جام کوردی:
بیست و حهوتهمین کۆنفرانسی گه‌وره‌ی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه به ئاماده‌بوونی گه‌وره به‌رپرسانی پارێزگای کرماشان و زانایانی سوننه و شێعه له ته‌لاری کاره‌بای کرماشان به‌ڕێوه‌چوو.
جێگری کاروباری نێوده‌وڵه‌تی حه‌وزه‌ی علمیه‌ی قۆم:
پێکهێنانی داعش بۆ ڕێگری له گه‌شه‌ی ئیسلام بووه – ئێران ئاڵاهه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامه
جێگری کاروباری نێوده‌وڵه‌تی حه‌وزه‌ی علمیه‌ی قۆم وتی: پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستی داعش له لایه‌ن ڕۆژئاوا به مه‌به‌ستی ڕێگری له گه‌شه‌ی ئیسلام بووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حجت الاسلام محه‌ممه‌د حه‌سه‌ن زه‌مانی له بیست و حهوتهمین کۆنفرانسی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه که له ته‌لاری کاره‌بای شاری کرماشان به‌ڕێوه‌چوو، ڕایگه‌یاند: پێکهێنانی گرووپی تیرۆریستی داعش دوو کێشه‌ی گه‌وره‌ی بۆ موسڵمانان خوڵقاندووه، یه‌که‌م، کوژرانی بێ ڕۆحمانهی ژماره‌یه‌کی زۆر له موسڵمانان و دووه‌م، ڕه‌وتی دژایه‌تیکردنی ئیسلام له لایه‌ن لایه‌نگرانی ئائینه‌کانی دیکه.
ناوبراو وتی: ئه‌م دوو کێشه‌یه، گه‌وره و جێی داخ و که‌سه‌رێکی زۆرن، به‌ڵام کێشه‌ی دووه‌م نیگه‌رانی زۆری لێ ده‌که‌وێته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که پڕ و پاگه‌نده‌ی زۆر له دژی ئه‌م ئائینه ده‌کرێت که ئاشتی و دڵۆڤانیی بۆ مرۆڤایه‌تی وه‌ک دیاری هێناوه.
حجت الاسلام زه‌مانی ڕوونیکرده‌وه: کرده‌وه نامرۆڤه‌کانی داعش و په‌ره‌پێدانی بیر و هزری وه‌هابییه‌ت له جیهاندا بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که گه‌شه‌ی ئیسلام کاڵ ببێته‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌مان بابه‌ته که جێی نیگه‌رانییه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که دیار نییه ڕه‌وتی دژایه‌تی کردنی ئیسلام له لایه‌ن وڵاتانی ڕۆژئاوا تا که‌ی درێژه‌ی ده‌بێت.
جێگری کاروباری نێوده‌وڵه‌تی حه‌وزه‌ی علمیه‌ی قۆم له درێژه‌دا وتی: له‌م نێوه‌نده‌دا هه‌ندێک سه‌رکرده‌ی وڵاتانی ئیسلامی له جێی دژایه‌تی و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕه‌وته به ئاشکرا پاڵپشتی لێده‌که‌ن، له کاتێکدا که گرووپی تیرۆریستی داعش هیچ په‌یوه‌ندییه‌کی به ئیسلامه‌وه نییه.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که ئیسلام خاوه‌ن شارستانییه‌ت و ڕه‌سه‌نایه‌تییه، جه‌ختی کرده‌وه: بێ گومان ئێران ئاڵاهه‌ڵگری ڕاسته‌قینه‌ی ئیسلامه له سه‌ر ئاستی جیهان و پێویسته وڵاتانی دیکه‌ی ئیسلامی وه‌ک نموونه‌یه‌ک له کۆماری ئیسلامی ئێران بڕوانن.
زه‌مانی ڕایگه‌یاند: ئه‌و یه‌کگرتووییه و یه‌کڕیزییه‌ی نێوان موسڵمانانی سوننه و شێعه له ئێران له هیچ وڵاتێکی دیکه‌ی جیهان به‌دی ناکرێت و ئه‌م یه‌کگرتووییه‌ش، هێزێکی زۆری به ئێران به‌خشیوه.
ناوبراو وتی: سه‌رجه‌م کێشه و گرفته‌کانی جیهانی ئیسلام بۆ نه‌بوونی یه‌کێتی و یه‌کڕیزی نێوان موسڵمانان ده‌گه‌ڕێته‌وه و به دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر دۆخی یه‌کگرتوویی نێوان موسڵمانانی ئێران له وڵاتانی دیکه‌ش بوونی هه‌بوایه، جیهانی ئیسلام تووشی ئه‌م دۆخه مه‌ترسیداره‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو.
حجت الاسلام زه‌مانی له کۆتاییدا به ئاماژه به ڕێکاره‌کانی هاوده‌نگی زیاتری نێوان سوننه و شێعه، ڕایگه‌یاند: پێکهێنانی ناوه‌نده هاوبه‌شه‌کان، ده‌ست به کاربوونی مامۆستایانی ئائینی و زانایانی شێعه له ناوه‌نده‌کانی سوننه و به پێچه‌وانه‌وه، بڵاوکردنه‌وه‌ی کتێبه‌کانی حه‌دیسی هاوبه‌ش له‌و ڕێکارانه‌یه که هاوده‌نگی و یه‌کڕیزی نێوانمان به‌هێزتر ده‌کات که ئه‌ڵبه‌ت به پێی ئامۆژگارییه‌کانی ڕێبه‌ری مه‌زنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران هه‌نگاوی کردهویانهی زۆر گیراوه‌ته به‌ر.
پارێزگاری کرماشان:
یه‌کێتی نێوان شێعه و سوننه هۆکاری به‌هێزبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانه
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئه‌سه‌دووڵا ڕازانی پارێزگاری کرماشان له بیست و حهوتهمین کۆنفرانسی گه‌وره‌ی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه که له ته‌لاری کاره‌بای کرماشان به‌ڕێوه‌چوو، ڕایگه‌یاند: حه‌وته‌ی یه‌کڕیزی، حه‌وته‌یه‌کی زۆر گرنگه که تێیدا ڕێگاکانی دابین کردنی هاودڵی و یه‌کگرتوویی زیاتری نێوان موسڵمانانی سوننه و شێعه تاوتوێ ده‌کرێته‌وه.
ناوبراو وتی: ئێرانی ئیسلامی له‌مڕۆدا یه‌ک له‌و وڵاتانه‌یه که به دڵنیاییه‌وه ده‌توانین بڵێین تێیدا موسڵمانانی شێعه و سوننه به که‌مترین کێشه و گرفت پێکه‌وه ده‌ژین و لایه‌نگرانی ئه‌م دوو ئائینزایه خۆیان به یه‌کسان و به‌رامبه‌ر ده‌زانن.
ڕازانی له درێژه‌دا وتی: هه‌ر ئه‌م یه‌کڕیزی و یه‌کێتی نێوان سوننه و شێعه‌یه که بووه‌ته هۆی پووچه‌ڵ بوونه‌وه‌ی سه‌رجه‌م پیلان و نه‌خشه‌کانی دوژمنانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران.
پارێزگاری کرماشان وه‌بیری هێنایه‌وه: پرسی یه‌کێتی و یه‌کگرتوویی و یه‌کپارچه‌یی ئه‌وه‌نده گرنگه که له لایه‌ن که‌سایه‌تییه گه‌وره‌کانی ئائین جه‌ختی له سه‌ر کراوه‌ته‌وه و ته‌نانه‌ت له قورئانی پیرۆزیشدا چه‌ندین ئایه‌تی پیرۆز به‌م پرسه گرنگه‌وه تایبه‌ت کراوه.
