بەشی یەکەم
گۆڕستانە مێژووییەکانی قیشم
دوورگەی قیشم بە هۆی پێشینەی مێژوویی خۆی کە تەنانەت دەگەڕێتەوە بۆ پێش لەدایک بوونی حەزرەتی مەسیح، هەر ئاوەدان بووە و لەخۆگری نفووس و خەڵکێکی زۆر بووە و هەروەها ناوەندی دەسەڵات و حوکمڕانی حکوومەتی دوورگە و بەندەرەکانی کەنداوی فارس بووە. لە هەر گۆشە و قوژبنێکی قیشم ئاسەوارگەلێک لە رابردوو دەبینرێتەوە کە لەو نێوانە دا هەبوونی گۆڕستانە کۆنەکان لە تەنیشت هەوارگە چۆڵکراو و لاتەریکەکان، هەبوونی قەڵاکان، پاردە و بورجەکان لە کەنارەکانی زەریا و جێگا جۆراوجۆرەکانی ئەم دوورگەیە، ئاماژەیە بۆ ژیان و شێوە بوونی رابردووان و شێوازی ژیانیان بە تێڕوانینگەل و تێڕامانە رامیاری، سەربازیی، ئابوورییەکان و پەنجە خستنە سەر شێوازی ژیانی پیاوان و تاکە گەورەکانە.
لە خودی شاری قیشم دا چەندەها گۆڕستانی کۆن و نوێ بوونیان هەیە کە گرینگترینەکانیان، بریتیین لە:
گەڕەکی چابەهار، سەی موزەفەر، کێوی، ژێر کێو(گەڕەکی زیرانەگی)، گەڕەکی موخابەرات(گۆڕفەرەنگی)، گەڕەکی موسنا، سەرکێوی کولغان و هەروەها لە دێهاتگەلێک وەکوو کووشە، توریان، لافت، تەم سنێتی، جی جیان و گربەدانیش گۆڕستانگەل و قەبرگەلێک بە مێژوو و پێشینەی دێرینەوە بوونیان هەیە. بەمەبەستی ئاشنا کردن و زانیاری ئەوانەی کە کولتوور و شارستانی و بەتایبەت کەلتوور و شارستانییەتی قیشمیان لە لا گرینگە ئەماژەیەک دەدەین بە شوێنەوارەکان، هەڵکۆڵراوەکان، ئاسەوار و نیگار و مێژووی کەتیبەگەلی سەر گۆڕەکان دەدەین و ناوی ئەو کەسایەتییانە کە لەم ئاسەوارانە دا هاتووە دەخەینە روو:
گوندی کوشە:
لە گوندی کوشە گۆڕستانێکی کۆن هەیە کە ئارامگەی زۆرێک لە گەورەپیاوان و زانایانی دوورگەکەیە. بێجگە لەمە، لەم گوندە دا ئارامگەی داڕووخاوی شێخ بورخ (Bourkh) و هەروەها مزگەوتی کۆن و ناوداری بورخ هەیە کە وەک دەڵێن لە سەر ئاتەشکەدەی زەرتووشتییەکان بینا کراوە و لە ساڵی 244 ی کۆچی ـ مانگی(هاوڕێ لە گەڵ 838ی زاینی) نۆژەن کراوەتەوە. بەم پێیە لە ساڵی 838ی زاینی تاکوو ئێستاکە کە دەکاتە دوانزە سەدە، ئەم مزگەوتە نۆژەن کراوەتەوە. لە دەوروپشتی مزگەوتی بورخ گۆڕگەلێک بە شکڵ و سیمای جۆراوجۆر و بە جوانیگەلێکی رەنگاڵەیی کۆن بە قاڵبگەلی گرۆڤەر(استوانە)یی و بەشکڵ و شێوازی قەیاغی چارۆگە دار هەیە، کە ئەو نووسراوە هەڵکۆڵراوانەی سەر کێلەکان ئاماژەیە بۆ بوونی موسوڵمانان لەو ناوچەیە دا، کە وشەگەل و دەربڕینگەلێکی مەعنەوی وەکوو دروودی خوا لە سەری دوانزە ئیمام “علیهم صلوات اللە اجمعین” یان صلی علی ئیمام باقر(ع) و صلی علی ئەمام جەعفەری سادوق(ع) و صل علی ئیمام تەقی(ع) و صل علی ئیمام زەینەلعابدین کە لە دوو رووی بەردێکی گرۆڤەر شکڵ کە لە سەر گۆڕەکە دانراوە، هەڵکۆڵراوە و هێشتاش بە تێپەڕبوونی کات و کاریگەری و کارتێکەری هۆکارە پووکێنەرەکان، ساق و درووست و تەواو ماوەتەوە.
