مۆزەخانەی مادام توسۆ
مۆزەخانەی مادام توسۆی شیراز لە ماڵی جوانی زەینەت و لمولکی قەوام دایە. ئەگەر بۆ گەشت و سەیران و خۆشی بڕۆنە عیمارەتە شاهانەکەی زەینەت و لمولکی قەوام و پێ بخەنە ناو ژێرزەمینی ئەم ماڵەوە، لەگەڵ دیمەنێکی سەیر دا رووبەڕوو دەبنەوە، ئەویش ئەمەیە کە زینەتولمولکی خاوەن ماڵ و کۆمەڵێک لە ناودارانی ئێرانی دێنە پێشوازتانەوە، لە راستیدا ئەم پەیکەرانە لەرێگەی بنکەی فارس ناسی شیرازەوە درووست بووە و ئێوە هەل و دەرفەتی ئەوەتان هەیە کە روخسار و دەموچاوی زۆرێک لەم ناودارانە لە نێزیکەوە ببینن. بەدڵنیاییەوە ئەگەر بۆ جارێکیش بووە لە رێگەی تەلەڤیزیۆن، بڵاڤۆک و سایتەکان ناوی مۆزەخانەی مادام تووسۆتان بیستووە، مۆزەخانەیەک کە تێیدا دەتوانن دیمانەی زۆرێک لە مرۆڤە ناودارەکانی دونیا بکەن کە لە قەوارەی پەیکەرگەلێکی مۆمی دا درووست کراون. دەتوانن لەگەڵیان دا تەوقە بکەن و وێنە بگرن، لەگەڵ ئەو پەیکەرانەی کە لەتەک سیما و روخسارە راستەقینەکەیان دا جوێیان ناکەینەوە. ناوداران و گەورەکانی شیراز لە تەنیشت و دەوری یەک خڕ بوونەتەوە، لە پەیکەری مۆمی خاوەن ماڵەوە بگرە تاکوو پەیکەری کەریم خانی زەند، شەهید دەوران، ئایەتوڵڵا میرزای شیرازی، نەسیرولملک، سەعدی شاعیر و…
ئەم پەیکەرانە لە لایەن بنکەی فارس ناسییەوە و لە ماوەی ٤ ساڵ دا و بە هاوکاری گرووپێک لە هونەرمەندانی پەیکەرساز کە سەرپەرشتییەکە بەئەستۆی مامۆستا “شانس” بوو، درووست کراون. ماڵی زینەتولمولکی قەوامی هەمیشە قەرەباڵغە بەڵام دوای نیوەڕۆان هاتووچۆ لەم عیمارەتە دا زۆرتر دەبێت، ماڵێک کە مەکۆی زۆرێک لە خاوەنان و لایەنگرانی هونەرە. ئەم ماڵە پێشتر لایەنگران و هۆگرانی زۆری هەبوو و میعماریی بێ وینەی ئەم عیمارەتە، حەوشەی ناوەوەی، ئاوێنە کارییە پسپۆڕانەکەی و هەڵپێکرانی ئەم ماڵە لە رێگەی ژێرزەوینەوە بە عیمارەتی نارنجستانی قەوام ببووە هۆی ئەوەی کە خەڵکانێکی زۆر بۆ دیتنی ئەم بینا جوان و دانسقەیە بێنە ئێرەوە، بەڵام لە ساڵی ٨٢ ی هەتاوییەوە بوو کە بە ئامادەگی و بوونی هونەرمەندان و مامۆستایان و پسپۆڕانی بواری هونەر، ٣٧ پەیکەرە لە ژێرزەمینی ئەم ماڵە دا خرایە روو و درووست کرا و جوانی و سەرنجڕاکێشیی ماڵەکەی زۆرتر لە پێش کرد، لە سەرەتا دا ٣٧ پەیکەرە بۆ نمایشکردن لەم مۆزەخانەیە دا ئامادە کرا بەڵام ئەوەندەی بەسەرەوە نەڕۆیشت و بە هۆی پێشوازیی خەڵک، گەشتیاران و هونەرمەندان، ٢٢ پەیکەرەیتر پاش ساڵێک درووست کرا و گوازرایەوە بۆ مۆزەخانەی زینەت ولمولک.
