جام کوردی:
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی:
لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مریکی سه‌باره‌ت به لایه‌نگری سوننه و دژایه‌تی شێعه، فریو و درۆیه، دوژمنایه‌تی ئه‌وان له گه‌ڵ ئیسلام و ئیسلامخوازییه
هاوکات له گه‌ڵ 17ی مانگی ربیع الاول، ساڵڕۆژی له دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئازیزی ئیسلام حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د مسته‌فا (د.خ) و حه‌زره‌تی ئیمام سادق (ع)، به‌رپرسانی باڵای وڵات، میوانانی به‌شدار له کۆنفرانسی یه‌کێتی ئیسلامی، باڵوێزی وڵاتانی ئیسلامی و ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی خه‌ڵک له گه‌ڵ ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبوونه‌وه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی به گێڕانه‌وه له هه‌واڵده‌ری ئێرنا، له‌م چاوپێکه‌وتنه‌دا حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وێڕای پیرۆزبایی ئه‌م دوو یاده مه‌زنه، گرنگترین ئه‌رکی ئه‌مڕۆی جیهانی ئیسلام به تایبه‌ت زانایان و ڕۆشنبیرانی ڕاسته‌قینه‌ی به هه‌وڵی به‌رده‌وام و تێکۆشه‌رانه له پێناو ده‌ماندنی ڕۆحی ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلام و بیر و هزری ئه‌م ڕێبازه له جیهانی پر له زوڵم و دووچاوه‌کی و دوژمنایه‌تی ناو برد و جه‌ختیان له‌وه کرده‌وه: ئه‌مڕۆ نۆره‌ی جیهانی ئیسلامه که به که‌ڵک وه‌رگرتن له زانست و ئامرازه جیهانییه‌کان و هه‌روه‌ها ئه‌قڵ و ڕاوێژ و ژیری و ئاگایی له پێناو ڕێکخستنی شارستانییه‌تی نوێی ئیسلامی هه‌نگاو بنێن.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی به‌رزڕاگرتنی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلامی له به‌رامبه‌ر ئه‌رکه چاوه‌ڕوان کراوه‌کانی جیهانی ئیسلام، زۆر به بچووکتر ناو برد و وتیان: له‌م قۆناغه‌دا ئه‌رکی موسڵمانان به ته‌نیا به‌رزڕاگرتنی ئه‌م یادانه نییه، به‌ڵکوو جیهانی ئیسلام پێویسته له تێکۆشانی به‌رده‌وامدا بێت تا ئه‌و شارستانییه‌ته نوێیه بنیات بنرێته‌وه.
به‌ڕێزیان ڕایانگه‌یاند: شارستانییه‌تی نوێی ئیسلامی به مانای ده‌ستێوه‌ردان له وڵاتانی دیکه، پێشێل کردنی مافی مرۆڤه‌کان و سه‌پاندنی ئاکار و کلتوری ئێمه به نه‌ته‌وه‌کانی دیکه نییه وه‌ک ئه‌وه‌ی که شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا پێشتر کردوویه‌تی، به‌ڵکوو به مانای پیشاندانی به‌ستێنی ڕێنمایی ڕاسته‌قینه له لایه‌ن مرۆڤه‌کانه‌وه‌یه.
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران به ئاماژه به که‌ڵک وه‌رگرتنی ڕۆژئاوا له زانست و فه‌لسه‌فه‌ی ئیسلام بۆ بنیات نانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی خۆی، ڕوونیان کرده‌وه: ئه‌م شارستانییه‌ته ئه‌گه‌رچی دیمه‌نێکی جوانی له ته‌کنۆلۆژیا، خێرایی، ئاسانکاری و ئامرازه جۆربه‌جۆره‌کانی ژیان خسته‌ڕوو، به‌ڵام بۆ مرۆڤایه‌تی به‌خته‌وه‌ری، خۆشبه‌ختی و دادپه‌روه‌ریی به دیاری نه‌هێناوه و له ناوخۆیشدا تووشی دژایه‌تی بووه‌ته‌وه.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی جه‌ختیان کرده‌وه: شارستانییه‌تی ڕۆژئاوا به ڕواڵه‌تی فریوده‌ری خۆی، ئێستا له بواری ئاکار و ڕه‌وشت و مه‌عنه‌وییه‌وه پوکاوه‌ته‌وه، به‌و پێیه‌ی که ڕۆژئاواییه‌کان دانیان به‌م ڕاستییه‌دا ناوه.