هەروەها نیگارگەل و نووسراوەگەلێکی کێشراو یان گەڵاڵەکراو لەژێر ناوی خودای موتەعال و ناوی ئیمام عەلی(ع) بەشێوازێکی شکاو و تێکەڵ لە گەڵاڵەیەکی رێک و پێک دا لە سەر ئەم بەردە هەڵکۆڵراوە و گەڵاڵە کراوە کە شێواز و پێکهاتەکەی کە لە دیوێکی ناوی خودا و لە دیوێکی تر ناوی حەزرەتی عەلی نیگار کراوە، خەیاڵ و بیری هەر موسمڵمانێک بەخۆیەوە سەرقاڵ دەکات. هەروەها بوونی، نیگار، نووسراوە و شکڵە کێشراو و گەڵاڵەداڕێژراوەکان بەنێوی خودای موتەعال و بەناوی ئیمامەکان و ئەهلی بەیت هەموو ئاماژەن بۆ یەکگرتوویی و یەکیەتی و ناسیاوەتی موسڵمانانی شیعە و سونییە بەو ئاراستەیەی کە باوەڕگەل و بیرۆکەگەلی هاوبەشیان بە نیسبەت ئەهلی بەیتی رەسووڵ و هەموو ئیمامەکان هەیە، و هەر لەو سەردەمەوە تاکوو ئێستا ئەم بەر و باوەڕانە لە دوورگەکەدا جێگر و چەسپاوە، و ئەو گەڵاڵە پێچاوپێچانە کە بە پلانێکی رێک لە سەر قەبرەکان کێشراون، بە فرەرەهەند دەرکەوتنیان لە زەین دا دەبنە هۆی ئارامی و حەجمانی رۆحی و سەرزیندوویی هەر بینەر و گەشتیارێک.
لە بەشێکی دیکە لە کێلەکانی ئەم قەبرانە، ئاوەڵناوەکانی خودای موتەعال وەکوو: غەفوور، رەحیم و ئەسمائولحوسنا و هەروەها رێکەوەند(عبارت)گەلێکی زێڕین وەکوو لااله الا اللە موحەمەد رسول الله و ئایاتگەلێک لە قورئانی پیرۆز لەسەریان نووسراو.
ئەم گۆڕستان، مزگەوت و ئارامگە ناودار و زۆر کۆنە(شێخ برەن) کە مێژووی بینا سەرەکییەکەی دەگەڕێننەوە بۆ سەدەی یەکەمی کۆچی، هەڵکەوتۆتە سەر 40 کیلۆمەتری رۆژئاوای قیشم واتە لە گوندی کوشەی قیشم. لە نێزیکی مزگەوت و ئارامگەکە دا، گۆڕستانێکی گەورە هەیە کە هێشتا خەڵکی دوورگەکە مردووەکانی خۆیان لەوێدا دەنێژن.
