بورجی میلاد ئاسمان رووشە(اسمان خراش)یەکی چەند مەبەستەیە کە کەوتۆتە باشووری خۆرئاوای تارانی پایتەختەوە. ئەم بورجە بڵندترین بورجی ئێران، شەشەمین بورجی موخابەراتی و هەشتەمین بورجی بڵندی جیهانە.
بورجی میلاد ناوی بورجێکی موخابەراتی چەند مەبەستەیە کە لە باکووری خۆریاوای تاران هەڵکەوتووە. بورجی میلاد بە بەرزایی435مەتر، بڵندترین بورجی ئێران، شەشەمین بورجی بڵندی موخابەراتی جیهان و بیستەمین بینای بڵندی بێ کۆڵەکەیە. ئەم بورجە بە پانتایی 13هەزار مەتر ژێربەنا لە رووی رووبەری کەڵک وەرگرتن و کارکردییەوە لە نێوان هەموو بورجە موخابەراتییەکانی دونیا دا پلەی یەکەمی هەیە. ئەم بینایە بەهۆی بەرزییە فرەکەی و فۆرمە دیارە جیاوازەکەی، بەشێوەیەکی بەرچاو لە هەموو شوێنێکی تاران دەبینرێت و بەدی دەکرێت و لەم رووەشەوە یەکێکە لە هێماکانی پایتەختی ئێران و بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی تاران هەژمار دەکرێت.
شوێنگە
بورجی میلاد هەڵکەوتۆتە نێوان تەپۆڵکەیەک بە پانتایی نێزیک لە14 هەکتار لە باشووری شارۆکەی غەرب و باکووری گەڕەکی نەسر(گیشا) کە سەر بە ناوچەی2ی شارەوانی تارانن. لەرووی وردەکارییە جوگرافییەکانەوە بینای بورجەکە کەوتۆتە 51دەرەجە، 22خولەک و 33چرکە بە درێژایی خۆرهەڵات، و 35 دەرەجە، 44 خولەک و 40 چرکەی بە پانایی باکوور.
ئەم شوێنە دوای لێکۆڵینەوە و موتاڵای17 جێگا و خاڵی شاریی تاران لەرێگەی گرووپێک کە بریتی بوون لە تاقمی شارسازی، گرووپی موتاڵای تەلەڤیزیۆن، موخابەرات، رێگاوبان، ئابووری، میعماری، هەواناسی، تاقمی موتاڵای ترافیک و قەرەباڵغی و هەروەها تیمی ژیۆتەکنیک، هەڵبژێردرا.
گرینگترین خالگەل و پارامیترگەلێک کە بۆ هەڵبژاردنی ئەم شوێنە لە بەر چاو بووە، بریتین لە:
گونجان بۆ هاوتەریب بوون لەگەڵ یەکێک لە ناوەندە بنەڕەتییە شارییەکان
دەسپێڕاگەیشتنی گشتی و لەبار بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی
هەڵکەوتن لە بەرزتری شوێنەکانی شار
زاڵ بوون بەسەر جوانترین بەرجەوەن و دیمەنەکانی شار
پانتاییەکی لەبار بۆ بەرەپێشبردنی پرۆژەگەلی گەشەسەندن و بەربڵاوکردن لە داهاتوو
قایم بوون بە هۆی کۆڵەکە ژێربنەماییەکانەوە
مەودای شیاو و لەبار لە دواخاڵە گواستنەوەییەکان وەکوو فڕۆکەخانە و وێستگەی هێڵی شەمەندە فەر
درووست کردن بنکە تەلەڤزیۆنییەکان
لەبار و شیاو بۆ پێوەندیکردن و چاوبەچاوەنانی راستەوخۆ لەگەڵ وێستگە موخابەراتییەکان
هەڵکەوتوو لە نێوان پوتانسییەلگەلی باشی کارکردی بە بێ کێشە و گرفت
هەڵکەوتوو بە ملی رێگا سەرەکی و گشتییەکانی خاڵ و ناوچە شارییەکان
خاوەنی پوتانسییەل بۆ درووستکردنی پێوەندی بینراویانە لەگەڵ نیشانە و کەش و فەزا شارییەکان
خاوەنی توانستێکی گونجاو بۆ بە بەرخۆدا کردنی فەزا سەوزە کان یان باقی توخمە گەڵالە بۆرێژراوە سرووشتییەکانی دەوروپشتی
درووست کردن
بورجی میلاد و کۆمەڵەی یادومان بەشێکی بچووک بوون لە گەڵاڵەیەکی گەورە بەناوی شاهستانی پاڵەوی، کە بەر لە شۆڕشی ئیسلامی ئێران داڕێژرابوو و خەریکی دانانی بەردی بناخەی بوون.