شاپووڕی یەکەمی ساسانیە گۆشەیەک لە مۆزەخانەکە راوەستاوە، جل و بەرگی تایبەتیی دەرباری لەبەرە و دەستێکی لە کەمەر داوە و پرچەکانی شۆڕ بوونەتەوە و کڵاوێکی درێژکۆلەی سووری لە سەر دایە. لە گۆشەیەکیت دا کەریم خانی زەند لەسەر دوو ئەژنۆی دانیشتووە و جل و بەرگێکی زەردباوی لە بەرایە و بە روخسارێکی بیرمەندانەوە چاوی بڕیوەتە دیمانەکەران. زۆرێک لەو خەڵکانە پێیان خۆشە لە تەنیشت کەریم خانەوە راوەستن و وێنە بگرن بەڵام بەهۆی ئەوەی کە رەنگە خەسار و ئاسیوێک بکەوێتە پەیکەرەکان، وێنە هەڵگرتن قەدەغە کراوە. مەنسووری حەلاج لە خوارەوەی ژووری ماڵەکە و لە ژێر تاقێک راوەستاوە، چاوەکانی بە شیوەیەکی تەلیسماوی سەرنجت رادەکێشن. ئەو یەکێک لە عاریفە گەورەکانی سەدەی سێهەم بوو کە پاش گەڕانەوەی لە سێهەمین سەفەری حەج، بە تۆمەتی کوفر فرمان و حوکمی قەتڵی دەرکرا و حوکمەکەشی لە لایەن قازی گەورەی ئەوکاتیی بەغداد واتە “ئیبنی داووسی ئیسفەهانی” ییەوە دەرکرا بوو. ئێستاش لەم ماڵە دا وەکوو رابردوو مەنسوور تەنافێکی دار لە بەرامبەریایەتی و وا دەنوێنێت دەیەوێت بچیت بەرەو پیری تەنافەکە! بەڵام ئێستا کە گەشتیاران و دیمانەکەران دێنە ئەوێ و ئەو پەیکەرە بەو شێوازە دەبینن، دەتوانن مانای راستەقینە و قووڵایی ناکۆتای “اناالحق”ەکەی فام بکەن.
هەڵبەت پەیکەرسازان بۆ بەشەکانی تر وەکوو چاو، لە جاوی دەسکرد کەڵکیان وەرگرتووە بەڵام قژی پەیکەرەکان، سمێڵ و ریشیان لە موو و قژی خۆڕسک و سرووشتی ئینسانە کە لە سەر تۆڕ چنراوە و دواتر کراوەتە سەر و جەستە و ئەندامەکانی لەشی پەیکەرەکانەوە. با ئاگاداری ئەوەش بن کە شێوازی چنین و دانانی پەیکەرەکان لەم ماڵەی زینەت ولمولک دا بە پێی نۆرم و رەوتی سەردەمە جیاواز و یەک لە دوای یەکەکانی مێژووە، واتە لە سەردەمی پێش ئیسلام تاکوو جیهانی هاوچەرخ. پەیکەرەی گەورە و پایەبەرزانێکی وەکوو سیبەوییە، ئیبنی موقەفەع، مەنسووری حەللاج، روزبەهان، سەعدی شیرازی، شەهید سپاسی، شەهید دەوران، شاعیر قائانی، سورەتگەری شیرازی، دوکتۆر موحەمەدی نەمازی و…بە پێی رێک و پێکی سەردەمی بوون و ژیانیان رێک کراوە و دانراوە. لێک هەڵپێکرانی دوو ماڵ لە رێگەی ژێرزەمینەوە بووەتە هۆی ئەوەی کە ژێرزەمین پانتایی و رووبەرێکی گەورەی هەبێت و خەڵک بتوانن لە کەشێکی لەبار و فەزایەکی گەورە دا پەیکەر و گشتییەتی ماڵەکە ببینن.
تاڤگەی قەڵات
تاڤگەکانی قەڵاتی شیراز کەوتۆتە سەر پارێزگای فارس و باکووری شاری شیرازەوە. قەڵات ناوی گوندێکە کە لە ٣٦ کیلۆمەتریی باکووری رۆژئاوای شیراز و لە ناوچەیەکی دڵڕفێن و تەپۆڵکەیی لەتەنیشت کانیاوێکی جوان و چڕستانێکی لە دار و سەوزەڵانی، هەڵکەوتووە. خەڵکی ئەم گوندە بە شێوەیەکی نیوە سوننەتی خەریکی کشت و کاڵ و مەڕداریی و باخداریین و هەندێکیشیان کاری کڵاشچنین و گیوەدوورینن. زاراوەی خەڵکی ئەم گوندە پاشماوەیەکە لە فارسی میانەی باشووری رۆژئاوا.لەم گوندەدا بیناگەلێک هەن کە شایستەی پاراستن و تۆمارکردنن، لەوانەش کڵێسەی گوندەکەیە کە لەلایەن میسیۆنێرە ئایینییەکانەوە و لە نێوان جەنگی یەکەم و دووهەمی جیهانیی دا بینا کراوە کە دیواری دەرەوەی کڵێسەکە مەترسی رووخان و ڕمانی لەسەرە.