لە گۆڕستانی گوندی کوشە گۆڕگەلێکی زۆر بە مێژوویەکی کەونینەی فرە ـ زۆرتر لە هەزار ساڵ ـ بەدی دەکرێت، کە هەڵکۆڵراوەکانی سەر ئەم بەردانە و وێکچوون و هاودەست بوونیان لە رووی خەتی عەرەبی و کوفی و شێوازی تاشینیان و باوەڕە دینییەکان، کە لە نووسراوی سەر گۆڕەکانەوە بەدیار دەکەوێت، ئاماژەیە بۆ سەردەمی داگیرکردن و زاڵ بوون بە سەر دوورگە کە دا کە بە دەستی ئەمیرەکانی پێغەمبەری خودا ـ دروودی خوای لە سەر بێت ـ هاتۆتە ئەنجام. هەروەها لەم گۆڕستانە دا دوو کەس لە زانایانی گەورە و بەهرەدار لە بنەماڵە و بنەوەچی کەماڵ کە باپیرانیان بریتیین لە سەعید، نورەدین، عەلی و ئەحمەد کە لە نێزیکی گوندی کوردۆڤای قیشم بەخاک سپێردراون، ئارامگەیان هەیە. لەم گۆڕستانە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ لەمەوبەر، باوک و کوڕێک کە لە بنیاتنەرانی فێرگەی زانستە ئایینییەکانی گوندی بەندی حاجعەلی بوون، ئەسپەردە کراون و لەسەر لەوحێكی بەردین سەرەڕای باسی لێهاتوویی و شایستەگی ئەوان و تایبەتمەندییە باشەکانیان وەکوو زانا و عالمانێکی ژیر و دیار لەو باس و خواسە دینییانەی کە رێنوێنیکەر و داکۆکیکەری تەقوا بۆ موسڵمانانن، مێژووی کۆچی دواییشیانی تێدا نووسراوە.
لە گۆڕستانی کوشە دا قەبرانێک هەن کە کێل و بەردگەلێکی گرۆڤەر شکڵی تێدایە کە نووسراوە و ئایەتەلکورسی لە هەر دوو دیوەکەی بە نیگار و گەڵاڵەگەلێک لە گوڵ و ئەستێرە و پەراوێزچنینی جوان و گەڵاڵە ئاڵۆزەکانی ناوی خودا و ئیمامی عەلی(ع) و نێوی پیرۆزی ئیمامەکان رازاوەتەوە کە مێژووی زۆرتر لە هەزار ساڵە کەچی هێشتا هەر بە پێوەیە و لەناو نەچووە و هەروەها گۆڕگەلێکی وێکچووی ئەم گۆڕستانە لە گوندی گەربدان بە مێژووی شەش سەد ساڵ بوونی هەیە و هەروەها لە دێهاتەکانی دەوروبەریشی وەکوو تۆریان، تەم سینیتی، رەمکان، جی جیان کە هەموویان خاوەنی یەک شێوە نووسین و جنسی بەرد بوون، ئاماژەن بۆ بوونی گرووپێک لە پەیکەرتاش و بەردتاشی ناودار لە سەردەمی هاتنی فەرماندە و ئەمیرەکانی رەسوڵی ئەکرەم ـ د.خ ـ بۆ ناو دوورگەکە، کە ئەم گرووپە لە شوێنی مزگەوتی بەرخ کە لەسەر ئاتەشکەدەی زەردەشتییەکان بنیات نرابوو، ژیاون و چالاکییان کردووە.