پێشنیاری درووست کردنی بورج و تەلارێکی هێمایین بۆ شاری تاران لە ساڵی 1370 دا و لە شارەوانی تاران، خرایە روو و لە کۆتایی ساڵی 1372، ئەم سوێنەی ئێستا لە نێوان 17 شوێنی پێشنیار کراو هەڵبژێردرا.
بەردی بناخەی ئەم بورجە لە ساڵی 1376 بە بۆنەی سەدەمین ساڵرۆژی لە دایک بوونی حەزرەتی رووحووڵڵا خومەینی، بنیاتنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران بە نێوی میلاد یان لە دایک بوون، دانرا. درووست کردنی ئەم بورجە 11ساڵی خایاند. لە 8ساڵی یەکەم دا تەنها 40 لە سەدی کارەکە جێ بە جێ بوو بوو، بەڵام بە خێراتر کردنی کارەکان 60لە سەدی پاشماوەی ئیشەکە لە 30 مانگ دا کۆتایی پێهات.
بورجی میلاد پاش 11ساڵ لە دەسپێکی درووست کردنی و لە رۆژی16ەی رەزبەری 1387؛ بە ئامادەبوونی نوێنەرانی پەڕلەمانی ئێران، ئەندامانی شۆرای ئیسلامی شاری تاران و شارداری تاران، بە درووشمی”ئاسمان نێزیکە”، پەردەی لە سەر لا درا و کرایەوە، ئەم رێوڕەسمە لەرێگەی 250 هەواڵنێری ئێرانی و بیانی رووماڵ کرا.
رێگەکانی هاتووچۆ
لەرووی رێگاگەلی هاتووچۆ و گواستنەوەوە بورجی میلاد باشترین هەلومەرج و دۆخی هەیە. ئەم کۆمەڵەیە لە نێوان چوار شاڕێی گەورەی تاران واتە گەورەرێگاکانی هیممەت، چەمران، حەکیم و شەیخ فەزلوڵڵا نووری دا هەڵکەوتووە، و هەروەها تەرخانکردنی هێڵی تایبەتی لە یەکێک لە وێستگەکانی میترۆ بەمەبەستی ئاسانکاری گواستنەوە بۆ داهاتوو و کاتانی پێویست لەنێو گەڵاڵەکەی دا گونجاوەو و هەروەهاش بەمەبەستی پێکەوەنانی ئامێر و کەلوپەلی گواستنەوەی هەوایی بۆ پێوەندی خێرا لەگەڵ فڕۆکەخانەش یەکێکیترە لە خاڵە پێشبینیکراو و لەبەرچاوگیراوانەی نێو گەڵاڵەکە.
بیناسازیی و گەڵاڵە
لە سەرەتا دا موتاڵا و توێژینەوە دەسپێکەکانی بورجی میلاد واتە توێژینەوەکان بە مەبەستی ناسین، دەستی پێکرا. لەم توێژینەوانە دا 21 خاڵ و شوێنی تاران بۆ بنیاتنانی بورجی میلاد کەوتە بەر شیکاری و خوێندنەوە، کە لە نێوانیاندا چوار خاڵ و لەدوایی دا تەپۆڵکەکانی گەڕەکی نەسر هەڵبژێردرا و گەڵاڵەی بیناکە داڕێژرا. کۆمپانی یادمان سازە وەکوو جێبەجێکاری پرۆژەی بورجی میلاد لە لایەن شارەداری تارانەوە پێشنیار کرا و دوکتۆر موحەمەد رەزا حافیزی مامۆستای زانکۆی هونەری زانکۆی شەهید بەهەشتی تاران وەکوو میعمار و گەڵاڵەداڕێژی پرۆژە و ئەندازیار بەهمەنی حەقیقی وەکوو بەرپرسی گەڵاڵەی بیناکردنی پرۆژەکە هەڵبژێردران.