قەڵات گەندێکە بە دوو پێکهاتی کۆن و نوێوە کە جیاوازییەکانیان لە شێوازی بیناسازیی و میعماری کۆن و نوێوە دەردەکەوێت. پێکهاتی و لاختی کۆنی گوندەکە کە بە گوندی کەونینەیی ناوبانگی دەرکردووە، پێشینەیەکی زۆر درێژ و لەمێژینەی هەیە و شێوازی بیناسازی و میعمارییەکەی دانسقە و تاقانەیە. پێکهات و لاختی نوێی گوندەکە لە بەرپی و ژێریی پێکهاتە کۆنەکە درووست کراوە کە بەشێوەیەکی درێژکۆلە و تاڕادەیەک پان لە تەنیشت رووبارێک کە ئێساتەکە وشکی کردووە، هەڵکەوتووە و لە گۆشەی رۆژهەڵاتیی گوندەکە رۆنراوە. لە گۆشەی رۆژئاوایی پێکهاتە نوێکەوە تەپۆڵکەگەلێکی جۆراوجۆر هەن لە بیناسازی بەشێوەیەکی پەرتەوازە تێیدا ئەنجام دراوە و بە گەڕەکی “گوڵ کروشک” ناوبانگی دەرکردووە. بۆ گەیشتن بە گوندی قەڵات دەبێت لە شیرازەوە مەودایەکی ٤٠ کیلۆمەتری بەرەو شاری یاسوج ببڕین. گوندی قەڵات خاوەنی دوو تاڤگەی جوان و سەرنجڕاکێشە کە لەبەرزاییەکانی رۆژهەڵات پاش باخەکانی گوند هەڵکەوتووە و تافەی دێت.
بێستانی ئازادی
بێستانی ئازادی یان پارکی شار، ناوی یەکیکە لە کۆنترین بێستانەکانی شیراز کە لە زەوینێک بە پانتایی زۆرتر لە ٢٠٠ هەزار مەتری چوارگۆشە دا درووست کراوە. بێستانی ئازادی لەخۆگریی زۆر ئیمکانات و خزمەتگوزارییە کە بریتیین لە هۆڵی کۆبوونەوەکان، بینای کەلتووری-ئایینی، مزگەوت، خانەی کەلتوور، هۆڵی نمایش، شاری یاری، شوێنی خواردەمەنی، هێلانەی باڵندە، زەریاچەی دەسکرد و ئاونوێنە جوانەکان.
هەروەها ئەم پارکە ئامێرگەلی کایەکردن وەکوو ترێنی ئاسمانی، چەرخ و فەلەک و… ی تێدایە و خاوەنی زەریاچەیەکی دەسکردیشە کە دەکرێت تێیدا قەیاغڕانی بکریت، ئەم زەریاچەیە بە هۆی کەش و هەوایەکی لەبار کە سازاندوویە بووەتە ژینگە و شوێنەژینی چەشنگەلێکی جۆراوجۆر و جوان لە باڵندەکان.
ئارامگەی شاشوجاع
شاشوجاع کوڕی ئەمیر موباریزەدینە موحەمەدی زەفەر و بنیات نەری زنجیرە پاشایی ئالی موزەفەر بوو کە دوای باوکی لەسەر تەختی پاشایەتی دانیشت. شاشوجاع بە پێچەوانەی باوکییەوە دەمارگرژی و پێداگرییەکی ئایینی وای نەبوو و هەندێ جار شیعریشی دەگوتەوە. شاشوجاع یەکێک لە گەورەترین و بوێرتری پاشاکانی ئالی موزەفەر بووە کە لە سەدەی حەوتەمی کۆچی دەمرێت و چوونکوو پاش ئەو گێرمەوکێشە و هەراوزەنایەکی زۆر لەمەڕ جێگریی و جێنشینییەوە دێتە پێش، لە شوێنێکی ساکار و بێ هیچ رێوڕەسمێک ئەسپەردەی دەکەن. بەڵام لە سەردەمی حوکمڕانی زەندییەکان دا کەسێک بەناوی میرزا موحەمەد خانی کیرمانی کە لە نەوە و نەتیجەکانی شاشوجاع بووە بە وەرگرتنی ئیجازە و ودمێک لە کەریم خان لە ساڵی ١١٩١ی کۆچی ـ مانگی، کێلێکی گەورە لە سەر قەبرەکەی دادەنیت و باخچەیەکیش لە تەنیشتی دا درووست دەکات و ئەم کێلەبەردە هێشتاش هەر ماوە. ئارامگەی شاشوجاع کە لە شوێنی گوشتیاریی و دیمەندارەکانی شیرازە، هەڵگری چوار ئەستوونی چەماوەیە کە گۆمەزیک لەسەریان هەڵنیشتووە. روو و لایەنی دەرەوەی گۆمەزەکە بە کاشیگەلی تاق رەنگی نیلۆفەری خەمڵاوە و لەرووی ناوەوەی گۆمەز بە کاشیگەلی حەوت رەنگ وێنەی گوڵ و دەوەن درووست بووە و لە چوار بەشی ناوەوەی گۆمەزەکە بابەت و هێلگەلیک بە خەتی نەستەعلیق نووسراون و نیگار کراون! ئارامگە هەروەها لە خۆگری رووبەرانێکی بچووکە کە دارناڤنجیان تێدا ناشتووە، ئەم ئارامگەیە هەنووکە بە یەکیک لە شوێنە گرینگە گەشتیاریی و پڕدیمەنەکانی شیراز ناوبانگی دەرکردووە.