ئەوەی کە ئەمڕۆ لە کتێبی “کەنداوی فارس” و نووسینەکانی نێو مزگەوتەکە بە جێ ماوە ئاماژەن بۆ ئەوەی کە گرتنی دوورگەکە لە ساڵەکانی هەشتەم و نۆیەم کۆچی دا و بە فەرمانی پێغەمبەری خوا هاتۆتە ئاراوە، گوایە دەڵێن فەرماندەکەی پێغەمبەری خودا لە گرتنی دوورگەکە دا عەمر بنی عاسی سەقەفی، پارێزگاری ئەوکاتەی بەحرەین، بووە یان بە وتەی نووسینەکانی زانای ناودار و بەرپرس و بەڕێوەبەری فێرگەی زانستە ئایینییەکانی ساڵحییەی رەمەکان واتە جەنابی شێخ موحەمەد شەریفی ساڵەحی رەمەکانی ( دروودی خوای لەسەر بێت) کە بەپێی توێژینەوە و لێکۆڵینەوەگەلی لە سەر کتێبە ئایینییەکان لەوانەش کتێبی مروج الزهب ئەمەی وتووە، گرتنی دوورگەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێغەمبەری خودا و رووخانی ئاتەشکەدەی زەردەشتییەکان لە گوندی کوشە و درووستکردنی بینای مزگەوتەکەش دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستی ئەمیر و هەناردەکراوی پێغەمبەری خودا (د.خ) واتە عەمر بنی عاس. و بە دوای ئەمەش بە هاتنی ئەسحابەکانی رەسووڵی خودا و پیاوچاکان و گەورەپیاوان بۆ ئەم دوورگەیە نووری ئیسلام تاکوو دوورترین گوندگەل و رۆخ و بەندەرەکانی قیشم تیشکی هاوێشتووە و رۆشتووە و هەموو لایەن و رەهەندە تاریکەکانی رووناک کردۆتەوە و بەدرێژایی ساڵانی دواتریش مزگەوتانێکی تر بۆ پەرستشی خودای تاقانە جێگای مەعبەد و زیارەتەڵانگەلێکی وەکوو میهر، میترا و ناهید دەگرنەوە و ئاسەوار و ئایینەکانی رابردوو لە درێژایی ساڵانێکی زۆر سڕانەوە یان بەشێوەی رووبەرگەلێکی پەرتەوازە و لەژێر ناوی ئیسلامی دا گۆڕانیان بە سەر دا هات.
دەبێ بیخەینەوە یاد کە لەوحێک لە شێخ موحەمەد شەریفی ساڵەحی رەمەکانی ـ زانای پایەبەرز و بەڕێوەبەر و مامۆستای فێرگەی ساڵحییەی رەمەکان(دروودی خوای لەسەر بێت) ـ کە وەرگێڕانێکە لە کتێبی مروج الزهب لە ساڵی 1382ی موحەڕەم ولحەرام، لە مزگەوتی بەرخی گوندی کوشە و فێرگەی رەمەکان هەیە، کە بە پێی وتەی کوڕەکەی واتە جەنابی ئەحمەد ئەمینی ساڵەحی رەمەکانی کە جێگر باوکی بەڕێزیانن، ئەم لەوحە لە مۆزەخانەی سەعدئاباد دا کەوتۆتە بەرچاوی هەمووان. گووشراوە و کورتەی لەوحەکە کە بە قەڵەمی جەنابی شێخ ساڵەحی نووسراوە، بەم شێوەیەیە:
“بەشێکی کورت لە بارەی رووداوەکانی پەیوەست بە دوورگەکە و سەرەتای بنیاتنانی ئەم دوورگەیە”: گەشتیار و مێژوونووسی ناودار ئەبولحەسەنی عەلی بن حوسەینی مەسعوودی کە لە رۆڵەکانی عەبداڵڵا بن مەسعوود ( دروودی خوای لە سەر بێت) کە سیحابەی گەورەی پێغەمبەری خودا بووە، لە کتێبە ناودارەکەی خۆی بە نێوی “مروج الزەهەب” کە لە نێزیک ساڵی 330ی کۆچی ـ مانگی واتە نێزیکەی 1093 ساڵ لەمەوبەر لەبەشی لەمەڕ جوغرافیاوە و لە بەرگی یەکەم لاپەڕەی 91 دا کە لە بارەی کەنداوی فارس و زەریای فارس قسە دەکات، لەبارەی ئەم دوورگەیەوە دەڵێت:
” لەم کەنداوە دا پاش دوورگەی سەرەکی، دوورگەیەک هەیە بە نێوی دوورگەی لافت کە بە دوورگەی بەنی کووڤان ناوی دەرکردووە. ئەم دوورگەیە بە دەستی عەمر بنی عاس ـ رەزای خوای لێ بێت ـ گیراوە و مزگەوتەکەی تا ئێستاکەش (سەردەمی نووسەر) هەر لەوێدا ماوە و لەم دوورگەیە دا خەڵکێکی زۆر لە دێهاتان و گوندانی پێکەوە بەستراو و گرێدراودا دەژین و لە نێزیکی ئەم دوورگەیە دا دوورگەیەکی دیکە هەیە کە نێوی “هەیەجان” بووە و ئێستاکە “کات”ی پێ دەڵێن و هەر لەم دوورگەیەدا خاوەن کەشتییەکان ئاو دەگوازنەوە”.
