ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری
ئیلام شارێکە لە شارە رۆژئاواییەکانی ئێران و ناوەندی پارێزگای ئیلامە. دانیشتوان و حەشیمەتی ئەم شارە بە پێی سەرژمێرییەکانی ساڵی ١٣٩٠ ی هەتاوی ٢١٣ ١٧٢ کەس بووە. ئیلام هەر لە کۆنەوە ناوگەلێکی زۆری هەبووە وەکوو ئالامتوو، ئەریوجان و ماس بەزان و لەم سەدەیەی دواییشدا بە ناوگەلی “دێوئاڵا” و “حسێن ئاوا” ناوبانگی دەرکردووە. شاری ئیلام پاش شارەکانی کرماشان و سنە بە سێهەمین شاری گەورەی کوردنشینی ئێران هەژمار دەکرێت، زمانی ئاخاوتنی خەڵکی شاری ئیلام ئیلامییە.
پێشینەی ئیلام
ئیلام لە سەردەمە کۆنەکان دا بە ئەریوجان ناوبانگی دەرکردووە. بەڵام ئیلامی ئێستاکە لە ساڵی ١٣٠٨ ی هەتاوی لە ناوچەیەک کە ناوی بە حسێن ئاباد براوە، دیسان سەر لە نوێ بنیات نراوەتەوە و ساڵێک دواتر بە لەبەرچاو گرتنی مێژینە و پێشینەی شارەکە و پەسەندکردنی فەرهەنگستانی ئێران بە ناوی “ئیلام”ەوە ناوی نرا. شاری ئیلام لە ناوەند و هەناوی کێوگەل و بەرزاییە دارستانییەکان دا هەڵکەوتووە و کەش و هەوایەکی لەباری کوێستانیی و بەهارێکی دڵگر و دڵ بزوێنی هەیە.
ئیلام هەرلە کۆنەوە شوێنگەی شارنشینی و لانکەی کەلتووری ئێرانییەکان بووە. لە سەردەمی ساسانییەکان دا بە بەشێک لە وڵاتی “پەهلە” یان “پەهلو” هەژمار دەکرا و عەرەبەکان پێیان دەگووت “کێوەکان”. لە سەدەی چوارەوە تاکوو ناوەڕاستەکانی سەدەی شەشەمی مانگی، ئەم ناوچە بەشیک بوو لە عێراقی عەجەم، ئیلام لە سەردەمی شەڕی نێوان عێراق و ئێران دا خەسار و ئاسیوی زۆری لێکەوت.
چۆنێتی پێکهاتنی شار
شاری ئێستای ئیلام لە نێوان چەندین کیو دا کە دەوراندەوری شاری تەنیوە هەڵکەوتووە و کەش و هەوایەکی لەبارتر و گونجاوتری لەچاوەی باقی ناوچەکانی تری ئیلام هەیە. بەو هۆیەوە کە تەپۆڵکەی جوان و سرووشتی “شاهید” (کەروێشکان) و گۆڕی “سی می” ( مەهدی باوکی هارون ئەلرەشید) یەکێک لە خەلیفەکانی عەباسی و هەروەهای دەربەندە جوانەکەی ئەرخەوان لە نێوان ئەم کێوانە دا بوو، غوڵامڕەزا خانی والی لە سەردەمی قەجەر دا بڕیاری دا تا قەڵای والی لە نێوان ئەو کیوانە دا درووست بکات کە وەکوو یەکێک لە هەوەڵین بیناکان دێتە ئەژمار و بەرە بەرە خەڵکی ئیلام لە دەوروپشتی قەلاکە و لە نێوان ئەم کێوانە دا ماڵیان کردۆتەوە و تا دواجار شاری ئیلام شکڵی گرتووە.
لە ئێستا دا شاری ئیلام وەکوو ناوەندی سیاسی ـ ئیداریی پارێزگای ئیلام یەکێکە لە شارە پێشکەوتووەکانی رۆژئاوای ئێران و لەرووی هەبوونی سەیرانگە دارستانییەکان و ئاسەوارە مێژوویی و کەونینەییە جۆراوجۆرەکان لە جوانتری شارەکانی ئەم پارێزگایە ئەژمار دەکرێت.