ئارامگەی کەریم خانی زەند
ئارامگەی کەریم خان لە مۆزەخانەی پارسی ئیستا یان عیمارەتی فەرەنگی دایە، عیمارەتی فەرەنگی لەبەرامبەر ئەرگی کەریم خانیی و لە گۆشەی باشووریی لەتەنیشت حەوشەی هونەریستانی سەنعەتی دا هەڵکەوتووە. لە شوێنە گەشتیارەکانی شیراز کە هەر دەم سەرنجی گەشتیارانی بۆ خۆی راکێشاوە ئارامگە و قەوری کەریم خانە. کەریم خان لە ساڵی ١١٩٣ی کۆچی ـ هەتاوی لەشیراز کۆچی دوایی کرد و بە پێی وەسیەتی خۆی تەرمەکەیان لە شانشینی رۆژهەڵاتیی عیمارەتی نەزەری شیراز بە خاک سپارد. پاش لە گیرانی شیراز بەدەستی ئاقاموحەمد خانی قەجەر “واتە پانزە ساڵ پاش مەرگی کەریم خان”، بەهۆی رقیک کە بەرامبەر وەکیل ولروعایا یان کەریم خان هەبووی، گۆڕەکەی هەڵدایەوە و ئێسقانەکانی دەرهێناو و لەگەڵ خۆی بردی بۆ تاران و لە ژێر پلەی کۆشکەکەی واتە کۆشکی گولستان دا داینا تاکوو بەم شێوەیە بێڕێزی پێ کردبێت و هەر رۆژ بەسەر لاشەکەیدا تێپەڕێت. لە سەردەمی حوکمڕانی رەزاشای پاڵەوی دا ( نێزیکەی ١٥٠ ساڵ پاش مردنی کەریم خان) فرمانی هەڵکەندنی قەبری کەریم خان درا تاکوو دووبارە ئێسقانەکانی بگەڕێننەوە بۆ شاری شیراز. بەلام بەهۆی نەخۆشی مندالەکەی ئەم پرۆژەیە چووە خانەی فەامۆشییەوە و لەیاد کرا. هەندێکیش دەڵێن رەنگە بردبێتیان بۆ شاری نەجەف یان حەرەمی شاعەبدولعەزیم، بەڵام ئیدی هیچ ئاسەوارێک لە ئێسقانەکانی کەریم خانی زەند بەدی ناکرێت.