سەبارەت بە شێوازی گەڵاڵەکردنی بیناکە بۆ خۆڕاگری لە هەمبەر توونێلی “با” و وردەکارییە کەش و هەواییەکان
بیناکە بە شێوەیەک تۆکمە و قایم گەڵاڵەی بۆ داڕێژراوە کە لەهەمبەر گەڕیان و شەپۆلە جەوییەکان بە خێرایی تەنانەت 140کیلۆمەتر لە کاژێرێک دا خۆڕاگر و نەکەوتووە، و هەروەها لە هەمبەر تۆفان و باوبۆرانە کتووپڕەکان دا کە خێراییان تا220 کیلۆمەتر لە کاژێرێک دا بێت قورس و قایم کراوەتەوە، بەو پێیەش کە ئەم مەترسییانەی با و تۆفان کەمتر لە 40لە سەدی هێزی رووخێنەری بوومەلەرزەیە، گەڵاڵەکە بۆ پاراستنی بینا لە هەمبەر هەڕەشەی بوومەلەرزەش خاڵگەلی پێویستی لەبەر چاو گرتووە. بەپێی زانیارییەکان چوار ئاست بۆ هاتنی بوومەلەرزە لەگەڵاڵەی بیناکە لەپێش چاو گیراوە کە لە ئاستی دووەم دا بە لەبەرچاوگرتنی دەورەی گەڕانەوە110ساڵ ئەم بینایە بەتەواوەتی ئەمن و جێێ نیشتەجێ بوونە و هیچ خەسارێکی بەر ناکەوێت و لە ئاستی چوارەم دا واتە لە هەمبەر بوومەلەرزەیەکی زۆر توند و تۆخ کە هەر سەد ساڵ یەکجار لە تاران دا روو دەدات، ئەم بینایە هەر بە پێوە دەوەستێت و لە پێ ناکەوێ.
جەستەی سەرەکی بورجەکە
سیما و جەستەی گشتی بورجی میلاد بریتییە لە هەشت گۆشەیەکی ناوەندی لەگەڵ بڕێک دیواری ناوەکی و چوارباڵەی زەزەنەقەیی شکڵ کە پێیەوە دەلکێن. جەستە و هەیکەلی گشتی بورجەکە لە سەر فۆنداسیۆن(تەرازی سیفر) دەستی پێکردووە و تاکوو تەرازی 315درێژەی دەبێت. جەستەی سەرەکی بورجەکە کارکردی بۆ خەڵک نییە بەڵکوو تەنها شوێنی کێشان و تێپەڕانی لوولە و ئاسانسووڕە خێراکانی بورجەکەیە و لە هەر 12مەتر دا یەک نهۆم بواری دەستپێڕاگەیشتن بە کەلووپەلە تەئسیساتی و بنیاتنانییەکان، دەڕەخسێنێت. و هەروەها کامێراکانی کۆنترۆڵی ترافیک و قەرەباڵغی و سێنسۆرگەلی پێوانی ئاستی پیسی کەش و هەوا لە سەر هەیکەلی بورجەکە، دانراوە.
بورجی میلاد لە سێ بەش پێک هاتووە: لۆبی، شێفت، بینای راس
بینای بەردەم بورج(لۆبی)
بینای بەردەم بورجی میلاد لە 6 نهۆم و بە پانتایی 17هەزار مەتری چوار گۆشە بنیات نراوە و نهۆمی هاوکەفی لۆبی تەرخان دراوە بۆ هاتنە ژوورەوە و وەرگرتنی گەشتیاران و بەسەرکەرەوەکان. بنمیچی تەواو بتۆنی کەوانەیی و دانسقەی ئەم بینایە لە شازترین و دیارترین بتۆنکارییەکانی هاوچەرخ هەژمار دەکرێت، لە جێبەجێ کردن و سازانی ئەم میچە لە قاڵبکاریی چێویی کەڵک وەرگیراوە، نیگاری سەر ئەم میچە، نیگارێکی هیندسی ئێرانی بە شیوازی “گرێ”یە.
6 پلەیی کارەبایی درووستکراو لە لۆبی بۆرجەکە توانستی گواستنەوەی 9000کەسی لە هەر کاژێرێک دا هەیە و هەروەها چوار دانە ئاسانسووڕ بە توانستی گواستنەوەی هەرجارەی 21 کەس لە لۆبی بورجەکە دا دەکار کراوە.
