جام کوردی:
هاتنی هێزێکی تورکیا بۆ عێراق و جێگیربوونیان له ناوچه‌ی باشیک سه‌ر به موسڵ، ماوه‌یه‌ک ده‌بێت کاریگه‌ری نه‌رێنی له سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ، عێراق و تورکیا داناوه. به‌م هۆیه‌شه‌وه، عێراق وه‌ک وڵاتێکی ئه‌ندام له ڕێکخراوی کۆمکاری عه‌ره‌بی داوای له‌و ڕێکخراوه کردووه، له به‌رامبه‌ر له‌شکرکێشی سوپای تورک هه‌وڵوێستی جیدی پیشان بدات.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، له به‌رانبه‌ر به‌یاننامه‌كه‌ی رێكخراوی كۆمكاری عه‌ره‌بی كه تێیدا داوای له ئه‌نکه‌ره كرد، ده‌ستبه‌جێ هێزه‌كانی له عیراق بكشێنێته‌وه، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند، رێكخراوی كۆمكاری عه‌ره‌بی د‌رك به قه‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه ناكات كه رێكخراوی داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه دروستی كردووه.
تانجۆ بیلغیج وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا له پرێس كۆنفرانسێكدا رایگه‌یاند: “به‌داخه‌وه له به‌یاننامه‌كه‌ی رێكخراوی كۆمكاری عه‌ره‌بدا د‌رك به قه‌باره‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه نه‌كراوه كه رێكخراوی داعش له‌سه‌ر ناوچه‌كه و به تایبه‌ت له‌سه‌ر عیراق دروستی كردووه“. بیلغیج وتیشی: “به‌یاننامه‌كه‌ی رێكخراوی كۆمكاری عه‌ره‌بی، گوزارشت له تێنه‌گه‌یشتن له هه‌وڵه دانه‌بڕواوه‌كانی توركیا و كۆششی دڵسۆزانه‌ی ئێمه ده‌كات له دژی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌یه”، ئاماژه‌ی به‌و هه‌وڵانه‌ش كرد كه وڵاته‌كه‌ی بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن و په‌ره‌پێدانی هه‌ماهه‌نگییه‌كان له دژی داعش، له‌گه‌ڵ عیراقدا خستویه‌تیه‌گه‌ڕ. له‌م ماوه‌یه‌ی دواییدا، سوپای توركیا هێزێكی ره‌وانه‌ی ناوچه‌ی باشیك كرد له نزیك شاری موسڵ، ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ناڕه‌زایی حكومه‌تی عیراقی به‌دوادا هات كه به پێشێلكردنی سه‌روه‌ری خاكی عیراق وه‌سفیكرد و به پێشهاتێكی مه‌ترسیداریش بۆ خراپبوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات، لێكدانه‌وه‌ی بۆ كرد.