ئارامگەی سیبەوییە
ئارامگەی سیبەوییە یەکێک لەو بینایەنەیە کە بۆ یاد کردنەوە درووست کراوە و سەر بە پارێزگای فارسە و هەڵکەوتۆتە قەبرستانی باهیلیە لە گەڕەکی بەردەڕەشی شاری شیراز. سیبەوییە کە ناوە تەواەکەی ئەبو بیشر عەمروی کوڕی عوسمانی کوڕی قەنبەری بەسەرییە، لەساڵی ١٤٠ی کۆچی ـ مانگی لە شاری بەیزای سەر بە شارستانی سپێدانی پارێزگای فارس لە دایک بووە. ئەو لە تەمەنی ١٤ سالان دا بەمەبەستی خوێندنی و وەگرتنی زانست رێگەی بەسرەی گرتۆتە بەر و لە شاری بەغداد(کە ئەو دەم یەکێک بووە لە ناوەندەکانی زانست و مەعریفە)، بووە بە یەکێک لە دیارترین و بەرجاوترین زانستمەندانی عیلمی لوغەت یان زمانەوانیی. ئەو لە فەیلەسووفە ناودارەکان و لە زانا گەورەکانی نەحوی عەرەبییە، بەشێوەیەک کە “الکتاب” یەکەمین کتێبێکە کە باس و خواسی سەرف و نەحوی عەرەبی تێدا کراوە و لەرووی ژێدەر و سەرچاوەوە جێگەی متمانە و بڕوایە. لەراستیدا سیبەوییە یەکەم کەس بوو کە بۆ زمانی عەرەبی سەرف و نەحوی نووسی و دەنگ و ئاواکانی لەم زمانە دا دیاری کرد و بزوێنەکانی سەرە و ژێرە و تەنوینەکان و… لە داهێنانەکانی سیبەوییەیە و هەر بەم هۆیەشەوە بە سیبەوییەی نەحوی ناوبانگی دەرکرد. کارێک کە سیبەوییە لەو سەردەمەدا کردی بەراستی شاکارێک بوو و بە بێ ئەم کارەی ئەو پێشکەوتنی زمانی عەرەبی مسۆگەر نەدەبوو و قورس و قاییمی ئەم زمانەی کە ئێستا هەیە بە هۆی ئەو شاکارەی سیبەوییەیە. سیبەوییە ئەو کاتەی کە لە رێگای سەفەر بۆ خۆراسان بوو، لەناو رێگا دا تووشی نەخۆشی دەبێت و لە ساڵی١٨٠ی کۆچی م مانگی دا لە کاتێکدا کە تەنها چل سال تەمەنی دەبێت، لە شاری شیراز دا دەمرێت و لە گۆڕستانی باهیلیە دا ئەسپەردەی دەکەن.
لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاوی لە لایەن لێژنەی ئاسەوارە نیشتیمانییەکانی ئێرانەوە، ئارامگەیەک بۆ ئەم زانستمەندە بەرز و بەڕێزە درووست دەکرێت. بینای ئارامگەکە هۆڵ و تەلارێکە لە گۆشەی باکوور کە بە درێژایی ٨ مەتر و پانایی ٥ مەتر لەخۆگری تاقنوێنگەلێکە کە بە کاشیگەلی موعەرەقی درووستکراوی دەستی هونەرمەندە خوراسانییەکان، خەمڵاوەتەوە. قەبرەکەی سیبەوییە لەناوەڕاستی ئارامگەکەدا هەڵکەوتووە و لەسەر گۆڕەکەی بەردێکی رەش بە درێژایی ١٩٠سانتی مەتر، پانایی٧٠ سانتی مەتر و بەرزایی ٣٥ سانتیمەتر دانراوە. لە راستیدا ناوی گەڕەکی بەردەڕەش هەر لەم بەردەی سەر گۆڕەکەی سیبەوییەوە هاتووە.
یەکێک لەو رێگایانەی کە دەچیتە سەر ئارامگەی سیبەوییە، رێگەی شاری کازروونە. بە تێپەڕین و پیوانی رێگەی بەرامبەر سەید تاجەدینی گەریب و بە پێواندنی نێزیکەی ٨٠٠ مەتر دەگەینە ئارامگەی سیبەوییە. ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە لە شاری کۆنی سیراف(لە شاری عەسەلویەی سەر بە پارێزگای بووشەهر) کە ئێستا پێی دەڵێن بەندەری تاهیری، مەزارگەیەکی تر هەیە کە بەناوی ئەم گەورە پایوە واتە سیبەوییەیە. واتای ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی “سیب” چوونکوو زۆرێک لە ناوە ئێرانییەکانی پێش ئیسلام و سەرەتای هاتنی ئیسلام بە سەر پاشگریی نەسەبی و بنەماڵەیی دا دەشکایەوە واتە پاشگری “ـ ویە ” وەکوو دادوییە و زادوییە. فیروزئابادی، دانەری “قامووسی سەبارەت بە واتای ناو” لەبارەی ناوەکەی سیبەوییەوە دەڵێت: سیبەوییە یانی بۆی “سیب” (سێو) و هەندێکیش دەڵێن کە ئەم لێکدان و تێکەڵکارییەی ناوەکەی پیشاندەر و دەرخەری کەسێکە کە بۆنی خۆشی لێوە بێت، هەندێکیش هۆکاری ناوبانگ و ناوجوانیی سیبەوییە دەگەڕێننەوە بۆ ناسککاری و جوانییەک کە لەو پیاوە و کارەکانیدا هەبووە.