لە نهۆمەکانی یەکەم تا سێهەم، 83 یەکەی بازرگانی، ریستۆرانی خواردەمەنییە نێودەوڵەتییەکان، کافی تریا و هەروەها پێشانگایەک بە پانتایی 200مەتری چوار گۆشە پێش بینی کراوە. نهۆمەکانی یەکەم و دووهەمی ژێرەوەی نهۆمی هاوکەف لەخۆگری ژوورە ئیدارییەکان، کەلوپەلەکانی چاککردن و ناوەندی زانیاری و دەیتاکانە. لە باقی تایبەتمەندییەکانی ئەم بینایە شێوازی دانانی کۆڵەکەXشکڵەکان و سەربانە کەوانییەکەیە کە لە بتۆنێکی تایبەت لەباتی بەرد لە لایەنی دەرەوەیی بیناکە کەڵک وەرگیراوە.
نهۆمی هاوکەفی لۆبی چوونەژوورەوە
تەراز1مەتر بە پانتایی 3000مەتری چوارگٶسە
ئەم نهۆمە شوێنی وەرگرتنی میوانان، کۆنترۆڵە ئەمنییەکان، کۆنترۆڵی پسووڵە(بلیت) و وەرەقەی هاتنە ژوورەوە، شوێنی چاوەڕوانی، نواندنی فیلم و پێناسەی ماکیتی کۆمەڵەکە و دەرگای ئاسانسووڕە زۆر خێراکانی بورجەکەیە. بەنک و دەزگای خۆژمێر(خودپرداز)یش هەر لەم نهۆمەی لۆبییەکەیە. بەرهەمێکی هونەری تایبەتی مامۆستا فەرشیدیی میسقاڵی لە ژێر ناوی لەیلی و مەجنوون، جوانی و رازاوەییەکیتری زێدە کردۆتە سەر تەلیسمەکانی ئەم بورجە.
نهۆمی یەکەم: گەلەری هونەری و فرۆشگە بازرگانییەکان
تەراز:5 مەتر بە پانتایی نێزیکەی 3200 مەتری چوار گۆشە
گەلەری هونەری لۆبی بورجەکە شوێنی نواندن و نمایشکردنی بەرهەمە هونەرییەکانە و بە کەڵک وەرگرتن لە گونجاوێتییەکانی ئەم کۆمەڵەیە بەرهەمە هونەرییەکان دەخرێتە بەرچاو و بەردەمی بینەران و گەشتیاران و هۆگرانەوە.
بینای راسەی بورجەکە
بینای راسەی بورجەکە، سەرەکی ترین بەشی بورجەکەیە کە بەهۆی شیفتی بتۆنی لە 12نهۆم و ژێربەنایەکی نێزیک لە 12 هەزار مەتری چوار گۆشە دا رۆنراوە. کێش و قورسایی لەئاسن سازکراوی راسە دەگاتە 2100تۆن. بینای راسی بورجی میلاد یەکێکە لە گەورەترین بینا راسەکانی بواری بورجە هەواڵگریی و موخابەراتییەکان لە دونیا دا. جگە لە 6دانە ئاسانسووڕی فرەخێرای بورجەکە، 2 دانە ئاسانسووڕیش بە توانستی هەڵگریی و گواستنەوەیی 10 کەس لە ناوەندی سەرەکی بیناکە دەکار کراوە. لە نهۆمە جۆراوجۆرەکانی بینای راسی بورجەکە، سەکۆی بەرجەوەنی بێ میچ، سەکۆی سەربەستە یان میچ دار، ریستۆران سووڕاو بە هەڵگریی400 کەس، ریستۆرانی تایبەت بە شوێنبوونەوەی 100کەس، کافی تریا، گەلەرییە هونەرییەکان، نهۆمە تایبەتییەکان بۆ تەلەڤیزیۆن و هەواڵگری و موخابەرات، پێش بینی کراوە.
