جام کوردی:
ئابوری و پرسه ناوخۆییه‌کان:
دانیشتووانی ئه‌مریکا زیاتر له‌وه‌ی که بزانن کاندیده‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و وڵاته بۆ ساڵی 2016 چی‌یان سه‌باره‌ت به سیاسه‌تی ده‌ره‌وه پێیه، ده‌یانه‌وێت بیر و بۆچوونی ئه‌و کاندیدانه سه‌باره‌ت به پرسه ناوخۆییه‌کان به تایبه‌ت بواری ئابوری بزانن. به دڵنیاییه‌وه، بواری ئابوری ده‌توانێت خاڵی براوه‌ی هه‌ر کاندیدێک بێت. ئه‌گه‌ر کاندیدێک له پارتی کۆماریخواز یان دیمۆکرات بتوانێت به ڕوونی تێڕوانینی ئابوری خۆی پێشکه‌ش بکات و دڵنیایی خه‌ڵک به سیاسه‌ته ئابورییه‌کانی خۆی مسۆگه‌ر بکات، بێ گومان ده‌نگێکی باڵای جه‌ماوه‌ری ئه‌مریکای ده‌بێت.
ئاسایشی نیشتمانی:
له‌م ڕۆژانه و پاش هێرشه تیرۆریستییه‌کانی پاریس و گرتنه به‌ری ڕێ و شوێنی ئه‌منی توند له چه‌ندین وڵاتی جیهان، کاندیده‌کانی هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا هه‌وڵی ئه‌وه‌یان داوه تا له‌م بابه‌ته له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان که‌ڵک وه‌ربگرن و به به‌ڵێنی پته‌وبوونی بواری ئه‌منی وڵاته‌که‌یان، ده‌نگی ده‌نگده‌رانی ئه‌مریکا له داهاتوودا به‌ره‌و لای خۆیان ڕاکێشن. ئه‌وه‌ی که له‌م قۆناغه‌دا بۆ کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مریکا جێی گرنگی و بایه‌خه، دابه‌زاندنی نیگه‌رانییه‌کانی خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته‌یه. دیار نییه که به‌ڵێنی کاندیده‌کان چه کاریگه‌رییه‌کی ده‌بێت، به‌ڵام چالاکییه‌کانی گرووپی تیرۆریستی داعش نیگه‌رانی ئه‌منیی لای دانیشتووانی ئه‌مریکا به‌دیهێناوه. به‌رپرسانی باڵای ئه‌مریکا به دڵنیاییه‌وه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر وه‌ک بیانووی چاودێری کردنی چالاکییه‌کانی ئاسایی خه‌ڵک به کار دێنن. پێویسته له داهاتوودا ئه‌وه ڕوون بکرێته‌وه که پرسی ئاسایشی نیشتمانی و هه‌ڵبژاردنه‌کانی داهاتوو له ئه‌مریکا به چه ڕاده‌یه‌ک سه‌باره‌ت به گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامێکی کۆتایی پێکه‌وه گرێ ده‌درێن.
له کۆتاییدا:
له کاتێکدا که که‌متر له یه‌ک ساڵی دیکه تا هه‌ڵبژاردنه‌کانی سه‌رۆکایه‌تی کۆماری ئه‌مریکا ماوه، ڕه‌هه‌نده جیاجیاکانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه و بارودۆخی کاندیده‌کانی هه‌ر دوو پارتی کۆماریخواز و دیمۆکرات له میدیاکانی ئه‌مریکا و وڵاتانی جیهان به‌رده‌وامه.
په‌نجا و هه‌شته‌مین هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی ئه‌مریکا بڕیاره سێ شه‌ممه 8ی نۆڤمبێری 2016 به‌ڕێوه ببرێت. له‌م نێوه‌نده‌دا گرنگی زیاتر به ڕاپرسییه‌کان ده‌درێت. ڕه‌نگه هه‌ندێک له دانیشتووانی ئه‌مریکا به ته‌نیا بیریان لای ڕاپرسییه‌کان بێت تا له ئاکامدا بڕیاری کۆتایی و په‌یوه‌ندی کردن به به‌ره‌یه‌کی هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه بده‌ن. کۆماریخوازه‌کان جه‌خت له سه‌ر لاوازی سیاسه‌ته‌کانی باراک ئۆباما ده‌که‌نه‌وه له پێناو گه‌یشتن به کورسی ده‌سه‌ڵات له کۆشکی سپی. کۆماریخوازه‌کان پاش هه‌شت ساڵ دوورکه‌وتنه‌وه له کۆشکی سپی هه‌وڵی گه‌یشتن به لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتی زلهێزترین وڵاتی جیهان ده‌ده‌ن.
پێگه‌ی ئینته‌رنێتی پلتیکۆ له ڕاپۆرتێکدا سه‌باره‌ت به لێکدانه‌وه‌ی نوێترین گۆڕانکارییه‌کانی په‌یوه‌ندیدار به کێبه‌ڕکێی هه‌ڵبژاردنه‌کانی ئه‌مریکا ڕایگه‌یاندووه: که‌متر له دوو مانگ تا یه‌که‌م کێبه‌ڕکێی ناوخۆی پارته‌کان، ڕاپرسییه‌کان ئاماژه به پێشکه‌وتنه‌کانی هیلاری کلینتۆن له نێو دیمۆکراته‌کان و که‌سانی سه‌ر به خۆ ده‌ده‌ن.
به پێی ده‌ره‌نجامی نوێترین ڕاپرسی دامه‌زراوه‌ی گالۆپ که له چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ڕاگه‌ێندراوه، هیلاری کلینتۆن به‌راورد به کاندیده‌کانی دیکه‌ی پارتی دیمۆکرات، پێگه‌یه‌کی باڵای هه‌یه، به‌ڵام ئه‌مه‌ش هۆکاری سه‌رکه‌وتنی له کێبه‌ڕکێی ناوخۆیی ئه‌و پارته‌دا نابێت. له‌م ڕاپرسییه‌دا له سه‌دا 76ی لایه‌نگرانی دیمۆکرات و که‌سانی سه‌ربه‌خۆ ڕایانگه‌یاندووه. تێڕوانینی ئه‌رێنییان سه‌باره‌ت به کلینتۆن هه‌یه و برنی ساندرز له پله‌ی دووه‌مدایه.
له به‌ره‌ی دیکه‌دا واته کۆماریخوازه‌کان، دوناڵد ترامپ لایه‌نگرێکی زیاتری هه‌یه. له نوێترین ڕاپرسی که‌ناڵی cnn و سه‌نته‌ری o.r.c ڕوون بووه‌ته‌وه که له سه‌دا 36ی به‌شداربووان، ترامپ وه‌ک کاندیدی سه‌ره‌کی خۆیان ده‌ستنیشان ده‌که‌ن و تدکرۆز له پله‌ی دووه‌م ناوی هاتووه.
خاڵی گرنگ ئه‌وه‌یه که ده‌نگی کۆماریخوازه‌کان له نێو خه‌ڵکی ئاسایی و چینی خوێنده‌وار جیاوازی زۆری هه‌یه. له نێو خوێندکارانی زانکۆ‌دا کێبه‌ڕکێی نزیک له نێوان چوار ڕکابه‌ردا هه‌یه. تدکرۆز به له سه‌دا 22، بن کارسۆن و مارکۆ ڕوبیۆ به له سه‌دا 19 و ترامپ به له سه‌دا 18 ده‌بینرێن. به‌ڵام له نێو که‌سانی ئاسایی‌دا ترامپ به له سه‌دا 46 له لوتکه‌ی ڕاپرسییه‌کان دایه. پاڵپشتییه‌کان له تدکرۆز له سه‌دا 12، کارسۆن له سه‌دا 11 و ڕوبیۆ له سه‌دا 8 بووه. زۆرینه‌ی لایه‌نگرانی کۆماریخوازان له‌و بڕوایه‌دان که له بواری ئابوری ئه‌مریکا، پرسی بودجه‌ی فیدراڵی، کۆچکردنی نایاسایی، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه ده‌توانن متمانه‌یان به دوناڵد ترامپ هه‌بێت.
کێبه‌ڕکێی توند له نێوان دوو پارتی کۆماریخواز و دیمۆکرات له ئارادایه و کاندیده‌کانی ئه‌م دوو پارته سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که هه‌وڵی یه‌کلایی بوونه‌وه‌ی کاندیدبوونی خۆیان له ناو پارته‌که‌یان ده‌ده‌ن، ئاماژه‌یه‌کیش به سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌ده‌ن.
ئه‌مریکا 50 ویلایه‌تی هه‌یه که هه‌ر ویلایه‌ت دوو سیناتۆر و به پێی حه‌شیمه‌ته‌که‌ی چه‌ندین نوێنه‌ری له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران هه‌یه و هه‌رچی ژماره‌ی ئه‌و نوێنه‌رانه زیاتر بێت، ئه‌و ویلایه‌ته ئه‌ندامی له ئلکتراڵ کۆلیژ یان شاندی هه‌ڵبژاردنه‌کان ده‌بێت و به‌م هۆیه‌شه‌وه ڕۆڵی ویلایه‌ته‌کانی وه‌ک کالیفۆڕنیا، تێگزاس و نیۆیۆرک له هه‌ڵبژاردنی کاندید و پارتی براوه، زۆر به‌رچاو ده‌بێت.