به‌ڕێزیان به جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که له ئێستادا نۆره‌ی جیهانی ئیسلامه تا له پێناو داڕشتنی بنه‌ماکانی شارستانییه‌تی نوێ هه‌نگاو بنێن، وتیان: بۆ گه‌یشتن به‌م ئامانجه، هیوایه‌ک به سیاسه‌توانانی جیهانی ئیسلام نییه و پێویسته زانایانی ئائین و ڕۆشنبیرانی ڕاسته‌قینه که قیبله‌ی ئه‌وان ڕۆژئاوا نییه، ئه‌رکی ڕۆشنبیری خۆیان له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی به جێ بێنن و بزانن که بنیات نانه‌وه‌ی ئه‌م شارستانییه‌ته ئه‌وه‌نده‌ش ئه‌سته‌م نییه.
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران به ئاماژه به ده‌فرایه‌تی و تواناکانی جیهانی ئیسلام به تایبه‌ت وڵاتانی گرنگ، بارودۆخی جوغرافیایی له‌بار، سه‌رچاوه سرووشتییه‌کان و هێزی مرۆڤی لێهاتوو و کارامه، ڕوونیان کرده‌وه: ئه‌گه‌ر ئه‌م خاڵه به‌هێزانه له گه‌ڵ ڕاهێنان و فێرکاری ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامی تێکه‌ڵاو بکرێت، نه‌ته‌وه‌ی ئیسلامی ده‌توانن ئاسه‌وار و خوڵقاوه‌کانی هونه‌رمه‌ندانه‌ی خۆیان له بواره‌کانی زانست، سیاسه‌ت و ته‌کنۆلۆژیا و هه‌روه‌ها بواره‌کانی کۆمه‌ڵایه‌تی پیشان بده‌ن.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی، کۆماری ئیسلامی ئێرانی به نموونه‌یه‌ک بۆ گه‌یشتن به ئه‌گه‌ری مسۆگه‌ربوونی ئه‌م ئامانجه گرنگانه ناو برد و ڕایانگه‌یاند: ئێرانی پێش سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی ئیسلامی، له بواری زانستی و کۆمه‌ڵایه‌تی، دواکه‌وتوو و له بواری سیاسی، دووره‌په‌رێز و سه‌باره‌ت به به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتیش، به ته‌واوی پشتی به بێگانه‌کان به‌ستبوو، به‌ڵام به به‌ره‌که‌تی ئیسلام، گه‌لی ئێران ناسنامه و که‌سایه‌تی خۆیی پیشان دا و وڵات به پێشکه‌وتنی هه‌ره گرنگ له بواره‌کانی زانست و ته‌کنۆلۆژیا گه‌یشتووه و له ڕیزی چه‌ند وڵاتی خاوه‌ن پێشکه‌وتنه‌کانه له جیهاندا.
به‌ڕێزیان ئه‌م نموونه‌یان بۆ سه‌رجه‌م وڵاتانی ئیسلامی به گرنگ زانی و جه‌ختیان کرده‌وه: گه‌یشتن به‌م پێگه‌یه، مه‌رجی هه‌یه و ئه‌م مه‌رجه‌ش، له ناوبردنی کاریگه‌ری وڵاتانی زلهێز له سه‌ر گه‌لانی موسڵمانه و ئه‌ڵبه‌ت تێچوویشی هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که گه‌یشتن به ئامانجه گه‌وره‌کان به بێ تێچوو نابێت.