دەکەڵی ئانتێن
دەکەڵی ئانتێنی بەرجی میلاد بینایەکی پۆڵایینە بە بەرزایی 120 مەتر کە لە خوارووترین بەشی دا 16گۆشەییەک بە قلەت(قوتر)ی شەش مەتر و لە سەرووترین بەشیشیدا چوارگۆشەیەکی 60 سانتیمەتری پێکهاتەکەی دەستنیشان دەکەن کە لە 360،000هەزار لەتە پۆڵا، چەڕ و مۆرە درووست کراوە و کێش و قورساییەکەی 350 تۆنە. لە ناوەوەی دەکەڵی ئانتێن دا ئاسانسووڕێکی دوو نەفەرە دابین کراوە و جێبەجێکارە پسپۆڕەکان بەرەو بەرزایی حەفتا مەتر دەگوازێتەوە، دەست پێڕاگەیشتن بۆ باقی بەشەکانی دەکەڵی ئانتێن لە رێگەی پلە ئەستێرکییەکانە.
دەکەڵەکە لە چوار بەش دا گەڵاڵە و پیلانی بۆ داڕێژراوە کە بەشی ژێرەوەی، شوێنی دانانی ئانتێنە موخابەراتییە گشتییەکانە و سێ بەشی سەرەوەشی تایبەت دراوە بە ئانتێنی تەلەڤزیۆنی ئەنالۆگ و دیجیتاڵ.
ناوچەی پارێزراو لە ئاگر
تەراز 254مەتر بە پانتایی 460 مەتری چوارگۆشە
ناوچەی پارێزراو لە ئاگر، نهۆمی تایبەت بە کات و ساتی قەیران و ئاگر کەوتنەوەیە. ئەم شوێنە جێگای نێزیکەی 600هەزار نەفەر دەکاتەوە و لە هەمبەر ئاگرکەوتنەوە دا قایم و قەڵائاسایە و لە کاتی روودانی قەیران شوێنی کاروکردەکانی فریاکەوتن و دەربازکردن و چوونەدەرەوە لە بینای راسە.
ئاسانکارییەکان و توانستە تایبەتییەکانی بورج
باڵابەرەکان: بورجەکە لەخۆگری شەش باڵابەر(ئاسانسووڕ)ی سەرەکییە کە بە شێوەی خوارەوە پۆلین بەندی دەکرێن:
باڵابەری میوان 2 دانە
باڵەبەری خزمەتگوزاریی 1 دانە
باڵابەری خزمەتگوزاری و تەلەڤیزیۆنی و موخابەراتی 1 دانە
باڵابەری ریستۆرانی سووڕاو 1 دانە
باڵابەری گۆمەزی ئاسمان 1 دانە
سەرەڕای ئەمانەش باڵابەرێکی تر لە نێوان نهۆمەکان دا لە هاتووچۆ دایە.
ریستۆرانی سووڕاو
شوێن و پانتا رووباز و سەربەستەکان بۆ سەیران و بەسەرکردنەوەی هەمووان لە شار
پێشانگەی بەرگری پیرۆز لە هۆڵەکە(لۆبی)
ئامێرە تایبەتییە موخابەراتییەکان
ئامێرە تایبەتییە تەلەڤیزیۆنییەکان
دەکەڵی موخابەراتی بە ئانتێنە جیاوازەکانەوە
کافە تریا لە ناو بینای راس
نیگارخانەی هونەریی ئازاد
خزمەتگوزارییە فرۆشیارییەکان لە قەوارەی فرۆشگە لە داڵانەکە دا
شوێنە خزمەت گوزارییەکان
نوورداڕێژیی(نورپردازی) بورجی میلاد
بورجی میلاد بە بەرزایی گشتیی435 مەتر شەشەمین بورجی گەورەی موخابەراتی تەلەڤیزیۆنییە لە دونیا دا کە لەخۆگری بیناگەلێکی وەک: بینای داڵان(لۆبی) کە لە بەردەم پێێ بورجەکە دا هەڵکەوتووە و ژێربەناکەی 16000مەتری چوار گۆشەیە، شەفتی بتۆنی بە بەرزایی 315 مەتر، بینای راسە کە دوانزە نهۆمە و 12000مەتری چوارگۆشەش ژێربیناکەیەتی کە یەکێکە لە بڵندترین و بەرزترین بینا راسەکانی بورجی موخابەراتی تەلەڤیزیۆنیی دونیا کە لە قەوارەی دەکەڵێکی پۆڵایینی 120 مەتری دایە. لە سێ گٶشەی هەیکەل و جەستەی بورجەکە دا شەش دانە ئاسانسووڕی شووشەیی کە هەر یەکەیان توانایی گواستنەوەی 25کەسی هەیە، دابین کراون کە بە خێرایی 7مەتر لە چرکەیەک دا، گەشتیاران و بەسەرکەرەوەکان دەگوازێتەوە بەرە و سەربان و بەرزایی بورجەکە.