تاڤگەی وەریز
تاڤگەی وەریز هەڵکەوتۆتە پارێزگای ئیلامەوە. ئەم تاڤگەیە لە نێزیک گوندی کانی کەوە کە لە ٥ کیلۆمەتریی باشووری ئیلام و لە ئاراستەی جادەی ئیلام بەرەو بەدرە دایە، هەڵکەوتووە. کانی کەوە(ئیلام) گوندێکە سەر بە ناحییەیەکی ناوەندی پارێزگای ئیلام. بەرزایی تاڤگەکە نێزیکەی ١٠ مەترە و لە سەر تاشەبەردێکی خەرمانەیی دا بەرەو خوارەوە هاژەی دێت. ئەم تاڤگەیە سەرچاوەکەی لە بەرزاییەکانی کەبیر کوه، لە رۆژئاوای ئیلام دایە. مەبەست لە کەبیر کوه، کۆمەڵە شاخێکی بڵندم کە خۆی بەشێکە لە زنجیرە چیا گەورەکانی زاگرۆس. ئەم زنجیرە چیایە لە دیوارە باشوورییەکانی رووباری ئاوهەتاو و گەنجان چەمی شاری میهران دەست پی دەکات و بەرەو رووباری کەرخە لە دێستانی ئەلواری گەرمیان لە شاری خورەم ئاوا درێژە پەیدا دەکات. دوینەکانی باکوور و باکووری رۆژئاوا بەرەو دەربەندەکانی رووباری سەیمەرە و کەرخە و داوێنە باشووری و باشووری رۆژئاییەکەی دەگاتە سنووری نێوان عێراق و ئێران. درێژایی ئەم زنجیرە کێوە نێزیکەی ١٦٠ کیلۆمەتر و پاناییەکەی ٦ تا ٧ کیلۆمەترە کە وەکوو دیوارێکی مەزن لە ناوچەی ئیلام لە باکووری رعژئاواوە بەرەو باشووری رۆژهەڵات درێژ بۆتەوە. کەبیر کێو یەکێکە لەو ناوچە پڕباران و سەوزەلان و پڕئاوەی کە لە کەش و پێکهاتێکی کوێستانی دایە.
گوندی میرمرکان
یەکێک لە گوندە گەرمیانییەکانی پارێزگای ئیلام، میرمەکانە. میرمەکان واتە جێگە و شوێنگەی میران، ئەم گوندە ئێستا بەشێکە لە ناحییەی چەوار ی پارێزگای ئیلام و بەشێکە لە گوندەکانی دێستان بۆلی کە دێستانێکی دوو بەشی سەر بە چەوارە. گوندی میرمەکانی ئێستا لە سەر دارووپەردو و رووخاوەکانی کەپرە زۆر کۆنەکان درووست بووە و ئیشی زۆربەی خەڵکەکەی کشت و کاڵ، ئاژەڵداریی سونەتی و خەلەوخەرمانە.
گوندی حەیدەرئاباد
گوندی حەیدەرئاوا لە ٣٠ کیلۆمەتری شاری ئیلامەوە دەست پێ دەکات و تا بەرزاییەکانی تووڵاو لە نیزیک گوندەکە درێژەی دەبێت. تێکەڵاویی و دەستەملانێی دارستان و باخە میوەکان، بەتایبەتی دارە گوێزەکان لەگەڵ کانیاو و رووبارە تافەدارەکان دیمەن و بەرجەوەنێکی جوانی داوەتە ئەم دەربەندە ئێڵاخییەوە. ئەم دەربەندە هەم لە رووی راکێشانی گەشتیارەوە و هەم لەرووی بەرهەمهێنانی داهاتە باخییەکان وەکوو یەکێک لە سەرچاوە داهاتدار و گرینگەکانی پارێزگای ئیلام و گوندەکە عەژمار دەکرێت. پێکهاتی ئەم گوندە شێوەیەکی سەرنج راکێشی هەیە چوون لەم گوندە دا کۆڵانبەندی فۆرمی گشتی پێک هێناوەو هەر کۆڵانێکیش ناوێکی هەیە و مۆزاییک بوونی کەفەی گوند و پاک و خاوێنیی گوندەکە وا پیشان دەدات کە تارادەیەکی زۆر تەر یان گەڵاڵەی هادیی ئەنجام دراوە کە گەڵاڵەی هادی یەکێک لەو گەڵاڵانەی کە بۆ پێشخستن و گەشەدانی گوند و شارەکان لە رووی چۆنایەتییەوە لە ئێران هاتە جێبەجێ کردنەوە. لەم گوندە دا وێستگەی رۆژنامە، سەتڵە زبڵە تایبەتەکان، ئادابخانە، ئاوفێنک کەر و…هەیە بەڵام ئەوەی کە حاشا هەڵنەگرە ئەمەیە کە بۆ راکێشانی زۆرتری گەشتیار پێویست بە کار و خزمەتگوزاری زۆرترە. دارەکانی شێڵانە(زردآلو) لەم گەندە دا زۆر و زەبەندن و هەموو ساڵێک لە حەوتەی سێهەمی مانگی جۆزەردان دا جەژنی شێڵانە لەم گوندە دا بەڕێوە دەچێت، لەم جەژن و رێوڕەسمە دا باشترین داهات و باشترین باخدار پێناسە و دەستنیشان دەکرێت.
شاری مێژوویی ماد ئەکتو
ئەم شارە بە پێشینە و مێژینەی ١٤٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ساسانییەکان کە بورج و قەڵای پاسەوانی، شەقام بە سیستەمی ئاوەڕۆ و زێڕاب پێکهاتەکەی دەستنیشان و دیاریی دەکەن کە بە پێی گێڕانەوەیەک دەڵێن بە هۆی بومەلەرزەیەک داڕماوە و لە ناو چووە، پاشماوەکانی ئەم شارە هێشتا هەیە و بە شێوەیەکی زۆر لاواز و کەمتەرخەمانە لە لایەن رێکخراویی پاراستنی ژینگە پارێزگاریی لێ دەکرێت، شاری ماد ئەکتو لە ساڵی ١٣١٠ لە پێڕستی ئاسەوارە نیشتیمانییەکان دا تۆمار کرا.
سەراوکەڵان و سەیمەرە
ئەم گوندە کوێستانی و شاخاوییە بە بۆنەی هەبوونی دیمەن و بەرجەوەنە سرووشتییە سەرنج راکێش و جۆراوجۆرەکان وەکوو دارستان، روبار و کوێستانە سەوزەڵانییە پڕ لە گژوگیا دارووییەکان کەش و هەوا و بارودۆخێکی لەباری هەیە بۆ دیمانە و بەسەرکردنەوە لە لایەن گەشتیارانەوە. رووباری سەراوکەڵان و دارستانەکانی بەڕوو لە ناوچە و راکێشەرییە گەشتیارییەکانی ئەم گوندە ئەژمار دەکرێن و رووباری سەراوکەڵان کە لە کێوەکانی دەورپشتەوە سەرچاوە وەردەگرێت لە وەرزەکانی بەهار و هاوین دا دیمەن و بەرجەوەنێکی بێ وێنەی هەیە. دارستانە سەرسەوز و چڕەکانی بەڕوو لە دەوروپشتی ئەم گوندە بە راکێشەرییە سرووشتی و گەشتیارییەکانی ئەم گوندە حسێب دەکرێت. لە درێژئاو(طولاب)ی میشخاسیش بە هۆی فراوانی و پانتابەرینی رووماڵە گژ و گیاییەکان، باخ و دارستانێکی دەست لە ملان و دیمەنگەلێکی دانسقەی درووست کردووە. گوندی بەر مەبەستی گەشتیاریی سەراوکەڵان بە هەبوونی راکێشەرە گەشتیارییە سرووشتی، گەشتیاریی و لایەنی ئەرێنی و پۆزەتیڤ بۆ گەشتیارن بە تایبەتی لە وەرزی بەهار و هاوین دا دەرفەتێکە بۆ گەشەپێدانی گەشتیاریی و گەڕان لە سرووشت دا.
گوندی کەڵەجوب
گەندی کەڵەجوب هەڵکەوتۆتە سەر رێگای کیلۆمەتری ٥ی جادەی ئەیوان بەرەو ئیسلام ئاوای رۆژئاوا و لە باکوورەوە بە کێوی بانکووڵ، لە رۆژهەڵاتەوە بە گوندی رووباری غوڵام وەیس، لە رۆژئاواوە بە گوندی ستیان و لە باشووریشەوە بە گوندی جوب گەوهەرەوە دەلکێت و هەڵدەپێکرێت. کەڵە جوب زۆرتر لە ٢٥٠ بنەماڵە و ٢٠٠ هەزار نفووس و حەشیمەتی هەیە، هەر چەندە بە هۆی دەوام و ئیشکردن خەڵکانێکی زۆر ناچارن ـ ئەگەرچی بە شێوەی کاتیش ـ بێ گوندەکە بەجێ بێلن. کار و پیشەی سەرەکی خەڵکی کەڵەجوب ئاژەڵدارییە کە لە مێژەوە وەکوو میرات و کەلەپوور بۆیان ماوەتەوە و کاروباریی ژیانی خۆیانی پێ تێ دەپەڕێنن، کار و ئیشێکیتری خەڵکی ئەم گوندە کشت و کاڵە و بە هۆی کەمیی ئاو زۆربەی کشت و کاڵەکانی ئەم گوندە بە شێوەی دەیمە.
گوندی گەدمە
گەدمە دواهەمین گوندی بەشی ئاسمان ئابادە. ئەم گوندە هەڵکەوتۆتە ئاراستەی جادەی چوارملە بەرەو سەراوڵە و راستەوراست لە جەمسەری پێک گەیشتنی جادە فەرعی و شینییەکان بەرەو داوێنی سەرسەوزی بانکووڵ دایە. هەر چەندە لە گوندی گەدمە بۆ گەیشتن بە بانکووڵ دەبێت مەودایەکی کورت ببڕین. بەڵام تێپەڕین و بواردن بە ناو و کەناری کانیاوە وەزییەکانی خوڕخوڕ گە، هەنجیرەگە، چاڵاوکۆ، قوتییەگە و هەروەها دەربەندە سەرسەوزەکانی پێڵ چەفت و خەزانە نە تەنیا سەرنجڕاکێش و بەسوودە، بەڵکوو هەر تێپەڕ(عابر) و رێبوارێک دەخاتە جۆش و خرۆشێکی تایبەتەوە، بە تایبەتی ئەمەش لە وەرزی بەهار بەرچاوتر و دیارترە. لە بەشی رۆژهەڵاتی گوندی گەدمە دا دەربەندێکی جوان و سەیر هەیە کە ناوی دەراوەرە کە خاوەنی دارستانێکی چڕ و جۆراوجۆر و سرووشتێکی چاوبزوێن لە گوڵ و بژوێنە سەرنجڕاکێشەکانی زەوییە، و لە وەرزی بەهار دا دەربەندە دەرئاوەر پێشکەشکاری ئەفسووناویترین جوانی و داهێنەری تەلیسماویترین دیمەنەکانە. بن زاراوە و ئاخافتنی خەڵکە گوندی گەدمە بە کەلهوڕییە کە بەشێکە لە زمانی کوردی. و زمانی خەڵکی ئاسمان ئاباد هەر بەم زاراوە و دیالیکتەیە. پیشەی سەرەکی خەڵکی گوندی گەدمە کشت و کاڵ و ئاژەڵدارییە. لە گرینگترین داهاتەکانی زەوینداری و خەلە و خەرمانی خەڵک گەنم، جۆ، نیسک و لەپەیە. حەشیمەت و نفووسی ئەم گوندە زۆرتر لە هەزار و سەد کەس و لەخۆگری زۆرتر لە سەد و پەنجا بنەمالە زۆرترە.
رێوڕەسمی جاڕ
رێوڕەسمی جاڕ لە داب و نەریتە باوەکانی ئەم ناوچەیەیە. جاڕ هاوار و زایەڵەیەکە کە لە لایەن چەن کەسی جاڕچییەوە دەکرێت کە ئەوەش بە شێوەی نۆرەیی و بەمەبەستی دۆزینەوەی شت و کەل و پەلی ونبووگ و ونکراو لە سەرەتای شەو و بە ئاهەنگ و هەوایەکی تایبەت ئەنجام دەدرێت، تاکوو ئەگەر کەسێک ئامێری ونکراو ببینیتەوە لەو رێگەیەوە بیگەیەنێتەوە بە دەستی خاوەنەکەی. ئەم رێوڕەسمە پیشاندەری دڵنیایی و دەست پاکی و خاوێنی خەڵک لە پاراستنی یاسا شەرعییەکانە لە هەمبەر پرس یان مەسەلەی حەڵاڵ و حەرام، کە زۆرت بە ناو بردنی ناوی حەزرەتی عەباس(ع) ئەم کارە ئەنجام دەدرێت و بەم شێوەیەیە: چاڕ جاڕ حەزرەت عەباس، هەر کەسیگ فیسار چشت پەیدا کردییە، ئەڵگەردانێتەو ئەڕای خاوەنی بە چاڕ حەزرەت عەباس.
رێوڕەسمی شلە مەلە
رێوڕەسمی شلەملەش لە رێوڕەسم و داب و نەریتە بەناوبانگەکانی ئەم دەڤەرەیە کە لەشەوی یەکەمی بەهاری کوردی کە لە بیستەمی مانگی رێبەندان دا دەست پێ دەکات، ئەنجام دەدرێت. ئەم رێوڕەسمە زۆرت لە لایەن گەنجانی گوند ئەنجام دەدرێت و وادیارە پێشتریش زۆرتر باو بووە تاکوو ئێستا. ئەم رێوڕەسمە بەم شێوەیەیە کە لە شەوی یەکەمی بەهاری کوردی دا چەند گەنجێک دەچنە بەر ماڵان و دەنگێکی پڕهەوا و ئاهەنگ وشەی “شلە ملە” ـ کە ریشەیەکی کۆنی لە مێژوو و کەلتووری کەونارای کورد دا هەیە ـ دەڵێنەوە و بەم شێوەیە دەچریکێنن: ئیمشەو ئەوەڵ وەهارە، خەیر دە ماڵت بوارە. واتە ئەمشەو ئەوەڵی بەهارە و داواکارین خەیر ببارێتە ماڵتەوە ئەی خاوەن ماڵ، خاوەنماڵیش هەندێک گەنم یان میوە یان خورما یان … وەکوو دیاری و قەرەبوویەک بۆ دۆعاکەیان دەداتێ.
شایی تفەنگ
شایی یان زەماوندی تفەنگ داب و رەسمێکی کۆن و لەمێژینەیە لە ژیانی راوچیان و نێچیرڤانانی ئیلامی دا و ئەمەش بە مەبەستی شکاندنی تەلیسم نەپێکان لە بەردەم لوولەی تفەنگی راوچیان دایە کە هەنووکەش لە زۆرێک لە ناوچە گوندی و عەشایەرییەکان ئەنجام دەدرێت. ئەم رێوڕەسمە کە هەر وەکوو گوتمان بە مەبەستی تەخت کردنی تەلیسمی بەردەم تفەنگی راوچییانە، خاڵی ورد و سەرنج راکێشی زۆری تێدایە کە بۆ ناسینی کەلتووری گشتی و فۆلکلۆری پارێزگای ئیلام و نەتەوەی کورد زۆر بەکار دێت. هۆی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی شایی تفەنگ، نەپێکانی گولەی راوچییان بە نێچیر و بە وتەیەک شکاندنی تەلیسمێکە کە بووتە هۆی ئەوەی کە تفەنگی راوچیان کارا نەبێت.
لەم رێوڕەسمە دا لە رۆژێکی تایبەت کە زۆرتر رۆژگەلی سەرەتای مانگە، راوچی تفەنگەکە لە سەر دیواری ماڵەکە دادەگرێت و بە بیانووی ئەوەی کە نێچیر ناپێکێت دەیداتە بەر قامچی و بەشێوازێک جۆرێ لە تەمێ کردن و دارکاریی تفەنگ دێتە ئەژمار. کاتێک کە راوچی خەریکی قامچی وەشانە، زۆرتر کەتان و کەیبانووی ماڵ کە زۆربەی کاتەکانیش هاوسەری راوچییە، تفەنگ لە ژێر دەست و بال و قامچی راوچی دێنێتە دەرەوە و بە گرێ دانی پارچە پەڕۆ یەن تەوبڕێک کە لە سوێنێکی پیرۆز یان گۆمەزی شوێنێکی پیرۆز هێناویت، دەبێتە زامن و گەرەنتی کاری تفەنگەکە. ژنەکە کە ئێستا گەرەنت تفەنگەکەی کردووە، تیرێک لە تفەنگەکە دێنێتە دەرەوە و دەیخاتە ژێر زمانی، دواجار بە مەبەستی شکاندنی تەلیسمەکە دەچێت بۆ ماڵی کۆنترین هاوماڵ و دراوسێ خۆیان و مشتێ ئاردی بە ئەمانەت لێوە وەردەگرێت. لە قۆناغی دواتر دا ژنی ماڵ بەو ئاردەی کە لە دراوسێکەیانی بە ئەمانەت وەرگرتووە بە نییەتی و ۆواستی پیتی و بەرەکەت بۆ تفەنگەکە پەپکە یان پەپگە درووست دەکات و دواتر ئەم نانە بچووکە یان پەپگەیە بە لوولەی تفەنگەکە کون دەکات و وەکوو ملوانکەیەک نانەکە بە گەردنی تفەنگەکە دا هەڵدەواسرێت. و ژنە پاش ئەنجام دانی ئەم قۆناغانە و تێپەڕاندنی ئەم رێوڕەسمە گوللەی تفەنگەکە لە ژێر زمانی دێنێتە دەرەوە و دەیخاتە ناو تفەنگی راوچییەکەوە. پاش هەموو ئەم کارانەش لە شوێنێک لێژایی و نشێو دا ژنەکە نانە خرت و بازنەییەکە تلۆر دەکاتەوە و راوچیش بە نییەت و خواستی راو، لە نانەکە تەقە دەکات و دەیپێکێت و دەیکات بە جەند بەش و کەرتەوە و ئەم بەشانە وەکوو پاروو لە نێوان ئەندامانی بنەماڵە دا دابەش دەکرێن. پاش تەواوی ئەم کارانە کە بە مەبەستی شکاندنی تەلیسمی سەر تفەنگی راوجی ئەنجام دەدرێت، راوچی توێشەبەرە و ئازۆقەی خۆی هەڵدەگرێت و دەچێت بۆ راو و بە پێێ ئەو شتانەی دەیڵێنەوە، راوچی لەم کاتانە دا هەمیشە بە دەستی پڕ دەگەڕێتەوە.
لەبارەی ئاخێزگە و شوێنگەی سەرهەڵدانی ئەم رێوڕەسمە دا رەحیم ئەحمەدی لە راوچییە کۆنەکانی پارێزگای ئیلام، دەڵێت: شایی تفەنگ تایبەتە بە ناوجەی ئیلام و لە بیر و باوەڕە کۆن و کەونینەییەکانی خەڵکی ئەم ناوجەیەوە سەرچاوەی گرتووە. بە پێی قسەی ئەم بەڕێزە، ئەم رێوڕەسمە لە کۆنەوە لە ناو راوچی و نێچیرڤانە ئیلامییەکاندا شوێنگە و پێگەیەکی تایبەتی هەیە و لە چەندین بەرە و جیل پێشترەوە بۆیان ماوەتەوە و بەردەوامیش بەدواداهات و داهاتی باشی بۆ راوچیان بە دوای خۆی دا هێناوە.
ئەو بە ئاماژە دان بەو شێوازەی کە ئەم رێوڕەسمە بەڕێوە دەچێت دەڵێت: بە لە بەرچاوگرتنی کەڵک وەرگرتن لە پەڕۆ و تەوبڕیی شوێنە پیرۆزەکان و هەروەها نان وەکوو هێمایەک لە پیت و بەرەکەتی، تێدەگەین کە ئەم رێوڕەسمە تێکەڵەیەکە لە کەلتووری خۆماڵی کۆن و باوەڕی ئایینی خەڵک. رێوڕەسمی “شایی تفەنگ” رەنگە لە نیگا و تێڕوانینی خەڵکی ساکار و روچیان، رێوڕەسمێکی ساکار و بێ خەوش و خەمڵاندن بێت بەڵام روانگە و تێڕوانینی زانایانی بواری “خەڵک ناسی(مردم شناسی)” شتێکی دیکەیە و بەتایبەتی لە سەر رەگ و ریشە و ئاخێزگەی ئەم ڕیوڕەسمە نیگایەکی تایبەتیان هەیە.