ئه‌سه‌دووڵا ڕازانی له کۆتاییدا وتی: یه‌کێتی و یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه له پارێزگای کرماشان له ئاستێکی به‌رزدایه و ده‌توانین بڵێین لایه‌نگرانی ئه‌م دوو ئائینزایه ساڵه‌هایه له دراوسێیه‌تی یه‌کدی به که‌مترین کێشه و گرفت پێکه‌وه ده‌ژین و بۆ ئه‌مه‌ش پێویسته پیرۆزباییان لێ بکه‌م.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له پارێزگای کرماشان:
یه‌کێتی و یه‌کڕیزی ئیسلامی، هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنانه
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه و وتارخوێنی هه‌ینی کرماشان وتی: ئه‌وه‌ی که له ئێستادا وه‌ک هێزی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنان و هۆکاری پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی نه‌خشه و پیلانه‌کانی ئه‌وان داده‌نرێت، یه‌کێتی، هاوده‌نگی و یه‌کڕیزی نێوان موسڵمانانه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایه‌تووڵا عوله‌ما له بیست و حهوتهمین کۆنفرانسی یه‌کڕیزی نێوان سوننه و شێعه که به ئاماده‌بوونی گه‌وره به‌رپرسانی ئیداری و زانایانی ئائینی له ته‌لاری کاره‌بای شاری کرماشان به‌ڕێوه‌چوو، ڕایگه‌یاند: حه‌شیمه‌تێکی یه‌ک و نیو ملیار که‌سی، هێزێکی گه‌وره‌ی ئیسلامییه که ئه‌گه‌ر پێکه‌وه هاوده‌نگ، یه‌کڕیز و ته‌با بن، بێ گومان هه‌ر دوژمنێکی داگیرکا‌ر تووشی کێشه ده‌که‌ن.
ناوبراو به ئاماژه به‌وه‌ی که به‌داخه‌وه له‌م قۆناغه‌دا یه‌کڕیزی نێوان موسڵمانان له ئاستێکی نزمدایه، وتی: دوژمنان به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌م خاڵه لاوازه، سه‌رجه‌م هه‌وڵه‌کانیان له پێناو دژایه‌تی کردن و پیلانداڕێژی له وڵاتانی ئیسلامی به کار دێنن.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما وتی: له‌مڕۆدا به به‌ره‌که‌تی ویلایه‌تی فه‌قیه، یه‌کێتی و یه‌کڕیزی نێوان موسڵمانانی شێعه و سوننه له ئێران‌دا بووه‌ته هۆی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی دوژمنان و پووچه‌ڵ کردنه‌وه‌ی پیلانه ناحهزانهکانی ئه‌وان.
نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیه له پارێزگای کرماشان وتی: ته‌نیا به یه‌کێتی و یه‌کڕیزییه که ده‌توانین به سه‌ر دوژمنان‌دا زاڵ ببین و بۆ ئه‌مه‌ش، هه‌موومان ئه‌رکی ئه‌وه‌مان له ئه‌ستۆیه که هێز و توانای خۆمان له پێناو پاراستنی ئه‌م ته‌بایی و یه‌کڕیزییه به کار بێنین.
ناوبراو ڕایگه‌یاند: هه‌بوونی ئه‌م هه‌موو خاڵه هاوبه‌شه، بیانوویه‌ک بۆ ناکۆکی و کێشه‌کان ناهێڵێته‌وه و به پشت به‌ستن به‌م بنه‌ما گشتییانه که خاڵی هاوبه‌شی سه‌رجه‌م موسڵمانانه، پێویسته به‌ره‌نگاری دوژمنان ببینه‌وه.
ئایه‌تووڵا عوله‌ما له کۆتاییدا وتی: ئیسلام خاوه‌نی هێزێکی گه‌وره‌ی زانستی و بیر و هزرییه که بووه‌ته هۆی ترس و دڵه‌ڕاوکێی دوژمنان و هه‌ر ئه‌مه‌ش وای کردووه که به پێکهێنانی گرووپه تیرۆریستییه‌کان و نانه‌وه‌ی ئاژاوه و دووبه‌ره‌کی، سیمای هێمن و ئارامی ئه‌م ئائینه پیرۆزه به پێچه‌وانه‌وه به جیهانیان بناسێنن.