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران به جه‌خت کردنه‌وه له سه‌ر ئه‌وه‌ی که له شارستانییه‌تی ئیسلامی به پێچه‌وانه‌ی ڕۆژئاوا، هیچ وڵاتێک به هێز و زه‌بر و زۆر داگیر ناکرێت، وتیان: له بنیات نانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی نوێ نابێت تێڕوانینمان به‌ره‌و ڕۆژئاوا بێت و نابێت گرنگی به پێکه‌نین و تووڕه‌بوونی ئه‌وان بده‌ین، به‌ڵکوو به پشت به‌ستن به توانا و ده‌فرایه‌تییه‌کانی خۆمان، له ڕێگای ڕاسته‌قینه‌دا به‌ره‌و پێش بڕۆین.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی یه‌کێک له ئامرازه‌کانی دوژمنانی بۆ ڕێگری له بنیات نانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی نوێی ئیسلامی به نانه‌وه‌ی ناکۆکی و ئاژاوه‌گێڕی له نێو موسڵماناندا ناو برد و وتیان: له‌و کاته‌وه که بابه‌تی شێعه و سوننه له وێژه‌ی به‌رپرسان و سیاسه‌توانانی ئه‌مریکی جێگیر بووه، زانایان و بیرمه‌ندان نیگه‌رانی ئه‌وه بوون که پیلانێکی گه‌وره‌تر به‌ڕێوه‌یه.
به‌ڕێزیان به جه‌خت کردنه‌وه له‌وه‌ی که ئه‌مریکییه‌کان له گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکی ئیسلامدا دژایه‌تی ده‌که‌ن و نابێت فریوی لێدوانه‌کانی ئه‌وان سه‌باره‌ت به پاڵپشتی له هه‌ر لایه‌نێک بخۆین، ڕوونیان کرده‌وه: لێدوانه‌کانی سه‌رۆک کۆماری پێشووی ئه‌مریکا پاش ڕووداوه‌که‌ی 11ی سپتمبێر له ڕاستیدا پیشانده‌ری ڕواڵه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی جیهانی داگیرکارییه له گه‌ڵ ئیسلام.
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، لێدوانه‌کانی به‌رپرسانی ئێستای ئه‌مریکای سه‌باره‌ت به ته‌باییان له گه‌ڵ ئیسلام به پێچه‌وانه‌ی ڕاستییه‌کان زانی و وتیان: به‌رپرسانی ئێستای ئه‌مریکا له گه‌ڵ بنه‌ماکان و ناوه‌ڕۆکی ئیسلام دژایه‌تی ده‌که‌ن و به پێچه‌وانه‌ی لێدوانه‌کانیان، هه‌وڵی خوڵقاندنی ناکۆکی نێوان موسڵمانان ده‌ده‌ن و نموونه‌که‌شی سه‌رهه‌ڵدانی گرووپه تیرۆریستییه‌کانی وه‌ک داعشه که به پاره‌ی هاوپه‌یمانانی ئه‌مریکا و یارمه‌تییه سیاسییه‌کانی ئه‌وان پێکهاتووه و ئه‌م هه‌موو تاوانه‌ی له جیهانی ئیسلام ئه‌نجام داوه.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی به جه‌خت کردنه‌وه له‌وه‌ی که لێدوانی به‌رپرسانی ئه‌مریکی سه‌باره‌ت به لایه‌نگری سوننه و دژایه‌تی شێعه، درۆیه، ڕایانگه‌یاند: ئه‌ی دانیشتووانی غه‌زه که به‌و شێوازه بوون به ئامانجی هێرشه دڕندانه‌کانی ئیسرائیل، سوننه نین، یان ناوچه‌کانی دیکه‌ی فه‌ڵه‌ستین که گوشاری وه‌هایان له سه‌ره، سوننه نین.
به‌ڕێزیان به ئاماژه به لێدوانی سیاسه‌توانێکی ئه‌مریکی که ڕایگه‌یاندووه ” دوژمنی ئه‌مریکا، ئیسلامخوازییه “، جه‌ختیان کرده‌وه: بۆ ئه‌مریکییه‌کان شێعه و سوننه جیاوازی نییه، ئه‌وان دژی هه‌ر موسڵمانێکن که بیه‌وێت به پێی بنه‌ما و یاساکانی ئیسلام بژی و له پێناویشیدا تێکۆشان بکات.