و هەروەها لە کتێبی سەیرەت و غەزەواتی رەسولی خودا دا هاتووە کە پێغەمبەری خودا لە ساڵی هەشتەمی کۆچی واتە دوای گرتنی مەککە نامەیەکی بۆ پاشای عوممان کە لەو سەردەمە دا شاری “دەبا” پایتەختی عوممان بوو نارد و نامەکەی لەرێگەی عەمری کووڕی عاس دا بەڕێ کرد تاکوو پاشای عوممان بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام داوەت و بانگهێشت بکات. عەمری کوڕی عاس پاش گەیشتن و پێشکەشکردنی نامەکەی پێغەمبەر چاوەڕوانی وەڵامی پاشای عوممان دەکات و پاشای عوممانیش پاش هەڵوێستەیەک و راوێژێک داوەتەکەی پێغەمبەر قبووڵ دەکات و موسمڵمان دەبێت و ملی دا بە حوکم و فەرمانەکانی خودا و پێغەمبەرەکەی و سەدەقەکان و زەکاتگەلی کۆکراوەی ناوچەکانی ژێر حوکمڕانی خۆی پێشکەشی نوێنەر و فەرماندەی پێغەمبەر واتە عەمری کوڕی عاس کرد. و دیسان لە کتێبی سەیرەت دا هاتووە کە پێغەمبەری خودا لە ساڵی نۆهەم دا عەمری کوڕی عاسی بە فەرمانی خۆی کردۆتە نوێنەر و فەرمانڕەوای خۆی و عەمری کوڕی عاس تا کاتی کۆچی دوایی پێغەمبەر کە دوو ساڵ پاش ئەمە بوو، هەر حوکمڕانی ئەو وڵاتە بووە.
لەم توێژینەوە و نووسینانە بە روونی دەردەکەوێت کە گرتنی دوورگەی قیشم لە ماوەی نێوان ساڵەکانی هەشت یان نۆهەمی کۆچی بووە کە هەنێردراو و فەرماندەی پێغەمبەر(د.خ) لەوێ حوکمڕانی کردووە و ئەوەیش کە لە سەرەوە و لە مێژووی مەسعوودی گێڕامانەوە داکۆکی لەوە دەکات و بە تەواوەتی لەگەڵ راستی دا هاوتەریب و تەبایە لە گەڵ ئەوەی کە یاقوتی حەمەوی وەکوو مێژوونووس لە کتێبی موعجەم و لبەلەدان دا نووسیویەتی و گرتنی جەزیرە دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر دەستی عوسمان بنی ئەبی العاسی سەقەفی.
بەم پێیە دوورگەی قیشمی ئێستاکە یان کیشمی پێشتر و یان دوورگەی بەنی کاوان و لافتی لەپێشترتر زەمانێک هاتووەتە نێو بازنەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە کە خودی پێغەمبەری گەورەی ئیسلام (د.خ) هێشتا لە ژیان بوو و مابوو و دەشێت وای مەزەندە بکەین کە مزگەوتی کوشە(مزگەوتی بەرخ) کە لە لەوحەکەشی دا بەروونی دەردەکەوێت، لە ساڵی 244ی کۆچی نۆژەن کراوەتەوە ومزگەوتێکیش کە مەسعوودی ئاماژەی پێ دەدات هەمان مزگەوتی عەمری کوڕی عاسە ـ رەزای خوای لە سەر بێت ـ ، چوونکوو نۆژەن کردنەوە پاش بنیاتنان و درووست کردنە، ئەگەرچی ئەم مەزندەیەش نەتوانێت لە دیاری کردنی خودی مزگەوتی عەمری کوڕی عاس دا رەها و یەکلایی کەرەوە بێت.
گۆڕستانگەلی گەڕەکەکانی قیشم
1-گۆڕستانی سەید موزەفەر:
ئەم گۆڕستانە سەرەتا لە ناوەندی شاری قیشم دا بوو، بەڵام بە پێی وتەی ئاغای نوور بەخش نووسەری کتێبی “کەنداوی فارس”، پاش بردنەوەی رێگاوبان و بینای قوتابخانە درووست کردن، گۆڕستانی سەید موزەفەر پان و بەرفراوان کراوەتەوە و بەشێک بۆ رێگا و بان و پیادەڕۆ و بەشێکیش بۆ حەوشە و ژێربەنای قوتابخانەکە تەرخان کراوە، ئەمڕۆکە ئەوەی کە دەیبینین لە گەڕەکی قەدەمگە لە بەهەشتی زارا، زیارەتگەیەکی گۆمەزی شکڵە کە بە هەوڵی رێکخراوی ناوچەی ئازادی قیشم و متمانەپێکراوانی شیعە نۆژەن کراوەتەوە.
2- قەبرستانی گۆڕفەرەنگی:
ئەم گۆڕستانە هەڵکەوتۆتە باشووری خور کولغانی قیشمەوە و لە سەردەمانی لەمەپێش شوێن ناشتنی ئینگلیسی و پورتەغالییەکان بووە و تەرمی ڤیلیام بافینی زەریاپێو(دریانورد) و کاشیفی ناودار و دوو کەسی تر لە سەربازە ئینگلیسییەکان کە لە ساڵی 1031ی کۆچی ـ مانگی دا لە شەڕی نێوان سوپای ئیمامقولی و فەرماندای ناودار کوژراون، لەم گۆڕستانە دا ئەسپەردە کراون. ئەم گۆڕستانە مێژووی دەگەڕێتەوە بۆ 392 ساڵ لەمەوپێش.
3- گۆڕستانی گەڕەکی مێسینی (Mesiny)
بەساڵاجووان و تەمەن درێژانی قیشم مێژووی ئەم گۆڕستانە دەگەڕێننەوە بۆ 400 تا 500 ساڵ لەمەوپێش. لە گۆڕستانی مێسینی دا قەبری پیاوانێکی ناودار وەکوو شێخ حاجی رەمەزان کە قەبرەکەی لەبەر ماڵی حاج عەبدولفەتاحی کەریمە دایە، هەیە و خەڵک دەچنە زیارەتی و فاتیحا دەخوێنن و نەزر دەکەن و بخوور دەسووتێنن و بەسەر قەبرەکە دا نوقڵ و بادان هەڵدەپژێنن. لە قەبرە ناودارەکانی تری ئەم گۆڕستانە قەبری شێخ قاسمی ئەسنەوییە، دەڵێن پیاوێکی شەرعزان و حافیزی قورئان بووە، و خەڵک دەچنە سەر قەبرەکەی و فاتیحەی بۆ دەخوێنن.
4- گۆڕستانی کولغان:
ئەم گۆڕستانە لە دەرەوەی شاری قیشم و لە سەر رێگای دەرگەهان و لەبەرزایی کێوی ناوداری کولغان، هەڵکەوتووە. لە سەری تەپۆڵکەکانی کولغان، ئاسەواری ماڵ، مەعبەد و بورج و هتد هەبووە کە هەموو بە هۆی باران و گڕی هەتاو و دزینی مەسالیحە بیناسازییەکان، بەرە بەرە لە ناو چووگن.
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری