە کە لە رۆژئاوای گوندی وەنبین و حاجی ئەمیری ئاستارا دایە، کۆتاییترین بەشی گەردەنەی حەیران بە تێپەڕاندنی رێگەیەکی سەوزەلانی ١٥٠٠ مەتری لەگەل رۆژهەڵاتی ترین خاڵی پارکی دارستانی فەندقلووی شارستانی نەمین هەڵدەپێکێت و پێکیانەوە گرێ دەدات. ئەم تیلە کابینە کە بە سەرمایەی کەرتی تایبەت و لە لایەن ئەحمەد عەلی روستەمییەوە بە تێچوونی ١٢ میلیار تمەن و لە ماوەی ٦ سال دا درووست کراوە، دەتوانێت لە هەر کاژێریک دا لە رێگەی ٣٠ کابینی ٦ کەسەی پێشکەوتوو هەزار گەشتیار بە خێرایی ٦ مەتر لە چرکەیەک دا بگوازێتەوە.
بەرزایی وێستگەی سەرووی ئەم تیلەکابینە لە ناوچەی فەندقلوو نێزیکەی ١٧٣٠ مەتر لە ئاستی زەریایە و درێژایی کۆی ئاراستەی هاتن و چوون لە لق یان باڵێک دا نێزیکەی ٣ کیلۆمەترە. ئەم تیلەکابینە ئێستا نێزیکەی ٥٠ کەسی خستۆتە سەر کار و هەڵکەوتن و هەل و مەرجی جوگرافیاییەکەی بە شیوەیەکە کە لە باکوورەوە بەسەر ترۆپکی کەونینەیی شینداند و کۆماری ئازەربایجان، لە رۆژئاواوە بە پارکی دارستانیی فەند قلوو، لە رۆژهەڵاتەوە بە گوندی وەنەبین و جادەی سەرەکی ئاستارا بەرەو ئەردەبیل و لە باشوورەوە بە دێستانی حەیران و گەردەنە جوانەکەی دا زاڵە. ئەحمەد عەلی رۆستەمی سەرمایەدانەر و بەڕێوەبەری پرۆهەکە بە ئاماژە بە چەند خاڵێک لە بارەی نەمین، پارکی دارستانی ٤٠٦٢ هەکتاری فەند قلوو و خستنە رووی تایبەتمەندییەکانی ئەم پرۆژەیە و شێوازی کڕینی دەزگا و ئامێرەکانی لە وڵاتی ئۆتریش، پێی وایە کە ناوجەی حەیران بە هەبوونی جوگرافیایەکی لەبار، کەش و هەوای باش و سرووشتی جوان و چر و رازاوە، ئەم پرۆژەیەی پێویست کردووە کە ئەنجام بدرێت. و هەروەها لای وایە کە یەکیکە لە ٤ ناوجەی نموونە و سەرچەشنی گەشتیاری لە شارستانی ئاستارا کە پێش لەمەش لە لایەن کابینەی وەزیرانەوە پەسند کراوە، پاش تیلە کابینی لاهیجان و کیاکلایەی لەنگەروود، تیلە کابینی حەیران سێهەمین تیلە کابینی گیلانە کە دەکرێتەوە کە لەگەڵ پارێزگای ئەردەبیل دا هاوبەشە و چوارەمین تیلەکابینی گیلان لە ناوچەی دەرفەکی روودبار بە ١١و نیو کیلۆمەتر پیوان و ئاراستە، وەکوو گەورەترین تیلە کابینی جیهان خەریکە درووست دەکرێت. لە خاڵ و راکێشەرییە گەشتیارییەکانی شاری ئاستارا دەتوانین ئاماژە بە کەنارەکان، تاڤگەکان، ئاوگەرمە سرووشتییەکان و بازاڕچە رۆخییەکان بکەین و هەر وایشی کردووە کە رۆڵێکی باشیان هەبێت لە راکێشانی گەشتیاران بۆ ئەم شارە بە شێوەیەک کە دەتوانین بڵێین کە ئەمساڵ تەنها لە سەرەتای وەرزی گەرماوە تاکوو ئێستا زۆرتر لە ٦ ملیۆن و سەد هەزار گەشتیاریی ناوخۆیی هاتوونەتە ناو پارێزگای گیلانەوە.
کانیاوی ئاوگەرمی عەلی داشی
کانیاوی ئاوگەرمی عەلی داشی هەڵکەوتۆتە گوندی سەرسەوزی گیڵدەوە. ئەم کانیاوە بە هۆی نێزیکی بە جادەی سەرەکی لە لای ئاستارا و گەردەنەی حەیرانەوە لە برەو و رەونەقێکی تایبەت بەهرەمەندە و هەموو ساڵێک میوانداری ژمارەیەکی زۆر و زەبەند لە گەشتیارانی ناوچەکانی دەوروپشتە. ئەم کانیاوە هەڵکەوتۆتە بەرپێی دەربەندێکی بەردین لە شوێنێک بە ناوی عەلی داشی لە سەرووی دەربەندی گیلەدێ دا. تایبەتمەندییە دەرمانییەکانی ئاوگەرمی داش عەلی زۆر بەناوبانگە و ئێش و دەرد و ئازارگەلێکی وەکوو رۆماتیسم، چاوئێشە، دڵ ئێشە، کەمەر ئێشە، قۆڵنج و زەختی عەسەب و مێشک چاک دەکاتەوە و لەناویان دەبات. سەرەڕای تایبەتمەندیی دەرمانی و چاککردنەوە، بەهۆی هەڵکەوتنی لە جوگرافیایەکی ئێڵاخی و خۆش بەرجەوەن و خۆش کەش و هەوا خاوەنی تایبەتمەندیگەلی گەشتیاریی و سەیرانیی خۆیە.
سەرچاوە: سایتی seeniran
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری