جام کوردی:
18ی دسمبێری 2012 ئه‌و کاته‌ی که جه‌لاڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆک کۆماری عێراق تووشی جه‌ڵته‌ی مێشک بوو، که‌س بیری له‌وه نه‌ده‌کرده‌وه که غیابی ئه‌و که‌سایه‌تییه، ئه‌وه‌نده کاریگه‌ریی له سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق هه‌بێت که ئه‌م وڵاته به‌ره‌و دابه‌شبوون ببات.
به پێێ ڕاپۆرتی هه‌واڵده‌ری خوێندکارانی ئێران (ئیسنا)، جه‌لال حوسامه‌دین تاڵه‌بانی Jalal Talabani یان هه‌مان مام جه‌لال Mam Jalalی کوردان له ساڵی 1933 له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئائینی و له گوندی که‌ڵکان له داوێنی کێوی کۆسره‌ت له دایک بووه. ناوبراو که‌سایه‌تییه‌کی سیاسییه که ته‌نانه‌ت لاپه‌ڕه‌یه‌کی مێژووی هاوچه‌رخی کوردان به تایبه‌ت کوردانی عێراق به بێ ئاماژه به ناوی مام جه‌لال نادۆزرێته‌وه.
جه‌لال تاڵه‌بانی وه‌ک که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی ڕۆڵێکی به‌رچاوی له دابین کردنی هاوسه‌نگی سیاسی له عێراقدا هه‌بووه و به بڕوای شرۆڤه‌کارانی سیاسی، غیابی ئه‌م کارێزمایه کاریگه‌ری هه‌ره زۆری له به‌دیهاتنی ئه‌م دۆخه‌ی ئێستا هه‌بووه. ناوبراو به‌م دواییانه پاش سه‌ردانێکی بۆ ئه‌ڵمانیا گه‌ڕایه‌وه هه‌رێمی کوردستان، پزیشکان له هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ژیانی ئاسایین. ڕۆژانه ڕۆژنامه ده‌خوێنێته‌وه، چاوی به ته‌له‌فزیۆن ده‌که‌وێت، ده‌ڵێن پزیشکانی تاڵه‌بانی ئێرانین.
له ئێستادا جه‌لال تاڵه‌بانی له سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان نییه. په‌یامنێری هه‌واڵده‌ری ئیسنا له هه‌ولێر له گه‌ڵ ” سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره ” ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌رپرسی مه‌کته‌بی په‌یوه‌ندییه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان وتووێژێکی ئه‌نجام داوه و ناوبراو له غیابی تاڵه‌بانی و قه‌یرانه‌کانی عێراق ده‌ڵێت:
شرۆڤه‌تان سه‌باره‌ت به غیابی مام جه‌لال له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق و هه‌رێمی کوردستان چییه؟
ئه‌گه‌ر مام جه‌لال بارودۆخێکی گونجاوی ته‌ندرووستی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت سه‌باره‌ت به به‌ڕێزیان بڵێین، له سه‌ره‌تادا پێویسته ڕای سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌کان بزانین، له ئێستادا هه‌مووان به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتوون که غیابی مام جه‌لال زیانی زۆری بۆ عێراق هه‌بووه. هه‌رێمی کوردستان له چه‌ندین دۆسیه‌ی وه‌ک په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا زیانی به‌رکه‌وتووه. ناوبراو ڕۆڵی کاریگه‌ری له چاره‌سه‌رکردنی کێشه و گرفته‌کاندا هه‌بووه.
مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و پارتی دیمۆکرات به‌رده‌وام ڕایگه‌یاندووه: من ئه‌گه‌ر نیگه‌رانی بارودۆخی به‌ڕێز تاڵه‌بانیم به هۆی ئه‌وه‌یه که به‌ڕێزیان وه‌ک چه‌ترێکی کۆکه‌ره‌وه‌ی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان بووه و به ته‌نیا زۆربه‌ی کێشه‌کانی ئێمه‌ی له به‌غدا چاره‌سه‌ر ده‌کرد.
ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ ئیمام خومه‌ینی (ره) دامه‌زرێنه‌ری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆچی دواییان کردووه، به‌ڵام بنه‌ماکانی بیر و هزری هێشتا له نێو کۆمه‌ڵگای ئێران‌دا وه‌ک خۆی ماوه‌ته‌وه. مام جه‌لالیش ئه‌گه‌ر چالاکی سیاسیی نییه، به‌ڵام بیر و هزر و ڕێبازه‌که‌ی له سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی‌دا بوونی هه‌یه. هه‌مووان ده‌ڵێن که مه‌خابن مام نییه، ئه‌گه‌ر وه‌ک جاران چالاکی هه‌بوایه، بێ گومان داعش ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی نه‌بوو که بێته نێو خاکی کوردستان، په‌یوه‌ندی نێوان کورد و عه‌ره‌ب به‌م ئاسته‌ی ئێستا نه‌ده‌بوو. ڕاستییه‌که ئه‌وه‌یه که جێگای به‌ڕێزیان به‌م زووانه پڕ ناکرێته‌وه.
په‌یوه‌ندی ئێوه و به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ که‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه، له ئێستادا چۆن له‌و ڕابردووه ده‌ڕوانن؟
ئاشنایه‌تی من له گه‌ڵ به‌ڕێز مام جه‌لال بۆ ساڵه‌کانی 1977 تا 1978 ده‌گه‌ڕێته‌وه. له ساڵی 1976 له ڤییه‌نا به‌ڕێزیانم بینی، له هه‌مان ساڵ سه‌ر له نوێ چاوم به مام که‌وت. من وه‌ک خوێندکارێکی کورد له نه‌مسا سه‌رۆک تاڵه‌بانیم بینی. له یه‌کێک له کۆبوونه‌وه‌کانی له گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی نه‌مسا برۆنۆ کرایسکی که له ماڵی ناوبراو به‌ڕێوه‌چوو، مام به کرایسکی ڕاگه‌یاند: من خۆشحاڵ ده‌بم وه‌ک چۆن پشتیوانی‌تان له گه‌لی فه‌ڵه‌ستین کردووه، یارمه‌تیده‌ری کوردانیش بن.
سه‌رۆک وه‌زیرانی نه‌مسا وتی: من تا ئێستا سۆسیال دیمۆکراتی خه‌باتگێڕی وه‌ک به‌ڕێزتانم نه‌بینیوه، سۆسیال دیمۆکراته‌کانی نه‌مسا ئێمه به ئینته‌رناسیۆناڵی پله سێش نازانن (مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه که مام جه‌لال خهباتگێڕتره)، به‌ڵام ته‌مه‌نی من به سه‌رچووه و باشتره یه‌ک له به‌رپرسان دیکه‌ی وڵات بۆ به‌دواداچوون له سه‌ر دۆسیه‌ی کورد ڕاسپێرم، ته‌مه‌نی من ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م پێ نادات، به‌ڵام تا له ژیاندا بم پاڵپشتی له ئێوه ده‌که‌م.
یان له یه‌کێکی دیکه له کۆبوونه‌وه‌کانی له شاری زیبن بۆرگر له گه‌ڵ هانس دیتریش گنشر وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و کاته‌ی ئه‌ڵمانیا و ئه‌ندازیاری یه‌کگرتنه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوا، ناوبراو به مام جه‌لالی ڕاگه‌یاند که به ڕای تۆ کوردان ده‌توانن حکومتێکی خۆماڵییان هه‌بێت؟ له وه‌ڵامدا مام جه‌لال ڕایگه‌یاند: ئه‌مه ئامانجێکی گه‌وره‌یه.
ناوبراو وتی: من له سه‌ره‌تادا بۆ ئه‌ڵمانیای ڕۆژهه‌ڵات هه‌ڵهاتم و چه‌ندین ساڵ خه‌وم به شاره‌که‌مه‌وه ده‌بینی، به‌ڵام ئێستا ڕۆژی له دایکبوونمه و له ماڵه‌که‌ی خۆمم. مام جه‌لال دواتر وتی که هه‌ر چه‌نده ناتوانین وته‌کانی ناوبراو به کوردستانه‌وه به‌راورد بکه‌ین، به‌ڵام په‌یوه‌ندی زۆری هه‌یه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ناوبراو شتێک ناڵێت که بڕوای پێی نه‌بێت.
له کاتی سه‌رکه‌وتن و خۆشحاڵیدا سه‌رجه‌م پرسه‌کان به ئاراسته‌یه‌کی باش ده‌ڕوات، به‌ڵام ده‌مه‌وێت له قه‌یرانه‌کان پرسیار بکه‌م، هه‌ڵوێستی به‌ڕێزیان له کاتی کێشه و قه‌یرانه‌کاندا چۆن بووه؟
مام جه‌لال له ساڵی 1996 که سه‌دام هه‌ولێری داگیر کرد، پێکه‌وه له ناوچه‌ی ناوزه‌نگ بووین، په‌یامنێری زۆر له‌وێ بوون، پرسیاریان له مام کرد که ڕووبه‌رێکی زۆرت له ده‌ست داوه، له‌م دۆڵه بچووکه‌دا بیر له چی ده‌که‌یته‌وه؟ به‌ڕێز تاڵه‌بانی له وه‌ڵامدا وتی: ئه‌مه ده‌سپێکی کۆتایی هاتن به‌م دۆخه‌یه. هێزێک وه‌ک یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان به‌رده‌وام ئه‌رکێکی بنه‌ڕه‌تیی له پێناو هه‌وڵدان بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌که له ئه‌ستۆ بووه، هه‌ر بۆیه ئه‌مه هێزه نه له ناو ده‌چێت و نه بێ کاریگه‌ریش ده‌بێت، ئێمه ده‌گه‌ڕێینه‌وه و ئه‌وه‌ش ده‌سه‌لمێنین که له ناوچوونمان ئه‌سته‌مه. مه‌رج نییه مێژوو هه‌رده‌م به پێی حه‌زی دوژمنان بنوسرێت.
مام جه‌لال له‌و قۆناغه‌دا وا لێدوانی ده‌دا که هه‌ستت به‌وه ده‌کرد که عێراق به‌ڕێوه ده‌بات، ئه‌مه‌ش له کاتێکدا بوو که بارودۆخێکی له‌بارمان نه‌بوو و په‌رته‌وازه‌ش بووین، سه‌رکردایه‌تی مام ئه‌و وره‌یه‌ی به ئێمه ده‌به‌خشی که ئێمه بوونمان هه‌یه و ده‌مێنینه‌وه.
مام جه‌لال هه‌میشه خوازیاری سه‌قامگیری سیاسی و یه‌کپارچه‌یی عێراق بووه، هۆکاری ئه‌مه بۆ چی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟
مام جه‌لال ته‌نیا که‌سێکه که به درێژایی مێژوو له ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به زمانی کوردی وتارێکی پێشکه‌ش کرد و ڕایگه‌یاند که زمانی کوردیش یه‌ک له زمانه فه‌رمییه‌کانی وڵاتی عێراقه، ئه‌مه‌ش په‌یامی تایبه‌ت به خۆیی ده‌بێت و تا ئێستاش که‌س وای نه‌کردووه. مام جه‌لال به‌رده‌وام ئه‌وه‌ی ڕاده‌گه‌یاند که ئایا شانسی ئێمه له عێراقێکی سه‌قامگیردا زۆره یان له عێراقێکی ئاڵۆزدا؟ ئه‌گه‌ر سه‌ربه‌خۆییش ڕابگه‌ێنین هه‌ڵوێستی وڵاتانی دراوسێ چی ده‌بێت؟ هه‌ڵوێستی وڵاتانی عه‌ره‌بی چۆن ده‌بێت؟ مام جه‌لال له‌و بڕوایه‌دا بوو که کورد ده‌توانێت له عێراق ده‌ورێکی کاریگه‌ری هه‌بێت به‌و مه‌رجه‌ی که هێزه عێراقییه‌کان خاوه‌ن ئیراده‌ی تایبه‌ت به خۆیان بن. ئه‌گه‌ر عێراق به بڕیاری عێراقییه‌کان و به بێ ده‌ستێوه‌ردانی ده‌ره‌کی به‌ڕێوه ببرێت، ئیش و کاره‌کان به باشی به‌ڕێوه ده‌برێن. ئاڵۆزی عێراق کاریگه‌ری له سه‌ر ئێمه‌ش ده‌بێت.
یه‌ک له‌و وتانه‌ی که ده‌وترێت مام جه‌لال ڕایگه‌یاندووه، ئه‌وه‌یه که ده‌وڵه‌تی کوردی خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه، له تورکیا ده‌بینین که کوردان ده‌ڵێن وڵاتێکی سه‌ربه‌خۆمان نابێت، له سوریاش کورده‌کان هه‌ر ئه‌م درووشمه‌یان گه‌ڵاڵه کردووه و ئه‌ڵبه‌ت له هه‌رێمی کوردستانیش تا ڕاده‌یه‌کی زۆر وایه. ئایا ئه‌مه‌ش په‌سه‌ند کردنی هه‌مان سیاسه‌تی جه‌لال تاڵه‌بانی نییه؟
ئه‌گه‌ر مام جه‌لال ده‌یزانی که کوردان شانسی پێکهێنانی حکومه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیان هه‌یه، خۆی ئه‌مه‌ی ده‌کرد و ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌شی نه‌ده‌دا که ئه‌م شانازییه به که‌سێکی دیکه بگات، له‌و دۆخه‌دا ئه‌گه‌رێکی لاواز بوو. ئێمه نابێت پرسی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ک ئامرازێکی بانگه‌شه‌یی به کار بێنین. ئه‌گه‌ر وایه پێویسته سه‌ربه‌خۆیی ببێته ژیانی ڕۆژانه‌ی هه‌ر تاکێکی کورد و نابێت هه‌ر کات که کێشه‌یه‌ک ڕوومان لێ ده‌کات، باسی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان بکه‌ین. باشتر وایه له جێی فریوی ڕای گشتی، کێشه‌کان چاره‌سه‌ر بکه‌ین. ئه‌گه‌ر توانای ئه‌وه‌مان هه‌بوو که دوو مانگ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابین بکه‌ین، با ئه‌و کات سه‌باره‌ت به سه‌ربه‌خۆیی بڕیار بده‌ین. له ئێستادا سیاسه‌تی وا بڵاو ده‌بێته‌وه که یه‌کێتی نیشتمانی دژ به سه‌ربه‌خۆیی کوردانه.
بۆ یه‌که‌م جار یه‌کێتی نیشتمانی بوو که مافی چاره‌ی خۆنووسینی ڕاگه‌یاند. وه‌ک مافێک بۆ کوردان ئه‌مه‌ش پارێزراو ده‌بێت و ئێمه به مافی خۆمانی ده‌زانین که لێی سوودمه‌ند ببین. ئێمه له عێراق بڕوامان به دیاری کردنی مافی چاره‌ی خۆنووسین بۆ گه‌لان هه‌یه، له ساڵی 1991 له پارله‌مان ئه‌وه‌مان به نوێنه‌ران ڕاگه‌یاند که ئه‌مه مافی ئێمه‌یه و ئه‌وانیش له چوارچێوه‌ی سیسته‌می فیدراڵی پێناسه‌یان کرد و تا ئێستاش سیاسه‌تی ئێمه هه‌ر وایه. ئێمه عێراق دابه‌ش ناکه‌ین. له ساڵی 2003 که ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام ڕووخا و ئه‌و کاته‌ی که جی گارنر ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌مریکی عێراق له شاری دوکان له گه‌ڵ به‌ڕێزان مام جه‌لال و مه‌سعود بارزانی کۆبووه‌وه، وتی: من سه‌باره‌ت به پێکهێنانی حکومه‌ت له لایه‌ن ئۆپۆزسیۆنی عێراقییه‌وه بێ هیوا بووم، ئێوه حکومه‌تی خۆتان ڕابگه‌ێنن. ئه‌و کات مام جه‌لال وتی: ئێمه پێویسته له گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌کان بۆ سه‌ر له نوێ بنیات نانه‌وه‌ی عێراق هه‌وڵ بده‌ین. یه‌کێتی داوای جیابوونه‌وه‌ی نه‌کردووه و هه‌میشه خوازیاری مافی یه‌کسانی بووه. کوردان عێراق به‌ره‌و دابه‌شبوون نابه‌ن.
به ڕای ئێوه له نێو سه‌رکرده‌کانی ئێستای کورد که‌سێک هه‌یه که بتوانێت جێ مام جه‌لال بگرێته‌وه؟
که‌سێک ناتوانێت جێی مام جه‌لال بگرێته‌وه. له نێو کوردان که‌سایه‌تی زۆر هه‌یه، به‌ڵام ناتوانن وه‌ک مام بن. مام جه‌لال میراتبه‌ری که‌س نه‌بووه، خۆی، خۆیی بارهێناوه، کاتێکیش بوو به سه‌رۆک کۆمار، شانازی به پێشمه‌رگایه‌تی و ڕۆژنامه‌وانی خۆوه ده‌کرد.
ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌م بابه‌ته مانشێتێک هه‌ڵبژێرن، ئه‌وا چه مانشێتێک ده‌بێت؟
” سیاسه‌توانێک گه‌وره‌تر له وڵاته‌که‌ی “
سه‌رچاوه: هه‌واڵده‌ری خوێندکارانی ئێران (ISNA)
وه‌رگێڕان: جام کوردی – ئیدریس سلێمانی