دەشتی ئەرژەن
دەشتی ئەرژەن یان ئەرجەن هەڵکەوتۆتە تەنیشت بەرزاییەکانی باشووری زنجیرە چیاکانی زاگرۆسەوە (کە لەم بەشە دا بە زاگرۆسی فارس ناوبانگی دەرکردووە)، بە مەودایەکی ٦٠ کیلۆمەتری لە رۆژئاوای شیراز ( لە جادەی کازرون ـ شیراز). دەشتی ئەرژەن یەکێکە لە جوانترین دیاردە زەوی ناسییەکانی دونیا، بەشێوەیەک کە زۆربەی زەوی ناسە ناودارەکانی دونیا تامەزرۆی دیتن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەم دەشتەن. ئەم دەشتە لە رابردوو دا شوێنگە و ژینگەی شێری ئێرانی بووە بەڵام بەلەناو چوونی قامیشەڵانەکانی دەوروپشتی زەریاچەکە و گۆڕانی بۆ زەوییە کشت و کاڵییەکان، ژینگەی شێرەکان لەناو چووو و ئەمەش بپتە هۆی ئەوەی کە رەگەزیان لە ناو بچێت و بفەوتێت. لە باکووری روژئاوای ئەم دەشتە دا ئاسەوارگەلێکی کەونینەیی و کەتیبەگەلێکی ناوداری “تەنگی شاپوور” هەیە. لە شوێنە پر دیمەن و جوانەکانیتری ئەم دەشتە، زەریاچەی پەرێشانە کە لە رووی راوکردنی ماسییەوە زۆر دەوڵەمەند و هەراوە.
ئەشکەوتی چاقەڵای بەندەر
ئەم ئەشکەوتە یەکێکە لە ئەشکەوتەکانی پارێزگای فارس کە هەڵکەوتۆتە سەر شاری شیراز. کونی ئەشکەوتەکە ئەندازەیەکی ٥×٣یە کە لەبەرزایی ١٦٢١ مەتری ئاستی زەریا هەڵکەوتووە. درێژایی ئەشکەوتەکە دیار نییە و نەبینراوەتەوە بەڵام دەنگۆی ئەوە هەیە کە بن و درێژایی ئەم ئەشکەوتە دەگاتەوە بەندەر عەباس. قووڵایی ئەشکەوتەکە لە رابردوودا لە رێگەی گوریس و وەزنەوە پێورا بوو و بۆیان دەرکەوتبوو کە ١٠٤ مەتر قووڵایی هەیە، بەڵام بە هۆی داکەوتن و داڕمانی میچ و ئاوار لە درێژایی زەمەن دا کپ و پر بۆتەوە و ئێستا قووڵاییەکەی ٨٨ مەترە. ئەم دژە کەونینەییە بە درێژایی و تێپەڕینی زەمان پووکاوە و رووخاوە و تەنها ئاسەواری دیوار و پاردەکانی بەجێ ماون، بەڵام دیارترین و زەقترین بەشی چەند دانە چاڵاوی دەسکردە کە لە سەر بەردە زنجیریی و یەکپارچەکانی یەم کێوە لێدراون. ئەم ئەشکەوتە کە لە جادە دەچێت، بە هۆی هەڵکەوتنی هەوراز و نشێوییانەی زۆر سەختی زۆر دڕ و شاخاوییە و تا ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی دوو شاخەوان.
ئەرگی کەریم خانی
ئەرگی کەریم خانی لە ناوەندی شاری شیراز دایە. ئەم ئەرگە لە سەردەمی حوکمڕانی زنجیرە پاشایی زەندییە دا درووست کراوە و پاش ئەوەی کە کەریم خان شیرازی وەکوو پێتەخت و ئەم شوێنەی وەکوو شوێنگەی ژیانی خۆی هەڵبژارد، بە ئەرگی کەریم خانی ناوبانگی دەرکرد.
ئەرگی کەریم خانی لە باکووری خۆرهەڵاتی شیراز و گۆرەپانی شەهیدەکان (بەنێوی شارەداری پێشوو) دا هەڵکەوتووە. پانتایی ئەرگ ٤٠٠٠مەتری چوار گۆشەیە کە لە رووبەرێکی گەورەتر بە پانتایی ١٢٨٠٠ مەتری چوار گۆشە دا هەڵکەوتووە. ئەم ئەرگە چوار دیواری زۆر گەورەی هەیە کە لە رێگەی ٤ پاردەی خشتینی ١٤ مەترییەوە پێکەوە بەستراونەتەوە و هەرکام لەم پاردە خشتینانە گۆشەی ٩٠ دەرجەی هەیە. کاشی کارییەکانی سەردەری هاتنە ژوورەوەی ئەرگەکە لە سەردەمی قەجەر دا بۆی زیاد کراوە.