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کێشه‌ی ئه‌مریکای له گه‌ڵ موسڵمانان، به پابه‌ندبوونیان به بنه‌ما و یاساکانی ئیسلام و خه‌باتیان له پێناو بنیات نانه‌وه‌ی شارستانییه‌تی ئیسلامی ناو برد و ڕوونیان کرده‌وه: به‌م هۆیه‌شه‌وه ئه‌و کاته‌ی که بێداری ئیسلامی ده‌ستیپێکرد، ئه‌وان شڵه‌ژاو و نیگه‌ران بوون و هه‌وڵی کۆنتڕۆڵ کردنه‌وه‌ی دۆخه‌که‌یان دا که له هه‌ندێک وڵات سه‌رکه‌وتنیان به ده‌ست هێنا، به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی بێداری ئیسلامی هه‌ر ده‌مێنێته‌وه و به یارمه‌تی خودای گه‌وره به ئامانجه‌کانی ده‌گات.
حه‌زره‌تی ئایه‌تووڵا خامنه‌یی ئامانجی سه‌ره‌کی به‌ره‌ی سته‌مکاری به دابین کردنی شه‌ڕی ناوخۆیی و له‌ناوبردنی ژێرخانی وڵاتانی ئیسلامی وه‌ک سوریا، یه‌مه‌ن و لیبیا ناو برد و وتیان: نابێت له به‌رامبه‌ر ئه‌م پیلانه‌دا بێده‌نگی و خۆبه‌ده‌سته‌وه‌دان بکرێته ستراتیژ، به‌ڵکوو پێویسته به ده‌سخستنی ئاگایی و پاراستنی به‌رده‌وامی له به‌رامبه‌ر پیلانه‌کان ڕاوه‌ستین.
به‌ڕێزیان ڕه‌خنه‌یان له بێده‌نگی جیهانی ئیسلام له به‌رامبه‌ر به‌رده‌وامی گوشاره‌کانی سه‌ر موسڵمانانی به‌حره‌ین و هه‌روه‌ها بۆردومانی شه‌وانه‌ڕۆژی یه‌مه‌ن و بارودۆخی سوریا و عێراق گرت و به ئاماژه به ڕووداوه‌کانی نایجڕیا، وتیان: به چه هۆیه‌ک له به‌رامبه‌ر پیاوێکی ئائینی ڕووداوی وه‌ها خوڵقاوه و ئه‌و هه‌موو مرۆڤه بکوژرێن و جیهانی ئیسلام بێده‌نگ بێت؟
ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران جه‌ختیان کرده‌وه: ئامانجه‌کانی دوژمنانی ئیسلام مه‌ترسیدارن و ئه‌رکی هه‌مووان، ئاگایی و ووشیارییه و له‌م نێوه‌نده‌دا، ئه‌رکی وا له سه‌ر شانی زانایان و ڕۆشنبیرانی ڕاسته‌قینه‌یه که له گه‌ڵ خه‌ڵک و ویژدانه بێداره‌کان، وتووێژ و ڕاستییه‌کان بخه‌نه‌ڕوو.
پێش له وتاره گرنگه‌که‌ی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران، دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی سه‌رۆک کۆمار، وێڕای پیرۆزبایی یادی له‌دایکبوونی پێغه‌مبه‌ری گه‌وره‌ی ئیسلام (د.خ) و ئیمام سادق (ع) وتی: حه‌زره‌تی محه‌ممه‌د (د.خ) وانه‌ی یه‌کێتی، یه‌کگرتوویی و برایه‌تیی بۆ جیهان به دیاری هێناوه.
له کۆتایی ئه‌م ڕێ و ڕه‌سمه‌دا کۆمه‌ڵێک له میوانانی به‌شداربووی کۆنفرانسی یه‌کێتی ئیسلامی، له نزیکه‌وه چاویان به ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران که‌وت.