خاتوو “مریەم سلووکی” خوێندکاری زانستی خەڵک ناسی زانکۆی ئازادی ئیسلامی ئیلام، لەم بارەیەوە دەڵێت: ئاخێزگە و پێشینەی مێژوویی بەڕێوەچوونی ئەم رێوڕەسمە واتە شایی تفەنگ، لە ئیلامدا بە درووستی دیار نییە بەڵام بە سەرنج دان بەو توخم و ئامێرانەی کە لە رێوڕەسمەکەدا کەڵکی لێ وەر دەگیرێت وەکوو پەڕۆیەکی پیرۆز، نان و سوێندی ژن بە سەر تفەنگ بۆمان دەردەکەویت کە ئەم رێوڕەسمە بە تێکەڵ بوون بە باوەڕە ئایینییەکانی خەڵک بەردەوام بووە. ئەو باوەڕی وایە کە راوچییان بە شێوەیەکی بەردەوام نێجیرڤانییان بە رزق و رۆزییەکی حەڵاڵ زنیوە و لە هەندێ حاڵەتیش دا بە یارمەتی وەرگرتن لە توخمەکانی ناو سرووشت و نییەت کردن ئەنجامیان داوە و هەر بەم هۆیەشە کە لە نان و تەوەڕک بە بۆنەی پیرۆزایەتی و قودسییەتیان کەڵک وەرگیراوە. سلووکی زیادیشی کرد: نەپێکانی نێچیر بە هۆی تەلیسم بوونی تفەنگ یان “بەستراوبوونی تیر” هیچ کات لەگەڵ تێڕوانین و میکانیزمە زانستییەکانی سەردەم دا هاوتەبا و هاوکۆک نییە بەڵام دەکرێت بڵێین: پاش ئەم رێوڕەسمە راوچی بە دڵنیایی و باوڕ بە خۆ بوونێکی زۆرترەوە دەچیت بۆ راو. ئەم خەڵک ناسە، چوونە سەرەوەی سەرنج و وردبوونەوە و کارتێکەری لایەنی ناوشیاری مرۆڤ لە راو دا و هەروەها بردنەسەرەوەی ئاستی باوەربەخۆبوون لە تیرهاوێشتن دا، بە لایەنە کاریگەر و دواداهاتە کارتێکەرەکانی ئەم ڕێوڕەسمە لێکدەداتەوە و دەڵێت: ئەگەرچی رەنگە هەندێک لە راوچیان ئێستا باوەڕێکیان بەم رێوڕەسمە نەبێت بەڵام لێرە و لەوێ دەبینرێت کە ئەمانەش بە هۆی هێوریی و دڵئارامییەک کە ئەنجامدانی ئەم رێوڕەسمە بۆیانی دێنێت، هەر ئەم رێوڕەسمە بەڕێوە دەبەن.
لە پارێزگای ئیلام دا راوچێتی بە شێوەی قاچاخ و نا قاچاخ لە حەز و تاسووقی پیاوانی ئیلامییە و ناوجەگەلێکی وەکوو چەکەر، بوولی و بینا لەم پارێزگایانە بە نێچیرگەگەلێکی پڕ رەونەق و پیت هەژمار دەکرێن.
هەڵپەڕکێی ئیلامی
هەڵپەڕکێی ئیلامی لەگەڵ کەلتوور و مێژووی ناوچەکە گرێدراویی تایبەتی خۆی هەیە و دەرخەریی قووڵایی رەسەن بوونی ئیلامییەکانە. دەتوانین هەڵپەڕکێی ئیلامی بە یەکێک لە ریشەدارترین هەڵپەڕکێکان بزانین. هەڵپەڕکێی ئیلامی لە رابردوو داتەنها بە مەبەستی ئامادەکردن و هەڵخرانی توانست و وزەی جەستەیی و رۆحی ئەنجام دەدرا. هەڵپەڕکێک کوردی لە سەردەمانی پێش ئیسلام زیکر و رێوڕەسمیک بووە بۆ یاد و پیرۆزیی خودا و هەروەها لە زۆربەی کاتەکان دا بۆ باسکردن و گێڕانەوەی رووداوانی ناو جەنگ و پێکدادانەکان کەڵکی لێ وەردەگیرا. خەڵکانی ئەم ناوجە لە رابردوو دا هەمیشە رووبەڕووی شەڕە خێڵەکییەکان بوونەتەوە و هەر ئەمەش پێویستی دەکرد کە هەمیشە ئامادە و تەیاری شەڕە داهاتوو و لە ناکاوەکان بن، بۆیە خەڵکانی ئەم ناوجەیە لە ئیسراحەت و کاتی نێوان شەڕەکان دا و بە بۆنەگەلی جۆراوجۆر و جیاواز دەستیان لە دەستی یەکتر دەنا و بەو شێوەیەش توانایی و تەیاربوونی جەنگی و سەربازیی و هەروەها جۆش و خرۆشی خۆیانیان دەخستە روو. هەڵپەڕکێی کوردی بە هەڵپەڕکێیەکی رەزمی و شەڕڤانانە لێک دەدرێتەوە کە لە خۆگریی لەیەک نەبڕاوی و قایم و ویقاری تایبەت بە خۆیە و بە بیرخەرەوەی یەکیەتی و یەکپارچەیی نەتەوەی کورد بووە لە هەموو سەردەمەکان دا. هەڵپەڕکێکانی ئیلام زۆرتر بە شێوەی گرووپی ئەنجام دەدرێن و هەڵپەڕکێی ئیلامی پێوەندی و لێک نەبڕاوییەکی زۆری بە مۆسیقای کوردییەوە هەیە و ئیلامییەکان بە مۆسیقارەکانی “دووزەلە” و “بلوێر” هەڵپەڕکێ و شایلۆخانی دەکەن. هەڵپەڕکێی ئیلامی شێوازگەلی جۆراوجۆری هەیە و لە بارودۆخی جیاوازیش دا ئەنجام دەدرێت و هەر کام لەم هەڵپەڕکێیانە نیشانە و ئاماژەن بۆ هێما یان مەبەستێکی تایبەت. ئەم جۆرە هەڵپەڕکێیانە بە شێوەگەلی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن و زۆرتر لە شایی و زەماوەندەکان دا و… کە هەڵپەڕکێ گەلی دوودەزماڵە یان خانە میری ئەنجام دەدرێت و دەکرێت.
بەهۆی ئەو یەکیەتی و یەکپارچەییەی کە لە نێوان خەڵک و نەتەوەی کورد دا هەیە، هەڵپەڕکێی باقی ناوجە کوردنشینەکان لە ناو خەڵک و پارێزگای ئیلام دا بووەتە داب و نەریت و جێ کەوتووە. لەو هەڵپەڕکێیانەی کە هاتوونەتە ناو کەلتووری هەڵپەڕکێی ئیلامەوە دەتوانین ئاماژە بە هەڵپەڕکێی سێ پێ (کە وەکوو دەڵێن لە بنەڕەت دا لە بۆکانەوە سەرچاوەی گرتووە) و گەڕیان( کە ئەم هەڵپەڕکێیە لە سەرەتاوە بە هێواشی و هێمنییەوە دەست پی دەکات و دواتر توند دەبێتەوە و تایبەتە بە ناوجەی ماهاباد) بکەین.
جێگە و پێگەی هەڵپەڕکێی ئیلامی لە کەلتووری ناوچەکە:
بە سەرنجدان بە گەشە و تەشەنەکردن و جێگریی کەلتوورە بیانییەکان، ئێمە دەتوانین بە گەشەدان و پەرەپێدانی هەڵپەڕکێی ئیلامی کەلتوورمان ببووژێنینەوە، کە بە ئەنجام دان و بەڕێوە بردن رێوڕەسمانی جۆراوجۆر بۆ ئەم هەڵپەڕکێیانە دەشێت بەرە و جیلی نوێ لە رەسەنایەتی کەلتووری کوردیی تێ بگەیەنین.
مۆسیقای خۆماڵیی ئیلام
کەڵک وەرگرتن لە مۆسیقای خۆماڵی لە رێورەسم و شاییەکان دا گەشەیەکی فرەی کردووە لە ئیلام دا. لە مۆسیقای ئیلامی دا لە ئامێرگەلێکی مۆسیقایی وەکوو؛ دووزەلە، جەفتان، سوڕنا، شەیپوور، زەرب، دەهۆڵ، شمشاڵ، نەی و کەمانچە کەڵک وەردەگیرێت و لە رێوڕەسمانێکی وەکوو شایی، شەڕ و شین دا بەکاری دەبەن و ئەنجامی دەدەن. هەندێک لە ئامێرە مۆسیقارییەکانی ئەم ناوچەیە وەکوو دووزەلە نەوا و ئاهەنگانیکی هەیە کە لە کۆی مۆسیقای ئێرانی جیای دەکاتەوە و شوناسێکی تایبەت و سەربەخۆی دەداتێ. دووزەلە یان جفتان بە پێچەوانەی هەموو ساز و ئامێرە مۆسیقاییەکانی ئێران، دوو دەنگییە و دەتوانێت لەگەڵ ئامێرە مۆسیقاییە چەند دەنگەکان دا هاوڕیی و هاوئاهەنگی بکات. چۆپی ئامیرێکی مۆسیقاییە بۆ هەڵپەڕکیی ئیلامی کە بە شێوەی تاکەکەسی یان کۆیی بەڕێوە دەچێت. ئەم مۆسیقایە لە رابردوو دا سەرەڕای لایەنی هونەری و ناسکی، وەکوو شێوازێک بۆ ئامادە سازی جەنگی و جەستەییش کەڵکی لێ وەرگیراوە. فەتاپاشایی، لەرزانە، سوارسوار، سی سەماع، قەڵایی، سەعەر و گریانە لە نەوا و ریتمی ئەم جۆرە هەڵپەڕکییەن کە لە ناوچە کوردنشینەکان بەتایبەتی ئەو شوێنانەی لوڕی تێدایە برەوی هەیە و گەشەی کردووە. “هۆرە”ش هەروەها مۆسیقای ئاوازیی خەڵکی رۆژئاوای ئێران، بەتایبەتی خەڵکی ئیلامە، هۆرە کە لە ئاوازگەل و پەرستشکارییە ئەساتیریی و کەونینەییەکانی ئێرانە، لە هەزارەکانی پێش لە دایک بوونی حەزرەتی مەسیح تاکوو ئێستا رۆحی مۆسیقاژەن و مۆسیقار و لایەنگران و هۆگرانی مۆسیقای تێراو کردووە. ئەم مۆسیقایە بە شێوەی ریتمی ئازاد لە ستران و شکاندنی بەیت و نیوە بەیتەکان کەڵک وەردەگرێت و تاق دەربڕاویشە(تک سیلابی)، هەر بەم هۆیەوە لە مۆسیقای رەدیفی ئێران کە پێڕەو و هەڵپێکراوی شیعری کلاسیکە جوی دەبێتەوە.
