جام کوردی:
ده‌رکردنی بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ڕێکخراوی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان بۆ چاره‌سه‌رکردنی قه‌یرانی سوریا به ههنگاوێکی ئیجابی داده‌نرێت که پیشانده‌ری ئیراده‌ی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تییه بۆ چاره‌سه‌ربوونی یه‌کێک له گه‌وره‌ترین قه‌یرانه‌کانی به‌رده‌م کۆمه‌ڵگای مرۆڤی، هه‌ر چه‌نده که جێبه‌جێ کردنی ئه‌م بڕیاره پێویستی به هاوکاری سه‌رجه‌م لایه‌نه کاریگه‌ره‌کانی ئه‌م قه‌یرانه به تایبه‌ت وڵاتانی دژبه‌ری حکومه‌تی سوریا هه‌یه.
ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بڕیاری ژماره 2244ی وه‌ک نه‌خشه ڕێگای ئاشتی له سوریا په‌سه‌ند کردووه. له‌م بڕیارنامه‌دا که جه‌خت له سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست و چاره‌سه‌ری سیاسی قه‌یرانی سوریا ده‌کاته‌وه، پێکهێنانی حکومه‌تێکی یه‌کێتی نیشتمانی له سوریا پێش بینی کراوه و داوای ڕاوه‌ستانی هێرشی سه‌ر خه‌ڵکی سڤیل ده‌کات.
ئه‌م بڕیارنامه‌یه داوای پێکهێنانی حکومه‌تێکی یاسایی، بنکه فراوان به بێ بنه‌مای تائیفی له ماوه‌ی 6 مانگی داهاتوو ده‌کات و ده‌ڵێت له 18 مانگی داهاتوو، هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادپه‌روه‌رانه به پێی ده‌ستووری نوێ به‌ڕێوه ده‌چێت.
بڕیارنامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی گرووپه‌کانی داعش و به‌ره‌ی نوسره له چوارچێوه‌ی دانوستانه‌کانی نێوان لایه‌نه‌کانی سوریا جیا ده‌کاته‌وه و به‌م هۆیه‌شه‌وه به ڕاشکاوانه ڕایده‌گه‌ێنێت که ڕه‌وتی به‌دیهاتنی ئاشتی له‌م وڵاته نابێته هۆی کۆتایی هاتنی پێکدادانه سه‌ربازییه‌کان. ئه‌م به‌شه له بڕیارنامه‌که پیشان ده‌دات که سه‌ره‌ڕای ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست له سوریا، هێرشه‌کانی گرووپی ئیئتلاف و هێرشه ئاسمانییه‌کانی ڕووسیا دژ به گرووپی تیرۆریستی داعش به‌رده‌وام ده‌بێت.
بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی سه‌باره‌ت به چاره‌نووسی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سوریا و ئه‌وه‌ی که کام گرووپ و لایه‌ن به‌شداری ڕه‌وتی دانوستانه‌کانی تایبه‌ت به ئاشتی له‌م وڵاته بن، بێده‌نگی هه‌ڵبژاردووه و بۆ کاتێکی دیکه و چۆنیه‌تی پێشکه‌وتنی دانوستانه‌کان دوای خستووه. بڕیارنامه‌که جه‌خت ده‌کاته‌وه که دانیشتووانی سوریا چاره‌نووس و داهاتووی وڵاته‌که‌یان دیاری ده‌که‌ن.
ڕه‌شنووسی ئه‌م بڕیارنامه‌یه پێش له به‌ڕێوه‌چوونی کۆبوونه‌وه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و له دانیشتنی نیۆیۆرک به به‌شداری وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی 20 وڵاتی کاریگه‌ر له قه‌یرانی سوریا ڕێکه‌وتنی له سه‌ر کرابوو. یه‌ک ڕۆژ پێش له په‌سه‌ندکردنی بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌و ئه‌نجومه‌نه بڕیارێکی دیکه‌ی سه‌باره‌ت به پچڕانی سه‌رچاوه داراییه‌کانی داعش په‌سه‌ند کرد که ئامانجه‌که‌ی لاوازبوونی ئه‌م گرووپه تیرۆریستییه له بواری دارایی ده‌بێت. له کۆبوونه‌وه‌که‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی هه‌ر 15 وڵاته‌که‌ی ئه‌ندام له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی که تێیدا گه‌ڵاڵه‌که‌ی ئه‌مریکا و ڕووسیا خرایه ڕوو، هه‌ڕه‌شه‌ی گرووپی تیرۆریستی داعش بۆ ئاستی قاعیده به‌رز کراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌نگاوه‌کانی دژایه‌تی کردنی ئه‌م گرووپه جیدی تر و چڕتر ده‌کاته‌وه.
له تێڕوانینێکی ساکارانه بۆ هه‌ر دوو بڕیاره‌که‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش که جه‌خت له سه‌ر زیاتربوونی گوشاره‌کانی سه‌ر داعش ده‌کاته‌وه و هه‌روه‌ها بڕیاره‌که‌ی ڕۆژی هه‌ینی که ڕه‌وتی سیاسی چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی سوریا پێش بینی ده‌کات، به‌و ده‌ره‌نجامه ده‌گه‌ین که کۆمه‌ڵگای جیهانی هه‌ڕه‌شه‌کانی داعشی به جیدی وه‌رگرتووه و ڕێکه‌وتنه‌که له سه‌ر ئاستی جیهانی بووه که گرووپی تیرۆریستی داعش به هه‌ڕه‌شه له سه‌ر ئه‌من و ئاسایشی جیهانی داده‌نرێت و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شی پێویسته له سه‌ره‌تادا قه‌یرانی سوریا به شێوازی سیاسی چاره‌سه‌ر بکرێت.
ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به خاڵێکی ئیجابی له قه‌یرانی سوریا هه‌ژمار ده‌کرێت که پێنج ساڵه به‌رده‌وامه و تا ئێستاش بووه‌ته هۆکاری کوژرانی زیاتر له 250 هه‌زار که‌س و ئاواره‌بوونی نزیک له 10 ملیۆن که‌س. قه‌یرانی سوریا که به گرنگترین قه‌یرانی ئێستای جیهان داده‌نرێت، بۆ چاره‌سه‌ربوونی، پێویست به ڕێکه‌وتنێکی جیهانی له نێوان سه‌رجه‌م وڵاتانی کاریگه‌ر هه‌یه. به‌م هۆیه‌شه‌وه ڕه‌شنووسی بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش له دانیشتنه‌که‌ی نیۆیۆرک خرایه به‌ر باس و وتووێژ. له‌و دانیشتنه‌دا که له به‌رده‌وامی دانیشتنه‌کانی ڤییه‌نای 1 و 2 به‌ڕێوه‌چوو، وڵاتانی به‌شدار هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا ئه‌و خاڵانه‌ی که له ڤییه‌نا ڕێکه‌وتنیان له سه‌ر کرابوو، سه‌ر له نوێ جه‌ختی له سه‌ر بکه‌نه‌وه و له چوارچێوه‌ی ڕه‌شنووسێکدا ڕاده‌ستی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کانی بکه‌ن. هه‌ر بۆیه په‌سه‌ند کردنی له لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و جه‌خت کردنی ئه‌م بڕیارنامه‌یه له سه‌ر چاره‌سه‌ری به‌په‌له‌ی قه‌یرانی سوریا به شێوازی سیاسی ده‌توانێت دۆسیه‌ی ئه‌م قه‌یرانه له کێبه‌ڕکێی نێوان هه‌ندێک وڵاتی وه‌ک تورکیا، قه‌ته‌ر و عه‌ره‌بستان ده‌ربێنێت و ڕواڵه‌تێکی جیهانیی پێ ببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش به‌ده‌ر له‌وه‌ی که جه‌خت له سه‌ر نێوده‌وڵه‌تی بوونی قه‌یرانی سوریا ده‌کاته‌وه، له هه‌مان کاتیش‌دا پێداگری له‌سه‌ر چاره‌سه‌ربوونی به‌په‌له‌ی ده‌کاته‌وه و ده‌توانێت ڕێگری له دژایه‌تی چه‌ندین وڵات و ده‌ستێوه‌ردانی به‌رژه‌وه‌ندیخوازانه‌ی ئه‌وان بکات. ئه‌م بابه‌ته‌ش کاتێک ڕوونتر ده‌بێته‌وه که ئه‌وه له به‌رچاو بگرین که بڕیاری 2244 چاره‌نووسی به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆک کۆماری سوریای بۆ کاتێکی دیکه دواخستووه، له کاتێکدا که وڵاتانی ناوچه‌که وه‌ک تورکیا و عه‌ره‌بستان چه‌ندین ساڵه که وازهێنانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات به پێش مه‌رجی ده‌سپێکی دانوستانه‌کانی تابیه‌ت به چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی سوریا داده‌نێن. نه‌بوونی ئه‌م پێش مه‌رجه‌ش له بڕیارنامه‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی خاڵێکی گرنگی چاره‌سه‌ربوونی ئه‌م قه‌یرانه‌یه و پیشان ده‌دات کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی به‌و ده‌ره‌نجامه گه‌یشتووه که له ئێستادا یه‌که‌مایه‌تی ئه‌وان، پرسی تیرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعشه و نابێت ئه‌م پرسه گرنگه له ژێر کاریگه‌ری هه‌ندێک وڵاتی دژبه‌ری حکومه‌تی سوریا بۆ وازهێنانی به‌شار ئه‌سه‌د له ده‌سه‌ڵات بێت.
شایانی ئاماژه‌یه که کۆماری ئیسلامی ئێران هه‌ر له سه‌ره‌تای قه‌یرانی سوریاوه جه‌ختی له سه‌ر چاره‌سه‌ری سیاسی ئه‌م قه‌یرانه کردووه‌ته‌وه و به تایبه‌ت پرۆژه چوار خاڵییه‌که‌ی که ساڵی ڕابردوو محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌زیری ده‌ره‌وه له‌م پێناوه‌دا ڕایگه‌یاند. ئه‌و پرۆژه‌یه‌ی که جه‌ختی له سه‌ر ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست، داڕشتنی یاسای بنه‌ڕه‌تی نوێ، پێکهێنانی حکومه‌تێکی یه‌کێتی نیشتمانی و به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێکی ئازاد کردووه‌ته‌وه.
ئه‌م بابه‌ته‌ش کاتێک گرنگی ده‌بێت که له به‌رچاو بگرین خۆپێشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی سوریا له ژێر گوشاره‌کانی چه‌ندین وڵاتی وه‌ک تورکیا و عه‌ره‌بستان و هه‌وڵه به‌رده‌وامه‌کانی ئه‌وان له پیناو ڕووخاندنی ده‌سه‌ڵاتی به‌شار ئه‌سه‌د بووه، هه‌ر ڕێگری ئه‌م وڵاتانه‌ش بووه که هه‌وڵه سیاسییه‌کان به ئامانجی چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی سوریا تا ئێستا به ئاکام نه‌گه‌یشتووه.
به‌م پێیه‌ش، بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ک بۆ خاڵی یه‌که‌م ده‌بێت که پێشتر کۆماری ئیسلامی ئێران جه‌ختی له سه‌ر کردووه‌ته‌وه.
به‌ده‌ر له گه‌شبینییه‌کان سه‌باره‌ت به کاریگه‌ری بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، به هۆی به‌رده‌وامی ناکۆکییه‌کان سه‌باره‌ت به گرووپه‌کانی به‌شدار له دانوستانه‌کان و چاره‌نووسی به‌شار ئه‌سه‌د، ناکۆکی لایه‌نه‌کانی کاریگه‌ر له قه‌یرانی سوریا درێژه‌ی ده‌بێت.
حه‌وته‌کانی داهاتوو ده‌توانێت ڕێگای چاره‌سه‌ربوونی قه‌یرانی سوریا ڕوونتر بکاته‌وه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که له کاتی په‌سه‌ندکردنی بڕیاره‌که‌ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش تا جێبه‌جێ کردنی ئاگربه‌ست، چه‌ندین حه‌وته ماوه‌ی ده‌بێت و سه‌رجه‌م لایه‌نه کاریگه‌ره‌کان هه‌وڵه‌کانیان له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وندی خۆیان به کار دێنن، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی که بڕیاری ژماره 2244 به مانای کۆتایی هێنان به پرۆسه سه‌ربازییه‌کانی ئیئتلافی نێوده‌وڵه‌تی و هێرشه‌کانی ڕووسیا دژ به داعش نابێت.
هه‌ستیاربوونی دۆسیه‌ی سوریا و ڕۆڵی تایبه‌تی له داهاتووی ژئۆپۆلتیکی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کاریگه‌رییه‌کانی له سه‌ر پێکهاته‌ی جیهانی ده‌توانێت ململانێ و کێبه‌ڕکێ له سه‌ر داهاتووی ئه‌م وڵاته چڕتریش بکاته‌وه. به‌م هۆیه‌شه‌وه و سه‌ره‌ڕای سه‌رجه‌م گه‌شبینییه‌کان سه‌باره‌ت به په‌سه‌ندکردنی بڕیاری ژماره 2244ی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، له جێبه‌جێ کردن و تێپه‌ڕاندنی ئه‌م قه‌یرانه، هێشتا ڕێگایه‌کی ئه‌سته‌م و دژوار له پێشه و پێویست به‌وه ده‌کات سه‌رجه‌م وڵاتانی کاریگه‌ر له‌م قه‌یرانه به تایبه‌ت وڵاتانی دژبه‌ری به‌شار ئه‌سه‌د که تا ئێستا به سیاسه‌ت و پیلانه‌کانیان دۆخه‌که‌یان ئاڵۆزتر کردووه، هاوکاری و هه‌ماهه‌نگی زیاتریان له ژێر چاودێری ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی پێکه‌وه هه‌بێت تا جارێکی دیکه دانیشتووانی سوریا دیمه‌نی شه‌ڕ و بۆردومان و کوژرانی ڕۆڵه و ئازیزه‌کانیان به چاو نه‌بینن.
ئیدریس سلێمانی