بە سەرنج دان بە پێوەندیی و گرێدراویی توند و تۆڵ لە نێوان میعماریی و نوورداڕێژی، سیستەمی نوورپژانیی(نورافشانی) بورجی میلاد پاش دانیشتنگەلێکی زۆر و زەبەندی پسپۆڕانەی هاوبەش لە نێوان گرووپی کارناسە نوورداڕێژییەکان و کۆمپانیی یادمان سازە(واتە جێبەجێکاری پرۆژەکە) و تەنانەت دوکتۆر حافیزی(گەڵاڵە دانەری بورجی میلاد)، پلانی بۆ داڕێژرا و گەڵالەی کێشرا و دواتر پەسند کرا.
نوور داڕێژیی بورجی میلاد لە خۆگریی دوو بەشە:
1ـ نوورداڕێژیی خۆجێ و وەستاوی هەیکەلی بورجەکە
2ـ نوور پژێنیی تایبەت
بە تەواوبوونی نوورداڕێژیی هەیکەلی بورجەکە، کە پاش لە دەکارنان و دابین کردنی شووشەکان دێتە گۆڕێ، هاووڵاتیان سەرەڕای دیتنی بەرجەستە و زەق و دیار و نوورپژێنانەی بورجی میلاد لە هەموو گۆشە و قوژبنێکی تاران، دەتوانن لە رێوڕەسمە جیاواز و جۆراوجۆر و تایبەتییەکانیش دا ببنە چاودێر و بینەری چالاکی و دەکاربوونی سیستەمی نوورپژانیی بورجەکە.
سیستەمی کۆنرۆڵی گڵۆپەکان کە وەکوو رۆبۆتە پیشەیی و کارخانەییەکان خێرا و بێ هەڵە ئیش دەکەن، دەتوانن بەپێی ئەو سیناریۆ جووڵەیی(حرکتی)ەی کە دراوەتە کۆمپیۆتەری ناوەندیی، نوورپژێنییەکە بەڕێوە ببات و ئەنجامی بدات. هەر وەکوو سیستەمی ئاونوێنی پارکی میلەت کە پاش شیکاریی و ئەنالیزی مۆسیقا، تەنانەت دەتوانێت وەکوو Equalizer ێک ئیش بکات.
هەروەها کە ئاونوێنی پارکی میللەت لە کەش و هەوا نالەبارەکان وکوو هەڵکردنی “با”، یان داکردنی باران بەشێوەی ئۆتۆماتیک کاری خۆی رادەگرێت و رۆشن نابێت و دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو کەش و هەوایەوە، نوورپژێنیی بورجی میلادیش لە بارودۆخی تایبەت دا جوانتر و چاوبزوێنتر دێتە بەر چاوان. چرا زینۆنەکان کە لەشەڕی دووهەمی جیهانی کەڵکیان لێ وەردەگرت و دەیانویست بەو چرایانە ئاسمان رووناک بکەنەوە و فڕۆکەکانی دوژمن بدۆزنەوە و لێیان دەن و لە زۆرێک لە فیلمەکانیش دا دیتوومانە، لە سیستەمی نوورپژانیی بورجی میلادیش دا کەڵکی لێ وەرگیراوە و دەکار کراوە. نوورە شینە پژاوەکەی سەر بورجەکە لە چرا زیۆنەکانە کە دەتوانێت هێڵێکی نووریی بە درێژایی چوار کیلۆمەتر درووست بکات، بەسەرنج دان بەوەی کە هەندێ جار و لەمانگی شابان دا خەرمانەی مانگ تەواو و کامڵە و ئاسمان نووری فرەی تێدایە، نوورەکانی چراکانی زیۆن بەو شێوەیەی کە دەبێت ببینرێن، نابینرێن. ئەم هێڵە نوورییە زۆرتر لەو کاتانە دا بەباشی دەبینرێت و گەشەی دێت کە وردیلەگەلی هەڵپەسێردراو و هەڵواسراو لە ئاسمان زۆرتر بێت.
ژێدەر: سایتی ئاریا زەوین
ئامادەکردن و وەرگێڕان: عادڵ قادری