درووست کردنی ئەرگی کەریم خانی لە نێوان ساڵەکانی ١٧٦٦ و ١٧٦٧ی زاینی دا بووە و کەریم خان لە باشتری بیناسازان و میعمارانی سەردەمی خۆی کەڵکی وەرگرتووە. ئەو تەنانەت باشترین ماتریاڵ و مەسالیحە بیناسازییەکانی لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات بۆ هێنا و درووست کردنی بیناکە بە خیراترین زەمان تەواو بوو.ئەم بینایە لە سەردەمی دەسەڵات داریتی زەندییەکان وەکوو شوێنگەی نیشتەجێ بوون و حوکمڕانی و لە سەردەمی قەجەرەکان دا وەکوو شوێنگەی دانیشتن و ژیانی فەرماندارە خۆماڵییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، هەروەها عەبدولحوسەین میرزای فەرمانفەرما، حوکمڕانی فارس فرمانی نوێ سازینەوەی مینیاتۆرە نیگارەکانی ئەم بینایەی دەرکرد.
لە سەردەمی پاشایەتی پاڵەوییەکاندا لەم ئەرگە وەکوو زیندان کەڵک گیراوە، لە ساڵی ١٣٥٠ دا ئەم ئەرگە دەدرێتە ئیدارەی فەرهەنگ و هونەری ئەو دەم. ئەم بینا گەورەیە ئێستا لە ژێر کۆنترۆل و چاودێری رێکخراوی کەلەپووری فەرهەنگیی کۆماری ئیسلامی ئێران دایە و لە جەند ساڵ لەمەو پێش ئیشی نۆژەن کردنەوە و چاک کردنەوەی ئەم بینایە دەستی پێ کردووە تاکوو وەکوو مۆزەخانەی گەورەی فارس کەڵکی لی وەربگیرێت.
مزگەوتی مەشیر
مزگەوتی مەشیر لە گەڕەکی بەردەڕەشی شیراز دا هەڵکەوتووە و لە بینا مێژووییە گرینگەکانی ئەم پارێزگایە هەژمار دەکرێت. ئەم مزگەوتە لەلایەن حاجی میرزا ئەبولحەسەن خانی موشیرە لمولک درووست کراوە. لە باکووری مزگەوتەکە دا شەبستانێکی بچووک هەیە کە بە کاشیگەلێکی نیگار کراو رازاوەتەوە و بن میچی دۆ گۆشەی باکووریی بە شێوەیەکی جوان لە رێگەی کاشیگەلێکی جوانەوە موقەڕنەس کاریی کراوە. لەنێوچەوان و سەری شەبستانەکە دا تاقنوێنێکی بەرز هەیە کە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆز بە خەتی بەرجەستەی سولسی عالی لەسەری نووسراوە و بە سەر و بەرزایی ئەم شەبستانەوە دوو گوڵدەستەی کاشی کاری درووست کراون. لە گۆشەی خۆرهەڵاتیی مزگەوتەکە تاقنوێنێکی بەرز دەبینرێت کە بە شێوەیەکی جوان بە کاشی موقەڕنەسکاریی کراوە و کەتیبەیەک بە خەتی سولسیش هەیە کە ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزی لە سەر نووسراوە. پشتی تاقنوێنەکە داڵان و دەری گەورەی مزگەوتی لییە کە بەرەو بازاڕچەی ئەرمەنییەکان دەکرێتەوە. ئەم مزگەوتە هەروەها لەخۆگری میحرابێکی کاشی کاری کراوی زۆر جوانە سوڕەتی تەوحید بە خەتێکی نەسخی باش لەسەری نووسراوە. لە ناوەڕاستی مزگەوتەکە دا حەوزێک هەیە کە ٢٥ مەتر درێژیی و ١٠ میتر پانایی هەیە. ئەم حەوزە لە بەردی یەکپارچەیە و پێشتر بە ئاوی خەیرات پڕیان دەکرد.
ئارامگەی خواجەوی کرمانی
ئارامگەی خواجەوی کرمانی، لە باکووری شیراز لە داوێنی کیوی سەبووی و لە سەرەتای جادەی شیراز ـ ئیسفەهان و تەنگەی ئەڵڵاهو ئەکبەر دا هەڵکەوتووە. قەبرەکەی بەسەر دەروازە قورئان دا زاڵە، ئاوی کانیاوی ناوداری “روکناباد” لە تەنیشت ئارامگەکەی خواجەوی کرمانییەوە تێدەپەڕێت. ئەم ئارامگەیە لە ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی لەسەر بەرپرسایەتی دایرەی کەلتووری پارێزگای فارس درووست کراوە. شوێنی ئارامگەکە لە رووبەرێکی بێ میچ و کراوە دایە، لە ناوەڕاستی ستوونە داخراوەکە دا بەردە قەبرێک هەیە کە سەرەوەی موحەدەب و بەرجەستەیە. لە سەر ئەم بەردە نووسراوەیەک کە بگەیەنیت کە ئەم قەبری خواجەوی کرمانییە، بوونی نییە. تەنها لە سەر بەردەکە دا نووسینی: كل من عليها فان و يبقي وجه ربك ذوالجلال و الاكرام بە خەتی سولس نووسراوە. لە سەروو و خوارووی قەبرەکە دوو ئەستوونی بەردینی کۆتا هەیە کە وادیارە بەپێی رەسمی ئەو سەردەمە لە خوار و سەرووی قەبری شاعیران و عاریفەکان دایان دەنا.