مۆسیقای رێوڕەسمە شینگێڕییەکان، چەشنێکیترە لە مۆسیقای پارێزگای ئیلام کە بە شیوەی دیار و تایبەتی لە ئایینی چەمەری دا بە سوڕنا و دەهۆڵ بەڕێوە دەچێت و لەم رێوڕەسمە دا خەڵکی خێل و گوندەکان لە شوێنێک بە ناوی “چەمەرجا” کۆ دەبنەوە و هاوڕی لەگەڵ نەوای ساز، دەهۆڵ و ئاوازی هاوبێژان(همسرایان) چەشنێک هەڵپەڕکێ دەخەنە روو و پێشکەشی دەکەن. دەڵێن نمایشی “تەعزیە” یان تازییە کە ئێستا لە زۆرێک لە ناوچەکانی ئێران بەڕێوە دەچێت و لە سەردەمی عاشووراش دا زۆر کەڵکی لێوەردەگیرێت، هەڵقوڵاو و هەڵخێزراوی نەریت و دابی چەمەرییە لە رۆژئاوای ئێران .
تاڵاوی چەکەر
لە رۆژئاوای شاری ئیلام و لە ناوچەی بوولی و لە ناحیەی چەکەر، تاڵاوی جوانی چەکەر هەڵکەوتووە. پانتاییەکەی نێزیکەی ٣ هەکتار و بەرزاییەکەی ٦٠٠ مەترە و قووڵاییەکەشی نیزیکەی دوومەتر و نیوە. ئەم تاڵاوە لە ناوچەیەکی گەرمیانیی دایە بەڵام ئاوەکەی دایمی و هەمیشەییە. قووڵاییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ رێژەی باران بارین لە درێژایی ساڵ دا و سەرچاوەی ئاوەکەشی دابارینە ئاسمانییەکان و چەند کانیاوی هەڵقوڵاوە و رێژەی گەرماگەی ٢٤ پلەی سەنتی گرادە. دەوروپشتی تاڵاوەکە بە قامیش تەنراوە واتە دەوروبەری قامیشەلانە.
ژینگەی وەحش
ئەم تاڵاوە بە شوێنگە و پەناگەیەکی باشی زستانی لە بۆ باڵندە ئاوژی(آبزی) و هاوڕێکانیان هەژمار دەکرێت. ئەم تاڵاوە ژینگەی پالەوەرانێکی وەک چەنگر، کەشیم، حەواسیلی خۆڵەمێشی، سۆنەی ئۆردەیی و سۆنەی سەوزە. ئەم تاڵاوە هەموو ساڵێک میواندار و ئامێزکراوەی پەلەوەرە پانابەرەکانی ناوچەگەلی ئاسیای ناوەڕاست، قەفقاز و سیبرییە کە لە مانگەکانی ساردی ساڵ دا بۆ ئەم ناوجەیە کۆچ دەکەن و دەگوازێنەوە.
سەیرانگەی دارستانیی شوشدار
ئەم سەیرانگایە لە ٥ کیلۆمەتری شاری ئیلام و لە تەنیشت کێوی قەڵاقیران ـ لە ئاراستەی جادەی ئیلام ـ کرماشان ـ دا هەڵکەوتووە و لە دیارترین و بەرچاوترین سەیرانگاکانی پارێزگای ئیلام ئەژمار دەکرێت.
ئەم ناوچە گەشتیارییە بە هۆی نێزیکی بە شاری ئیلام و هەروەها نیزیکی لە یەکێکیتر لە سەیرانگە جوان و سرووشتییەکان بە ناوی مەنجڵ، کەڵکی زۆری لێ وەردەگیرێت و لە لایەن خەڵک و هۆگرانی سرووشتەوە بە تایبەتی لە سەردەمی وەرزەکانی بەهار و پاییزەوە پێشوازی زۆری لێ دەکرێت. لە مەودای نێوان ئەم سەیرانگەیە و ناوجەی مەنجڵ، کانیاوگەل و باخە جوانەکانی سوڵتان هەڵکەوتووە. کێوی بەناوبانگی قەلاقیران کە وەکوو هێمای شار و پارێزگای ئیلام باسی دەکرێت لەم ناوچەیە دایە.