لە ساڵی ١٣٣٧ ی هەتاوی دا دایرەی کەونینەناسیی پارێزگای فارس هەستا بە درووست کردنی ژوورێک لە بەشی باکووری رووبەری ئارامگەکەوە. لە سەر ناوەڕاستی ئەم ژوورە و بەنێوچەوانی دیوارەکەوە دوو غەزەڵ لە غەزەڵەکانی خەواجەوی بە خەتی نەستەعلیق لە سەر کاشییەکان نووسراون، کە بەم بەیتەوە دەست پی دەکات:
دوش مي كردم سؤال از جان كه آن جانانه كو؟ گفت: بگذر زان بت پيمان شكن پيمانه كو؟…
واتە دوێنێ شەو لە گیان پرسیم گیانانم لە کوێیە و ئەویش وەڵامی دامەوە و وتی: واز لەو پرسیارە بێنە و پیم بڵێ پەیمانەی مەیەکە لە کوێیە!…
و ئەو شیعرەکەیتریان بەم بەیتەوە دەست پی دەکات:
صبحدم دل را مقيم خلوت جان يافتم از نسيم صبح بوي زلف جانان يافتم…
کە واتە سپێدە و بەرەبایانی دڵم وەکوو شوێنگەی خەڵوەتی “گیان” بینییەوە و لە شنەی بەرە بەیان بۆی زوڵفی گیانانم بینییەوە…
کە ئێستاکە ئەم ژوورە کراوەتە فەرهەنگ سەرای خەواجەوی کرمانی. تۆزێک لە سەرووتری قەبرەکەی خەواجەوی سێ ئەشکەوت بەدی دەکرێت، یەکێک لەوانە ئەشکەوتێکە کە شوێنی عیبادەت و ریازەتی پیاوچاکان و مەشایەخەکان بووە و خواجەوی کرمانیش ماوەیەک لەوێ عیبادەتی کردووە. ئەشکەوتێتر کە لە دەم کونەکەیدا تاقێکی لێدراو و زەربدەری لە نەوعی تاقی کەجاوەیی کە لە بەرد و خشت درووست کراوە، شوێنی قەبری خواجە عیمادەدین مەحمود، وەزیری ناوداری شا شێخ ئەبوئیسعاقی ئینجووە. لە تەنیشت ئەم ئەشکەوتە دا هەڵکۆڵراوێک کە شەڕی رۆسەم و شێری تێدا بەدی دەکرێت هەیە کە بە فرمانی حوسەینعەلی میرزا، حوکمڕانی فرس لە ساڵی ١٢١٨ دا درووست کراوە. لە تەنیشت ئەمەش دا هەڵکۆڵراوەیەکی ناتەواو لە فەتحعەلی شاو و دوو کورەکەی بەدی دەکرێت.، لە ئەم لاو لای ئەم دوو هەڵکۆڵراوەیە دوو دانە نیو ستوون لە شێوازی ستوونەکانی سەردەمی زەندییە هەیە کە لە نێو دڵی کێوەکەدا درووست کراون و دانراون. لە ساڵی ١٣٧٠ ی هەتاوی دا بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆلیژی ئەدەبی زانکۆی کرمان، رێوڕەسمێکی رێزلێنان بۆ خەواجەوی کرمانی بەڕێوەچوو کە بەشی کۆتایی ئەم رێووڕەسمە لە شیراز هاتە ئەنجام دایین. هەر بەم خواستەوە بە هەوڵی شارەوانیی شیراز و پارێزگای فارس، ئارامگەی خوجەوی کرمانی نۆژەن کرایەوە کە چاکسازیی و درووست کردنی دیوار و ئەستوون و کەفی ئارامگەکەی لە خۆ دەگرت و هەروەها پەیکەرەیەک لە سەر و دەموچاوی خەواجەوی کە لە بەرد داتاشراوە، لەم شوێنە دا دانراوە. بینای ئارامگەکەی خواجەوی کرمانی بە ژمارەی ٩١٦ لە پێڕستی ئاسەوارە مێژووییەکاندا تۆمار کرا.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری